سەرۆکی یونیتاد بۆ رووداو: نۆ ملیۆن لاپەڕە بەڵگەنامە لەسەر تاوانەکانی داعش بە دیجیتاڵیکراون

24-08-2023
نمە نەبەز
هەڤپەیڤین لەگەڵ کریستیان ریچەر، سەرۆکی تیمی یوو ئێن بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق (یونیتاد)
هەڤپەیڤین لەگەڵ کریستیان ریچەر، سەرۆکی تیمی یوو ئێن بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق (یونیتاد)
نیشانەکردن یونیتاد داعش کوردانی ئێزدی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
  
بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵی 2017 دەرکرا، نووسینگەیەکی نوێی یوو ئێن لە عێراق بەتایبەتی بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی داعش دامەزرێنرا تاوەکو لەڕێگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە لێپێچینەوە لەو رێکخراوە بکات لەسەر زۆر تاوان، کە لە عێراق دژی مرۆڤایەتی کردوونی. 

 

کریستیان ریچەر، راوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی یوو ئێن بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق (یونیتاد) کە لە ساڵی 2021ـەوە لەم پێگەیەدایە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو راگەیاند "تاوەکو ئێستا نۆ ملیۆن بەڵگەنامە لەسەر تاوانەکانی داعش بەدیجیتاڵکراون"
 
سەبارەت بە هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی، ریچەر گوتی، زۆریی ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە بە دروستی ژمارەیان نازانرێت، یەکێکە لە گرفتەکانیان. هەروەها دەڵێت "هەر تەنیا هەڵکەندن و هەڵدانەوەی گۆڕەکان نییە، بەڵکو ناسینەوەی رووفاتەکانە کە کاتێکی زۆری دەوێت." 
 
رووداو: بۆچی تەنانەت دوای نۆ ساڵ لە جینۆساید، رەوتی دۆزینەوەی کوردانی ئێزدی هێشتا هێواشە؟ 
 
کریستیان ریچەر: سوپاس. سوپاس بۆ ئەم پرسیارە گرنگ و زۆر گونجاوە. دۆزینەوەی ونبووان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کاری لەپێشینەی یوونیتادە. ئێمە بەردەوام کار لەسەر باشترکردنی کاری هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵە تازە دۆزراوەکان دەکەین. 
 
ژمارەی زۆری گۆڕە بەکۆمەڵەکان یەکێکە لەو گرفتانەی لە کاری هەڵدانەوەدا تووشمان دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی ئێزدییەکان. تائێستا لەگەڵ لایەنە عێراقییە پەیوەندیدارەکاندا، بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکی یاسایی، ئێمە لە 37 گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکاندا بەشداریمان کرد، بەڵام زۆر لەم گۆڕە بەکۆمەڵانە هەن. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرن کە دەبێت زۆر کار بکرێت و هەر تەنیا هەڵکەندن و هەڵدانەوە نییە، بەڵکو ناسینەوەی رووفاتەکانە کە کاتێکی زۆری دەوێت. دەبێت لە رێگەی شیکاری دی ئێن ئەیەوە رووفاتەکان بناسرێنەوە. دەبێت شایەتەکان لەبارەی شوێنی ئازیزانیانەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین، دوایین جار لە کوێ بینیویانن و بەو جۆرە. ئەوەش کاتێکی زۆر دەخایەنێت. ئەوەش کارێکی زۆرە کە دەبێت، بکرێت. دەبێت لە ئاستی جیهانیشدا کاری بۆ بکرێت، چونکە ئەوەی دەمانەوێت لە کۆتاییدا بیبینین؛ دادگاییکردنە لەبەردەم دادگای پەیوەندیدار بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان. جا لەوێش پێویستت بە بەڵگە دەبێت لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەوە، کە ئەوەش پشتی پێ دەبەسترێت و دەتوانرێت لە هەر کوێیەکی جیهاندا تاوانباران بدۆزرێنەوە، بەکاربهێنرێن.  
 
بۆیە دەبێت لەسەر پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کار بکەین، ئەوەش وا دەکات کاتی بووێت. هەر بۆیە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام کار لەسەر ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکەین، کەچی کاتی زۆری دەوێت تاوەکو هەموو رووفاتەکان دەربهێنرێن.  
 
من تەواو تێدەگەم کە کۆمەڵگە چاوەڕێی هەڵمەتێکی دیکەی هەڵدانەوەیە و، ئێمەیش ئەوە دەکەین، بەڵام لەم لایەنەوە دەبێت تۆزێک ئارام بگرین. ئەو تاوانە زۆرانەی لەلایەن داعشەوە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی کراون، وا دەکەن ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەبن کە دەبێت هەڵبدرێنەوە.  
 
دواجار یەکێک لەو هۆیانەی رەنگە پەیوەندیدار بێت ئەوەیە، ژمارەیەکی زۆر ئێزدی لە دەرەوەی وڵات دەژین و دەبێت پەیوەندییان پێوە بکەین بۆ ئەوەی نموونەی دی ئێن ئەی وەربگرین تاوەکو لێکچووەکانیان لەو رووفاتانەدا بدۆزینەوە، کە دەرهێنراون. جا ئەمەش هەمووی کات دەخایەنێت. هەر بۆیە ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە کۆتایی. 
 
رووداو: کەی هەڵمەتی هەڵدانەوەی گۆڕەکان دواتر لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رادەگەیەنرێت؟ 
 
کریستیان ریچەر: وەک ئاماژەم پێ دا، ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین و بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بیرۆکە ئاڵوگۆڕ دەکەین.  
 
رووداو: ئێستا چەند گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی هەن؟ ئینجا ئەوەی خەمڵێنراوە، دەشێت چەند کوردی ئێزدی لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا رووفاتیان بدۆزرێتەوە؟ 
 
کریستیان ریچەر: هیچ ژمارەیەکی تەواو نییە کە چەند گۆڕی بەکۆمەڵ هەن. رەنگە سەدان بن، بەڵام ناتوانم ژمارەیەکی تەواوت بدەمێ. ئێمە لە کارە لێکۆڵینەوەییەکەماندا شوێنی نوێمان دیاری کردووە و ئێمە لەسەر ئەم هەڵمەتانە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدەینەوە. 
 
ئێمە لە رێگەی چاوپێکەوتنەوە لەگەڵ کۆمەڵگەکەدا لە پەیوەندیداین، زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە نوێیانەوە وەردەگرین، کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە. ئەمەش تەوژمێکی بەردەوامی کارە کە ئێمە لە لایەنی ئەم هەڵمەتانەی هەڵدانەوەوە دەیکەین. 
 
رووداو: تائێستا یونیتاد چەند بەڵگەی کۆکردووەتەوە لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بە دەستی داعش؟  
 
کریستیان ریچەر: کەموکورتی نییە لە هەبوونی بەڵگە بۆ ئەو تاوانانەی داعش لە عێراق کردوونی. تائێستا لە رێگەی پرۆژەی بەدیجیتاڵکردنەکەمانەوە پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقمان کردووە کە زیاتر لە نۆ ملیۆن لاپەڕە بەڵگە بەدیجیتاڵی بکات. تەنیا بەڵگەنامە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک ئاماژەم پێدا، ئێمەش ئەنجامی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەی پێکهاتەکانیانمان هەیە، کە ئەوەش بۆ خۆی بەشێکی بەڵگەکەیە. هەروەها چاوپێکەوتنمان هەیە.  
 
ئێستا نزیکەی هەموو رۆژێک لەگەڵ زیانمەندانی دەستی داعشدا چاوپێکەوتن دەکەین. بۆیە ژمارەیەک نییە کە بتوانم بڵێم ژمارەکە ئەوەندەیە، بەڵام بەڵگەی زۆر لەبەردەستن و بەو راستییەمان دەگەیەنن، کە دەشێت تاوانبارانی داعش لەبەردەم یاسادا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. دەشێت لە دادگاییەکدا کە پشتی بە بەڵگە بەستبێت، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بسەلمێنرێت کە ئەم تاوانبارانە تاوانی قێزەونیان دژی هەموو کۆمەڵگە زیانمەندەکانی عێراق کردووە و لەناویشیاندا کۆمەڵگەی ئێزدی. 
 
رووداو: لە پاڵ کوردانی ئێزدیدا چ ناوچە یان کۆمەڵێکی نەژادی لە عێراق، زۆرترین بەڵگەتان لەسەر کۆکردوونەتەوە کە داعش تاوانی لە دژیان کردبێت؟ 
 
کریستیان ریچەر: ئێمە ژمارەیەک یەکەی لێکۆڵینەوەی مەیدانیمان هەیە کە سەروکاریان لەگەڵ هەموو کۆمەڵگە زیانمەندەکانی عێراقدا هەیە. لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵگە زیانمەندەکانی عێراق دەکەن، وەک کۆمەڵگەی شیعە، بەتایبەتی لەسەر کۆمەڵکوژیی ئەکادیمیای فڕۆکەوانیی تکریت کە بە کۆمەڵکوژیی سپایکەر بەناوبانگە، هەروەها هێرشی سەر زیندانی بادووش لە نزیک موسڵ. لێکۆڵینەوە دەکەین لەو تاوانانەی دژی کۆمەڵگەی کریستیان کراون، بەتایبەت لە دەروروبەری موسڵ. لێکۆڵینەوە دەکەین لەسەر کۆمەڵە ئایینییە بچووکەکانی وەک شەبەک، کاکەیی، شیعەی تورکمان، لەناویشیاندا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە. بەدڵنیاییەوە یەکەی لێکۆڵینەوەی مەیدانیمان هەیە کە بەتایبەت لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی دژی سوننەی عێراق کراون، دەکات کە لە لایەن تاوانبارانی داعشەوە کاری تێکراوە. ئێستا ئێمە بەتایبەتی سەیری داڕمانی کەلەپووری فەرهەنگی دەکەین کە لە هەموو کۆمەڵگەکانی عێراقدا کاری تێکراوە، چونکە داعش هەوڵیداوە کەلەپووری فەرهەنگی و ناسنامەی فەرهەنگیی عێراق دابڕمێنێت. ئەمە ئەو شتەیە ئێستا لە لایەنی کاری لێکۆڵینەوەییمانەوە دەیکەین و گەلێک هەوڵی خۆمانی تێدا دەخەینەگەڕ، چونکە هەوڵدەدەین زوو ئەنجامی بەرجەستە بەدەستەوە بدەین، وەک ئەو راپۆرتانەی لە رابردوودا لەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە شنگال و کەمپی سپایکەر و زیندانی بادووش و تۆڕی دارایی داعش کردوومانن. ئەمانە نموونەی کارەکانمان کە ئێستا دەیانکەین و لە رابردوودا کردوومانن کە ئەنجاممان لێیان دەست کەوتوون. 
 
رووداو: ئایا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتایی کارەکانتان لە عێراق هەیە؟ بۆ نموونە، ئێوە تا چەندێکی دیکە لەم ناوچەیەدا کار لەسەر دۆزینەوەی بەڵگە دەکەن؟ 
 
کریستیان ریچەر: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە گرنگە. وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە قورسە، چونکە ئەوە بە زۆری بەندە بە هۆی جۆراوجۆرەوە. لەسەر ئەوە بەندە کە چەندە بە قووڵی دەچیتە ناو بابەتی تاوانەکەوە. ئایا هەر تەنیا دەتەوێت بە سەرتوێیەکەی بگەیت کە ئەوە زۆر خێرایە. ئەگەر بتەوێت بچیتە قووڵاییەوە و زیاتر رۆبچیت، ئەوا کاتی زۆر دەخایەنێت تاوەکو چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هەموو شایەتەدا بکەیت. بۆ نموونە، ئەگەر پێویست بێت چاوپێکەوتن لەگەڵ شایەتێک و قوربانییەکی دەستی داعشدا بکەیت، سێ، چوار رۆژ دەخایەنێت. دەی هەزاران قوربانی هەن. بۆیە وێنای بکە کە چەندە دەخایەنێت ئەگەر بتەوێت بە قووڵی وێنە راستەقینەکە پیشان بدەیت. بەڵام ئەگەر بتەوێت تێڕوانینێکی گشتیی فراوان بە دەستەوە بدەیت، ئەو ماوە زۆرە ناخایەنێت. 
 
من بەم تازەگییانە دیدگەی خۆم بۆ ساڵی 2025 بۆ یونیتاد خستەڕوو کە تێڕوانینێکی گشتیی باشە بۆ ئەو هەنگاوانەی داهاتوو، کە دەمانەوێت بیاننێین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە دوو، سێ ساڵی داهاتوودا کارەکە بە رێکوپێکی ناکرێت و ئەوە رێی تێناچێت، بەتایبەت ئەگەر ژمارەی ئەندامانی ستافەکەی یونیتاد لەبەرچاو بگریت، ئێمە ژمارەیەکی زۆر نین. ئێمە تیمێکی زۆر بچووکین، تیمێکی پسپۆڕین، بەڵام سەدان لێکۆڵەرمان نییە کە بچن و چاوپێکەوتن بکەن. ئێمە لە چاوپێکەوتندا زۆر بە وریاییەوە کار دەکەین، هەر بۆیە ئەوە کات دەخایەنێت. بۆیە ناتوانم لەم بارەیەوە کاتێکی دیاریکراوت بدەمێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەم یەک، دوو ساڵەی داهاتوودا تەواو نابێت. بۆیە ئەگەر بەوریاییەوە بیکەیت، ئەوە رێی تێ ناچێت. 
 
رووداو: ئاماژەت بەوە دا کە کەموکورتی بۆ بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش لە عێراق لە دژی مرۆڤایەتی، نییە، بەڵام چۆن پلان دادەنێن کە ئەو بەڵگانە وەک بنچینەیەک بەکاربهێنن بۆ یاسا و بڕیارەکان بۆ سزادانی کەسانی نێو داعش یان بۆ قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی لە عێراق؟ 
 
کریستیان ریچەر: بەرپرسیاریێتیی یونیتاد ئەوەیە تاوانباران لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو تاوانە جیهانییانەی کردوویانن. ئەوە مانای ئەوەیە؛ ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیبینین، دادگاییەکی دادپەروەرانەیە لەبەردەم دادگەیەکی پەیوەندیداردا، دادگەیەیەکی پەیوەندیدار لە عێراق، کە پشتی بە بەڵگە بەستبێت. ئەگەر تاوانباران لە دەرەوەی وڵاتیش بن، ئەوا دادگەیەک لە دەرەوە. 
 
بۆیە ئێمە بەر لە هەر شتێک، پشتیوانیی عێراق دەکەین کە ئەوە بنەمای سەرەکیی مەبەستمانە لە بەرهەمەمەکانی یونیتاددا و، ئێمە پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقمان کردووە کە لەم لایەنەوە هاوکاری سەرەکیمانە. 
 
ئێستا بە شێوەی گرووپی هاوبەش زۆر پێکەوە لەگەڵ دەسەڵاتی یاساداناندا کار دەکەین لەسەر یاسای ناوخۆیی بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق. لەم لایەنەوە بەرەوپێشچوونی زۆر باش هەیە، لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەکان کار لەسەر رەشنووسێکی یاسایی دەکەن بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان. بۆیە تەواو هیوادارین کە یاسایەکی ناوخۆیی بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق ببینین کە وا دەکات بشێت ئەم جۆرە دادگاییە لە عێراق لەبەردەم دادگەیەکی پەیوەندیداردا ببینین. لە تەنیشت ئەوەدا ئێمە پشتیوانیی وڵاتانی سێیەم و وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لە لێپێچینەوەی ئەو تاوانبارانەی داعش کە ئێستا تێیاندا دەژین یان نیشتەجێن. هەر بۆیە ئەم کەسانە لە دەرەوەی عێراق پەناگەیەکی پارێزراو نادۆزنەوە و بەرپرسیار دەکرێن لەو تاوانە قیزەونانەی دژی خەڵکی عێراق کردوویانن، تەنانەت ئەگەر ئێستا، با بڵێین، لە ئەوروپا، ئەمریکا یان ئەفریقا یان هەر وڵاتێکی دیکەدا بن. 
 
ئەمە ئەوەیە کە ئێستا دەیکەین و خەریکین بە شێوەیەکی کۆنکرێتی دەیکەین. لە پاڵ ئەوەیشدا هێشتا کار لەسەر لێپێچینەوەکان دەکەین، راپۆرتەکان لەسەر ئەو تاوانانەی کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی عێراق هەبووە بە کۆتا دەگەیەنین.  
 
رووداو: وەک یوو ئێن، وەک لایەنێکی مرۆیی نێودەوڵەتی، ئایا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدیی قوربانیانیی دەستی داعش؟ 
 
کریستیان ریچەر: ئێمە لە بارەی یاسای رزگاربووانی ئێزدییەکانەوە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە، بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی یونیتاددا نییە بچێت کار لەسەر قەرەبووکردنەوە بکات. ئەوە ئەرکی ئێمە نییە و ئێمە رێگەمان نەدراوە ئەوە بکەین، چونکە دەسەڵاتمان سنووردارە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆمان کار ناکەین. بەڵام لە هەر کوێ پێویست بێت لە قەرەبووکردنەوەدا بەشدار ببین، ئەوا لە چوارچێوەی دەسەڵاتماندا ئەوە لە بەرچاو دەگرین، بەڵام وەک ئاماژەم پێ دا، قەرەبووکردنەوە بەشێک نییە لە دەسەڵاتی یونیتاد.  
 
رووداو: گوزەرانی کوردانی ئێزدی کە زۆرینەیان لە کەمپ و لە شنگالیش دەژین، زۆر خراپە. دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی گوزەرانیان باش ببێت؟ 
 
کریستیان ریچەر: من زۆر بە باشی ئاگام لە گوزەرانی ئێزدییەکانە لە کەمپەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی یونیتاد ناچێتە ئەم بوارەوە. بەدڵنیاییەوە ئێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ئەو لایەنانەی یووئێندا کە سەروکاریان لەگەڵ گوزەراندا هەیە خەریکی گۆڕینەوەی بیروراین، بەڵام بۆ کارکردن لەسەر ئەو بابەتە توانایی و لێهاتووییەکی زۆر سنووردارمان هەیە. هەندێک جار دەچینە کەمپەکان بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵکدا، بەڵام لە پاڵ ئەوەدا ئێمە توانای ئەوەمان نییە ئەو دۆخە بگۆڕین، کە بە دڵنیاییەوە مایەی رەزامەندی نییە.  
 
رووداو: ناساندنی تاوانی دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید لە لایەن وڵاتانەوە گرنگییەکەی بۆ کاری ئێوە چی دەبێت، بۆ ئەو کارەی بۆ کوردانی ئیزدیی دەکەن؟ 
 
کریستیان ریچەر: سوپاس. دەسەڵاتی یونیتاد لە بواری بەدواداچوونی تاوانە نێودەوڵەتییەکاندایە کە دژ بە کۆمەڵگەکانی عێراق کراون. مەبەست لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان ئەو تاوانانەن، کە دژی مرۆڤایەتی کراون، تاوانی شەڕ و جینۆساید وەک ئێستا ئاماژەت پێدا. 
 
سوودی ئەمە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم تۆمەتانەدا تۆ دەتوانیت رێگە بدەیت قوربانی و شایەت چالاکانە لە بەدواداچوونە یاساییەکان و دادگاییکردنەکاندا بەشدار بن، بە شایەتیدان و بۆ دادگەی بگێڕنەوە کە بەڕاستی چی روویداوە. جا دواجار تۆ دەگەیتە باوەڕ و بڕیارێک کە نیشانی دەدات بەڕاستی تاوانبارەکە ئەو کارەی کردووە و کەی تاوانەکەی دژ بە کەسێکی دیاریکراو کردووە. 
 
بۆ نموونە ئەندامێتیی رێکخراوێکی تیرۆریستی تاوانێکی نێودەوڵەتی نییە، تەنیا تاوانێکی پەتییە کە تێیدا قوربانی نییە. تەنیا ئەندامێتییە کە سزای لەسەرە. لێرەدا لە تاوانە نێودەوڵەتییەکاندا تۆ سەرنج دەخەیتە سەر کۆمەڵگە زیانمەندەکان و لەگەڵ تایبەتمەندییەکدا کە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە کە تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەر کات بتەوێت دەتوانیت سکاڵا بکەیت و کاتی دیاریکراوی نییە. لە کاتێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای کاتی دیاریکراو هەیە. بۆیە دوای 10 یان 15 ساڵ ئیتر رێی تێناچێت کەسێک لەبەر ئەندامبوونی لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا تاوانبار بکەیت. هێشا رێی تێدەچێت کەسێک لەسەر تاوانی نێودەوڵەتی تاوانبار بکرێت، بۆ نموونە لەسەر جینۆسایدێک کە دژی خەڵکی ئێزدی کردبێتی. جا ئەوە زۆر گرنگە، چونکە بیهێنە پێش چاوت زۆر کەس گەنج بوون کە ئەم تاوانانەیان کردووە، رێی تێدەچێت کە ئێمە چەند دەیەیەکی دیکە، 30 – 40 ساڵی دیکە، بچین سەیری دادگایی تاوانباران بکەین. جا ئەمەیە گرنگیی یاساکان لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە زۆر دیار و بەرجەستەیە، چونکە ئەو کاتەش هێشتا تاوانباران لە دادگەدا دەبینین رووبەڕووی دادپەروەری دەکرێنەوە و دواجار دان بەوەدا دەنرێت کە ئەم قوربانییانە لەلایەن ئەم تاوانبارانەوە زیانیان بەرکەتووە و چەوسێنراونەتەوە.  
 
رووداو: بۆچی هێشتا یوو ئێن بڕیارێکی ناچارانەی بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام دەرنەکردووە کە تاوانی دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسێنن؟ 
 
کریستیان ریچەر: ئەمە شتێکی سیاسییە. ئەوەندەی من بزانم، ژمارەی ئەو وڵاتانە زیاد دەکات کە دان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا دەنێن. لە دیدگای منەوە وەک داواکارێکی گشتیی پیشەگەر، ئەوە زۆر گرنگە کە دادگاییکردن هەبن بیسەلمێنن ئەوە جینۆساید بووە، ئەوەی دژی ئێزدییەکان کراوە کردەوەیەک بووە کە لە رووی یاساییەوە بە جینۆساید دادەنرێت. بە شایەتیی شایەتەکان و هەموو بەڵگەیەکی بەردەست بسەلمێنرێت، تەنانەت رەنگە بە شیکاریی رووفاتی نێو گۆڕە هەڵدراوەکان. بۆیە لە دیدگای منەوە ئەوە زۆر گرنگە، چونکە دواجار بە هەبوونی ئەم بڕیارانە، هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە ئەوەی دژ بە ئێزدییەکان کراوە جینۆساید بووە. 
 
ئەوە کارێکی سیاسی نییە، شتێکە دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت، حکومەتێکت هەیە کە دەتوانیت بیخوێنیتەوە و ئەگەر بتەوێت دەتوانیت پێیدا بچیتەوە. ئەوە شتێکە پەیوەندیی بە باوەڕ و پرسی سیاسییەوە نییە. ئەمانە راستین، راستیی سەلمێنراو. بە هەبوونی ئەمانە داننان بە جینۆسایددا گرنگییەکی زۆر بەهێزی دەبێت. 
 
رووداو: هەروەها لەنێو زیندانییە داعشەکانی رۆژئاوا یان باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا تاوانباری مەترسیدار هەن. ئایا ئێوە لە بارەی زیندانییە داعشەکانی کەمپی ئەلهۆلەوە کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە دایە هیچ شتێک دەکەن؟ 
 
کریستیان ریچەر: دەسەڵاتی یونیتاد ناگاتە سنووری سووریا. ئێمە تەنیا لە عێراقدا کار دەکەین. ئێستا ئێمە پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقدا هەیە لەسەر گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە عێراق، بەڵام ئێمە توانای ئەوەمان نییە بگەینە کەمپی هۆل یان هەر ناوچەیەکی سووریا. 
 
رووداو: باشە. بەڵام هەندێک راپۆرت لەبارەی هەندێک کچی کوردی ئێزدییەوە هەن، کە زۆر منداڵ بوون کاتێک لە لایەن داعشەوە رفێنراون، ئێستا ئەوان لە کەمپی هۆلن کە هیچ زانیارییەکیان لە بارەی پاشخانی راستەقینەی خۆیانەوە نییە، نازانن کە ئاخۆ ئێزدین یان منداڵی داعشن. ئایا تائێستا هیچتان لە بارەیانەوە بیستووە؟ ئایا ئاگاتان لەو کەیسانە هەیە؟ 
 
کریستیان ریچەر: بەڵێ، ئاگادارم. بە دڵنیاییەوە ئێمە چاودێریی دۆخەکە دەکەین، چونکە هەمیشە شتێک هەیە کە لێرە لە عێراق کاریگەریی لەسەر کارەکەمان هەیە، هەر بۆیە ئاماژەم بەوە دا کە ئێمە لە بارەی گەڕانەوەی خەڵکەوە پەیوەندیی نزیکمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا هەیە، پەیوەندیی نزیکیشمان لەگەڵ ئەو رێکخراوە پەیوەندیدارانەی یوئێندا هەیە کە لە سووریا سەروکاریان لەگەڵ گرفتی ئەم کەمپانەدا هەیە. بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، ئێمە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەمانە هیچ کاریگەرییەکمان نییە لەسەر ئەوەی لە کەمپی هۆل یان هەر کەمپێکی دیکەی سووریا روو دەدات. بەڵام باش ئاگامان لەوەیە کە لەوێ چی دەگوزەرێت. 
 
رووداو: ئایا هیچ هاوئاهەنگییەکتان لەگەڵ نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی دەستی داعشدا هەیە، کە سەر بە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە 86٪ـی ئێزدییە رزگارکراوەکان لە لایەن ئەوانەوە رزگار کراون؟ 
 
کریستیان ریچەر: هەندێک زانیاریمان لەسەری هەیە، بەڵام ئەمە شتێکە لە ئاستێکی ئەزموونداریدا لەگەڵ یەکەکانی لێکۆڵینەوەی مەیدانیماندا دەکرێت. ئینجا ئەوان گرنگی بە هەموو ئەو زانیارییانە دەدەن کە لە لایەن نووسینگە پەیوەندیدارەکان و لایەنە حکومییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانەوە کۆدەکرێنەوە. ئێمە راستەوخۆ و لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییەکانیشەوە لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا پەیوەندیی نزیکمان هەیە، بۆیە بەڵێ ئێمە چاودێریی دۆخەکە دەکەین. 
 
رووداو: ئایا هیچ زانیارییەکتان هەیە کە چەند داعشی دەسگیرکراو ئێستا لە ئەڵمانیان؟ ئینجا کەیسەکانیان لە دادگەکاندا چۆن بەڕێوە دەچن؟ 
 
کریستیان ریچەر: ئێمە لە دەرەوە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریدا پەیوەندییەکی باشمان هەیە بە تایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە تاوانبارانی داعش دادگایی دەکرێن، ئەمە بۆ ئەڵمانیاش راستە، بەڵام لە لایەنی ژمارەوە داواتان لێدەکەم کە پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە بکەن. ئەگەر بتانەوێت، ئەوان ئەم ژمارانەتان دەدەنێ. 
 
من دەسەڵاتی ئەوەم نەدراوەتێ قسە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتانی دەرەوە بکەم، بەڵام لە بارەی ئەوەی لەوێ روودەدات زۆر دڵخۆشین، بە تایبەتی بۆ ئەو دادگاییانەی کە دەکرێن یان ئەو سزایەی بەم تازەییانە لە کۆپلاند بۆ تاوانی دژ بە "نادین کەی" دەرکرا بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی جینۆساید و سزاکانی دیکەی تاوانبارانی داعش کە تاوانی نێودەوڵەتییان کردووە. 
 
رووداو: ئێوە وەک یونیتاد لە عێراق، ئایا هیچ ژمارەیەکتان لایە کە پێمان بڵێیت لە جیهاندا و بە تایبەتی لە ئەوروپا چەند داعشی دەستگیرکراو هەن، کە ئێستا لەسەر ئەو تاوانانەی دژی ئێزدییەکان و بە گشتی دژی مرۆڤایەتی کردوویانن دادگایی بکرێن؟ یان هیچ ژمارەیەکی گشتیتان لایە کە چەندیان بە راستی دادگایی کراون؟ 
 
کریستیان ریچەر: ژمارەی ئەو تاوانبارانە زیاد دەبێت کە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و ئێستا لە دادگەکاندا دادگایی دەکرێن. هیچ ژمارەیەکی تەواوەتیم لا نییە. ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا دادگایی بەڕێوەدەچن، وەک لە سوێد و هۆڵەندا، بەڵام ژمارەی تەواوەتیی ئەم دادگاییانەم لا نییە، کە ئێستا دەکرێن. هیچ شتێکی وەک راپۆرت یان ژمارەیەکی تایبەت بەوانە نییە. 
 
رووداو: چ پەیامێکتان بۆ ئەو کوردە ئێزدییانە هەیە کە چاوەڕوانن تاوانبارانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان سزا بدرێن؟ 
 
کریستیان ریچەر: پەیامی من بۆ ئێزدییەکان ئەوە دەبێت کە ئێمە ئەوپەڕی سوپاسگوزارین بە هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمەڵگەکەدا و تەواو سوپاسگوزارین بۆ ئامادەییان بۆ شایەتیدان و خستنەڕووی بەڵگە و گێڕانەوەی هەموو چیرۆکەکە، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە چیرۆکەکەشمان زانیوە، ئەگەرچی گێڕانەوەی هەموو چیرۆکەکە تەواو بەئازار بووە. ئەوە پەیامی یەکەممە. پەیامی دووەمیش ئەوەیە داوای ئارامگرتن دەکەین. هەندێک جار دادپەروەری زۆر هێواشە و بە تایبەتی بۆ کۆمەڵکوژییەکان، وەک ئەوەی تاوانبارانی داعش کردیان. 
 
بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، تاوانە نێودەوڵەتییەکان کاتی دیاریکراویان بۆ سکاڵاکردن و دادگاییکردن نییە. ئەوەش مانای وایە کە لێپێچینەوە لەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی داعش کردوونی بەردەوام دەبێت تاوەکو دوایین تاوانبار دەدۆزرێتەوە یان دەکوژرێت. بۆیە دەکرێت چەند دەیە بخایەنێت و هەر چەند دەیە کاری دەوێت تا وەکو هەموو ئەم تاوانبارانە بدرێنە دادگە. بەڵام ئێمە زۆر بە جیددی کار دەکەین و خۆمان تەرخانکردووە بۆ ئەم لێکۆڵینەوانە و پشتیوانیی هەموو هەوڵێکی دەسەڵاتی دادوەری دەکەین، لە سەرانسەری جیهاندا تاوەکو ئەم تاوانبارانە بدرێنە دادگە ، تاوەکو پشتیوانیی ئەم قوربانییانە بکەین بۆ ئەوەی ئەو رۆژە ببینن کە لە دادگەدا دژی تاوانباران شایەتی دەدەن و لە دادگاییەکانیاندا لە دژیان بەشدار دەبن. 
 
رووداو: ئایا رێی تێدەچێت لە داهاتوودا هیچ دادگاییەک بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لە هەرێمی کوردستان رێکبخرێت؟ 
 
کریستیان ریچەر: وەک ئاماژەم پێدا، ئێستا یاسادانەران لە عێراق کار لەسەر رەشنووسێکی یاسایی دەکەن بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان. زۆر خۆشحاڵ دەبین کە بەرەوپێشچوون لەم بوارەدا ببینین. ئەگەر یاسایەکی لەو جۆرە هەبێت، دەتوانم وێنای ئەوە بکەم کە بە دڵنیاییەوە لە کوردستانیش وەک هەر شوێنێكی دیکەی عێراق دادگایی بەڕێوەدەچێت.  
 
رووداو: بەڕێز کریستیان ریچەر، راوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی یوئێن بۆ لێپێچینەوەی تاوانەکانی داعش لە عێراق. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت.  
 
کریستیان ریچەر: زۆر خۆشحاڵ بووم، زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.