جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: رێز لە سەروەریی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرین

25-08-2023
کامیز شەدادی
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە شێوەیەکی نەریتی رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی هەموو دراوسێکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێت.
 
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە کامیز شەدادی لەگەڵی سازداوە، باسی چەند پرسێکی کرد، یەکێک لەو پرسانەش پرسی رێککەوتنی گەنم بوو، لەوبارەیەوە قسەی نووسەرێکی خستەڕوو کە گوتوویەتی، "بەیانی زوو پارە بهێنە؛ ئێوارە کورسیەکەت وەربگرە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "دۆخەکە تەواو وەکو ئەوەیە."
 
لەبارەی سەردانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "رووسیا بە شێوەیەکی نەریتی رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی هەموو دراوسێکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێت. هەروەها زۆر بە وردی چاودێریی هەموو ئەو پرۆسانە دەکەین کە لەو ناوچەیەدا بەڕێوەدەچن."
 
رووداو: سەرۆک ڤلادیمیر پووتین لە لووتکەی رووسیا و ئەفریقا رایگەیاند، رووسیا ئامادەیە بەرهەمەکانی هەناردەی وڵاتانی ئەفریقا بکات، تەنانەت بەبێ پارە. ئایا دەرفەت هەیە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی گەنم؟ لە ئێستاوە دەستپێشخەرییەکی چالاکانەی سەرۆککۆماری تورکیا لەم بوارەدا هەیە، بەمزووانەش سەردانی رووسیا دەکات.
 
سێرگی ریابکۆڤ: دەزانی، ئێمە لەسەر ئەم بابەتە لە گفتوگۆ راناکەین. زۆر بە ئارامی و وردی و بە دوور و درێژی هەنگاوەکان شرۆڤە دەکەین. هەروەها هەڵوێستەکەمان زۆر روونە. ئێمە باوەڕمان بە بەڵێن نییە. لە ئێستاوە لەو نانی بەیانیانە تێر بووین؛ کە پێمان دەڵێن، "ئێوە هەموو ئەو شتانە دەکەن کە لە رووسیا داوا دەکرێن و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تاوەکو 18ی تەممووز هەبوو." ئێمەش رۆژێک، دوای چەند مانگێک، دەستدەکەینەوە بە بیرکردنەوە کە ئایا دەتوانین سێلێکسۆز بانک بگەڕێنینەوە بۆ سویفت یان نا و دەتوانین چی بیکەین سەبارەت بە پرسی کەشتییەکان؛ چانسی چوونی کەشتییە بارهەڵگرەکانی رووسیا بۆ بەندەرەکانی وڵاتانی رۆژئاوا چییە، ئەم قسانەمان زۆر بیستووە. ئەمە فێڵە. ساختەکاریی و پووچە. لێرەدا هیچ شتێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئێمە نییە. کەواتە پێش هەموو شتێک با هەموو ئەو بەڵێنانەی کە داویانە و نەیانتوانیوە جێبەجێی بکەن، جێبەجێیان بکەن، ئینجا ئێمە سەیری دۆخەکە دەکەین و هەڵسەنگاندن دەکەین، ئەگەر لەڕاستیدا هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ کرابێت، ئەوا رووسیا بە تەواوی دەگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی گەنم، یان وەکو دەڵێن دەستپێشخەری دەریای رەش. یەکێک لە نووسەرە کلاسیکەکان لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا دەڵێت، "بەیانی زوو پارە بهێنە؛ ئێوارە کورسیەکەت وەربگرە." دۆخەکە تەواو وەکو ئەوەیە. دیسانەوە لە هەمان پاڵەوان دەپرسن: "بەڵام بە پێچەوانەوە روودەدات؟" دەڵێت: "روودەدات. بەڵام سەرەتا پارەکە."
 
رووداو: بەڵام ئەردۆغان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت رێککەوتنێک هەبێت. ئایا رێککەوتنێکی نوێ دەبێت، یان کۆنەکە کارا دەکرێتەوە؟
 
سێرگی ریابکۆڤ: سەرۆکی بەڕێزی تورکیا هەوڵێکی گەورە دەدات. تێدەگەم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوکارە تورکەکانمان بەردەوام دەبێت. بۆ نموونە ئامادەکارییەک هەیە بۆ سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ رووسیا. بەڵام ئەمە هەڵوێستمان ناگۆڕێت. ئێمە بە هەمان شێوە هەڵوێستی خۆمان بۆ دراوسێ و دۆست و هاوکارە تورکەکانمان روون دەکەینەوە.
 
رووداو: ئەگەر زۆر بە کورتی وەڵاممان بدەیتەوە؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا یەکێک لە مژارەکان بوو کە ماوەیەکە راگیراوە. بە رای ئێوە چارەسەری ئەم کێشەیە لە بازاڕی وزەی جیهانیدا چی دەبێت؟
 
سێرگی ریابکۆڤ: لەو بوارەدا شارەزا نیم، بەڵام دەمەوێت ئەمەتان پێ بڵێم، رووسیا بە شێوەیەکی نەریتی رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی هەموو دراوسێکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێت. هەروەها زۆر بە وردی چاودێریی هەموو ئەو پرۆسانە دەکەین کە لەو ناوچەیەدا بەڕێوەدەچن. خۆم لە پێشبینییەکان بەدوور دەگرم کە لە داهاتوودا لەو ناوچەیەدا چی روودەدات. بەڵام بەگشتی، پێویستە ئەمە، بە بڕوای من، بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکیی نیازخراپ، بکرێت. بە تایبەت بەبێ کاریگەریی لایەنە دەرەکییەکانی ناوچەکە. بەداخەوە هێشتا ئەم جۆرە کاریگەرییانە لە ناوچەکەدا هەن.
 
رووداو: سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.