گوتەبێژی ئەنەکەسە: ئامادەین لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆببینەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
هەڤپەیڤین لەگەڵ فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا
هەڤپەیڤین لەگەڵ فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنەکەسە رایگەیاند ئامادەییان دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و دەڵێ "پێشبینی دەکەم زۆری پێناچێت."  
 
فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە قامشلۆوە لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە لایەن دلبخوێن داراوە پێشکێش دەکرێت، باسی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی کوردی - کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و ناردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دیمەشق کرد.
 
فەیسەڵ یوسف رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەگەڵ پارتەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کورد (پەیەنەکە) و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنەبوونەتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە؛ لەماوەیەکی نزیکدا لەگەڵی کۆدەبنەوە.
 
بەگوتەی فەیسەڵ یوسف، ئێستا هەوڵێک لە لایەن ئەمریکا و فەرەنساوە هەیە بۆ یەکخستنی دەنگی کورد و "گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەوەی پێکەوە کۆببینەوە."
 
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وەکو ئەنەکەسە ئامادەن لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆببنەوە و بگەنە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی بە شاندێکی هاوبەش بچنە شام و بەرگری لە مافی کورد بکەن، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، هێشتا بڕیاریان لەوبارەیەوە نەداوە.
 
گوتەبێژی ئەنەکەسە هەروەها گوتی، "مەسەلە هەر ئەوە نییە کە بە شاندێکی هاوبەش بچینە شام و تەواو، بەڵکو هەندێک شت هەن کە پێویستە لەگەڵ پەیەدە لەسەری رێکبکەون."
 

دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)

رووداو: ئێوە لەگەڵ پارتەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کورد (پەیەنەکە) کۆبوونەتەوە یان نا؟
 
فەیسەڵ یوسف: نەخێر، تائێستا ئەوە 4 ساڵە ئێمە لەگەڵ پەیەنەکە کۆنەبووینەتەوە. لە دوایین کۆبوونەوەمانەوە کە لە مانگی 11ـی ساڵی 2020 کرا، تاوەکو ئێستا کۆنەبووینەتەوە. ئەوەی ئێستا هەیە هەوڵدانێکە لەلایەن ئەمریکا و فەرەنساوە بۆ یەکخستنی دەنگی کورد و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک تاوەکو پێکەوە کۆببینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە.
 
رووداو: بەڕێز فەیسەڵ، كەی پێکەوە کۆدەبنەوە؟
 
فەیسەڵ یوسف: دوو رۆژ پێش ئێستا کە لەگەڵ ئەمریکی و فەرەنسییەکان کۆبووینەوە، پێمان گوتن هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کۆبوونەوە نییە. دەمەوێت لە رێگەی رووداویشەوە گەلی ئێمە بزانێت، ئێمە هەموو کات گوتوومانە لەگەڵ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردین. لە 2020ـەوە و لەو کاتەوە کە دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز مەزڵووم عەبدی دەستیپێکرد و لە کاتی داواکاریی ئەمریکا، هەر کاتێک داوایان کردووە، ئێمە گوتوومانە باشە. بۆچی نەمانگوتووە 'نەخێر'، زۆر جار وەڵامی ئەم پرسیارەمان داوەتەوە کە کێشەکە لەلایەن ئێمەوە نەبووە، بەتایبەتی دوای ئەو بەڵگەنامەیەی لەلایەن ئەمریکا و مەزڵووم عەبدییەوە واژۆکرا. لایەنی دیکە بۆچی نەیکردووە و بۆچی ئامادە نەبووە، ئێمە نازانین. تەنانەت دوای ئەوەش پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر ئەنەکەسە و لایەنگرانی بەردەوام بوون. ئێستاش دەڵێین 'ئێمە ئامادەین' بەڵام لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، دۆخێکی نوێ لە سووریا هاتووەتە پێش. لەو دۆخە نوێیەدا ئێمە چۆن بتوانین ناوچەکەمان بپارێزین و رێزم هەیە بۆ ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە، ستیفن، کە دەڵێت پێویستە هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزرێن. ئێمە بەشێکین لەو هاووڵاتییانەی سڤیل کە نامانەوێت ناوچەکەمان دووبارە وێران ببێت، وەک ئەوەی بەسەر شوێنەکانی دیکەدا هاتووە. ئەمە تەنیا بە ئەنەسەکە نەبەستراوەتەوە. ئەگەر لایەنە کوردییەکان هاوهەڵوێست و یەکڕیز بن، ئەوە دەبێتە بنەمایەک بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەر ناوچەکانمان بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان ئاسوودە و ئارام بن. زۆر جار کە قسە دەکەین، دەگوترێت ئەمانە لە لایەن تورکیاوە قسە دەکەن، بەڵام وا نییە، ئێمە تەنیا دەڵێین ئێمە وەکو کوردی سووریا خەڵکەکەمان گەیشتووەتە دۆخێک کە روو لە کۆچ دەکەن، دەیانەوێت رێگەیەک بدۆزنەوەی بۆ ئەوەی خۆیان لەو دۆخەی ئێستا رزگاربکەن. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هەسەدە، بۆ پەیەنەکە کە رێگەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە. ئەو هەڕەشانەی بەبیانووی ئەوەی پەکەکە هەیە، دەکرێن و پێویستە رێگەچارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە و پێویستە دیاریبکرێت، هەڵوێستیان بەرامبەر ئەمە چییە.
 
رووداو: بەڕێز فەیسەڵ، تۆ گوتەبێژی ئەنەکەسەیت، دەمەوێت لێتان بپرسم بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمانە، مەزڵووم عەبدی چەندین جار داوای لە ئێوە کردووە بۆ کۆبوونەوە و ئێوە بێدەنگیتان هەڵبژاردووە، دەمەوێت بزانم کەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کودەبنەوە؟
 
فەیسەڵ یوسف: لێت ناشارمەوە بەڕێز مەزڵووم بەر لە 10 رۆژ ویستی ئێمە ببینێت. ئێمەش ویستمان، نەک تەنیا ئەمجارە، زۆر جاری دیکە ویستوومانە. ئەگەر جارێک کاک مەزڵووم ویستبێتی، ئێمە لە ساڵانی رابردوو دا زۆر جار ویستوومانە و سوودی نەبووە. ئەمڕۆش ئێمە لە دژی نین. ئێمە چاوەڕێی ئەمریکی و فەرەنسیەکانمان دەکرد. لەکۆتاییدا پێمان گوتن ئەو رێککەوتنەی ئێوە دەتانەوێت و ئێمەش دەمانەوێت، هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ناوچەکانمان نەمێنن، هەروەها هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی هاووڵاتیانمان بکەین. لەبارەی یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردییەکانیش، ئەو بەڵگەنامەیەی ئێوە واژۆتان لەسەری کردووە و فەرەنسی و ئەمریکییەکانیش ئاگادارن، بتوانن کاری پێبکەن. من دەڵێم، لەلایەن ئێمەوە هیچ کێشەیەک نییە، لە رۆژانی داهاتووشدا دەتوانین بەڕێز مەزڵووم عەبدی ببینین بە ئامادەکاریی فەرەنسی و ئەمریکییەکان. پێمان گوتوون، بەئامادەبوونی ئەو لایەنانە، ئامادە دەبین. هیوادارم لە کاتێکی نزیکدا یەکتر ببینین.
 
رووداو: ئایا ئێوە لەنێو ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆن دا دەمێننەوە یان لێی جیادەبنەوە؟
 
فەیسەڵ یوسف: لەبارەی ئەوەی ئێمە لەنێو ئیئتیلاف دا دەمێنینەوە یان نا بەتایبەت دوای قۆناخی 8ـی مانگ، لەبەرئەوەی ئیتیلاف تاوەکو ئێستا وەکو پێکهاتەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هێشتا هیچ بڕیارێکمان نەداوە کە لێی دەردەچین، تەنیا ئەوەمان گوتووە؛ ئەگەر پابەندی ئەو رێککەوتنانە بن کە پێشتر لەبارەی مافەکانی گەلی کورد پێکەوە واژۆمان کردووە، بەردەوام دەبین لەگەڵیان دا. بەڵام پێشتر لە دەستەی دانوستاندکاندا ئێمە وەک پێکهاتەیەک سەربەخۆ بووین و بەشێوەیەکی سەربەخۆ کارمان دەکرد وەک پێکهاتەیەک لەسەر ناوی کورد لە سەرانسەری سووریا. لەو دۆخە نوێیەی بەسەر سووریادا هاتووە، ئامادەین لەگەڵ هەموو وڵاتپارێزانی سووریا کار بکەین بۆ ئەوەی بتوانین پشتگیری لە گەلی خۆمان بکەین و مافی گەلەکەمان لە سووریای داهاتوودا مسۆگەر بێت.
 
رووداو : دەمەوێت بە روونی بزانم، ئێوە ئێستا دەتانەوێت لەگەڵ پەیەنەکە شاندێک پێکبهێنن بۆ ئەوەی بڕۆنە شام و داوای مافی کورد بکەن، واتە ئێوە لەگەڵ ئیتیلاف ناچنە هیچ شوێنێک؟
 
فەیسەڵ یوسف: ئێستا کێشەی ئێمە پەیەنەکە نییە، ئێمە دەڵێین شاندێکی کوردی پێکبهێنرێت. ئەو دەستپێشخەرییەی پیشتر بەڕێز مەزڵووم عەبدی لە ساڵی 2019 کردی، پێویستە لێی ببێتە خاوەن لەکاتێکدا هەڕەشەمان لەسەرە. مەسەلە هەر ئەوە نییە بە شاندێکی هاوبەش بچینە شام و تەواو. هەندێک شت هەن کە پێویستە لەسەری رێکبکەوین، بەر لە هەموو کەسێک، بەڕێز مەزڵووم عەبدی خاوەن پرۆژەی یەکهەڵوێستیی کوردە. پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسییەکان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئێمە بتوانین خەڵکی خۆمان بپارێزین.
 
رووداو: ئایا ئێوە لەگەڵ ئیتیلاف دەچنە شام یان لەگەڵ شاندی کوردی؟
 
فەیسەڵ یوسف: تاوەکو ئێستا نەگوتراوە لەگەڵ ئیتیلاف دەچین یان بەشێوەیەکی سەربەخۆ. بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەگەر یەکریزی و یەک هەڵوێستی کوردی هەبێت، هەبوونی ئێمە لە نێو ئیتیلاف دا رێگری لە چوونی شاندێکی کوردی بۆ شام دروست ناکات، شاندێک کە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی سیاسی و رێگریکردن لەو هەڕەشانەی لە خەڵکەکەمان دەکرێت، دروست کرابێت. ئێمە وەک لایەنێکی کوردی سووریا ئامادەین بۆ ئەمە.
 
رووداو: هەندێک بەرپرسی ئەنەکەسە دەڵێن، لە بەرژەوەندیی ئەنەکەسەدا نییە لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) کار بکات. ئەو لێدوانانە هەڵوێستی ئەم کەسانەیە یان هەڵوێستی ئەنەکەسەشە؟
 
فەیسەڵ یوسف: ئێمە دەڵێین، دانوستاندن و گەنگەشە و رێککەوتن بکرێت کە بەرژەوەندیی گەلی ئێمەی تێیدا بێت، چ پەیەدە بێت، یان لایەنێکی دیکەی جگە لە پەیەدە بێت. ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشە و هەڵوێستە هاوبەشەی کورد کە پێشتر پێکەوە بە چاودێریی ئەمریکا رێککەوتبووین لەسەری، ئەمە تایبەت نییە بە بەرژەوەندیی ئەنەکەسە یان پەیەدەوە. لە بەرژەوەندی پەیەدەشدایە دۆخی ئێستای سووریا لەبەرچاوبگرن کە رژێم رووخێنراوە، تورکیاش هەڕەشە دەکات و دەڵێت، ئەوانەی لە سووریان زیاتر پەکەکەن. پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەمە بکرێت. ئێمە لە 2019 و 2020ـەوە هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەکەین. بەڵام ئەم رێککەتنەمان دەبێتە بناخەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان نەک لایەنێکی سیاسی بە تەنیا.
 
رووداو: ئەو کەسانەی ئەو جۆرە لێدوانانە دەدەن، هەڵوێستی خۆیانە یان ‌هەڵوێستی ئەنەکەسەیە؟
 
فەیسەڵ یوسف: دوای کونگرەی 14ـەیەمی ئەنجوومەن کە کرا، بە سەربەرزییەوە وەک گوتەبێژی ئەنەسەکە هەڵبژێردرام.
 
رووداو: واتە هەر شتێکی فەرمی لە سەر ناوی ئەنجوومەن دەربچێت، پرسیار لە تۆ دەکرێت؟ لێدوانی ئەو کەسانەش بۆچوونی خۆیانە...
 
فەیسەڵ یوسف: بڕیاردرا، پێویستە گوتەبێژێکی ئەنەکەسە هەبێت و من دەستنیشانکراوم. لەگەڵ ئەوەشدا راگەیێندراویشمان هەن، سەرۆکی ئەنجوومەن هەیە و دەستەی سەرۆکایەتی هەیە، بەڵام لەبارەی رووداو و پێشهاتەکان، هەڵوێستی ئەنەکەسە لە لایەن منەوە رادەگەیێندرێت.
 
رووداو: ئایا رۆژی کۆبوونەوەتان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی دیارە؟ ئایا لەم هەفتەیەدا هەواڵەکەی رادەگەیێنین؟ 
 
فەیسەڵ یوسف: ئێمە لایەنی ئەمریکی و فەرەنسییەکانمان ئاگادار کردووە، کە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە. بە مەزڵووم عەبدیشمان گوتووە ئامادەین. پێشبینی دەکەم زۆری پێناچیت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە