رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی موسڵمانان دەڵێت، لە ئەوروپا زۆر جار رق و کینە دژی موسڵمانەکان بە باشی تۆمار نەکراون و بە تەواوەتی راپۆرتیان لەسەر نەکراوە.
ماریون لالیس، رێکخەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی موسڵمانان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، لە ئەوروپا "زۆر جار موسڵمانان متمانەیان بە لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسا نییە".
دەشڵێت، لەوکاتەوەی دەستبەکاربووە کار لەسەر راهێنانی سەیپڵ دەکات، کە دەزگایەکە سەر بە لایەنەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسایە، "ئێمە سەیری ئەو راهێنانانەمان کردووە کە پێشکێش بە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەکرێن بۆ ئەوەی دڵنیا ببین لەوەی کە بۆ نموونە بۆ هەر پۆلیسێک ناچارییە بە بەرنامەیەکدا تێبپەڕێت کە مافە بنەڕەتییەکان و دژە نەژادپەرستی و بەرەنگاربوونەوەی دژی رق و کینە دژی موسڵمانان و دژی سامیبوون لە خۆ بگرێت".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماریون لالیس، رێکخەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی موسڵمانان
رووداو: خاتوو لالیس زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. پێم وایە کەم کەس ئاگاداری کاری ئێوەیە وەک رێکخەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی موسڵمانان. ئایا تۆیش هەمان بۆچوونی منت هەیە؟
لالیس: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە تا بتوانم باسی کارەکەم بۆ بینەرانتان بکەم و ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ پیرۆزبایی لە رووداو کە 10 ساڵە لێرە ئامادەیە. وەک گوتت، رەنگە پۆستەکەم ئەوەندە بەناوبانگ نەبێت، بەڵام ئەگەر ناچار بم لەنێوان بەناوبانگبوون و کاریگەربوون هەڵبژێرم، پێم باشە چالاک و کاریگەر بم.
کارەکەم لە ساڵی 2015دا دروستکراوە و تەنیا شتێکی هێمایی کۆمیسیۆن نییە بۆ دروستکردنی پۆستێکی رێکخەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژەسامیبوون و دروستکردنی پۆستێکی دیکەی رێکخەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی رق و کینە دژی موسڵمانان، ئەوە پابەندبوونێکی راستەقینە بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە.
لەم دواییانەدا لە کانوونی دووەمی 2023دا کۆمیسیۆن جەختی لەم پابەندبوونەی بەردەوامبوونی کردەوە. رق و کینە قەدەخە و ئەوروپا لە دژی رق و کینە یەکگرتووە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی رق و بە تایبەتی رق و کینە دژی سامیبوون و دژی موسڵمانان هەوڵەکانمان زیاد کردوون. کاتێک دەڵێم ڕق و کینە دژی موسڵمانەکان، ئەوە تەنیا پەیوەندیی بە موسڵمانانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو کەسانەشەوە هەیە کە وا هەست دەکرێت موسڵمان بن کە لە ڕاستیدا ڕەنگە لەسەر باوەڕێکی جیاواز بن، رەنگە کریستیان، ئێزدی، بەهایی یان بێباوەڕ بن. گرنگ ئەوەیە کە ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە لەسەر ئەوەی خەڵک پێیان وایە سەر بە موسڵمانانن. ئەوان پێیان وایە کە کۆمەڵەیەکی هاوچەشنن.
ئێمە لێرەین بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییە موسڵمانەکانمان. کەواتە ئەم پۆستە تەنیا هێما نییە، بەڵكو پابەندبوونێکی ڕاستەقینە. لەوەتەی لە پارەوە دەستم پێکردووە، ئێمە لە بەرەی جیاوازدا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی لە دژی ئەم جۆرە لە رق و کین شەڕ رابگەیەنین.
رووداو: دەتوانن هەندێک لە چالاکییە جیاوازەکانی خۆتانمان بۆ باس بکەن؟
لالیس: بە خۆشحاڵییەوە. یەکێک لە بوارەکان کۆکردنەوەی زانیارییە بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە ئێمە لە جەوهەری ڕق و کینە دژی موسڵمانەکان تێبگەین. پشتگیری لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەکەین بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر قسەی ڕقاوی، تاوانی ڕق و جیاکاری دژی موسڵمانان بە ئۆفلاین و بە ئۆنلاینیش. ئەوەش ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینەیە. زۆر جار ڕق و کینە دژی موسڵمانەکان بە باشی تۆمار نەکراون و بە تەواوەتی راپۆرتیان لەسەر نەکراوە. بۆیە یەکێک بووە لە بوارە سەرەکییەکانی کارەکەم.
هەروەها ئەوە بۆ دروستکردنی متمانەیە لەنێوان هاووڵاتیانی موسڵمان و دامەزراوەکاندا. زۆر جار موسڵمانان متمانەیان بە لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسا نییە. بۆیە من لەو کاتەوە کار لەسەر راهێنانی سەیپڵ دەکەم. سەیپڵ دەزگایەکە سەر بە لایەنەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا. ئێمە سەیری ئەو ڕاهێنانانەمان کردووە کە پێشکەش بە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەکرێن بۆ ئەوەی دڵنیا ببین لەوەی کە بۆ نموونە بۆ هەر پۆلیسێک ناچارییە بە بەرنامەیەکدا تێبپەڕێت کە مافە بنەڕەتییەکان و دژەنەژادپەرستی و بەرەنگاربوونەوەی دژی رق و کینە دژی موسڵمانان و دژی سامیبوون لە خۆ بگرێت.
رووداو: پێت وایە یەکێتیی ئەوروپا باش کاری کردبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی رق و کینە دژی موسڵمانان؟ یان پێویستە کاری زیاتر بکرێت؟ ئایا پێویستە هەر وڵاتێکی ئەندامی یەکێتییەکە راسپێردراوێکی تایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رق و کینە دژی موسڵمانان هەبێت؟
لالیس: پێموایە لە یەکێتیی ئەوروپادا وڵاتی ئەنداممان هەیە کە بەهێزە و هەیشە لاوازە، بەڵام لێرەدا باس لە بەرزکردنەوەی ئاست دەکەین بۆ لووتکە، کە هەر وڵاتێکی ئەندام دەتوانێت شتێکمان فێر بکات، جا ئەڵمانیا بێت، فەرەنسا بێت، یان هۆڵەندا، هەروەها وڵاتە ئەندامە بچووکترەکانیش کە کۆمەڵگەی گەورەی موسڵمانیان هەیە، وەک قوبرس و بولگاریا. هەریەکەیان بەهێزی و لاوازیی خۆیی هەیە. ئێمە لێرەین بۆ پشتگیریکردنی وڵاتانی ئەندام و هاوئاهەنگکردنی هەوڵەکانیان. دیارە دەتوانم چەند نموونەیەکی زۆر باش بهێنمەوە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک شارەزای سەربەخۆی راسپارد ڕاپۆرتێکی جەوهەری لەسەر ڕق و کینە دژی موسڵمانان بنووسن، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی زانیارییە بۆ ئێمە.
جگە لەوەش، دەتوانم باس لە هەوڵەکانی ئیسپانیا بۆ کۆکردنەوەی خەڵک پێکەوە و ژیانی ئاشتییانە و هەبوونی ژمارەی فریاگوزاری بکەم کە دەتوانیت ڕاپۆرت لە ڕووداوەکان بدەیت. دەتوانم باس لە فەرەنسا بکەم کە گروپێک هەیە کە لەژێر ئیسلامێکی فەرەنساییانەدا کار لەسەر کردەی دژی موسڵمانان دەکەن، ئەوەیش دەبێتە مایەی دروستکردنی دامەزراوەیەک. دەتوانم باس لە هۆڵەندا بکەم کە رێکخەری بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و نەژادپەرستیی هەیە کە تیمێکی شارەزای بواری رق و کینە دژی موسڵمانانن. دیاری زۆری دیکەیش هەن، وەک سوێد کە بەرنامەیەکی کردەیی لەسەر ئیسلامۆفۆبیا هەیە کە بەڵگەنامەیەکی تایبەتە بۆ ئەم بابەتە. زۆری دیکەیش هەن کە ئێستا هەموویانم بیر نییە.
رووداو: کاتێک باس لە رق و کینە دژی موسڵمانان لە یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت، زۆر نموونە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا یان وڵاتانی دیکەی یەکێتییەکەدا هەن کە دەکرێت باسیان بکرێت. بۆ نموونە ئافرەتان رێگەیان نادرێت لە قوتابخانە و کەرتی گشتیدا سەرپۆش بکەن. پێت وا نییە کە یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ هاووڵاتییانی موسڵماندا دۆست نین؟
لالیس: لێرەدا دوو بابەتی جودامان هەیە. بابەتێکیان سەرپۆش و عەبا یان هەر پۆشاکێکە کە ئایینییانە دەر بکەوێت، بابەتەکەی دیکەیش یاسایە لە وڵاتانی ئەندامدا کە ئاخۆ دژی موسڵمانان جیاکاری دەکەن یان نا.
لە بارەی پۆشاکەوە، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هیچ قسەی لەسەری نییە و برەو بە جۆرێکی تایبەتی پۆشاک نادات. بە گشتی، یەکێتیی ئەوروپا پێی وایە دەبێت ئافرەتان ئازاد بن نەک ئەوەی پۆشاکێکی تایبەت بپۆشن. بڕیارەکە بە دەستی ئافرەتەکە خۆیەتی. ئەوە شتێکە دەکەوێتەوە سەر وڵاتانی ئەندام کە بڕیاری لەسەر بدەن. دیارە ئەوانیش لە هەندێک کەیسی یاسایی و دادگاییدا لە دادگەی ستراس بۆرگ و لوکسۆمبۆرگ لەو بابەتەدا پەیڕەوییان لە دادگەی نیشتمانی کردووە. ئەوانە کەیسی تایبەتن کە رێی تێ دەچێت نەک تەنیا سەرپۆش، بەڵکو هەر هێمایەکی ئایینی یاساغ بکەن. ئەوە تەنیا موسڵمانانی بە ئامانج نەگرتووە، بەڵکو بۆ هەموو ئایینەکانە. شتی وایش لە دۆخی زۆر تایبەتدا کە کۆدێکی بێلایەنی لە کەرتی گشتیدا هەبێت، رێی تێ دەچێت.
ئەمە مانای وا نییە کە ئەگەری جیاکاری دژی هەر ئافرەتێکی موسڵمان هەیە، ناشکرێت شتی وا هەبێت، چونکە کاتێک سەیری ئامارەکان دەکەین، ئافرەتانی موسڵمان لەناو کۆمەڵگەی موسڵمانانی وڵاتانی ئەندامدا زۆرترین زیانی جیاکارییان بەر کەوتووە. بە داخەوە لێکجیاکردنەوە هەیە و ئافرەتانی موسڵمانیش کە رەنگە لە نەژاد و پاشخان و نەتەوەی دیکە بن، زیاتر لە هەر کۆمەڵێکی دیکە جیاکارییان بەرامبەر کراوە.
رووداو: ئایا دەزانن چەند موسڵمان لە یەکێتیی ئەوروپادا دەژین؟ یان ئەوە چەندە بە لای ئێوەوە گرنگە کە چەند کەس لە جیهانی ئیسلامییەوە هاتوونەتە یەکێتیی ئەوروپا یان چەند کەس لە ئەوروپا موسڵمانن؟
لالیس: ئەوە لە ئەرکی من نییە بزانم چەند موسڵمان لە ئەوروپا دەژین. وەک دەزانن، موسڵمانان بەشێکی جیانەکراوەی ئەوروپان. گەلێک سەدەیە ئیسلام لە ئەوروپا هەیە، بەڵام هەندێک خەمڵاندنمان هەیە و دەزانین کە موسڵمانان گەورەترین کۆمەڵگەی کەمینەن. زۆربەی خەڵک کریستیانن. بۆ نموونە، ناوەندی لێکۆڵینەوە لە 2016دا خەمڵاندوویەتی کە موسڵمانان 4.9٪ی دانیشتووانی ئەوروپان کە لەنێوان 20 بۆ 26 ملیۆن کەسدان و، پێشبینییش دەکرێت گەشە بکەن.
ئێستا بە لای ئێمەوە ئەوە مایەی نیگەرانی نییە، چونکە ئێمە سەرنجمان لەسەر یەکسانی و جیاکارینەکردنە بە چاوپۆشین لە لایەنی ئایینی و نەژادی و نەتەوەیی و حەزی سێکسی. ئێمە لێرەین بۆ بەهێزکردنی مادەی دووی پەیماننامەی یەکێتیی ئەوروپا و تا کەمینەکان و هەمووان و لەناویشیاندا بنەمای جێندەری بپارێزین.
رووداو: نەک تەنیا لەناو کۆمەڵگەی موسڵمانی ئەوروپادا، بەڵکو لەناو کۆمەڵگە ئایینییەکانی دیکەیشدا ئەو نیگەرانییە هەیە کە هێرشیان دەکرێتە سەر. ئێمە دەبیستین یان لە راپۆرتەکاندا دەبینین کە باس لەوە دەکرێت هێرش دەکرێتە سەر ماڵ و کاریان. یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت چۆن بەرەنگاری راستڕەوەکان ببێتەوە تا ئەو هێرشانە کەم ببنەوە؟
لالیس: وەک دەزانین لە سەردەمی قەیراندا موسڵمانان و کۆمەڵگە نەژادییەکانی دیکە وەک مەڕی قوربانی بەکاردەهێنرێن و گرنگە ئەم دیاردەیان لە بیر بێت. جا ئێمە لێرەین بۆ پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپا و هەرگیز ماندوو نابین. ناتوانین بێخەم بین. شەڕێکی رۆژانەیە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمە هاوڕێکانم چەند رێسایەکیان لەسەر شەفافیەت و بانگەشەی سیاسی و دەستتێوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا داناوە تا دڵنیایی بدەن کە هاووڵاتییان بتوان لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵ و هەموو ئەوانەی داهاتووشدا دەستنیشانی بکەن دەنگەکانیان بە کێ بدەن.
هەفتەی پێشوو لە پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ گەنجاندا قسەم دەکرد و دانیشتنێکمان لەسەر نەژادپەرستی هەبوو. گرنگە گەنجان دەنگ بدەن، چونکە نوێنەرایەتیی داهاتوومان دەکەن و ئەوان بە گشتی زیاتر لە نەوەی کۆن لێبووردەترن.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
لالیس: زۆر سوپاس بۆ ئێوەیش.


.jpg&w=3840&q=75)