سکرتێری گشتیی وەقفەکەی: بیرمان لەوە کردووەتەوە دانیێل میتێران بخرێتە نێو پەرتووکی قوتابخانەکانی کوردستان

18-11-2024
حوسێن عومەر
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیمانوێل پۆالان، سکرتێری گشتیی وەقفی دانیێل میتێران
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیمانوێل پۆالان، سکرتێری گشتیی وەقفی دانیێل میتێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل پۆالان، سکرتێری گشتیی وەقفی دانیێل میتێران رایگەیاند، پڕۆژەیان هەیە لە کوردستان لە بواری رووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوا وەکو چاندنی دار و بیریان لەوە کردووەتەوە، دانیێل میتێران بخرێتە نێو پەرتووکی قوتابخانەکانی کوردستان.
 
ئیمانوێل پۆالان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی رێوڕەسمی یادکردنەوەی دانیێل میتێران لە هەولێر، لەبارەی هەڵوێستی دانیێل میتێران لەسەر کورد بە رووداوی گوت، "هەموو کات دەیگوت کورد لەناو یەکدا هەمیشە برا بن".
 
سکرتێری گشتیی وەقفی دانیێل میتێران باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و کولتوورییەکانی کوردستان و فەرەنسا دەکات، دەڵێت "هەموو کات پێویستمان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەیە".
 
باس لە هەڵوێستێکی کوردستانیش دەکات، کاتێک وەقفی دانیێل میتێران رووبەڕووی سەختی و لاوازی بووەتەوە، کوردستان هاوکاری وەقفەکەی کردووە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: لەبارەی رۆڵی دانیێل میتێران بۆ پشتگیریی گەلی کورد چیتان لە یادە؟
 
ئیمانوێل پۆالان: دوو یادگاریم لە بیردێت. یەکەمیان بەڕاستی ئەوەی لەبارەی کوردەوە پێی دڵگران بوو، کاتی هێرشی سەدام حوسێن بوو دژی هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە. هەروەها هەوڵی ئەو بۆ دەستوەردان و بەهاناوەچوونی کورد و ناساندنی دۆزی کورد. ئەوە یەکەم بابەتە کە لە بیرمدا ماوەتەوە. بابەتی دووەمیش بەڕاستی زۆر سەرنجڕاکێشە بۆم، کە هەموو کات دەیگوت کورد لەناو یەکدا هەمیشە برا بن، بۆ ئەوەش هەموو کات هەوڵی دەدا، ئەو هیوایەی ئەو بەردەوام هەیبوو کورد لەنێو یەکدا برابن، دووەم بیرهێنانەوەی منە لەگەڵ دانیێل میتێران، کاتێک کە باسی کورد و کوردستان دەکەین.
 
رووداو: ئێوە وەکو وەقف، چۆن میراتەکەی دانیێل میتێران دەپارێزن لەبارەی پشتیوانی لە مافی گەلی کورد بەتایبەت؟
 
ئیمانوێل پۆالان: من چانسم هەبوو کە سێ ساڵ لەگەڵ دانیێل میتێران کار بکەم. دەرفەتم هەبوو لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی چەندین جار کۆببمەوە. هەروەها دەرفەتم هەبوو چەندین جار لەگەڵ سەرۆک جەلال تاڵەبانی کۆببمەوە، ئیتر من ئەو پەیوەندییەم پاراست. ئێمە جارێکیان رووبەڕووی سەختی بووینەوە، کاتێک بوو کە وەقف زۆر لاواز بوو، کوردستان هاوکاریی ئێمەی کرد تاوەکو وەقفی دانیێل میتێران بپارێزین، ئەوەش ساڵی 2009 بوو، بۆیە ئێمەش لەو کاتەوە لە لایەکەوە یادکردنەوەی دانیێل میتێرانمان پاراست و لەلایەکیشەوە پەیوەندیمان لەگەڵ کوردستان پاراست، چونکە ژیلبێر میتێران چەند جارێک هاتە کوردستان بۆ پێشکێشکردنی خەڵاتی دانیێل میتێران بۆ ژنانی پێشمەرگە و کەنداڵ نەزان کە سەرۆکی ئینستویتی کوردیی پاریسە. پاشان ئێمە هەندێک بەرنامەی گەشەپێدانمان دانا بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لەکاتی شەڕ دژی داعشدا کۆچبەر بوون. هەروەها ئێمە هەندێک بەرنامەی پێگەیاندنمان جێبەجێ کرد و هەندێک کاری پێگەیاندنی گەنجانمان کرد بۆ ئەوەی ئەوانیش دواتر منداڵەکان پێبگەیێنن. تاوەکو ئەمڕۆش پرۆژەیەکمان بەردەوامە، کە بەشێوەیەکی کرداری نزیکەی 10 ساڵە کاری لەسەر دەکەین. ئێستاش بیر لە پڕۆژەیەکی نوێ دەکەینەوە، پڕۆژەیەک کە بۆ چالاکییەکانی کەشوهەوا و بەتایبەت بۆ چاندنی دار. هەموو کاتێکیش بە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە کوردییەکان، بەڕاستی ئەو خەمخۆرییەی ئێمە هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ کورداندا.
 
رووداو: ئێستا دوای چەند ساڵ لە کۆچی دوایی دانیێل میتێران، دەتوانین بڵێین ئێستا لە فەڕەنسا نەوەیەک هەیە دۆزی کورد دەناسێت و پشتیوانی دەکات؟
 
ئیمانوێل پۆالان: راستییە کە کوردستان بووە بە هەرێمێکی فیدراڵیی لە عێراق، راستییە کە ئینستویتی کوردی زۆر چالاکە لە پاریس، راستییە کە وەقفی دانیێل میتێران هەمیشە بەردەوامە بۆ پاراستنی پەیوەندی و دانوستاندن، ئەمانە هەموویان وایان کردووە ئەمڕۆ کوردستان لە فەرەنسا ناسراو بێت؛ کورد لە فەرەنسا ناسراو بێت، تاوەکو کورد لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراو بن، ئەوە شتێکی زۆر گرنگە، بەتایبەت لەم ساڵانەدا کە ئاڵۆزییەکی هەرێمیی هەیە. هەندێک جار پەیوەندی لەنێوان کورد و فەرەنسییەکان، لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و حکومەتی فەرەنسا پەیوەندی گرنگن. بۆ من شانازییەکی گەورەیە ئەم بەیانییە دەمتوانی سڵاوێک لە سەرۆک بارزانی بکەم، چانسم هەبوو لە رێگەی دانیێل میتێرانەوە ئەو بناسم، هەبوونی ئەو رێگە دەدات هەمیشە پەیوەندی نێوانمان بەهێزتر ببێت.
 
رووداو: ئایا دەتوانین بڵێین ئێستا پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلی کورد و فەرەنسی بەهێزن، یانیش پەیوەندییەکان پێویستی بە پێشخستنی زیاتر هەیە؟
 
ئیمانوێل پۆالان: ئێمە هەموو کاتێک پێویستیمان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەیە، بەڵام ئەوە راستییە، کە سکرتێری گشتیی ئینستویتی کوردی، کە لە هەمانکاتدا مامۆستایە لە زانکۆیەکی فەرەنسا ئەویش رێگەدەدات پەیوەندییەکان بەهێزبن. هەموو کاتێک پێویستی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەیە، دەبێت هەموو کات پەیوەندییەکان پتەوبکرێن، بەڵام بەهەرحاڵ بە بڕوای من پەیوەندی لەسەر بنەمایەکی باشە و ئێمە هەموو کات رژدین کە بەشداربین لەگەڵ هەموو ئەولایەنانەی بیانەوێت پەیوەندییەکان بەهێز ببن.
 
روووداو: ئەگەر بمانەوێت باسی پەیوەندیی فەرمی بکەین لەنێوان حکومەتی کوردستانی عێراق و حکومەتی فەرەنسادا، ئێوە چۆن ئەو پەیوەندییانە هەڵدەسەنگێنن؟
 
ئیمانوێل پۆالان: وەک من بینیم، زۆر گرنگە. وەکو نموونە باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا هاتبوو بۆ ئەم بۆنەی 100 ساڵەیەی لە دایکبوونی دانیێل میتێران، ئەوە نیشانەیەکی تەواو گرنگە. هەروەها باسی کۆنسووڵ دەکەین کە سەرپەرشتیاری ئەم بۆنەیە بوون، هەروەها باڵیۆزی فەرەنسا. بۆ وەقف پەیوەندییەک کە ئێمە بەبەردەوامی لەگەڵ کوردستان دروستی دەکەین، بەشێکە لەو شتانەی کە وەزارەتی کاروباری دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ زۆر لە بارەیانەوە هەستیارن، ئێمە وەکو وەقف بەشێوەیەکیش لە شێوەکان وەکو باڵیۆزێکین نەوەکو بۆ فەرەنسا، لە کوردستان، چونکە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوە تەواو ئاگادارن لەو شتانەی ئێمە دەیکەین و ئەوەش نیشانەیەکی باشە. پاشانیش ئێمە بەردەوامین لە بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییانە. دوای ساڵێک لە گیانلەدەستدانی دانیێل میتێران، مەسعود بارزانی بە بەشداریی ژمارەیەک وەزیر هاتە پەرلەمانی فەرەنسا بۆ بەشداربوون لە بۆنەی رێزگرتن لە دانیێل میتێران. لە ئەنجامدا ئەو پەیوەندییەیە کە ئێمە دەکاتە یەک و پتەوی دەکات لەنێوان وەقف و کوردستان، بەشێوەیەک هەمیشە رۆڵ دەگێڕێت بۆ پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستانی فیدراڵ لە عێراق.
 
رووداو: لە ئاستی کولتووریدا ئێوە رازین لە پەیوەندییە کولتوورییەکانی نێوان هەردوو گەلان، مەبەست کورد و فەرەنسییەکان؟.
 
ئیمانوێل پۆالان: من دەزانم ئینستویت زۆر گرنگی بەوە دەدات. چانسی من هەبوو چەندین جار شڤان پەروەر ببینم، وەکو نموونە ئەو بەشداری رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دانیێل میتێران بوو، ئەو گۆرانییەی ئەم بەیانییەش گوتی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەشدا گوتبووی، ئەوەش نیشانەی پەیوەندییەکی بەهێزە. هەروەها لەبارەی میوزیک و هۆنراوەشدا. بەهەرحاڵ بەلای منەوە لەبارەی کولتوور، ئەوەی من دەیبینم لە کولتووری کوردیدا و زۆر جوانە ئەوەیە، زۆر بەرفراوانە؛ کولتوور لێرە لە کوردستان کولتوورێکی کوردیی سوورییە، کوردی ئێرانیی و کوردیی عێراقییە، بێگومان ئیدی بۆ ئێمە وەکو وەقف کاتێک باسی کولتووری کوردی دەکەین پەیوەندییەکی بە کوردستانی گەورەوە هەیە، کە ئەو کولتوورە دروستبووە. ئەمە لەسەر ماڵپەڕی ئێمە و ئینتەرنێتیش هەیە. ئێمە تەنیا باسی کوردستانی عێراق ناکەین و باسی کوردستان بەگشتی دەکەین، بەشێوەیەک لەشێوەیەکان کولتوور ئەوە رێگەیەمان پێ دەدات.
 
رووداو: ئەگەر باسی وەقف بکەین، ئێوە چی چالاکییەکتان لە کوردستان هەیە؟ بیرتان کردووەتەوە فراوانی بکەن؟
 
ئیمانوێل پۆالان: ئێستا دوو چالاکیی سەرەکیمان هەیە. چالاکییەک بەرنامەیەکە بۆ هاوکاریکردنی منداڵان و کۆچبەران بەگشتی لە کوردستان، هەروەها بەرنامەی دووەم لەبارەی کەشوهەوا و چاندنی دارە. بابەتێکی دیکەش کە ئێمە باسی دەکەین و سێ رۆژە لێرەین، بیرۆکەی پڕۆژەیەکی یادکردنەوە دەبێت، بەشێوەیەک کە پەیوەندی لەنێوان دانیێل میتێران و مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی توانیبێتی بە بەردەوامی لە کولتووری کوردیدا جێگەی خۆی بگرێت، لە ئەنجامدا کارێک بکرێت لە رێگەی نووسین و وێنەوە بۆ گەنجی کورد، بیرۆکەیەک کە دانیێل میتێران، دایکی کوردان هەموو کاتێک هەیبوو. ئەوەش دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بە جۆرێک بێت دانیێل میتێران جێگەی خۆی لە پەرتووکی قوتابخانەکانی کوردستانی عێراق و مێژووی کوردستاندا بگرێت، ئەویش کارێکە دەمانەوێت پێشی بخەین و جێبەجێی بکەین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن.

جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.