کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ رووداو: دووشەممە ئەنجامی دەنگدان رادەگەیێندرێت

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
راکێشانی زانیارییەکانی نێو ئامێرێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە دەنگدان. وێنە: رووداو
راکێشانی زانیارییەکانی نێو ئامێرێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە دەنگدان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
بژار زوبێر و هێمن عەساف
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی "زۆر باش" بەڕێوەچووە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە رووماڵی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، تایبەت بە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی رۆژی دووشەممە رادەگەیێندرێت."
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتیشی، پێویستە دەنگدەر ناوی پارت یان لیستەکەی نیشانە بکات و دواتریش ناوی بەربژێر دیاری بکات، چونکە ئەگەر ناوی بەربژێر نیشانە بکات و ناوی لیست دیاری نەکات، دەنگەکەی بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت. عیماد جەمیل رایگەیاند، ئەو رێکارە بەربژێرە سەربەخۆکان ناگرێتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق:
 
رووداو: هەڵبژاردن چۆن بەڕێوەدەچێت؟
 
عیماد جەمیل: ئەمڕۆ دەنگدانى تایبەت بە شێوەیەکى زۆر باش بەڕێوەچوو. کارمەندانى دەزگا ئەمنییەکان ئەزموونێکى جوانیان پێشکێش کرد لە پابەندبوون و چوون بۆ ناوەندەکانى دەنگدان و میکانیزمى دەنگدان لە وێستگەکانى دەنگدان، چونکە هەمیشە لە هەڵبژاردنەکانى رابردوودا قەرەباڵخییەکى زۆرمان دەبینى لە چوون بۆ ئەو وێستگە و ناوەندانەى دەنگدان لەیەک کاتدا، بەڵام ئێستا بەهۆى هاوئاهەنگى کۆمیسیۆن و بەرپرسانى ئەمنى لە هەرێمى کوردستان، کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان لە کاتى جیاوازدا چوونە بنکەکانى دەنگدان. بۆیە جووڵەیەکى زۆر باشمان لەنێو وێستگەکانى دەنگدان بینی؛ هەروەها پابەندبوونمان بینى لە رێوشوێنەکانى ئەو سیستمەى لە رێگەى کارتى بایۆمەترییەوە دەنگى پێدەدرێت، لە پەنجەمۆرەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە دەنگدان و میکانیزمى دەنگدان و بەجێهێشتنى ناوەندەکانى دەنگدان؛ هەروەها ژمارەیەکى زۆر لە چاودێرانى نێوخۆی و نێودەوڵەتى لە ناوەندەکانى دەنگدان ئامادەبوون؛ هەروەها ئامادەبوونێکى زۆرى میدیاکانیشمان لە ناوەندەکانى دەنگدانى تایبەت بینی.
 
رووداو: ئێوە سەردانی رانیەتان کرد. باس لەوە دەکرێت مۆبایل بۆ نێو بنکەی دەنگدان براوە. هەڵبژاردن لەوێ چۆن بوون؟
 
عیماد جەمیل: هێزە ئەمنییەکان بنکەکانی دەنگدان دەپارێزن و هەر خۆشیان دەنگ دەدەن. بۆیە ئەگەر هەندێک مۆبایل بردرابێتە ژوورەوە رەنگە بە ئەنقەست نەبووبێت. لە راستیدا رێنمایی تووندمان دەرکردووە بەوەی نابێت مۆبایل ببرێتە ژوورەوە. هەمان رێکارمان لە هەڵبژاردنی رابردووشدا گرتەبەر، چونکە هەندێک لایەنی سیاسی گوشاریان دەخستە سەر دەنگدەران بۆ ئەوەی وێنەی دەنگدانیان بگرن. ئەوەی ئەمڕۆ تێبینیمان کرد ئەوە نەبوو کە مۆبایلەکان دوای بردنە ژوورەوە بۆ مەبەستی وێنەگرتن بەکارهێندرابن. ئێوەش دەزانن لە سەرجەم بنکە و وێستگەکاندا کامێرا هەیە کە دەنگ و وێنە تۆمار دەکات. بەوەش دەنگدەر لەوە دەترسێت کە وێنەی بگیرێت بۆ ئەوەی سزا نەدرێت. پێم وایە بابەتی بردنە ژوورەوەی مۆبایل بە رێژەیەکی زۆر کەم تۆمارکراوە و بۆ ئامانجە نەرێنییەکە بەکارنەهێندراوە، بەڵکو ئەرێنی بووە. 
 
رووداو: بەگشتیی رێکخراوەکان و چاودێرەکان دەڵێن لە هەر چوار بازنەکەدا بردنە ژوورەوەی مۆبایل هەبووە و هەوڵ هەبووە کەسێک لە شوێنی کەسێکی دیکە دەنگ بدات. رێکارەکانی ئێوە لەم دۆخانەدا چۆن دەبن؟
 
عیماد جەمیل: چاودێران تەنیا سەرنجیان لەسەر ئەم خاڵە بووە و سەرنجیان لەسەر خاڵی دیکە نەبووە. بابەتی مۆبایل ئاسانە و دەکرێ تێیپەڕێنین و تێبینی ئەوەش نەکراوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو مۆبایل بۆ نێو بنکەکان برابێت. چاودێر بەدوای رووداوێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی تۆماری بکات، بۆیە کاتێک دەبینێت مۆبایل براوەتە ژوورەوە، رەنگە ئەو مۆبایلە لەلایەن کەسێکەوە برابێت کە خۆی لە هێزە ئەمنییەکانە و بەرپرسە لە پارێزگاریکردن لەو ناوەند و وێستگەیە یان بەبێ زانیاری ئەوانەی لەوێن بردبێتییە ژوورەوە بەبێ پشکنین. بەڵام هەرگیز ناکرێ مۆبایل ببرێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی وێنەی دەنگدان بگیرێت، چونکە لەوێ کامێرای چاودێری هەیە؛ هەروەها کارمەندانی کۆمیسیۆن و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و چاودێرانیشی لێیە.  
 
رووداو: ئەگەر سەلمێندرا رێکارەکان چی دەبن؟
 
عیماد جەمیل: ئەگەر بە بەڵگەی سەلمێندراو پێشێلکارییەکە تۆمار کرا، بەدڵنیاییەوە لێپێچینەوە دەکرێت و کۆمیسیۆن رێکاری خۆی دەگرێتەبەر، چونکە ئەوە پێچەوانەی یاسا، رێسا و رێنماییەکانی کۆمیسیۆنە. لە راستیدا ئەم رێکارانە بۆ ئەوەن کە پرۆسەکە پاک و بێگەرد بێت و رەوایی هەڵبژاردنەکە پارێزراو بێت و دوور بێت لە ساختەکاری. بۆیە تاوەکو ئێستا بە بەڵگەی بەرجەستەکراو هیچ پێشێلکارییەک تۆمارنەکراوە، بە جۆرێک بە مۆبایل وێنەی دەنگدان گیرابێت و هیچ شتێک نەدراوەتە کۆمیسیۆن. 
 
رووداو: باسی هەڵەبجە بکەین. نوێنەرانی حیزبەکان دەڵێن رەنگە واژۆ لەسەر بێگەردی هەڵبژاردنەکە نەکەن. ئەگەر واژۆ نەکەن کاریگەری نابێتە سەر ئەنجامی دەنگدان؟
 
عیماد جەمیل: ئەگەر برایان واژۆ لەسەر بێگەردی ئەم هەڵبژاردنە نەکەن، دەبێ هۆکارەکەی بزاندرێت. ئایا ساختەکاری کراوە؟ ئەمڕۆ میکانیزمی دەنگدان بەشێوەیەکی زۆر رێکوپێک بەڕێوەچوو؛ تەنیا لە رێگەی بایۆمەترییەوە کراوە و ئامێری ئەلیکترۆنی بەکارهاتووە کە زۆر چالاک و وردە لە کارکردن. هاوکات تۆماری دەنگدەرانی ئەلیکترۆنیمان هەیە، نەوەک لەسەر کاخەز. تۆماری دەنگدەران پەنجەمۆر و وێنەشی لەسەرە. هەروەها ئامێری تایبەتی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان هەیە. لە پاڵ ئەمەشدا بە دەست دەنگەکانیش دەژمێردرێن. کۆمیسیۆن پابەندی سەرجەم رێکارەکانییەتی. هەروەها کامێراکانی چاودێریش هەن کە تەواوی رووداوەکان لەنێو بنکەکاندا تۆماردەکەن. ئیدی کۆمیسیۆن پابەندی هەموو رێنماییەکانییەتی، بەڵام ئەگەر پێشێلکاری لە وێستگەیەکدا بکرێت، دەبێ بەڵگە هەبێت. خۆشتان دەزانن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چاوپۆشی لە کەس ناکەن. هەر هەڵەیەک و پێشێلکارییەک هەبێت، راستەوخۆ لە فەیسبووک یان تیکتۆک و پلاتفۆرمەکانی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە. بۆیە ئێستا ساڵانی 2003 و 2010 نییە. ئێستا هەموو شتێک روونە و هەموو لایەنێک باش تێدەگات؛ بۆیە کاتێک باس لە پێشێلکاری دەکەن، دەبێ بەڵگەکان هاوپێچ بکەن و رادەستی کۆمیسیۆنی بکەن. سوپاس بۆ خودا تاوەکو ئێستا پێشێلکاری گەورە تۆمار نەکراوە.
 
رووداو: ئەگەر نوێنەری حیزبەکان واژۆ لەسەر ئەنجامی بنکەیەک نەکەن، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنجامی بنکەکە هەڵبووەشێتەوە؟
 
عیماد جەمیل: لە راستیدا ئێمە لەسەر ئەگەرەکان کار ناکەین، بەڵکو کار لەسەر دۆخەکە دەکەین بەو جۆرەی هەیە. ئەوان ئەگەر واژۆ نەکەن، ئازادن و کۆمیسیۆن درێژە بە کارەکانی دەدات. کۆمیسیۆن فەرمانبەر و کارمەندی خۆی هەیە. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە لێرەدا فەرمانبەرانی نێو وێستگەکان، فەرمانبەری کۆمیسیۆن نین. ئەوان فەرمانبەرانی دەوڵەت، خوێندکار و دەرچووی زانکۆن و تێکەڵەی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەن. ئێمەش متمانەیان پێ دەکەین؛ بۆیە ئەرکەکانمان پێ راسپاردوون. لەپاڵ ئەمەشدا ئامێری ئەلیکترۆنی کارەکانیان بە جوانی دەکەن.  
 
رووداو: بۆ پەسندکردنی ئەنجامی دەنگدانەکە، واژۆی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان گرنگ نییە؟
 
عیماد جەمیل: ئەگەر واژۆیان گرنگ نەبێت، بایەخمان بە بواری چاودێری نەدەدا. بۆ زانیاریتان، هەموو هەڵەبجە سێ وێستگەیە. لە تەواوی هەڵەبجە یەک بنکەی دەنگدان هەیە کە سێ وێستگەی هەیە و 900 دەنگدەری هەیە. (ئەوەی باس دەکرێت) چۆن کرا؟ کەی کرا؟ دوای هەموو ئەو فلتەرانەی هەن، ناکرێت تەنیا لەو بنکەیەدا ئەو رووداوە روویدابێت؟ لە کاتێکدا بەڵگەشیان نییە لەسەر ئەوەی ساختەکاری کرابێت. نازانم بۆچی بەتایبەتی سەرنجیان خستووەتە سەر ئەو بنکەیە؟ لە هەموو هەڵەبجە یەک بنکەی دەنگدان و سێ وێستگە هەیە. 
 
رووداو: واژۆنەکردنی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بنکەکە مەرج نییە؟
 
عیماد جەمیل: یەکێک لە رێکارەکانمان ئەوەیە کە دەبێ واژۆ بکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لیستەکان سکاڵا تۆمار نەکەن. ئەوە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان کە کۆمیسیۆن کاری بۆ دەکات، چونکە بریکاری پارت و لیستەکان ئەگەر واژۆیان کرد، ئیدی دەبنە شاهێد لەسەر کاری وێستگەکە. بۆیە کۆمیسیۆن بایەخ بە واژۆکان دەدات. چاودێرانی نێو وێستگەکان واژۆ لەسەر راستی و دروستی رێکارەکانی نێو وێستگەکە دەکەن. بەڵام ئەگەر یەکێک لە چاودێرەکان واژۆی نەکرد، کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆی. 
 
رووداو: یەکێک لە نوێنەری حیزبەکان گوتی، ئەگەر پەنجەمۆرەکەی نەیخوێندەوە و زانیارییەکانی هاتنە سەر شاشەن دەتوانێت دەنگ بدات. ئەمە راستە؟
 
عیماد جەمیل: نەخێر، ئەوە راست نییە. ئەمە مەبەستی ئەو کەسەیە کە داتاکانی هەن، بەڵام پەنجەمۆرەکەی دەرنەکەوتووە، چونکە لە کاتی نوێکردنەوە یان تۆمارکردندا پەنجەمۆرەکەی دەرنەکەوتووە. رێژەی 5٪مان بۆ دروستبوونی ئەمە داناوە لەنێو هەڵبژاردن.
 
رووداو: ئەگەر ئەمڕۆ کەسێک پەنجەمۆرەکەی نەیخوێندەوە، ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدات؟
 
عیماد جەمیل: نەخێر، ئەمڕۆ کارتەکە لێی وەردەگیرێتەوە. کارتی دەنگدانی تایبەت لێی وەردەگیرێتەوە و ئیدی پسووڵەیەک بە دەنگدەر دەدرێت بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکە بڕوات کارتی بایۆمەترییەکەی وەربگرێتەوە. 
 
رووداو: کەواتە ئەوەی ئەمڕۆ بەهەر هۆکارێک بێت نەیتوانی دەنگ بدات، ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدات؟
 
عیماد جەمیل: بۆچی پێش رووداوەکان بکەوین؟ لەو هەموو دەنگدانەی ئەمڕۆدا کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر نەبوو. ئەمڕۆ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرمان تۆمارنەکردووە، مەگەر ئەوانە بن کە پەنجەمۆریان لە کاتی نوێکردنەوە یان تۆمارکردنی بایۆمەتری نەخوێنراوەتەوە. ئەمەش رێگەی پێدراوە لە چوارچێوەی ئەو 5٪ی کە دامانناوە.
 
رووداو: ئەمڕۆ ئێوە رێژەی بەشداری رادەگەیێنن؟
 
عیماد جەمیل: بەڵێ، وەک رامانگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە دوای نیوەڕۆ واتە تاوەکو کاژێر 12:00، رەنگە ئێوەش بینیبێتتان، گەیشتە 70٪، ئەم ژمارەیە دڵخۆشکەرە، چونکە نیشانیدەدات رێژەی بەشداریکردن بەرزە و خەڵک بەدەم دەنگدانەوە دەڕوات. رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا بەرزە.
 
رووداو: ئەی ئەنجام رادەگەیێنن؟
 
عیماد جەمیل: ئەنجامی هەموو دەنگدانی تایبەت بە گشتی رۆژی دووشەممە، بە پشتیوانی خودا، لەگەڵ ئەنجامی بەرایی دەنگدانی گشتی ئاشکرادەکرێت.
 
رووداو: حیزبەکان مافیان هەیە ئەنجامەکان رابگەیێنن؟
 
عیماد جەمیل: کۆمسیۆن پابەند نییە بەوەوە. ئێوە دەزانن کە پارتەکان لە نێو ئەو وێستگانەدا چاودێری خۆیان هەیە. رەنگە هەندێ پارت بتوانن ئەنجامەکانیان لە نێو ئەو وێستگانەدا کۆبکەنەوە، بەڵام کۆمیسیۆن پابەند نییە بەو ئەنجامانەوە و بە ئەنجامی فەرمی هەژماریان ناکات.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک دژی پێشێلکارییەک تۆمار کراوە کە ببێتە هۆی رەتکردنەوەی دەنگەکانی ئەو بنکەیە؟
 
عیماد جەمیل: نەخێر، سوپاس بۆ خودا، تاوەکو ئێستا شتی وامان نەبینیوە. تەنیا هەندێ تێبینی هەبوون باسکران کە ئەویش مۆبایل و کردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو لە نزیک بنکەکانی دەنگدان، بەڵام ئەم پرسە چارەسەرکرا. سکاڵاکانی دەنگدان جیاوازن لەو سکاڵایانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکرێن. سکاڵاکانی دەنگدان بە گوێرەی مەترسییان پۆلێن دەکرێن؛ سوور، زەرد و سەوز هەیە. تاوەکو ئێستا سکاڵای لەم جۆرە تۆمارنەکراون.
 
رووداو: ئەمڕۆ لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا هیچ کەموکوڕییەکتان بینی یان تێبینی شتێکتان کرد بۆ ئەوەی بەر بگیرێت لە دەنگدانی گشتیدا دووبارە نەبێتەوە؟
  
عیماد جەمیل: ئەگەر باس لەو بنکانە بکەم کە سەردانم کردوون، راستییەکەی هیچ کێشەمان نەبینی، چ لە پابەندبوونی هێزە ئەمنییەکان، چ لە پابەندبوونیان بێت بە وەستان لە نۆرە، چ چوونەنێو وێستگەکانی دەنگدان، چ کارتی بایۆمەتری و بەکارهێنانی، چ شێوازی دەنگدان یان چوونەدەرەوە لە وێستگەکانی دەنگدان. ئێمە دڵخۆشین بەم پڕۆسەیەی ئەمڕۆ و کارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەچوون. دەزانن کە ئێمە دوودڵیی ئەوەمانە کە رەنگە ئامێرێک لەکاربکەوێت یان رەنگە لەبەر قەرەباڵخی کێشەیەک دروستبێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەمڕۆ ئەم جۆرە کێشانەمان تۆمارنەکردووە. بە پشتیوانیی خودا ئەمە سەرەتایەکی باشە لە دەنگدانی تایبەتەوە بۆ دەنگدانی گشتی.
 
رووداو: ئەگەر دەنگدەرێک بە هەڵە دەنگی دا، دەتوانێت داوای فۆرمێکی نوێ بکات بۆ ئەوەی دەنگ بداتەوە؟
 
عیماد جەمیل: ئەم کاخەزەی دەخرێتە نێو سندووقەکەوە، بارکۆدێکی لەسەرە. بارکۆدەکە سکان دەکرێت و دواتر دەنگدەر دەنگدەدات.  ئەگەر دەنگدەرەکە هەڵەی کرد، مافی ئەوەی هەیە کاخەزی دەنگدان بگەڕێنێتەوە و ئەو بارکۆدە بسڕێتەوە کە لە نێو ئامێرەکەدا تۆمارکراوە بۆ ئەوەی کاخەزێکی نوێی پێ بدرێت و بە بارکۆدێکی نوێ دەنگبداتەوە.
 
رووداو: لە کاتی دەنگداندا دەنگدەر قەڵەمێکی تایبەت بەکار دەهێنێت. دەنگدەر چۆن دەنگ بدات، سەرەتا لایەنە سیاسییەکان دەستنیشان دەکات دواتر بەربژێر یان چۆنە؟
 
عیماد جەمیل: لە نێو کابینەی دەنگداندا بە پێنووسێکی تایبەت کە لۆگۆی کۆمیسیۆنی لەسەرە دەنگدەدرێت. پێویستە دەنگدەر نیشانەکە لەسەر ناوی پارتەکە بدات و دواتر ناوی بەربژێرەکە نیشان بکات. ئەگەر تەنیا پارتەکەش نیشان بکات هەر دروستە. بەڵام ئەگەر بەربژێرەکە نیشان بکات بێ ئەوەی پارتەکە نیشان بکات، کاخەزەکەی بە پووچەڵ هەژماردەکرێت. بۆیە، ئێمە رێنماییمان دەرکردووە بۆ ئەوەی کارمەند شێوازی دەنگدان بۆ دەنگدەر شیبکاتەوە. ئەگەر ویستی دەنگبدات، پێویستە پارتەکە نیشان بکات و دوای ئەوە بەربژێر نیشان بکات. بەڵام ئەگەر تەنیا پارتەکە نیشان بکات، هیچ کێشەیەک نییە. بەڵام ئەگەر تەنیا بەربژێرەکەی نیشانکرد بێ پارتەکە، ئەمە بە پووچەڵ دادەنرێت، مەگەر لە دۆخێکدا نەبێت کە ئەویش ئەوەیە بەربژێرێکی سەربەخۆ نیشانبکات. هەندێ بەربژێرمان هەیە لە نێو هیچ پارتێکدا خۆیان بەربژێر نەکردووە، یانیش هەندێ لایەن هەن، تاک بەربژێرن. بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ، لەگەڵ هەموو ئەوانە، دەنگدەر لەسەر کاخەزەکە ئەو پارێزگایە نیشان دەکات کە لێی نیشتەجێیە، واتە سەرەتا پارێزگە، دواتر پارت و پاشان بەربژێرەکەی دەستنیشان دەکات.
 
رووداو: بەدیاریکراوی کەی ئەنجام و رێژەی بەشداربوون رادەگەیێنن؟
 
عیماد جەمیل: ئەنجامەکانی ئەمڕۆ دوای ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی رادەگەیێندرێن، چونکە ئامێرەکە جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی دەکات و لیستی ئەنجامەکانمان پێ دەدات. بەشێک لەو لیستانە تەنیا بە چاودێرەکانی نێو بنکەکان دەدرێت. ئەو لیستانە بە دیواری بنکەکانەوە هەڵدەواسرێن بۆ ئەوەی تەواوی چاودێرانی دیکە ئەنجامی وێستگەکان وەربگرن. بەڵام راگەیاندنی ئەو ئەنجامانە، وەک گوتم، لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی گشتی ئاشکرادەکرێن. ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی 24 کاژێر دوای تەواوبوونی دەنگدانی 20ی 10 ئاشکرادەکرێن.
 
رووداو: ئەمڕۆ ئەنجامەکە راناگەیێنن؟
 
عیماد جەمیل: بە هەموو وردەکارییەکانەوە لەگەڵ ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیێندرێت.
 
رووداو: تا کەی سکاڵاکانی دەنگدانی تایبەت وەردەگرن؟
 
عیماد جەمیل: 48 کاژێر دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان پێشكێشكردنی سکاڵا بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: سندووقەکانی دەنگدانی تایبەت لە کوێ دەپارێزرێن؟
 
عیماد جەمیل: سندووقەکانی دەنگدان، دوای تەواوبوونی دەنگدان و هەژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی، بە گوێرەی پلانێکی لۆجیستی دەگوازرێنەوە. ئەم پلانەش پاراستنی ئەمنیی تووندی بۆ دابینکراوە. لە وێستگەکانی دەنگدانەوە دەگوازرێنەوە بۆ کۆگای نووسینگەکان لە پارێزگەکان.
 
رووداو: بۆ دەنگدانی زیندانی و نەخۆشەکان بنکەی دەنگدانی گەڕۆک هەیە؟
 
عیماد جەمیل: لە هەرێم ژمارەیەکی کەمی زیندانی هەیە. هەروەها کاتێک تیمەکانمان نارد بۆ ئەوەی داتاکانیان نوێبکرێنەوە، هەندێکیان بەڵگەنامەیان نەبوو و رەتیانکردەوە دەنگ بدەن. بۆیە ژمارەیەکی ئەوتۆمان نەبوو کە وێستگەیان بۆ بکەینەوە. تەنانەت لە دەنگدانی گشتیشدا، ژمارەیەکی جێگیری نەخۆشمان نییە کە لە نەخۆشخانەکاندا بمێننەوە. بۆیە ناتوانین هەڵبژاردن لە نێو نەخۆشخانەکاندا بکەین، چونکە کارەکە لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت. پێشتر کارتی بایۆمەتری نەبوو. تەنیا ناسنامەی هاووڵاتی پێویست بوو بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگبدات، بەڵام ئێستا نا، پێویستە دەنگدان بە کارتی بایۆمەتریەوە بکرێت.
 
رووداو: فۆرمی دەنگدان تا کەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە دەپارێزرێت؟
 
عیماد جەمیل: ئەنجامی کۆتایی بە تەواوی راگەیێندرا، دوای ئەوە بڕیارێک لە لایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە دەردەکرێت بۆ لەنێوبردنی ئەو کاخەزە.
 
رووداو: تا کەی لە کۆگاکاندا دەمێنێتەوە؟
 
عیماد جەمیل: تا ئەو کاتەی کار بەردەوامە و پێویستی پێ نامێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە