دەرهێنەری (شاردنەوەی سەدام): پێویستە هەموو سەرکردە و سیاسییەکان بەڵگەفیلمەکە ببینن

19-07-2024
پەیمان محەممەد
دیمەنی بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام). وێنەکان: رووداو
دیمەنی بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام). وێنەکان: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەرهێنەری بەڵگەفیلمی شاردنەوەی سەدام حوسێن دەڵێت، لە ساڵی 2012وە کاری لەسەر بەڵگەفیلمەکە کردووە و گوتیشی، "پێویستە هەموو خەڵک و سەرکردە سیاسییەکان بیبینن، هەر کەسێک دەتوانێت بە شێوەیەکی جیاواز شتێکی لێ فێرببێت."
 
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە شاهۆ ئەمین لەگەڵی ئەنجامدا رایگەیاند، دروستکردنی بەڵگەفیلمەکە 12 ساڵی خایاندووە.
 
بەڵگەفیلمی (شاردنەوەی سەدام) چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی 235 رۆژ سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە باشووری تکریت حەشاردا، لە کاتێکدا هەزاران سەربازی ئەمریکی دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکەی لە ساڵی 2003، بەدوایدا دەگەڕان.
 
لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە دروستکردنی بەڵگەفیلمەکە کاتێکی زۆری خایاندووە، هەڵکەوت مستەفا گوتی، "هۆکاری یەکەم ئەوە بوو کە من لە چیرۆکەکە تێبگەم، من کە عەرەبی نازانم، هەروەها ئەو شوێنەی من دەمویست وێنەگرتنی تێدا بکەم، لە ساڵی 2014دا کەوتە دەست داعش و تاوەکو ساڵی 2018 چاوەڕێ بووم."
 
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە بەڵگەفیلمەکە لە هەمان شوێن وێنەی گیراوە کە سەدام حوسێن خۆی تێدا حەشاردابوو، بەشێکی دیکەشی لەنێوان خەبات و گوێڕ وێنەگرتنی بۆ کراوە.
 
هەڵکەوت مستەفا لە زاری عەتا نامیق-ەوە باسی هەندێک نهێنیی ژیانی سەدام دەکات و دەڵێت، "ئەمریکییەکان نزیکترین کەسەکانی سەدام حوسێنیان دەستنیشان کردبوو، کە 78 کەس بوون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا، لەو 78 کەسە، زیاتر لە 60یان دەستگیر کران، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر سەدام بەدەست ناهێنن، بۆیە ئەمریکییەکان شێتانە بەدوایدا دەگەڕان."
 
بەڵگەفیلمەکە لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و وڵات نمایش کراوە و دوایین وێستگەی، پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی عەمان بوو لە ئوردن، کە چالاکییەکانی لە 3 بۆ 11ی ئەم مانگە بوو، دوو پێشاندانی تایبەتی بە ئامادەبوونی دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە بۆ کرا.
 
بڕیارە لە رۆژی شەممە 20-07-2024ەوە بەڵگەفیلمەکە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، دهۆک و سلێمانیش نمایش بکرێت.
 
دەقی قسەکانی هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری سینەمایی:
 
رووداو: بۆچی چیرۆکی شاردنەوەی سەدامت هەڵبژارد؟
 
هەڵکەوت مستەفا: دۆزینەوەی سەدام، ئەو دیکتاتۆرەی کە 35 ساڵ حوکمی سێدارەی (ئیعدام) کردبوو، لە چاڵێکدا، هەست دەکەم بۆ من و بۆ خەڵکێکی زۆر جێگەی گومان بوو، کە ئایا بە راستی سەدام لەو چاڵە دەرهێندرا یان چیرۆکێک بوو دروست کرا. چیرۆکێکی رەسەن، کێ دەتوانێت ئەم چیرۆکە بگێڕێتەوە و چۆن بتوانین چیرۆکەکە بدۆزینەوە، سەفەری سەرەکی کاتێک دەستیپێکرد کە ساڵی 2012 رۆژنامەی واشنتن پۆست ناوێکی هێنا، کە عەلا نامیق ئەو کەسەیە کە سەدامی شاردووەتەوە، بەبێ زانیارییەکی ورد، بەبێ هیچ زانیارییەک لەسەر ئەوەی کە لە کوێ دادەنیشێت و هیچ وێنەیەکی عەلا نامیق. ناوهێنانی لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بوو بە دەرفەتێک بەدوایدا بڕۆم، من ئەو کاتە نەمزانی ئەم چیرۆکە 10 ساڵی پێدەچێت و من دوو ساڵ تەنیا سەرقاڵی دۆزینەوەی عەلا نامیق بووم.
 
رووداو: پەیوەندیی خۆت بە چیرۆکەکەوە چییە؟ تۆ خۆت خەڵکی هەڵەبجەشی.
 
هەڵکەوت مستەفا: هەست دەکەم بە شێوەیەک لە شێوەکان جیا لە چیرۆکی نهێنیی پشتی چاڵەکە، بەدوای شوناسی خۆمدا گەڕام لەم چیرۆکەدا، من وەکو کوردێکی خاوەن هەڵەبجە و ئەنفال کە چۆن بتوانم لە منداڵییەوە لە نەرویج گەورە بووم، شوناسی خۆم لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا بدۆزمەوە و چێژێکی زۆرم لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بینییەوە و زۆر شت فێر بووم، کە چی روویداوە لە عێراق و ئێمە وەکو بینەر دیکتاتۆرێکمان بینیوە لەسەر شاشە، بەڵام ئەم دیکتاتۆرە وەکو مرۆڤ چۆن بیری کردووەتەوە و چۆن ژیاوە، من هەستم کرد عەلا ئەو کەسەیە کە دەتوانێت وێنەیەکی راستەقینەی جیاواز لەوەی بیندراوە لەسەر سەدام حوسێن [پیشان بدات].
 
رووداو: چۆن عەلا نامیقت دۆزییەوە لە کاتێکدا رەنگە خۆی گومانی لە هەر کەسێک هەبێت کە قسەی لەگەڵدا بکات؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەر لەوەی بەدوای عەلادا بگەڕێم، کێشەی ئەوەم هەبوو عەرەبیم نەدەزانی و زۆر بەدوایدا گەڕام نەمدۆزییەوە. بەڕێزێک، کاک سەلوان زەیتۆ، کە خاوەنی کۆمپانیای بابلیۆنە، یەکێکی بۆ دۆزیمەوە کە لە رێگەی ئەو بەڕێزەوە سەرۆک عەشیرەتێکی ناوچەی تکریت قسەی لەگەڵ کردم، ئەو سەرۆک عەشیرەیە چاوپێکەوتنێکی رێکخست لەنێوان من و عەلادا، بەڵام کە تەلەفۆن کرا و چاوپێکەوتنەکە رێکخرا کە من و عەلا لە هۆتێلێک یەکدی ببینین، عەلا برایەکی لەگەڵدا بوو.
 
رووداو: لە کوردستان یان عێراق؟
 
هەڵکەوت مستەفا: لە شوێنێک کە حەز ناکەم ئێستا شوێنەکە بڵێم. لەو هۆتێلە ئێمە دانیشتین، عەلا ترسێکی زۆری هەبوو و بە راستی منیش قەلەق بووم، ترسێکم هەبوو، چونکە عێراقی ئەو کات، عێراقی ئێستا نەبوو و من کە عەلام بینی، ئەو کات شوێنی ددانی سەگەکانی ئەبو غرێب بەسەر شانیەوە بوو.
 
رووداو: گیرابوو؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، عەلا ئەو کەسەیە کە لە وێنەکانی ئەبو غرێب کە لەبەردەم کچەکەیدا چوار کەس بە رووتی وەستاون، یەکەم کەسیان عەلایە و من یەکەم جار کە عەلام بینی لە رووی دەروونییەوە زۆر وێران بوو، قۆڵی شوێن [ددانی] سەگەکانی هێشتا پێوە دیار بوو و هیچ لە یەکدی تێنەگەیشتین؛ من تەنیا لەو دانیشتنە ئەوە تێگەیشتم کە عەلا بە منی گوت: بەڵێ من بووم سەدامم شاردووەتەوە.
 
رووداو: ئەی چۆن قەناعەتت پێهێنا بەشداری لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە بکات؟
 
هەڵکەوت مستەفا: من هەستم کرد لەدوای وەرگرتنی تەلەفۆنەکەی یەک ساڵ تەلەفۆنم بۆ کرد لە رێگەی وەرگێڕەوە، ئەمەش دواتر کردمان بە پڕۆسەیەک و هەموو ئەو 10 ساڵە وەرگێڕێک و پارێزەرێکمان لەگەڵ بوو، بۆ ئەوەی من گوشاری نەخەمە سەر و عەلاش شتێک نەدرکێنێ کە کێشەی سیاسی و یاسایی بۆ دروست بکات، چونکە ئەمەش بەشێک بووە لە پڕۆسەکە. لەو دیدارە من هیچم دەست نەکەوت تەنیا ئەوەندە نەبێت کە بەڵێ ئەمە عەلایە و ئەو کەسەیە کە سەدامی شاردووەتەوە. من یەک پرسیارم لێکرد و گوتم: کێ چاڵەکەی دروست کرد، گوتی من چاڵەکەم دروست کرد. وەکو چۆن دەڵێی من شێت بووم بۆ چیرۆکەکە، کە گوتی من چاڵەکەم دروست کردووە و من ساڵێک لەگەڵی خەریک بووم لەم رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، هەر شوێنێک دەست نەکەوت، ئەگەر ناوی بنێی دوو ئاشق پێکەوە دابنیشن، من لە کۆتاییدا داوام لێکرد، تکام لێکرد پاسپۆرتەکەیم بداتێ، کە پاسپۆرتەکەی پێدام، ڤیزای نەرویجم بۆ وەرگرت و بە فڕۆکە هاتمە ئەو شوێنەی عەلای لێبوو و من و عەلا بە تەنیا لە فڕۆکەیەک دانیشتین بۆ نەرویج، من نە عەرەبی دەزانم نە هاوئاهەنگییەکمان لەنێواندا هەیە، پێکەوە چووین بۆ نەرویج و لەوێ پارێزەر و وەرگێڕەکە چاوەڕێیان دەکردین، ئەو هاتنەی نەرویجی بوو بەهۆی ئەوەی کە لە چیرۆکەکە تێبگەم و لە عەلاش تێبگەم و پاسپۆرتەکەشی ببینم، کە بەڵێ ئەمە عەلا نامیقە.
 
رووداو: چی ماوەیەک لە نەرویج مایەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: دوو هەفتە.
 
رووداو: ئەی قەناعەتی هەبوو لەوێ بە یەکجاری بمێنێتەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئێمە زۆر داوامان لێکرد بمێنێتەوە، وەکو ئەوەی لە رووی ئەمنییەوە، بەڵام عەلا هەستم کرد خۆی نایەوێت لە هیچ شوێنێکی دیکە بژی، تەنانەت لە نمایشی فیلمەکەش لە سعودیە پێشنیازی ئەوەی بۆ کرا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو خۆی بڕیار دەدات لە کوێ بژی.
 
رووداو: بۆچی دروستکردنی فیلمەکە 12 ساڵی خایاند؟
 
هەڵکەوت مستەفا: دوو هۆکار بوو؛ هۆکاری یەکەم ئەوە بوو، من لە چیرۆکەکە تێبگەم، من کە عەرەبی نازانم، پێدەچێت کە تێگەیشتنێکی قووڵم نەبێت بۆ کێشەکانی عێراق و ناسینی سەدام حوسێن و زۆر قورسە تۆ چیرۆکێکی 25 کاژێری، یەکەم دانیشتنی من و عەلا 25 کاژێر بە سێ کامێرای سینەمایی ریکۆرد کرا لە نەرویج، هەزاران ناو و هەزاران کێشە باس کران کە پێدەچێت بۆ بینەر مانایەکی ئەوتۆی نەبێت، سادەکردنەوەی چیرۆکی عەلا کاتی زۆری پێویست بوو، ئەو شوێنەی من دەمویست وێنەگرتنی تێدا بکەم لە 2014دا داعش داگیری کرد و من تاوەکو ساڵی 2018 چاوەڕێ بووم.
 
رووداو: دەتەویست لە موسڵ وێنەگرتنی بۆ بکەیت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: لەو شوێنەی کە سەدامی تێدا شاردرابووەوە.
 
رووداو: لای تکریت و ئەوانە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، کێشەکە ئەوە بوو کە من تاوەکو 2018 چاوەڕێم کرد بۆ ئەوەی وێنەگرتنی فیلمەکە بکەم، لە 2019ـدا وێنەم گرت، چەند ساڵێکیشی دەوێت... [بێژەر قسەکەی دەبڕێت].
 
رووداو: ئەو شوێنەی وێنەی تێدا گیراوە کوێیە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئەو شوێنە بەشێکی لە شوێنە راستەقینەکەی خۆیەتی و بەشێکیشی لە سەرووترەوەیە.
 
رووداو: ئێستا چاڵەکە ماوە یان پڕکراوەتەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەپێی زانیارییەکانی من، ئەو لایەنانەی کە عێراق بەڕێوەدەبەن، چاڵەکەیان تەقاندووەتەوە و لەڕووی ئەمنیشەوە عەلا ئێستا سەردانی ئەوێ ناکاتەوە.
 
رووداو: زەوی و شوێنەکەیان لەدەست ئەوان ماوە یان بردراوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: لەدەست ئەوان ماوە، بەڵام لەژێر چاودێریی ئەو کەسانەن کە ئەو ناوچەیە بەڕێوەدەبەن.
 
رووداو: ویستت لە بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام [حوسێندا]" لێکۆڵینەوە لەسەر چی بکەیت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: راستیی پشتی چاڵەکە، دۆزینەوەی شوناسی خۆم و ئێمە لە پڕۆسەی بە مرۆڤکردنی سەدامدا چیرۆکی راستەقینەی ئەو دیکتاتۆرە بدۆزینەوە، کە 35 ساڵ حوکمی ئەو وڵاتەی کردووە. ئێمە سەداممان بینیوە لەسەر شاشە، سەداممان بینیوە لە پڕۆسەی سەرۆکایەتیکردنی وڵاتدا، سەدامێک کە بە تەنیا لە شوێنێک خۆی دەشارێتەوە سەدامێک کە 235 رۆژ کەسێک نەبێت پشتی بۆ بشوات، نانی بۆ دروست بکات، سەدامێک کە نەتوانرێت لە کاتی بەرزبوونەوەی گوشاری خوێنی و نەخۆشکەوتن بچێت بۆ لای پزیشکێک، عەلا نامیق چووە ... [بێژەر قسەکەی بڕی].
 
رووداو: عەلا نامیق دەڵێت سەدام نەخۆشیی هەبوو؟
 
هەڵکەوت مستەفا: گوشاری خوێنی بەرز بووە.
 
رووداو: لەو کاتانەدا گوشاری خوێنی زۆر بەرز بووەتەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، سترێس و گوشاری خوێن بەتایبەتی دوای پێشکێشکردنی گوتارەکەی، یەکەم گوتاری لە دوای کوشتنی عودەی و قوسەی [کوڕەکانی سەدام حوسێن] کە دەچێت بۆ (جەبل حەمرین) و لەو دوو هەفتەیەدا گوشاری خوێنی زۆر بەرز دەبێتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما؛ عەلا دەچێت بۆ نەخۆشخانەیەک لە بەغدا بۆ ئەوەی فێری گوشار گرتن بێت و ئەوەی کە چ جۆرە حەبێک بە سەدام بدات و چۆن بتوانێت چارەسەری تەندروستی بۆ بکات. بە شێوەیەک لە شێوەکان چیرۆکی کەسێک دەگێڕێتەوە کە لە کەسێکی سادەوە دەبێت بە گرنگترین کەس لە پڕۆسەی بەخێوکردنی سەدام.
 
رووداو: من بەڵگە فیلمەکەم بینی، خۆشت لەوێ بوویت، عەلا دەڵێت لە رووی عەشیرەییەوە دەبوایە وا بێت، هەندێک جار بە گریانەوە چیرۆکەکەی دەگێڕایەوە، ئێستاش هەر وایە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: شاراوە نییە خەڵکی ئەو ناوچەیە بە گشتی سەدامیان خۆشدەوێت، بەڵام ئەوەی کە سەرنجڕاکێش بوو، جیاوازیی بۆچوونی من و عەلا بوو بۆ سەدام؛ لای من سەدام دیکتاتۆرێک بوو کە دەسەڵاتی خۆی خراپ بەکارهێنا، چەکی کیمیایی بەرامبەر کورد و ئەنفالکردن بەکارهێنا، لای عەلا لەو تەلەڤزیۆنەی کە ئەو هەیبووە، سەدام پیاوێکی باشە، کامڵە و سەرۆکە، ئەو وێنەیە جیاوازییەکی زۆری هەبوو، بۆیە من ویستم ئەو دەرفەتە بدەم بە عەلا چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە و کاتێک کە عەلا بەمن دەڵێت من ئاگام لە هەڵەبجە نەبووە، بەسە بۆ ئەوەی من تێبگەم لە چی وڵاتێکدا ژیاوم، کاتێک کە عەلا دەڵێت نازانم چی بەسەر بارزانییەکان، شیعەکان، هەڵەبجە و ئەنفال هاتووە بەسە بۆ ئەوەی من تێبگەم کە لە چی وڵاتێکی دیکتاتۆریدا ژیاوم.
 
رووداو: دوای ئەوەی عەلا ئاشکرا بووە کە سەدامی شاردووتەوە چۆن لە عێراق جێگەی بووەتەوە و مایەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بە چانس، ئەو شەوەی کە سەدام دەگرن و بەرەو بەغدا دەبرێت، بۆ بەیانییەکەی عەلاش بەرەو ئەبو غرێب دەبرێت و حەوت مانگ لە نێو ئەو وێنانەدا هەبووە کە هەموو جیهان بینی کاتێک کە زیندانی ئەبو غرێب ئاشکرا بوو. لە ئاشکرابوونی ئەبو غرێب بۆ جیهان، ئەو وێنانەی کە هەموو جیهانی هەژاند، خودا چانسی بە عەلا دا و رزگاری بوو. ئەگەر ئەوە نەبووایە هیچ کات رزگاری نەدەبوو، چونکە ئەوانەی ئەبو غرێب بەپێی قسەکانی سەرچاوەکانی عەلا، یارییان پێ دەکرا تاوەکو دەمردن و دواتر دەدران بە سەگەکان.
 
رووداو: لە ئەبو غرێب؟
 
هەڵکەوت مستەفا: لەو بەشە نهێنییەی کە تێیدا بووە نەک هەمووی زیندانەکە. لە پڕۆسەی ئاشکراکردنی زیندانەکە چانس دراوە بە عەلا یان خودا چانسی داوەتێیە کە ئاشکرا بووە، عەلاش خۆی باوەڕ ناکات کە چۆن تاوەکو ئێستا لە ژیاندا ماوە.
 
رووداو: دەمەوێت بزانم ئێستا عەلا لە کوێ دەژیت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: عەلا لە شوێنێک دەژیت کە خۆی نایەوێت ئاشکرای بکات و منیش وەکو رێزێک ئاشکرای ناکەم.
 
رووداو: منیش پێداگری ناکەم بەڵام شوێنەکە لە عێراقە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: نازانم بەڵام لەو شوێنە دەژیت کە لێی دەژیت. من دەزانم بەڵام نامەوێت بیڵێم.
 
رووداو: گوتت وێنەگرتنی بەڵگە فیلمەکە هەندێکی لە شوێنە سەرەکییەکە بووە، ئەوەی دیکەی لە کوێ گیراوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: لە نێوان گوێڕ و خەبات وێنەی گیراوە.
 
رووداو: تۆ رەزامەندیت لەسەر دیمەنەکان هەیە، شێوەی راستەقینەی خۆی دەدات؟
 
هەڵکەوت مستەفا: پێموایە. چونکە ئێمە چەند ساڵێکی زۆر بەدوایدا گەڕابووین و ئەرشیڤێکی زۆرمان بەردەست بوو، ماڵەکە چۆن بوو، سوپای ئەمریکا چۆن بوو و دۆخەکە چۆن بوو، ئەو وێنانە بوون بە سەرچاوەیەک کە ئێمە تیمێکی سینەمایی بهێنینە ئێرە و رووداو هاوکارێکی زۆر گرنگ بوو لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کە ئێمە بتوانین لەو شوێنە وێنەی بگرین.
 
رووداو: کەسایەتیی عەلا چۆن وێنا کراوە، لەکاتێکدا جووتیاری دەکات، ئاژەڵداری دەکات، بەڵام کە گوێت لێ دەبێت قسە دەکات کەسایەتییەکی شارەزایە، لە سعودیا کە بەڵگە فیلمەکە نمایشکرا رایان لەسەر عەلا چی بوو؟
 
هەڵکەوت مستەفا: رایان لەسەر عەلا باش و خراپیش بوو، بە شێوەیەک لە شێوەکان فیلمەکە بە دڵی کەس نییە.
 
رووداو: ئەم فیلمە بە دڵی کێیە و بە دڵی کێ نییە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئێستا بە دڵی کەس نییە. بە دڵی خۆشم نییە.
 
رووداو: بۆچی؟
 
هەڵکەوت مستەفا: لەبەر ئەوەی من هەستم کرد ئەم فیلمە یەکەم جار بڕیار بوو ببێتە فیلمێکی هۆلیوود، حەز دەکەم ئەم نهێنییەت بۆ بگێڕمەوە بۆ یەکەم جار. من لە 2016 دانیشتم، [لەگەڵ] دەیوید سێدڵا کە خەڵاتی بۆ فیلمی کینگز بیچ لە بەریتانیا وەرگرت، سیناریۆ نووسرا کە ببێتە فیلمێکی هۆلیوود، بەڵام ئەو فیلمە دەرنەدەچوو کە من لە رووی ئەخلاقەوە هەستم کرد دەبێ بە ویژدان بم لەگەڵ چیرۆکەکە. بە شێوەیەک لە شێوەکان فیلمەکە دەبوو بە دۆزینەوەی سەدام و ئەم فیلمە باسی شاردنەوەی سەدام دەکات، رەسەنایەتیی چیرۆکەکە لە کاراکتەری عەلادایە کە بە تەنیا توانیوێتی ئەم کارە بکات و من هەست دەکەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیم هەبوو کە چیرۆکەکە وەکو ئەوەی کە هەیە بیگەیێنم لەبەر ئەوەی هەموومان خاڵێکی هاوبەشمان لەگەڵ سەدام هەبووە، چی وەکو کورد کە لە پێگەی ئێمەوە وەکو دیکتاتۆرێک بینیومانە، چی وەکو ئەو خەڵکانەش کە بە هەستێکی جیاوازتر سەدامیان بینیوە، بۆیە من بەرپرسیارێتیم هەبوو، من سێ رۆژ و چوار رۆژی یەکەم کە عەلام بینی بەر لە نەرویجەکە، سێ رۆژی شەڕمان بوو، واتا لە فکری من کە لە ناخیدا گەورە بووم، کەسێک تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە وەسفی سەدامی [نەکردبوو]، سەید الرئیسی و ئەوانە، ئەوە تۆ چۆن هەڵەبجەت نەبینی.
 
رووداو: عەلا خزمی سەدام حوسێنە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: هیچی نییە، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچەیە بە بۆچوونێکی زۆر جیاواز لە وێنەی سەدام تێگەیشتبوون و لە کۆتاییدا چیرۆکەکە، چونکە من لە هەموو نمایشی وڵاتاندا دەبینم کە بە دڵی کەس نییە فیلمەکە.
 
رووداو: عەلا چی دیکەی بە تۆ گوتووە کە لە فیلمەکەدا نییە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: یەک شتی گوتووە عەلا لە چاوپێکەوتنی یەکەم و دووەمدا گوتی و لە سێیەم و چوارەم و پێنجەم نەیگوتەوە، هۆکاری ئەوەی کە دەیگێڕمەوە تەنیا یەک شتە، لەگەڵ رێزم بۆ کاک عەلا، ئەوەی کە ئێمە هەموومان وەکو مرۆڤ شتێک فێر ببین. لە دوای کوشتنی عودەی و قوسەی، سەدام گوتارێک پێشکێش دەکات، ئەو گوتارە عەلا بۆی تۆمار کردووە.
 
رووداو: لە ژێر چاڵەکەدا؟
 
هەڵکەوت مستەفا: هەر لە نێو ژوورەکە، کە گوتارەکە پێشکێش دەکرێت گوشارێکی زۆریان دەکەوێتە سەر لەلایەن ئەمریکییەکانەوە. عەلا پێشنیاز دەکات کە بچن بۆ جەبەل حەمرین، لەوێ راوچی لێیە، سەدام نابێ وشەی لە دەم بێتە دەرەوە لەبەر ئەوەی خەڵکی عێراق 35 ساڵە سەرۆکەکەی [دەناسن] و تەنیا دەم بکاتەوە دەزانن ئەوە. عەلا پێشنیاز دەکات کە سەدام خۆی بکات بە کەر و لاڵ، جامانەیەک لە سەری بهاڵێنێت و ببێت بە کەر و لاڵ کە هەر کەسێکیشیان بینی، ئەوە خاڵمە یان ماممە بە ئیشاڕە قسەی لەگەڵ بکە. بەڵام کە تۆ وەکو دەرهێنەر و وەکو مرۆڤ سەیر دەکەیت، کەسێک لەو پۆستە هاتووەتە ئەو شوێنەی کە خۆی بکات بە کەر و لاڵ، نازانم لەو وانەیە جوانتر تۆ چاوەڕێی چی دەکەیت، لە وڵاتەکەی خۆی، خۆی بکات بە کەر و لاڵ بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، من ئەو دیمەنەم لابرد لەبەر ئەوەی عەلا نەیدەویست و زۆر پێداگری کرد و رێزم لێگرت. چیرۆکی دووەم ژنهێنان بوو بۆ سەدام.
 
رووداو: ئێستا دێمە سەری، بەڵام هەر لە چاڵەکەدا چی دەگێڕێتەوە لەوە زیاتر کە لە فیلمەکە پیشان دراوە؟ و پێیوایە لەلایەن خزم و کەسەکانی ئاشکرا کراون یان هەر ئەمریکا خۆی دۆزیوینەتەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئەمریکییەکان ئەو 35 ساڵەی کۆتایی سەدام دۆزیویانەتەوە نزیکترین کەسەکانی سەدام کێن، کە 78 کەس بوون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو ژمارەیە کەسە دەردەکەن، لەو 78 کەسە زیاتر لە 60ـیان دەگرن، بەڵام هیچ لینکێک نادۆزنەوە لەگەڵ سەدام، بۆیە ئەمریکییەکان شێتانە بە دوایدا دەگەڕان.
 
رووداو: ئەو کەسانە خۆڕاگربوون و نەیانگوتووە یان؟
 
هەڵکەوت مستەفا: هەر نەیانزانیوە. چونکە لە هەموو گۆی زەوی تەنیا حەوت کەس زانیوێتی کە سەدام لە کوێیە، تەنانەنت براکانی محەممەد ئیبراهیمیش نەیانزانیوە کە محەممەد ئیبراهیم دەزانێت. تەنانەت شەش مانگی یەکەم هاوژینی عەلا نامیقیش نەیزانیوە، حاڵەتەکە زۆر نهێنی بووە.
 
رووداو: عەلا دوای شەش مانگەکە بە ژنەکەی گوتووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بە ژنەکەی گوتووە و ژنەکەی بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ترسان  چەند مانگێک هەر قسەی بۆ نەکراوە، لەبەر ئەوەی تۆ بیهێنە بەر چاوی خۆت کەسێک لای تۆیە لە هاوڕێ و کەسوکار و 150 هەزار سەربازی ئەمریکی دەیشاریتەوە، لەژێر چی گوشارێکدا دەبیت؟
 
رووداو: کەواتە عەلا ئەو شەش مانگە زۆر لەگەڵ ژن و منداڵەکەی نەبووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: نەخێر، تەنانەت شەش مانگ بە باشی نەخەوتووە.
 
رووداو: ئەی ژن و منداڵەکەی نەیانگوتووە ئەم شەش مانگە لە کوێ بووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: گوتوویەتی کە کەسێکم لەلایە، بەڵام نەیانزانیوە سەدامە، چونکە ئەو کات خەڵک خۆی زۆر شاردووەتەوە، سەرکردە بەعسییەکان و خەڵکێکی زۆر.
 
رووداو: کە ژنەکەی زانیوێتی، رازی بووە پارێزگاری لە سەدام بکات؟
 
هەڵکەوت مستەفا: هیچ دەرفەتێکیان نەبووە، عەلا خۆی دەڵێت، سەدام لە تەنیشتنم 150 هەزار سەربازی بەدوادا دەگەڕێت، چی بکەم؛ واتا کە تۆ بە سەدام دەڵێیت جێگەت ناکەمەوە، خۆ سەدام بڕیار نەبووە لەوێ بمێنێتەوە، هاتووە داوای کردووە یەک شەو لەوێ بمێنێتەوە لەو ماڵە، بەڵام روژێک دواتر ئەمریکییەکان گەیشتوون.
 
رووداو: دەگوترێت دوای دەستگیرکردنی، سەدام بردراوەتە بەغدا و لەوێ داوایان لە د. بەرهەم ساڵح کردووە بزانێت خۆیەتی یان نا؛ لەسەر ئەمە چی هەیە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: کە سەدام دەبەن بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەتی، چوار کەس کە بریتی بوون لە [نوێنەری] سی ئای ئێی، سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک ئەرکانیان لە قەتەر و پۆڵبریمەر هاتنە سەر هێڵ. پرسیاری ئەوە دەکرێت کە چۆن بزانین ئەمە سەدامە و پرسیارەکە لەجێی خۆیەتی. باس لەوە دەکرێت کە لیکی سەدام لە بەنکەی سەربازیی میونشن هەیە، دەزگای زانیاری و هەواڵگریی ئەمریکا دەتوانن لیکی سەدام بەرن بۆ میونشن لە ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە، بەڵام دەڵێن ئەم پڕۆسەیە 24 کاژێر دەخایێنێت و ئەم هەواڵە 24 کاژێری دیکە خۆی ناگرێت و دەدرێتە دەرەوە، بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە یەکێک بێت، سەدام ببینێت و نزیکرتین کەس لە ئەمریکییەکانەوە، د. بەرهەم بووە بەپێی ئەو شتانەی کە من خوێندوومنەتەوە متمانەپێکراوترین کەس بووە لای ئەمریکییەکان، واتا کە دەڵێم متمانەپێکراوترین، تاوەکو ئاستی مەلک عەبدوڵڵا، نەک تەنیا متمانە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاست بەرز. د. بەرهەم دەهێنن بۆ ئەو شوێنەی کە سەدامی لێیە و سەدام دەناسێت، بەڵام سەدام د. بەرهەم ناناسێت. بەڵام دوای ئەوە کەسێکی دیکە دەهێنن کە لە سەدرەمی ساڵەکانی 1970 وەزیر بووە لە حکومەتی عێراق، دێتە ژوورەوە و سەدام دەیناسێت و بەوە زانیویانە کە ئەمە سەدامە و دواتر ئەو وێنەیەی لە هەموو جیهان بڵاو بووەوە و [دەستگیرکردنی ئاشکرا کرا].
 
رووداو: پێتوایە دەبێ خەڵک و سەرکردەکانی کورد ئەم بەڵگە فیلمە ببینن؟ بۆچی پێویستە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی ئێمە وەکو مرۆڤ لە پێگەی کۆمەڵایەتیی سیاسی دەسەڵاتێکمان هەیە لە هەر پێگەیەکدا بین. ئەم فیلمە من بۆخۆم شتێکی زۆری لێ فێربووم کە بتوانم پێگەی خۆم وەکو مرۆڤ بە دروستی بەکاربهێنم و من لە وڵاتێک گەورە بووم کە ناوی نەرویجە و دەزانم کە سیستمێک یان وڵاتێک پێگەی خۆی بە راستی و دروستی [بەکار بهێنێت]، ئەگەر خەڵکە پیشەییەکانی، هەڵبژاردنی وڵاتەکە و داهاتووی وڵاتەکە هەڵبژێرن، دەچێتە چی ئاستێک و لەم فیلمە بەتایبەتی ئەو سیاسییانەی کە لە عێراقن ئێستا و بەدوای دەسەڵاتی رەهادا دەگەڕێن، زۆر گرنگە [فیلمەکە] بیبینن کە داهاتوو و کۆتایی چیرۆک بەرەو کوێ دەڕوات و بەتایبەتی بۆ کەسێکی وەک سەدام کە 35 ساڵ حوکمی هەموومانی کردووە ببینین، ئامانجەکەی چییە؟
 
رووداو: لە ئەمریکا پیشان دراوە یان بڕیارە پیشان بدرێت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: شتێک کە شۆکی کردم بۆچوونی ئەمریکا بوو لەسەر ئەم فیلمە، من کە بە فیلمی کلاسیکۆم دروست کرد و خەڵاتم لای (رۆبێرت دێنیێرۆ) وەرگرت لە تێربیلکا لە نیویۆرک، ئەوان کە زانیان من ئەم فیلمە دروست دەکەم دوو جار کۆبوونەوە کرا کە یەکەم نمایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک بکرێت، بەڵام کاتێک کە فیلمەکە بینرا، نەک تەنیا تێربیلکا لە نیویۆرک، چەند شوێنێکی دیکە لە ئەمریکا فیکلمەکەیان بینی و بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان دەدزنەوە لە نمایشکردنی ئەم فیلمە، فیلمێکی ئاست بەرز کە 12 ساڵ فکری لەپشت بووە و کاری تێدا کراوە، ئەمریکا بە شێوەیەک لە شێوەکان ناڕاستەوخۆ خۆی دەدزێتەوە لە نمایشی ئەم فیلمە و هۆکارەکەی تەنیا لای من ئەوەیە کە  بەو بۆچوونە یان بەو چاوەڕوانییە چیرۆکەکە ناگێڕێتەوە و من کاتێک کە دەڵێم ئەم فیلمە بە دڵی کەس نییە، قسەکەم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر تۆ دەتەوێت چیرۆکێک بگێڕیتەوە بەو بۆچوونە رەسەنەی کە هەیە، زۆر جار بەتایبەتی ئێستا لە بۆچوونی ئەمریکییەکەوە نایانەوێت بیبینن.
 
رووداو: کەسێک کە فیلمەکە دەبینێت، لە کۆتاییدا لەسەر کەسایەتیی سەدام چی بۆ دەردەکەوێت؟
 
هەڵکەوت مستەفا:  فیلمەکە لای هەموو کەس دەبێت بە فیلمێکی جیاواز، لە سعودیا نمایشکرا، کوێتییەک هەستێکی هەیە قەتەرییەک هەستێکی هەیە، مەغریبییەک بۆی دەگری، کوردێک تووڕەیە، ئەوەی کە لەلای من گرنگ بوو چیرۆکەکە وەکو خۆی کە هەیە دەربچێت، فیلمەکە کە 100 کەس سەیری دەکات، دەبێت بە 100 چیرۆکی جیاواز، چونکە هەر کامەمان بۆچوونێک و تێگەیشتنمان هەیە و ئەمە کاری من نییە، ئەوەی کە کاری منە بتوانم چیرۆکەکە بە رەسەنیی خۆی بگێڕمەوە ئەگەر لە بەرژەوەندیی خۆشم نەبێت.
 
رووداو: راستە عەلا ویستوویەتی ژن بۆ سەدام بێنێت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ.
 
رووداو: کێی بۆ داوا کردووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: کێشەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە عەلا، سەرکردەیەک کە لە کۆشک ژیاوە و بە سەتان خزمەتکار و پێداویستی لە بەردەست بووە، هاتووەتە زەوییەک تۆ چۆن بەخێوی دەکەیت؟ بەیانیان دەبێ ئاژەڵی بۆ سەر ببڕیت، تشریبی لە نێو پیازدا بۆ دروست بکەیت، ماوەیەکی دیکە برسییەتی، دواتر شووتییەکی بە ساخی بدەیتێیە.
 
رووداو: لەوە دەچێت باشی خواردبێت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: زۆر. دواتر کە تووڕەش دەبێت، علا دەڵێت، تەزوویەکی تووڕەیی چوار دەوری دەگرێت.
 
رووداو: هێشتا ئەم تووڕەییەی لەم حاڵەتە لاوازییەیدا ماوە.
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، من لە چەندین سیاسیی دیکە ئەم شتەم بیستووە کە هیچ کەس ناوێرێت لەسەر تەلەڤزیۆن بیڵێت. تەنانەت من بیستوومە یەکێک لە دادوەرەکان لە دادگەیەکەدا بۆ دادوەرەکەی [دیکەی] نووسیوە، ئێستاش کە [سەدام] قسە دەکات، خەریکە میز دەکەم بە خۆمدا. تەزوویەکی سیگناڵ [تووڕەیی] رۆیشتووە، عەلا دەیگوت ئەگەر تووڕە دەبوو نەمدەتوانی لە 100 مەتری نزیک بکەومەوە، بەڵام خواردن، بەخێوکردن و جلوبەرگ شوشتن، هەموو ئەمانە عەلا بۆی جێبەجێ ناکرێن بە تەنیا.
 
رووداو: عەلا جلوبەرگەکانی سەدامی شووشتووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ. هەموو شتێکی خزمەتگوزاریی سەرۆکێک لە کۆشکێکەوە، کە سەتان کەس کارەکانی بۆ بەڕێوەدەبەن کەوتووەتە سەر عەلا، بۆیە لە شوێنێک بیر دەکاتەوە ژنێکی بۆ بهێنێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک لە کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات، بەڵام لە کوێی بۆ دێنێت، تۆ ژن چۆن بۆ کەسێک دەدۆزیتەوە کە 150 هەزار کەس بەدوایدا دەگەڕێن.
 
رووداو: بە سەدامی گوتووە کە بەتەمایە ژنی بۆ بهێنێت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، سەدامیش رێگری نەبووە لەوە، بەڵام دوای ئەوە لە نێوان علا و محەممەد ئیبراهیم کە کێی بۆ بهێنن.. [بێژەر قسەکانی پێ بڕی]
 
رووداو: بۆ بینەر بڵێ کە محەممەد ئیبراهیم کێیە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: محەممەد ئیبراهیم لە پڕۆسەی  شاردنەوەی سەدامدا  ئەو کەسە بووە کە لە نێوان سەدام و هەموو جیهاندا، عێراقی بردووە بەڕێوە. کە پێشنیازەکە دەکرێت ژن بۆ سەدام بهێنن، بۆ ئەوەی کە خزمەتی بکات و یەکێک بێت بتوانێت هاوکاری بکات لە ژیانکردن و خزمەتکردنی، بەڵام کێی بۆ دەدۆزیتەوە. لە پڕۆسەی دۆزینەوەکەدا، و من زانیارییەکم لەلایە بەڵام سەرچاوەم نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی، سەدام پێشنیازی ئەوەی کردووە کە نامەیەک بنێردرێت بۆ ژنی دووەمی و ئەو بێتەوە.
 
رووداو: هەر ئەم کێشانە هۆکار بوون بۆ بڕیاری ژنهێنانی سەدام یان تەنیاییش گوشاری بۆ هێناوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: عەلا بە رستەیەک وەڵام دەداتەوە و دەڵێت لە کولتووری عەرەبیدا پیاو ناتوانێت بەبێ ژن بژیت. 
 
رووداو: دەڵێن ژنێکی دیکەی جگە لە ساجیدە هەبووە، لەگەڵ ئەو هیچ پەیوەندی هەبووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: نەخێر، ئەو 235 رۆژە  لەگەڵ کەس پەیوەندی نەبووە، بەڵام تەنیا لە سەرەتای مانگی حەوت عودەی و قوسەی دێن بۆ لای.
 
رووداو: ژنهێنانەکە بۆ سەری نەگرتووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: لەبەر ئەوەی کێ بدۆزیتەوە بۆ سەدام، کێ شوو بە کەسێک دەکات، ئەوان هەر کەسێک بدۆزنەوە ناتوانن بڵێن تۆ بۆ سەدامیت، لەبەر ئاشکرابوونی شوێنەکە.
 
رووداو: کاتێک لەو شوێنەدا ژمارەیەکی زۆر سەربازی بەدواوە بوو لە دۆخێکی خراپدا، چۆن دەیتوانی بیر لە ژنهێنان بکاتەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئەوە بۆ منیش زۆر سەرنجڕاکێش بوو، لەکاتێکدا 150 هەزار سەرباز بەدواتدا بگەڕێن، بەڵام کە دەڕۆیتە نێو پڕۆسەی ژیانکردنی رۆژانەی، تێگەیشتنت هەیە بۆ ئەوەی کە کەسێک بە تەنیا ناتوانێت سەدام بەڕێوەببات.
 
رووداو: گوتت عودەی و قوسەی بینیوە، چۆن نەترساوە بەهۆی ئەوانەوە شوێنەکەی ئاشکرا ببێت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: پڕۆسەی شارندەوەی سەدام بە تێگەیشتنی من سەرکەوتوو بووە، بەڵام کاتێک کێشە دروست دەبێت کە لە 03-07-2003 پۆڵبریمەر دێتە سەر تەلەڤزیۆن و 25 ملیۆن دۆلار دەدات بەو کەسەی زانیاری لەسەر [شوێنی مانەوەی دەستنیشان بکات] سەدام بدات و 15 ملیۆن دۆلار [بەو کەسە دەدات کە زانیاری لەبارەیەوە] دەدات، چونکە عەلا دەڵێت، تاوەکو ئەو رۆژە تەنیا ئەمریکییەکان بە دوایدا دەگەڕان، بەڵام لەمڕۆژەوە  هەموو عێراق بەدوایدا دەگەڕان لەبەر وەرگرتنی پارەکە، و من هەست دەکەم ئەوەیە پڕۆسەی شاردنەوەی سەدامی زۆر قورس کرد.
 
رووداو: عەلا دەڵێت ئەم پارەیە کێ بردی؟
 
هەڵکەوت مستەفا: کەس وەرینەگرتووە.
 
رووداو: واتا کەس هەواڵی بە ئەمریکییەکان نەگەیاندووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: هەواڵیان پێگەیاندوون، ئەو کەسەیە کە لە فیلمەکەدا دەبینرێت، دێت سەدام ئاشکرا دەکات، بەڵام ئەمە دانێین بۆ سینەما خەڵک بیبینێت.
 
رووداو: ئەمریکییەکان چەند جارێک هاتبوونە زەوییەکە و پێموایە عەلا و سەدامیش لە دووری چەند مەترێکەوە بینیویانە.
 
هەڵکەوت مستەفا: ئەمریکییەکان پێشتر هاتبوونە زەوییەکە (مەزرەعە)، سەدام لە چاڵەکەدا بووە، بەڵام گومانیان بۆ هیچ نەچووە و من هەست دەکەم لەو پڕۆسەیە مرۆڤ بیرۆکەیەکی لا دروست دەبێت کە عەلا چەند ژیر بووە، بەڵام من لە دوای ناسینی ئەو هەموو ساڵە هەست دەکەم نهێنیی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییەکی روحیان لەگەڵ سرووشت هەیە زۆر جیاواز بیر دەکەنەوە، ئەوان بە شێوەیەکی جیاوازتر جیهان دەبینن.
 
رووداو: هەندێک شتی دیکە باس بکە کە عەلا لەسەر سەدام بە تۆی گوتبێت.
 
هەڵکەوت مستەفا: شتێک کە هەست دەکەم هەموو کات گەنگەشەیەکی خۆشی لە نێوانیاندا دروست کردبێت، 25 ملیۆن دۆلارەکە بووە، تەنانەت جارێک سەدام، گوتوویەتی ناتەوێت بمفرۆشیت، عەلا [بە نوکتە] گوتوویەتی چاوەڕێ دەکەم بەڵکو نرخەکەت بەرز ببێتەوە. 
 
رووداو: سەدامیش هەر بۆ نوکتە ئەمەی نەگوتووە، ویستوویەتی بزانێت هەڵوێستی عەلا چییە.
 
هەڵکەوت مستەفا: من هەست دەکەم سەدام ژیریی ئەوەی هەبووە کە بزانێت عەلا کێیە، چونکە یەکەم رۆژ کە عەلا دەچێتە بەردەم سەدام، ئەوەندە هێزی رۆحی بەرامبەری زاڵ بووە، عەلا یەکسەر دەست بە گریان دەکات.
 
رووداو: ئەمە چەندی مانگ چووەتە لای عەلا و چۆن دەستنیشانی کردووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: 22-04-2003. سەدام کە لە بەغداوە رایکردووە، لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا خەوی لێکەوتووە و خەوی بینیوە کە یەکێک پێی دەڵێت بڕۆ بۆ ئەلدۆر بۆ ماڵی نامیق، بەڵام ئەگەر ئێمە متمانەمان بەو چیرۆکەش نەبێت، کە دواتر بەڵگەنامەکانی ئەمریکا سەیر دەکەیت، دەزانی سەدام زانیوێتی ئەمریکییەکان هەموو ئەو کەسانە دەگرن کە نزیکی ئەون. ئەگەر ئەو چیرۆکەش واز لێبێنین، سەدام ناتوانێت بڕوات لەگەڵ یەکێکدا خۆی بشارێتەوە کە ئەمریکییەکان دەیناسن کە تەنانەت ناویشیان پێبوون کە 35 ساڵی کۆتایی نزیکترین کەسەکانی کێ بوون.
 
رووداو: لەو ماوەیەدا سەدام لەسەر کورد هیچی بە عەلا نەگوتووە؟ یان لەبارەی ئەوەی شوێنی بگۆڕێت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بە تێگەیشتنی من سەدام لە هەموو عێراقدا دۆشەگێک نەبووە لەسەری بخەوێت بۆ ئەو 235 رۆژە، لەبەر ئەوەی سەدام زانیوێتی ئەمریکا بە چی شێتانەیەک بەتایبەتی کە جۆرج بووش دەڵێت، جەنگی عێراق کۆتایی نایات بەبێ دۆزینەوەی سەدام؛ تێگەیشتنی ئەوەی هەبووە و چەند جاریش چووە.. [بێژەر قسەکەی بڕی].
 
رووداو: بەڵام دوای دۆزنەوەی سەدامیش جەنگەکە کۆتایی نەهات.
 
هەڵکەوت مستەفا: دەزانم، بەڵام دەستگیرکردنی سەدام کلیلی خاڵی وەرچەرخان بوو و سەدام چەند جارێک چوو بۆ لای خزمەکان، بەڵام کەس نەیتوانیبوو شوێنی سەدام بکاتەوە، لە جەبەل حەمرینیش چەند کەسێکی بینیوە، بەڵام کەس نەیزانیوە لە کوێیە و شتێک بۆ من جێگەی سەرنج بوو، دوای ئەوەی کە گوشارێکی زۆر بۆ ئەمریکییەکان دێنن لە مانگی 10 حکومەت بە شێوەیەک لە شێوەکان پێکدەهێنرێتەوە، چونکە ئەو شتە بۆ من زۆر نوێ بوو، کە ئەمریکییەکان دەچنەوە بنکەکە، لە نێو شارەکان بەهۆی نیشانەشکێن، هێڕش و تەقینەوە و ئەوانە بڵاو دەبنەوە، حکومەتیش پێکهێنراوەتەوە.
 
رووداو: هیچ هەوڵی گفتوگۆ لەگەڵ سەدام لەلایەن ئەمریکا یان هیچ لایەنێکی دیکە هەبووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵی لە مانگی 11ـی ساڵی 2003 نامەیەک هاتووە لە رێگەی محەممەد ئیبراهیمەوە نامەیەک هاتووە بۆ سەدام کە رێککەوتنێک بکرێت و لە فیلمەکەدا دەتوانین بیبینین کە وردەکاریی ئەم چیرۆکە چییە.
 
رووداو: رۆڵی رووداو لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا چی بووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: رووداو ئەو ئارامییە روحییەی داوە بە ئێمە کە بتوانین ئەم فیلمە بەرهەم بهێنین. تۆ بە دوای دەموچاوێکدا دەگەڕێیت کە تەنیا سی ئای ئێی دەزانێت ئەو دەموچاوە چۆنە، لە عێراقێکدا، لە ناوچەیەکدا بەو هەموو کێشەیەوە زانیارییەکت پێیە ناتوانی لەگەڵ کەس دابەشی بکەیت، لە عێراقدا دەتەوێت وێنە بگریت، تەنانەت درۆنێک [بۆ وێنەگرتن] هەستێنی، پێویستت بە لایەنێک هەیە کە متمانەی روحیی خۆتی لەگەڵ دابەش بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت فیلمێک بەرهەم بهێنیت، رووداو ئەو ئارامییەی دا بە ئێمە، بۆ ئەوەی بتوانین بە پیشەیی دەرهێنەر، فیلمێک دروست بکەین کە چیرۆکی راستەقینەی چاڵەکە بگێڕینەوە و من زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو هاوکارییە لەگەڵ رووداو. ئێستاش کە هەست دەکەم فیلمەکە وێنەیەکی باشی هەیە و بەرهەمێکی باشی هەیە، کە ئێمە ئەو 12 ساڵەمان دانا لەبەر ئەوەی خۆمان لە چیرۆکەکە تێبگەین، کە من شتێک نەخەمە سەر شاشە دواتر لێی پەشیمان ببمەوە؛ ئێستاش بە شێوەیەک لە شێوەکان  ئارامییەکی روحیم هەیە لەوەی کە زۆر باش بنێشتەکەم لە دەمم جەویوە، بەر لەوەی بێتە دەرەوە، بۆیە 12 ساڵی پێچوو.
 
رووداو: عەلا لە سعودیاش نەیەویست بمێنێتەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: نەیەویست بمێنێتەوە و بەراستی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە دوو جار پەیوەندی کرا بە منەوە، داوایان کرد من ببینن و لەگەڵیان دانیشتم؛ بە منیان گوت وەکو دەهێنەر تۆ رات چییە لەسەر سەدام، گوتم من خاوەنی هەڵەبجەم چیتان پێ بڵێم لەسەر سەدام، گوتم ئەی ئێوە راتان چییە لەسەر سەدام. دووڕووییەکی زۆر دەبینی لە سیاسییەکانەوە.
 
رووداو: دووڕووییەکە چییە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئەمەیە کە لەگەڵ من دادەنیشێت باسی سەدام دەکات، من بینیومە 35 ساڵی سەدام چی روویداوە، بەتایبەتی وەکو کورد، بەڵام منیش دەڵێم ئەی رای تۆ چییە، هەر سیاسییەک بە من بڵێت رات چییە لەسەر سەدام، چونکە لە سعودیە من گوشارێکی زۆرم لەسەر بوو، بەتایبەت لەلایەن میدیا عەرەبییەکانەوە، رای خۆم بڵێم لەسەر سەدام و کاری پیشەیی من ئەوەیە فیلمێکم دروستکردووە، فیلمەکەم پەیامی منە، خۆم پەیامێکم نییە وەکو هەڵکەوت، و گوشارەکە تاوەکو قورگم هاتبوو کە من بڵێم سەدام کوڕی باشە یان خراپ.
 
رووداو: بەشێک لە دیمەنێکی فیلمەکە چوونی عودەی و قوسەی بۆ لای سەدام پیشان دەدات، عەلا دەڵێت چەند لەوێ ماونەتەوە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: دوو کاژێر ماونەتەوە، سێ قۆڵی دانیشتوون، محەممەد ئیبراهیمیشیان لەگەڵ بووە و هەموویان گریاون، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێش بووە کە هاتوونەتە دەرەوە سەدام گریاوە و گوتوویەتی جارێکی دیکە نایانبینمەوە، دواتر رۆیشتوون و لە 22ـی مانگی حەوت عودەی و قوسەی کوژراون لە موسڵ.
 
رووداو: خۆی هەواڵی کوژرانی کوڕەکانی گوێ لێبووە یان عەلا پێی راگەیاندووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: عەلا هەواڵەکەی بینیوە، بەڵام بەر لەوەی کە ئەو بگاتەوە محەممەد ئیبراهیم هاتووە سەدامی بردووە، چونکە ئەو رۆژەی کە عودەی و قوسەی کوژراون زۆر ترساون لەو کاتەدا بێنە سەر سەدامیش، بۆیە محممەد ئیبراهیم سەدام دەبا لەگەڵ خۆی بۆ شوێنێک کە من نازانم کوێیە ، پێنج رۆژ لەو شوێنە دەبێت، ئینجا سەدام دێتەوە.
 
رووداو: محەممەد ئیبراهیم خزمە یان هەر نزیکی دەسەڵاتە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: محەممەد ئیبراهیم خزمی بووە و یەکێک بووە وەکو سەرۆکی پەیوەندییەکانی سەدام بووە لە نێوان ئیستیخبارات و زانیاری و ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن (کول فی کول) بووە.
 
رووداو: بەڵگە فیلمی سەدام لە ئوردن نمایش دەکرێت کە خزم و کەسی سەدام، رەعدی کچی و نەوەکانی لەوێن، چاوەڕێ دەکەیت بچن لە سینەما بیبینن؟
 
هەڵکەوت مستەفا: باوەڕ بکە نازانم بەڵام ئەوەندەی کە پەیوەندییەکی زۆر بە منەوە دەکرێت و دەیانەوێت فیلمەکە زوو لەوێ بخرێتە سەر سینەما، پێشبینی دەکەم بیبینن و باوەڕم وایە دەیبینن، لەبەر ئەوەی هەموو سەرکردەکانی بەعس، ئەوانەی کە رۆیشتوون زۆربەیان لە ئوردنن، بەڵام لە کۆتاییدا پەیامی من ئەوەیە هەموو لایەک شتێک لە فیلمەکە فێر دەبن. بەپێی لایەنە روحییەکەی کە پێت دەگات و هەر کامەش پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ فیلمەکەدا هەیە، من یەک نموونەت دەدەمێیە کوێتییەک و ئوردنییەک دوو فیلمی زۆر جیاواز لە مێشکیدا دروست دەبێت و من خۆم ئەو شتەم بینیوە لە سینەما. واتا کۆنتراستێکی زۆر هەیە لەسەر سەدام، ئێمە وەکو کورد سەدام چۆن دەبینین و سوننەیەک چۆنی دەبینێت و شیعەیەک چۆنی دەبینێت، من چیرۆکی زۆر جیاواز دەبینم، واتا شیعەیەکم بینیوە لە دوبەی کە وێنەیەکی پێیە خۆی و باوکی بە چەکوش پەیکەرەکەی سەدام لە گۆڕەپانی تەحریر دەشکێنن کە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە ئێستا چی هەستێکی هەیە، گریانت دێت، واتا لەوانەیە لە بواری روحییەوە گریانت بێت بۆ خەڵکی عێراق کە چۆن ژیاون تۆ لە وڵاتێکدا ملیۆنان بەرمیل نەوتت هەیە، بەڵام خەڵک لە چی لایەنێکی دەروونی و گوشارێکدا دەژین.
 
رووداو: لە هەولێر رووداو ئەم رێوڕەسمە بەڕێوەدەبات بە بانگهێشتی فەرمی یان هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بچێت؟
 
هەڵکەوت مستەفا: بەڵێ، رووداو فیلمەکە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بڵاو دەکاتەوە و هیوادارم بەغداش رێگە بە نمایشکردنی فیلمەکە لە هەمان ڕۆژدا بدات.
 
رووداو: ئەو کەسەی رۆڵی سەدام دەگێڕیت لە فیلمەکەدا چۆنت دەستکەوتووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: کاک یاسین لە شوێنێک دەژیت لە گوێڕەوە و ئێمە زۆر گەڕاین و خۆمان بە ئامانج دەمانویست یەکێک بدۆزینەوە لە سەدام نەچێت، چونکە تۆ وەکو رۆژنامەڤان پیشەیەکت هەیە دەبێ فاکتەکە پیشان بدەیت، کاک یاسینمان کە دۆزییەوە  لە سەدام ناچێت، بەڵام وەکو باڵا و شتی گونجاوە، کاک یاسین لەبەر ئەوەی هیچ ئەزموونێکی نەبوو، چەندین شتی خۆش روویدا لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا.
 
رووداو: وەکو چی؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئەو وێنەیەی کە عەلا پشتی سەدام دەشوات، بڕیار بوو بە ئێوارە وێنەی بگرین، ئەو دەبێ تەنیا شۆرتێکی لەبەردا بێت، کامێرا و شتیان ئامادە کرد و گوتم ئیتر دایبکەنە، کە دایکەند [شۆرتەکەی] هی بارسێلۆنا بوو، گوتم ئەوە شۆرتی بارسێلۆنات لەبەردایە، گوتی ئادی، گوتم باشە سبەی ئێوارە وێنە دەگرین، بەڵام شۆرتەکەت بگۆڕە؛ ئیتر رۆیشتین بۆ ئەوەی رۆژی دوایی وێنە بگرین. کە هاتینەوە، ئەم جارە پانتۆڵەکەی داکەند، شۆرتەکەی گۆڕیبوو، بەڵام بارسێلۆنای کردبوو بە ریال مەدرید. گوتم باشە سەدام شۆرتی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لەبەر دەکا؟ گوتی ئەی تۆ نەتگوت بیگۆڕە.
 
رووداو: یاسین عەرەبە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: نەخێر کوردە.
 
رووداو: بەڵام لە بەڵگە فیلمەکەدا عەلا خۆی رۆڵی خۆی نابینێت، ئەویش کەسێکی بۆ داندراوە.
 
رووداو: ئەویش کەسێکی دیکەیە ناوی کاک بارزانە، کاکەییە، کەسێکی زۆر جوانە و شێوەی زۆر لە شێوەی عەلای دەدا، چونکە عەلا 20 ساڵ منداڵتر بوو لەوەی کە ئێمە لەسەر شاشە دەیبینین، ئەوکاتە کە سەدامی شاردووەتەوە.
 
رووداو: لەسەر شەڕی عێراق سەدام هیچی بە عەلا گوتووە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: سەدام دەڵێت، ئەمریکا زانیوێتی کە چەکێکی کۆمەڵکووژ نییە لە عێراق، من کە وەکو هەڵکەوت کە بەدواداچوونم بۆ ئەم بابەتە دەکرد، بۆ ئەوەی کە بزانم فاکتەکە سەرچاوەی ئەوەیە، دەکەویتە گومانەوە. ئەمریکا خۆی دەڵێت من لە ساڵی 1960، فڕۆکەیەکم ناردووەتە سەر  یەکێتیی سۆڤییەت [رووسیای ئێستا] کە ناوی یوو توو بووە و لە بەرزایی 70 هەزار فیتەوە وێنەی یەکێتیی سۆڤییەتی گرتووە، بۆ ئەوەی بزانن چەکی ئەتۆمی هەیە یان نا. پرسیار دەکەیت وەکو دەرهێنەر چۆن لە 2003ـدا، 43 سال دوای ئەوە، ئەمریکا نازانێت عێراق چەکی ئەتۆمی هەیە یان نا، چەکی کۆمەڵکوژی هەیە یان نا. ئەو پرسیارەیە کە دەچیتەوە سەر فاکتەکەی سەدام ئایا ئەمریکا بە راستی ئەوەی کە بینیمان کۆڵم پاول گوتی، [عێراق] چەکی کۆمەڵکوژی هەیە و دواتر هەر خۆیشی گوتی نییەتی. من کە یەکەم جار عەلام بینی گریانم هات کە ئەو خەڵکە بۆچی مێشکی شۆراوەتەوە.
 
رووداو: سەدام چی بە عەلا گوتووە لەسەر دۆخی عێراق؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئەوەی کە داگیرکردنی عێراق ئامانجی نەوت بووە. و گریانت دێت کە من یەکەم جار  عەلام بینی بە شێوەیەک لە شێوەکان گوتم ئەم خەڵکە بۆچی مێشکی وا شۆراوەتەوە، بەڵام دوایە پێچەوانەی بکەرەوە، بڕۆ سەربازە ئەمریکییەکان ببینە، ئەوانیش مێشکیان شۆراوەتەوە، و لێرەدایە کە تۆ وەکو دەرهێنەر پیشەییانە بیر دەکەیتەوە کە ئێمە لە کوێی پڕۆسەی بە مرۆڤبونی سیاسی و سەربازی و ئەو خەڵکەداین، سەیر دەکەیت چیرۆکی خۆت دەدۆزیتەوە.
 
رووداو: دونیایەک سوپاس، دەرهێنەری سینەمایی هەڵکەوت مستەفا.
 
هەڵکەوت مستەفا: زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێڵ وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

ساموێڵ وێربێرگ: هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەرز دەنرخێنین

گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرز دەنرخێنین " و جەختیکردەوە "ئەمریکا بە گرنگی دەزانێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و شەفاف بەڕێوەبچێت".