یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە: دەسەڵاتی شەرعیی سووریا رژێمی بەشار ئەسەدە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پرۆفیسۆر ئیلهان ئۆزگەل، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی جەهەپە و وەزیری کاروباری دەرەوەی کابینەی جەهەپە رایگەیاند، بۆ جەهەپە هێز و دەسەڵاتی شەرعی لە سووریا، رژێمی بەشار ئەسەدە.
 
ئیلهان ئۆزگەل لەبارەی کۆبوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل و بەشار ئەسەد دەڵێت "داخوازیی خۆمان لە رێگەی فەرمی و نیمچەفەرمی پێشکێشی شام کرد، شام و ئەسەد ئاگاداری ئەو داخوازییانەی ئێمەن و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین، ئەوانیش ئەو پێڤاژۆیە لەنێو خۆیاندا هەڵدەسەنگێنن، سووریا ناوچەیەکی هەستیارە و پێڤاژۆش هەستیارە و وەکو وڵاتێکی ئەورووپی نییە، وەکو سەردانێکی دیپلۆماتیی ئەورووپی نییە، لەبەرئەوە من پێموایە بۆ چاوپێکەوتن هەندێ کات پێویست بێت. لەلایەکی دیکەشەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای بینینی لە بەشار ئەسەد کردووە، بەڵکو کۆببنەوە."
 
ئۆزگەل لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد گوتی "ئێمە، دژی کۆبوونەوەیان نین و پارێزگاری لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان دەکەین، ئێمە دەخوازین پەیوەندیی تورکیا و وڵاتانی دراوسێ ئاسایی بن، ئەو پێشمەرجەی ئەسەد نوێ نییە، بەڵام پێمانوایە یەکبینینێکی گرنگە و هیوادارم سەربگرێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئیلهان ئۆزگەل:
 
رووداو: پێش ماوەیەک لەسەر هەژماری خۆت گوتت "سیاسەتی تورکیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سیاسەتی سووریا و سیاسەتی پەنابەران تێکچووە." بە بڕوای ئێوە ئەڵقەی زنجیرەکە لە کوێ پچڕاوە و سەرەتا هەڵەکان چی بوون؟
 
ئیلهان ئۆزگەل: هەڵەکە هەر لە سەرەتاوە دەستیپێکرد و ئەڵقەی زنجیرەکە لەوێ پچڕا، ویستیان بە ئەمریکا بەشار ئەسەد بڕووخێنن، نابێ تۆ بە دەستی ئەمریکا وڵاتێکی دراوسێی خۆت بڕووخێنی، وەکو سیاسەتی دەرەوە ئەوە کارێکی زۆر هەڵە بوو، هەڵەکە لەوێوە دەستیپێکرد و بەردەوامیش بوو. ئەو سیاسەتە لە بەرژەوەندیی گەلی تورکیا و ناوچەکەش نەبوو، لە سیاسەتدا نابێ تۆ دوور لە راستییەکان هەنگاو بنێیت و ئەو هەنگاوانە لە بەرژەوەندیی تورکیادا نابن، هەڵەکە لەوێوە دەستیپێکرد.
 
رووداو: دەبوو چی کرابا، تورکیا چی کردبا؟
 
ئیلهان ئۆزگەل: ئەوە مشتومڕێکی نوێ نییە، ئێمە لەو قۆناخانە دەربازبووین، وەکو گوتم: نابێ تورکیا رژێم و دەسەڵاتی دراوسێی خۆی بگۆڕێت. تورکیا دەیتوانی دەروازە سنوورییەکانی دابخات و بڕیاری سیاسی بدات و نەچێتە نێو شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکەوە و هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتی سووریا بدات. هەموو ئەمانە نەکرا و سیاسەتی گۆڕینی رژێم و دەسەڵاتی سووریا پەیڕەو کرا، بەپێی ئەو پلانە ئیخوان موسلیمین دەهاتنە سەر دەسەڵاتی سووریا، کە شکستی هێنا.
 
رووداو: میدیا بڵاویان کردەوە بەشار ئەسەد رازی بووە لەگەڵ بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل کۆببێتەوە. ئایا هیچ وەڵامێکتان لە دیمەشق وەرگرتووە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل و بەشار ئەسەد؟ کەی کۆدەبنەوە؟
 
ئیلهان ئۆزگەل: تائێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە، داواکارییەکانمان لە رێگەی فەرمی و نیمچە فەرمییەوە پێشکێشی شام کردووە، شام و ئەسەد ئاگاداری داواکارییەکانمانن بۆ کۆبوونەوە و ئێمە چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین. هەروەها ئەم پێڤاژۆیە لەنێو خۆیاندا هەڵدەسەنگێنن، وەک دەزانن سووریا ناوچەیەکی هەستیارە و پرۆسەکەش هەستیارە، پرۆسەکەی وەک پرۆسەی وڵاتانی ئەورووپا نییە. وەکو سەردانێکی دیپلۆماسی بۆ ئەورووپاش نییە. بۆیە پێموایە کاتی زیاتری دەوێت تاوەکو کۆبوونەوەکە بکرێت. دەزانن رەجەب تەیب ئەردۆغانیش دەیەوێت لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببێتەوە، رەنگە ئەردۆغان و بەشار ئەسەدیش کۆببنەوە.
 
وەک گوتم، هەژموونی ئێران و رووسیاش لە سووریا هەیە و ئێمە هەموویان لەبەرچاو دەگرین، رژێمی بەشار ئەسەد ئەو دۆخە لەبەرچاو دەگرێت. لەبەر ئەم بارودۆخە دەڵێم، کۆبوونەوەکە کاتێکی زیاتری دەوێت.
 
رووداو: ئەگەر دیدارەکە سەریگرت ئێوە کام پرس دەکەنە پێشینە و لەسەر چی گفتوگۆ دەکەن؟
 
ئیلهان ئۆزگەل: دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە حکومەتی ئاکپارتی، هیچ هەنگاوێک لە مەسەلەی سووریادا نەنێت و چیدی ناتوانێت هەنگاو بنێت، ئاکەپە هیچ شتێکمان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی سووریا بەتایبەتی کێشەی پەنابەران پێناڵێت، پێدەچێت هیچ پلانێکی بۆی نەبێت. روون نییە چارەنووسی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چی دەبێت. کەس نازانێت پلانەکەیان لە ئیدلب چییە؟ ئەسەدیش گوتی 'لەپێناو کۆبوونەوە، کۆبوونەوە ناکات"، دەبێت کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمایەکی دیاریکراو بکرێت، دەبێت پلانێک هەبێت بۆ کۆبوونەوەکە. ئامانجمان کردنەوەی گرێیەکان و رەخساندنی زەمینەیەکە بۆ چارەسەرکردنیان.
 
رووداو: بەشار ئەسەد باسی لە بانگهێشت و بانگەوازەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیای لە خاکی سووریا کرد وەک پێشمەرجێک بۆ کۆبوونەوەکە. تۆ چی دەڵێیت سەبارەت بە مەرجی پێشوەختەی ئەسەد؟
 
ئیلهان ئۆزگەل: ئەم پێشمەرجەی بەشار ئەسەد نوێ نییە. وەزارەتی دەرەوەی سووریاش چەند رۆژێک لەمەوبەر له بەیاننامەیەکدا ئەو پێشمەرجانەی راگەیاند، بەڵام بۆ راستییەکان پێویسته دابنیشتن و دانوستاندن بکەن. 
 
ئێمە دژی کۆبوونەوەیان نین و پارێزگاری لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان دەکەین، ئێمە دەخوازین پەیوەندیی تورکیا و وڵاتانی دراوسێ ئاسایی بن، ئەو پێشمەرجەی ئەسەد نوێ نییە، بەڵام پێمانوایە کۆبوونەوەیەکی گرنگە و هیوادارم سەربگرێت.
 
رووداو: دوای رووداوەکانی شاری قەیسەریی تورکیا، گرژی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەریهەڵدا و لە هەندێک شوێندا خۆپیشاندان دژی هێزەکانی تورکیا کرا. ئێستا بەشێک لە خاکی سووریا لە ژێر دەستیاندایە. ئایا لەگەڵ ئەوانیش کۆدەبنەوە؟
 
ئیلهان ئۆزگەل: نەخێر! چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی دەزگای هەواڵگریی تورکیادان، تورکیا مووچەیان دەداتێ. ئێمە دژی بوونی پێکهاتەیەکی وەهاین. ئەگەر جەهەپە بگاتە دەسەڵات، ئێمە بەتایبەتی کار لەسەر مەسەلەی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەین. ئێستا لەو بارەوە کاردەکەین. دەبێت چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە. بێگومان دەبێت لەگەڵ رژێمی شەرعی دیمەشق کۆببنەوە و کۆببینەوە.
 
سوپای ئازادی سووریا (OSO) وەک میراتی دەسەڵاتی ئاکەپە بۆ ئێمە دەمێنێتەوە، ئێمە وەک پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا هیچ پلانێکمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ (OSO)ـدا نییە.
 
هێز و دەسەڵاتی شەرعی لە سووریا رژێمی بەشار ئەسەدە، بژاردەی سەرەکیمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کۆبوونەوەیە لەگەڵ رژێمەکەی بەشار ئەسەد.
 
رووداو: لە ساڵی 2013ـدا ئاکەپە چەند جارێک لەگەڵ ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە کۆبووەوە. پاشان کۆبوونەوەکە کۆتاییهات. ئەگەر جەهەپە بگاتە دەسەڵات، ئایا لەگەڵ پەیەدە کۆدەبێتەوە؟
 
ئیلهان ئۆزگەل: دەمەوێت ئەوە بە روونی بڵێم کە لە سووریا جگە لە رژێمی بەشار ئەسەد، چاومان بە هیچ کەسێکی دیکە ناکەوێت، بۆ ئێمە هێزی شەرعی لە سووریا بەشار ئەسەدە.
 
رووداو: بە بڕوای جەهەپە تەنیا کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد کێشەی تورکیا و سووریا چارەسەر دەکات؟
 
ئیلهان ئۆزگەل: چەند کلیلێک بۆ ئەم کێشەیەی سووریا هەن. یەکێک لەوانه کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەشار ئەسەد. سووریا وڵاتێکی دراوسێیە و تەنیا لە بەشار ئەسەد پێکنەهاتووە. هێزێکی گەورەی وەک ئەمریکا و رووسیا هەن، ئێرانیش هەیە. بەبێ بەشداریکردنی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی کێشەی سووریا چارەسەر ناکرێت. ئەگەر پێویست بکات پێویستە ئەمریکا، رووسیا و ئێران لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا کۆببنەوە. ئەسەد تەنیا لایەنێکی کێشەکەیە، دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی پێویستە، کێشەی مرۆیی هەیە، کێشەی کۆچبەران هەیە. بەشار ئەسەد وەک سەرکردەی ئێستا، دەسەڵاتی بەسەر هەموو خاکی سووریادا نییە. هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ سەرۆکێکی ئاوا سەختە.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەو کاتەی بە ئێمەت بەخشی.
ئیلهان ئۆزگەل: من سوپاسی ئێوە دەکەم. رۆژێکی خۆش.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر.

کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا بۆ رووداو: پێویستمان بە کۆچبەرە

کڵاوس شترایشەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەڵمانیا وڵاتێکە پێویستی بە کۆچبەرە" و، روونیکردەوە کە ئەڵمانیا پێویستی بەوەیە کەسانی "بەتوانا و لێهاتوو" بە رێگەی یاسایی کۆچ بکەن بۆ ئەڵمانیا، یاسایەکی تازەی ئاسانکاریکردنیش لەوماوەیەدا دەردەچێت لە ئەڵمانیا.