هۆشیار زێباری بۆ یەکێتی: خۆتان لە رێککەوتنی ستراتیژیی کشانەوە بۆیە ئێستا یارییەکە گۆڕاوە

21-10-2021
گۆڤەند مستەفا
  هەڤپەیڤینی تایبەتی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ رووداو
هەڤپەیڤینی تایبەتی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ رووداو
نیشانەکردن پارتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هۆشیار زێباری رەتیدەکاتەوە پۆستەکانی بەغدا بەرامبەر پۆستەکانی هەرێمی کوردستان بن و بە یەکێتی دەڵێت، خۆیان لە رێککەوتنی ستراتیژیی کشاونەتەوە بۆیە ئێستا یارییەکە گۆڕاوە و "بێشک سەنگی پارتی، قەبارەی پارتی و کورسییەکانی پارتی دەبێت لەبەرچاوی هەموو لایەنەکان بێت".
 
لەهەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان لە کاژێر 12:00 ـی رۆژی پینجشەممە 21-10-2021 هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی، پۆستی سەرۆککۆمار، کۆنگرەی پارتی، کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق و پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەرچوون، چۆن دەچن بۆ بەغدا، پارتی بە جیا دەچێت یان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە؟
 
هۆشیار زێباری: هێشتا کەمێک زووە بۆ دروستکردنی حکومەتی عێراق. چونکە هەندێک چوارچێوەی زەمەنی، یاسایی و دەستووری هەن. ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن راگەیێندراون. ماوەیەک هەیە بۆ تانەدان و سکاڵا لەسەر ئەنجامەکان. دواتر دەچێتە دەستەی دادەوەریی کۆمیسیۆن و دەبێت پەسندی بکات. دواتر دەچێتە دادگەی فیدراڵی. دوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی، سەرۆککۆمار داوا دەکات ئەنجوومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە. پرۆسەکە دەستپێدەکات. ئەمە کاتی دەوێت. پەسندکردنی ئەنجامەکان رەنگە 15 تاوەکو 20 رۆژی پێ بچێت. ئەمە مانای ئەوە نییە کە دانوستاندنی سیاسی نییە. ئێستا وێنەکە روونە، کێ چەند کورسی بردووە. رەوتی سەدر لە پێشە. تەقەدوم هەیە، دەوڵەتی یاسا هەیە، پارتی هەیە، حیزبەکانی دیکەش هەن. 
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی سەرکردایەتیمان هەبوو. رێگایەکمان دانا چۆن ئیش بکەین. بەو پێیەی براوەی یەکەمین لە کوردستان و 33 کورسیمان هەیە، دەستپێشخەرییەکمان کرد لەگەڵ لایەنەکان قسە بکەین، سەردانی یەکێتی و گۆڕانمان کرد، تەنانەت پەیوەندیی لەگەڵ نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی و حیزبەکانی دیکە هەیە. بۆ ئەوەی ماڵی کورد رێکبخەین، یان پێکەوە بچین بۆ بەغدا. بێگومان ئەوەش بە بەرنامە دەبێت، تەنیا بە قسە نابێت. دەبێت چەند خاڵێک بنووسرێن و رێککەوتنی لەسەر بکرێت کە بەرژوەندی باڵای گەلی کوردستانی تێدابێت.
 
رووداو: پرۆژەی ئامادەکراوتان هەیە؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ هەمانە. لەبەردەستمانە. هەنگاوی دووەم دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی ئەو هێزانە بکات بۆ کۆبوونەوەیەکی کار. پێکەوە یەک شاندمان هەبێت و وەکو نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بچین دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەین. ئەمە سەنگ و هێزی ئێمە بەهێزتر دەکات. بێگومان ئێمە دەستپێشخەری ئەو هەوڵەمان کردووە و وەڵامیشی هەیە. لەگەڵ بەغداش دانوستاندنمان هەیە. لەگەڵ کوتلەکانی بەغدا پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە. لەگەڵ هەموو لایەک لە دانوستاندنین. بەرچاوڕوونییەک هەیە، بەڵام هێشتا زووە تاوەکو ئەو سەقفە زەمەنییەی پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو دەبێت، زەحمەتە بچین بڵێین ئەو حکومەتە چۆن دەبێت، کێ دەبێتە سەرۆکوەزیران، کێ دەبێتە سەرۆککۆمار، کێ دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان. هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە.
 
رووداو: ئەو پرۆژەیەی پارتی چی تێدایە بۆ لایەنە کوردستانییەکان؟
 
هۆشیار زێباری: پرۆژەکەی ئێمە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە. مەسەلەی شەراکەت لە بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە. مافەکانی ئێمە لە بودجە. مافەکانی ئێمە لە مادەی 140ی دەستوور. بارودۆخی پێشمەرگە، یاسای نەوت و غاز. ئەمە کێشەکانی هەموو گەلی کوردستانە.
 
رووداو: لایەنەکانی دیکەش دەتوانن پرۆژە پێشکەش بکەن؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ دەتوانن، وەنەبێت ئێمە پرۆژەکەیان لەسەر بسەپێنین. دەتوانن وەرەقەیان هەبێت، پێشنیازی دیکەیان هەبێت. 
 
رووداو: باست لەوە کرد کە پەیوەندیی هەیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، هیچ لایەنێکی عێراقی بەنیازە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ لەگەڵ رەوتی سەدر بەردەوامە، لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بەردەوامە. لەگەڵ تەقەدووم بەردەوامە. لەگەڵ عەزم بەردەوامە. لەگەڵ سەربەخۆکان کە ئێستا پەیدابوون و نزیکەی 40 کورسین بەردەوامە. لەگەڵ پارێزگاری بەسرە کە کوتلەی خۆی هەیە بەردەوامە. لە سەرتاسەری عێراق ئەو پەیوەندیانەمان هەیە. 
 
رووداو: پەیوەندییەکان لەلایەن ئەوانەوەیە یان لەلایەن پارتییەوەیە؟
 
هۆشیار زێباری: زۆربەیان لەلایەن ئەوانە و هەندێکی لەلایەن ئێمەوەیە.
 
رووداو: باس لەوە کرا کە پارتی لەگەڵ سەدرییەکان دەچێتە هاوپەیمانییەوە، ئەگەر سەدر لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و ئەوانی دیکە نەگەنە رێککەوتن، لەگەڵ سەدرییەکان دەچنە نێو هاوپەیمانییەوە.
 
هۆشیار زێباری: ئەمە تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام لێکتێگەیشتنمان هەیە. ئەو لێکتێگەیشتنە لە پێش هەڵبژاردن، کاتی هەڵبژاردن و لەدوای هەڵبژاردنیش هەر بەردەوامە. دانوستاندنێکی تەندروستمان لەگەڵیان هەیە. لەگەڵ لایەنی دیکەش بۆ نموونە دەوڵەتی یاسا هەمانە، رەنگە رۆژانە پەیوەندیمان هەبێت. لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندیمان هەیە، بەڵام پرۆژەی ئێمە ئەوەیە کە هەوڵی ئەوە بدەین کورد یەک هەڵوێست بێت. لەسەر بنەمای بەرنامەش بێت بچین دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بکەین. کێ لە ئێمە لەسەر ئەو خاڵانە نزیکترە هاوپەیمانی لەگەڵ دەکەین. چۆن خەڵکی دیکە بەرژەوەندیی خۆیان لەبەرچاوە ئێمەش بەرژەوەندیی خۆمان لەبەرچاو دەگرین. بەڵام هێشتا زووە، تاوەکو ئەنجامی کۆتایی پەسند نەکرێت. بۆیە هەر قسەیەک لێرە و لەوێ دەیبیستی بە جدی وەری مەگرە.
 
رووداو: ئێستا لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی یەکخستنی لایەنەکان دەدات، دوو لایەن لە هەرێمی کوردستان رەتیانکردەوە بەشداریی هیچ گفتوگۆیەک بۆ پێکهێنانی حکومەت بکەن، نەوەی نەوێ و کۆمەڵی دادگەری. ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا دەبێت؟
 
هۆشیار زێباری: لەو بڕوایەدا نیم نەوەی نوێ بە تەواوەتی رەتیکردبێتەوە، نەخێر. دانوستاندن هەیە، ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە کردوومانە.
 
رووداو: لەگەڵ نەوەی نوێ کۆدەبنەوە؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ، هیچ کێشەیەکمان نییە، تەنانەت لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریش. هیچ کێشەیەکمان نییە. لەگەڵ یەکگرتوو لایەنەکانی دیکە، تەنانەت ئەوانەی دەریش نەچوونە، وەکو حیزبی شیوعی کوردستان، وەکو کۆتاکان، وەکو نوێنەرانی تورکمان، مەسیحی، کلدوئاشوور ئەمانە هەموویان دەبینین.
 
ئەم دەستپێشخەرییە ئەم یەک دوو رۆژە دەستمانپێکرد، بەپێی زانیارییەکانی من، نەمبیستووە کە کەس رەتیکردبێتەوە، هەر یەکە و بەرپرسیشە لەسەر بڕیاری خۆی و بڵێت من بەشداری حکومەت نابم. ئەمە بڕیارێکی سیادییە هەر حیزب و جووڵانەوەیەک بۆخۆی بیدات. بەڵام بەپێی قسەکانمان لەگەڵ برادەرانمان لە شاندی پارتی کەشەکە ئەرێنییە.
 
رووداو: هەندێک لایەنی عێراقی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان رەتکردووەتەوە، بۆ نموونە دەوڵەتی یاسا، فەتح و هەندێک لایەنی دیکە. ئەمەیان چ کاریگەرییەکی لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەبێت؟
 
هۆشیار زێباری: بێشک ئەمە کارەکە هەندێک ئاڵۆزتر و ئەستەمتر دەکات، لە راستیدا هەموو ماڵەکان یەکڕیز نین، نە نێو ماڵی سوننە یەکە، نە نێو ماڵی کورد و نە نێو ماڵی شیعە. خەڵکێک وا هەستدەکات ستەمی لێکراوە یان پێشبینییەکانی وا دەرنەچووە. بۆیە ئەم چەند رۆژە دۆخەکەیان بەرەو تەنانەت تووندوتیژیش برد لە هەندێک شوێن بە داخەوە. ناڕەزایەتیی ئاشتیانە مافێکی سرووشتییە، رێگای یاسایی هەیە، تێبینی هەبێت. خۆشمان وەکو پارتی تێبینیمان هەبووە، تانەمان داوە، سکاڵامان پێشکەشکردووە، بەڵام ئەمە دەبێت رێچکەی خۆی بگرێت، نەک شەقامی لێ هانبدرێت و هەڕەشە و گوڕەشە بکرێت. عێراق ئەوەندە کێشە و گرفتی هەیە، ئەمەشی بێتەسەر هەر دەبێت دەستی لێبشۆردرێت. هەموو هەوڵەکانی ئێمەش ئەوەیە ئەو دۆخە ئارام بکەینەوە، هەوڵی دیکەش هەن لەو پێناوە.
 
رووداو: لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکان قسەتان کردووە؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکان و لایەنەکانی دیکەش قسەمانکردووە، دۆخەکە پێویستی بە ئارامکردنەوە هەیە، پێویستە بە مێشکێکی کراوەوە سەیری ئەو ئەنجامانە بکرێت.
 
رووداو: ئێران کە رۆڵێکی گەورەی هەیە لە عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکەی کرد. پێتوایە ئەمە کاریگەری لەسەر لایەنە ناڕازییەکانی عێراق دەبێت؟
 
هۆشیار زێباری: هەوڵدەدات، بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزی بچێت. بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە دەریانکردووە، پشتگیری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن و دەڵێن ئەمە پرۆسەیەکی کەڵەکەبووە و پێمانباشە. لەگەڵ ئەوەش ئێران هەژموون و کاریگەریی هەیە، لەبیرمان نەچێت نەجەف کاریگەریی هەیە. ئەمریکا کاریگەریی هەیە. هەرێمی کوردستان کاریگەریی هەیە لەسەر دروستبوونی ئەو دۆخە، هەر یەکە و بەپێی حاڵی خۆی کاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق هەیە.
 
رووداو: ئەو کاریگەرییە زۆرانە وادەکات کە هەمووان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رازی ببن؟
 
هۆشیار زێباری: ئەمە دیموکراتییەتە، هیچ نەبێت ئەو پرۆسەیە لەچاو پرۆسەکانی پێشتر باشتر بەڕێوەچووە، پاكتر بووە، ئاشتیانە بووە، هەرچەند سیستەمێکی نوێ بووە، سیستەمی تاکە دەنگی نەگوازراو، SNTV (Single non-transferable vote) پێدەڵێن، ئەمە شتێکی نوێ بوو بۆ هەموو لایەک. ئێمە لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی ئەم سیستەمە و ستراتیجییەتەکەی تێگەیشتین، بۆیە ئەنجامێکی زۆر باشمان هێنا و هەڵەی کەممان کرد. بەڕاستی شتێکی نوێ بوو، بەڵام ئاسانیش نەبوو. چونکە خەڵکانێک بە عەقڵیەتی لیست مامەڵەیان لەگەڵ ئەو سیستەمەدا دەکرد، ئەمەش کێشەیەکی هەرە گەورەبوو بۆ ئەوەی سەرنج بخەیەنە سەر دەنگەکانی خۆمان و هەوڵبدەین زۆرترین کورسی ببەین. ئێستاش خەڵکانێک هەن دەیانەوێت ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی کە پارتی بەدەستیهێناوە کەمی بکەنەوە.
 
رووداو: بەڵام لە هەندێک شوێن پارتی دەنگەکانی کەمکردووە؟
 
هۆشیار زێباری: مەرج ئەنجامەکەیە، خەڵکێکی زۆر نەچووە و دەنگی نەداوە.
 
رووداو: خەڵکی پارتی هەبووە نەچێت دەنگ بدات؟
 
هۆشیار زێباری: خەڵکی پارتیش هەبووە، بەڵام لەو شوێنانەی کە پارتی دەسەڵاتدارە، زۆرترین رێژەی بەشداریی هەبووە، لە دهۆک رێژەی بەشداری 54٪ بووە، لە هەولێر 49٪. هەر ئەوە هۆکاریشبوو بۆ ئەوەی رێژەی بەشداریی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بەرز بکەینەوە، لەوێش ئەو چاکەمان نواندووە.
 
رووداو: لە پارێزگای دهۆک دوو کورسیتان لەدەستداوە و دەنگیشتان کەمیکردووە، لە هەولێر راستە کورسییەکانتان هێناوەتەوە، بەڵام دەنگتان کەمیکردووە، لە سلێمانی کورسیتان زیادکردووە دەنگتان کەمیکردووە، ئەمە چیتان پێدەڵێت؟ بە تایبەت دهۆک کە بۆ ئێوە تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە، چۆن هەلوەستە لەسەر کەمکردنەوەی دەنگەکانتان دەکەن؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمە پێداچوونەوە بە کۆی پرۆسەکە و ئەنجامەکان دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی بە چاوێکی رەخنەگرانە سەیری خۆمان بکات، ئەو وانانەی لەو هەڵبژاردنە فێری بووین چین؟ سەرکەوتنەکان چۆنن؟ شکستنەکان چۆنن؟ لەکوێ باشمان هێنا و لەکوێ هەڵەمان کردووە؟ ئەمەش یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە لێی دەکۆڵینەوە.
خەڵکێکی ئێمە هەیە نەچووە، بۆیە رێژەی بەشداریش کەمبووە، کە رێژەی بەشداریی کەمبوو دەنگەکانیشت کەمدەبێت. گرنگ ئەنجامەکەیە.. چەند کورسیت هێناوە؟ وەکو گوتم سیستەمی تاکە دەنگی نەگوازراوەیە.
 
رووداو: بەڵام ئەمە بۆ پەرلەمانی عێراق و قورسایی پارتی لە بەغدا دروستە؟.
 
هۆشیار زێباری: ئامانجەکەش هەر ئەوە بووە.
 
رووداو: بەڵام ئەی بۆ نێوخۆی پارتی لەسەر کەمکردنەوەی دەنگەکانی؟
 
هۆشیار زێباری: ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانە، پشتیوان بە خودا ئەگەر تەمەنمان ما، ئەوکاتەش یەکدی دەبینینەوە.
خەڵکانێکی داخ لە دڵ هەن دەیانەوێت سەرکەوتنی پارتی کەمبکەنەوە، چییە وەڵا دەنگەکانی کەمیکردووە. راستە دەنگی هەموو لایەک کەمیکردووە، هەموو عێراق لە کۆی 22 ملیۆن دەنگدەر 9 ملیۆن کەس دەنگیداوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992وە، هەموو هەڵبژاردنێکی عێراق و کوردستان هەمیشە پارتی چووەتە پێش. نەگەڕاوەتەوە دواوە، ئەمجارەش بۆ هەموو لایەکمان سەلماند کە پارتی سەرکەوتنی بەهێزی بەدەستهێناوە.
 
رووداو: کەواتە لە ئێستاوە پێشبینی دەکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، دەنگەکانتان زیاد بکات؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ، پشتیوان بە خودا. دەبێت پارێزگاری لە دۆخی خۆمان بکەین و پشتیوان بە خودا بەرزتر دەبێت. ئێمە لیکۆڵینەوەیەکی سەرپێییانە ناکەین بۆ ئەو دیاردەیە، ئێمە خەڵکی شارەزا و پسپۆڕمان هەیە، راوێژی نێودەوڵەتیمان هەیە. چۆن ئەو سەرکەوتنەمان بەدەستهێنا و چۆن بەهێزی بکەین لە داهاتوودا و هەڵەکانیش چی بوون؟ خەڵکێک هەیە ناڕەحەتە، خەڵکێک هەیە زویرە، خەڵکی ئێمە هەیە دەنگی نەداوە، بەڵام دەنگیشی بە رکاربەرەکانی ئێمە نەداوە.
دواتر ئەو سیستەمە جیا بوو، بڕێک ئەستەم بوو لە راستیدا. یەکێک لەو شتانەی کە هەموو عێراق تێیدا سەرنەکەوت، کۆمیسیۆنیش تێیدا سەرکەوتوو نەبوو، خەڵک هۆشیار نەکرا لەوەی چۆن خۆی لەگەڵ ئەم سیستەمە بگونجێنێت، ئەو هۆشیارییە بە دەنگدەر نەدرا کە چۆن دەنگ بدات و چۆن ئەو ئامێرانە بەکار دەهێنێت و پەنجەمۆر و ئەو بابەتانە. بە گشتی لەسەر ئەمە گلەیی هەبوو. لەلایەکی دیکەوە ماوەیەکی زۆر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە هەڵبژاردن دەکرێت یان ناکرێت، رەوتی سەدر لە پرۆسەکە کشایەوە، ماوەیەکی ویست تاوەکو بڕوای پێبهێندرێت و بگەڕێتەوە. هەموو ئەمانە هۆکاربوون، دەبوو کۆمیسیۆن هۆشیاریی زیاتر بدابووایەتە دەنگدەر، تەنانەت گلەییمان لە نێردە نێودەوڵەتییەکانیش هەبوو، دەبوو دەنگدەران زیاتر هۆشیار بکرانایە بۆ ئەو سیستەمە تازەیە.
 
رووداو: رەوتی سەدر دەڵێت ئەمجارە سەرۆکوەزیران لە خۆمان دەبێت، پێتانوایە ئەمجارەش لە دەرەوەی حیزبەکان سەرۆکوەزیران دیاریی دەکرێت، وەک عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی؟
 
هۆشیار زێباری: سەدر سەلماندی کە براوەی یەکەمە لە عێراق، تاوەکو ئێستا 73 کورسی هێناوە، رەنگە کاریگەریشی هەبێت لەسەر هەندێک کەسانی سەربەخۆ. بەپێی یاسای هەڵبژاردن سەدر ژمارە یەکە، بە زۆری ئەو رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەو کوتلەیەی کە زۆرترین ژمارەی کورسیی بەدەستهێناوە. ئەمجارە یاساکە زۆر روونە.
 
رووداو: بە پێشبینی و خوێندنەوەی جەنابتان سەدرییەکان رادەسپێردرێن بۆ پێکهێنانی حکومەت؟
 
هۆشیار زێباری: بەپێی ئەو یاسایە بەڵێ. مەرج نییە یەکێک براوە بێت هەموو شتێک بۆ ئەو بێت، دەبێت لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش بکرێت. سەدر بە تەنیا بە 73 کورسی رەنگە نەتوانێت زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان بهێنێت. بەڵام بەپێی ئەو یاسایەی ئێستا هەیە و پەیڕەو دەکرێت ئەو رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمانی هەیە. رێگە نادات خەڵک لەو کوتلەیە بچێتە کوتلەیەکی دیکە، هاوپەیمانی سیاسی دەمێنێتەوە؟ نەخێر. پاش ئەوەی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، چۆن حکومەت دروستدەکرێت، کام لایەن لەگەڵ کام لایەن هاوپەیمانیی دەکات خەڵک دەگاتە ئەوێ.
 
رووداو: بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویست بە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێو پەرلەمان دەکات، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە دەبێت هەڵبژێردرێت و دواتر پەرلەمان رابسپێرێت، پرۆسەکە چۆن دەبێت و کورد چی دەکات؟
 
هۆشیار زێباری: ئەمە هەمووی یەک پاکێجە. گرنگە نێو ماڵی کورد یەکبێت و یەکڕیز بێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی ئەو کێشانە نەبین، ئێمە پشبینی دەکەین، بۆیە ئەو دەستپێشخەرییەمان کردووە بۆ ئەوەی بە بەهێزیی و یەکهەڵوێستیەوە بچین و تووشی کێشە و شەرمەزاریی نێو ماڵی کورد نەبین.
دوای پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگەی فیدراڵی، سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژ داوای بەستنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات، هەمیشە نەریتەکە وابووە بە تەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات، ماوەیەک دەدرێت بۆ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان بکرێت، لە کام کوتلە بێت و پشکی کام لایەن بێت، کە ئەمە بە زۆرینەی رەها دەبێت بە 165 دەنگ دەرباز دەبێت. پاشان دەستنیشانی سەرۆککۆمار دەکرێت کە کێ خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکات، ئەمە ئەستەمترە و پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێ هەیە، دەبێت لێکتێگەیشتنێکی گەورە هەبێت، پاشان داوا دەکرێت کوتلەی زۆرترین ژمارەی کورسی کێیە ئەو حکومەت پێکبهێنێت.
 
رووداو: بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کەوا پێشبینی دەکرێت بەر کورد بکەوێت، ئەو دوو لەسەر سێیە دەتوانن بەدەستبهێنن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە؟
 
هۆشیار زێباری: وەکو گوتم دەبێت لێکتێگەیشتن بکرێت، دەبێت لێکتێگەیشتنی سیاسی پێشوەختە بکرێت، گفتوگۆیەکانی پێش هەڵبژاردن و کاتی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن هەمووی بۆ خۆشکردنی زەمینەیە بۆ ئەوەی بگەینە هەندێک لێکتێگەیشتن.
سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی وەزیران پاکێجێکن، دەبێت لێکتێگەیشتن هەرسێکیان بگرێتەوە. ئەگەر سبەی ببێتە کێشە لەسەر سەرۆکی پەرلەمان کێشە لەسەر لایەنەکانی دیکەش دروست دەبێت.
 
رووداو: ئەمجارەش کورد داوای سەرۆککۆمار دەکاتەوە، چونکە قسەیەک هەیە دەڵێن سوننەش داوای سەرۆککۆمار دەکات؟
 
هۆشیار زێباری: ئەمە بووەتە نەریتێک، یاسا نییە و لە دەستووریشدا نەهاتووە. بەڵام هەر لە دامەزراندنی عێراقی نوێ، عێراقی تازە، ئەو نەریتە بەردەوام بووە کە سەرۆککۆمار پشکی کوردە، بەو پێیەی نەتەوەی دووەمە لە عێراق و دەبێت بەشداریی هەبێت لە نوێنەرایەتیکردنی ئەو وڵاتە، بۆیە لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا ئەو نەریتە بەڕێوەچووە.
وەکو کورد ئاراستەکە بەو شێوەیەیە تاوەکو ئێستا سەرۆککۆمار دەبێت بەشی کورد بێت. لەسەر ئەمە قسەمان لەگەڵ لایەنی سوننە و شیعەش کردووە، چاویشیان لێیەتی.
 
رووداو: بە فەرمی داوایان لە کورد کردووە، بۆ نموونە سوننەکان پۆستی سەرۆککۆماریان پێبدرێت؟
 
هۆشیار زێباری: رەنگە بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەبێت، بەڵام لێدوانەکان و هەڵوێستیان روونە. بەڵام من بە دووری دەبینم سەرۆککۆمار بۆ عەرەبی سوننە بچێت، چونکە لایەنێکی دیکە هەیە کە شیعەیە و زۆرینەیە. ئاسوودەترە کوردێک لەو جێگایە بێت گرەنتی و گەورەترە بۆیان لەوەی عەرەبێکی سوننە بێت.
 
رووداو: ئەو ترسەی لە هەشتاکان و نەوەتەکان هەبوو، لای شیعە هەر ماوە؟
 
هۆشیار زێباری: من ناڵێم ترسە یان شتێکی دیکەیە، بەڵام شیعە ئاسوودەترە کە کوردێک لەو پۆستە بێت، ئەمەش تەنیا بڕیاری پێکهاتەیەک نییە کە داوا بکات.
 
رووداو: ئێستا شیعە ئەو خواستەیان دەربڕیوە؟
 
هۆشیار زێباری: تاوەکو ئێستا شیعە کێشەیان نییە لەسەر ئەوەی کورد ئەو پۆستە وەرگرێت.
 
رووداو: وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان داوای ئەو پۆستە دەکەن، بە تایبەت خولی پێشوو ئەو خواستەتان هەبوو، بەڵام لە پەرلەمان سەرکەوتوو نەبوون. ئەمجارە پارتی داوای ئەو پۆستە دەکات؟
 
هۆشیار زێباری: لەو یەک دوو هەفتەیە وەڵامی ئەو پرسیارەت دەدەمەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پردەمان تێنەپەڕاندووە، گەیشتووینەتە سەری پردەکە بەڵام هێشتا لێی دەرباز نەبووینە. ئەم پرسە دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
 
رووداو: ئەو پردە چی لەسەرە؟ پارتی دەیەوێت تێیپەڕێنێت و پۆستەکە وەربگرێت؟ 
 
هۆشیار زێباری: تاوەکو دەرباز نەبێت نازانین.
 
رووداو: خواستی ئەوەتان هەیە ئەو پۆستە وەربگرن؟
 
هۆشیار زێباری: هەتا لە پردەکە دەرباز نەبێت، نازانم.
 
رووداو: باس لە پێشنیارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پۆستی سەرۆککۆمار و پارێزگاری کەرکووک بە تایبەتی بەسترابێتەوە بە یەکەوە؟
 
هۆشیار زێباری: نەخێر، ئەم شتە نییە. لە راستیدا نەمبیستووە. ئێمە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین دەبێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت.
 
رووداو: پۆستی سەرۆککۆمار لە بەرامبەر چیدایە بۆ نموونە؟
 
هۆشیار زێباری: زۆر شت هەیە، ئیستحقاقات هەیە، مەقبووڵییەتی سەرۆککۆمار لەلای لایەنی عەرەبی سوننی و شیعیش هەیە. ئەوانیش رایان هەیە، نەک تەنیا کورد. بۆیە وا ئاسان نییە وەک هەندێکجار لە میدیا باس دەکرێت و هەندێک شرۆڤەکار باسی لێوەدەکەن و شتێک پێشنیاز دەکەن کە ئارەزووە. نەخێر مەسەلەکە قورسترە لەوە.
 
رووداو: ئەگەر بە ئارەزووی یەکێتی بێت، ئەمجارەش داوای دەکاتەوە؟.
 
هۆشیار زێباری: خۆیان بە روونی ئەمەیان راگەیاندووە، بەڵام هێشتا ماوە لەو پردە دەرباز نەبووینە.
 
رووداو:  زۆرینە رۆڵ دەبینێت، زۆرینەش پارتییە. ئایا ئەمە رۆڵی دەبێت لە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار؟
 
هۆشیار زێباری: بێشک سەنگی پارتی، قەبارەی پارتی، کورسییەکانی پارتی، دەبێت لەبەرچاوی هەموو لایەنەکان بێت. بۆ ئەوەندە ماندووبووین و زەحمەتمان کێشا، چەندین مانگە خەریکی ئەو پرۆسەیەین بۆ ئەوەی بە سەربەرزی لەو تاقیکردنەوەیە دەربچین و سەری سەرۆکی خۆمان بەرز بکەین، سوپاس بۆ خودا لەو تاقیکردنەوەیە سەرکەوتین. بەدڵنیاییەوە کاتێکیش دەچینە سەر مێزی گفتوگۆ، هەڵوێستی دانوستاندنی ئێمە بەهێزتر دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە.
 
رووداو: یەکێتی دەڵێت پۆستی سەرۆککۆمار، بەرامبەرە بە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی وەزیران لە هەرێمی کوردستان، ئایا ئەمانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە؟
 
هۆشیار زێباری: زۆر شت گۆڕاوە، کاتی خۆی رێککەوتنێکی ستراتیژیی لەنێوانی پارتی و یەکێتی هەبوو، لەنێوانی خوالێخۆشبوو مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشوو و جەنابی سەرۆک بارزانی. لەسەر ئەو بنەمایە دابەشکردنێکی کار هەبوو لەنێوانی پارتی و یەکێتی لە کوردستان و لە بەغدا. ئەو رێککەوتنە ستراتیژییە نەما، کاتی خۆی لایەنی دیکە هاندەر نەبوون ئەو رێککەوتنە بهێڵن، ئەگەرنا شتێکی باشبوو. خزمەتێکی زۆری هەموو لایەکی کرد و هەموو لایەکیش سوودیان لێی بینی، بەڵام خۆیان لە رێککەوتنەکە کشانەوە.
بۆیە ئێستا شت گۆڕاوە، ئێستا گەمەیەکی نوێ لە گۆڕەپانەکە هەیە.
 
رووداو: ئێستا چی گۆڕاوە؟
 
هۆشیار زێباری: زۆر شت گۆڕاوە، هەموو شتێک گۆڕاوە.
 
رووداو: سەرۆککۆمار و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران یەک پاکێج نین؟
 
هۆشیار زێباری: بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەوە نەماوە.
 
رووداو: هەموو کاتێک بۆ دانانی سەرۆکوەزیران دەگوترێت هەم ئەمریکا و هەم ئێران دەبێت ئۆکەی لەسەر بدەن، ئەمجارەش هەروا دەبێت؟ پێتانوایە هەردوو وڵات کۆک دەبن لەسەر ئەوەی سەرۆکوەزیران لە سەدرییەکان بێت؟
 
هۆشیار زێباری: بە بڕوای من، ئەو بڕیارە دەبێت بڕیارێکی نیشتمانپەروەرانەی سەربەخۆی عێراقی بێت، نە بەدەستی ئەمریکا و نە بەدەستی ئێران بێت. بەڵام ئایا ئەو بژاردە سیاسی و سەرکردایەتییە سیاسییەمان هەیە؟ نەخێر. بۆیە کاریگەریی و هەژموونی هەردوو وڵات روون و دیارە و دەبینین و هەستی پێدەکەین. زۆرجار لە دوو پێگەی جیاواز بەرژەوەندییەکان یەکدی دەگرنەوە. رێککەوتن لەسەر ناوێک یان کەسانێک دەکرێت کە قبووڵکراوبێت.
سەرۆکوەزیرانی ئێستا مستەفا کازمی، رەنگە ئێمە یەکەمین کەسبین کە بەربژێرمان کرد و پێمانگوت ئێمە تۆ بەربژێر دەکەین، کە رەنگە ئەوکات خۆشی باوەڕی نەدەکرد، بەڵام بە رەزامەندیی هەموو لایەک بوو، هی ئەمریکا، ئێران، کورد و سوننە و شیعە.
 
رووداو: ناوی مستەفا کازمی دەهێندرێتەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو؟
 
هۆشیار زێباری: چانسی هەیە، ئەو هەلەی لەپێشە.
 
رووداو: ناوی تازە هەیە؟
 
هۆشیار زێباری: هەنە، خەڵکی دیکەش خۆی بەربژێر دەکات.
 
رووداو: بۆ نموونە کێن، مالیکی و مستەفا کازمی بەنیازن، کێ دیکەش هەیە؟
 
هۆشیار زێباری: زۆرن، هەر رۆژە و ناوێک پشنیاز دەکرێت، خەڵکێک ئیش و کاریان ئەوەیە لەو کەشەدا بژیت کە من دەبمە سەرۆکوەزیران. هەندێکیان چانسیان نەما، تامیان کرد شکستیانهێنا، بۆیە هیچ چانسێکیان نەماوە. لەگەڵ ئەوەش ناو هەن پێشنیازکراون.
 
رووداو: بڕیاروابوو ئەمساڵ کۆنگرەی پارتی ببەستن، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردن و بارودۆخی کۆرۆنا دواتانخست. هەڵبژاردن تەواوبوو، رێوشوێنەکانی کۆرۆناش وەکو جاران نەماوە. پارتی کەی کۆنگرە دەبەستێت؟
 
هۆشیار زێباری: پشتیوان بە خودا بەپێی بڕیاری پارتی ساڵی داهاتوو کۆنگرە دەبەسترێت، لەڕاستیدا بە پێویستیی دەزانین، پارتی پێویستی بە خۆ نوێکردنەوە و پێداچوونەوە هەیە، هەڵسەنگاندن بۆ ئەم چەند ساڵە بکرێت، بێشک ئەمساڵەی بێت کۆنگرەی پارتیش دەکرێت.
 
رووداو: هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان نابێتەوە رێگر بۆ جارێکی دیکە دواخستنی؟ 
 
هۆشیار زێباری: هەوڵدەدەین بەریەککەوتن نەبێت، ئەمە شتێکە و ئەمەش شتێکە، ئەمە شتێکی نێوخۆییە، ئامادەکاریی پێویستە، وەنەبێت هەر کتوپڕ بڵێین دەچینە کۆنگرە. دەبێت پێشوەختە ئامادەکارییەکی باش هەبێت، واتە ئەگەری زۆرە ساڵی داهاتوو کۆنگرە دەکرێت.
 
رووداو: گۆڕانکاریی لەسەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی چاوەڕێ دەکرێت رووبدات؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان لە هەموو کۆنگرەیەک ئەو گۆڕانکارییانە چاوەڕوان دەکرێت. پارتی 75 ساڵە لە خەباتە، بێشک پێویستی بە پێداچوونەوەیەک هەیە، سوپاس بۆ خودا هەر نوێش دەبێتەوە و هەر سەردەکەوێت، بەڵام دەمانەوێت ئەو حیزبە هەمیشە پێشڕەو بێت لە هەڵبژاردن ، سیاسەت ، بەرگریی لە میللەت ، لە کورد و کوردستان و مافە دیموکراتییەکان لە هەموو عێراق. بۆیە ئەو بابەتە لەنێو پارتی باسکراوە. پێویستە ئامادەکاریی بۆ بکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.