کۆنسوڵی بەریتانیا: هانی گفتوگۆیەکی راستەقینە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەدەین

17-04-2024
نمە نەبەز
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا هانی گفتوگۆیەکی راستەقینە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەدات. "سەرسام"یشە بە پەیوەندیی "گەرمی" نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان. ئەو دەڵێت، وڵاتەکەی "هێزی سەربازیی گرنگ"ی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
 
جەیمز گۆڵدمان باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ئازادیی رادەربڕین، شەڕی داعش و چەند پرسێکی دیکەیش کرد. نمە نەبەز، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینی لەگەڵ کردووە. 
 
کۆنسوڵی بەریتانیا بە "پێویست"ی زانی "بە زووترین کات" هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. لەبارەی داعش گوتی، شکێنراوە، بەڵام وەدەر نەنراوە. باسی لە ئازادیی رادەربڕینیش کرد: دەبێتە مایەی حوکمڕانییەکی باشتر. 
 
"کوردستان هەرێمێکی زۆر جوانە"، کۆنسوڵ ئەمەی گوت. دەشڵێت، زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سڵاوتان لێ بێت. من نمە نەبەزم لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵتانم. بەریتانیا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییان پێکەوە هەیە و بەریتانیا زۆر بایەخ بە گەشەسەندنی ناوچەکە دەدات و لە زۆر کەرتدا یارمەتیی پێشکێش دەکات و پشتیوانی دەکات لە هەرێمەکەدا. لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و گەشەدان بە بواری خوێندنی باڵا و چەند کەرتی دیکەدا بەشدارە.  
 
خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ دەرفەتم بۆ رەخساوە زیاتر باس لە پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بکەین و لەسەر هەڵوێستی بەریتانیا لەبارەی زۆر کێشەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بپرسم. لەگەڵ میوانەکەم، بەڕێز جەیمز گۆڵدمان، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، ئەم مژارانە گەنگەشە دەکەین. خۆشحاڵم کە لەگەڵمانیت، زۆر سوپاس کە وەڵامی داواکەمت دایەوە. 
 
جەیمز گۆڵدمان: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان. زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ بتوانم ئەو گفتوگۆیەتان لەگەڵ بکەم.   
 
رووداو: سوپاس. کوردستان و بەریتانیا پەیوەندییەکی درێژی مێژووییان هەیە. پلانی بەریتانیا بۆ زیاتر بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە چییە؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: سەرەتا، من مانگی تشرینی دووەم هاتووم و یەکەم شت کە زۆر سەرسامی کردم ئەو پەیوەندییە گەرمە راستەقینەیە کە لەنێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستاندا هەیە. کاتێک بە هەرێمەکەدا گەڕام ئەوەم بینی. پەیوەندییەکی درێژی مێژوویی هەیە: خەڵکانێک لە بەریتانیا خوێندوویانە و خەڵکانێک لەگەڵ کۆمپانیاکان یان حکومەتی بەریتانیادا کاریان کردووە. هەروەها خەڵکانێکیش هەن دوو وڵاتینامەی عێراقی و بەریتانییان هەیە. پەیوەندییەکە لە گەشەکردن بەردەوامە و پێموایە باشترین بەڵگەی ئەوەش کۆنسوڵخانەکەمانە کە لە رووی ژمارەی ئەو کەسانەی کاری تێدادەکەن لە هەر کاتێکی دیکە زیاترە. ئەوەیش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە وەک کۆنسوڵخانە کار لەسەر دەرفەتە نوێیەکان دەکەین. بۆ نموونە، لە بواری فەرهەنگی و پەیوەندیی بازرگانی و زۆر بواری دیکەدا کە لێرە دەرفەتی ناوازەیان تێدایە بۆ پەیوەندیی زیاتر، وەک پەروەردە کە یەکێکە لە گرنگترینەکان. هەروەها ئێمە لە زۆر ئاڵنگاریدا هاوبەشین، وەک تاوانی رێکخراو و گۆڕانی کەشوهەوا و هەروەها مەترسییەکانی داعش و تیرۆریستان. پەیوەندییەکی گەرم و مێژووییە، بەڵام ئێمە بۆ ئەم پەیوەندییە پەرۆشین و چاومان لەوەیە گەشەی پێ بدەین. دڵنیام دەرفەتمان هەیە کە وردتر قسە لەسەر هەندێک لەو بوارانە بکەین. 
 
رووداو: باشە. پێتوایە دواکەوتنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان گرفت بۆ زیاتر بەهێزبوونی ئەم پەیوەندییە باشەی نێوان کوردستان و بەریتانیا دروست بکات؟ ئینجا ئێوە وەک نوێنەرایەتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان چ هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن کە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی روون بکرێت؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: ئەمە بابەتی رۆژە و پرسیارێکی زۆر گرنگە. بەڕاستی ئێمە پێداگرین، من وەکو کۆنسوڵی گشتی پێداگرم لەسەر ئەوەی قسە لەگەڵ هەموواندا بکەم. ئێمە قسە لەگەڵ هەموو حیزبەکان و نوێنەرایەتییەکانی ئێرەدا دەکەین. هەروەها ئێمە گوێمان لە هەر هەموویان گرتووە و لە دیدگا جیاوازەکان تێدەگەین، بەڵام بابەتە سەرەکییەکە بۆ بەریتانیا کە دەبێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییشی بڵێم، ئەوەیە کە پێویستە هەڵبژاردن بکرێت. پێویستە بە زووترین کات بیکەن. لەبەر دوو هۆ: یەکەمیان، چونکە گرنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و روون و گشتگیردا گوێ لە دەنگیان بگیرێت، ئەوەش بربڕەی دیموکراسییە و بۆ خەڵکی ئێرەش زۆر گرنگە. دووەمیان، ئەوەیە کە بەتایبەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگە، کە ویلایەتەکەی نوێبکاتەوە و دووبارە شەرعیەت بداتەوە بەخۆی تاوەکو بتوانێت زۆر بابەت بباتە پێشەوە، کە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کاریان لەسەر دەکات. جا بە لای ئێمەوە ئەوە زۆر گرنگە بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەوەی بەرەوپێش بڕۆین بەرەو داهاتوویەکی رووناک.
 
رووداو: دڵنیام ئاگاداریت کە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان کێشەی بۆ خەڵک و بۆ پرۆسەی سیاسی دروست کردووە. ئایا هانیان دەدەیت کە زیاتر هاوئاهەنگی بکەن و پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بکەن؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: وەکو گوتم، قسە لەگەڵ هەموواندا دەکەین. ئێمە باسی دیموکراسی دەکەین، پێکهاتەیەکی تەندروستی دیموکراسیش ئەوەیە کە حیزبەکان دیدگای جیاوازیان هەبێت، بەو جۆرە ئەنجامی باشترمان دەست دەکەوێت. ئاڵنگارییەکان بۆ حکومەت گرنگن؛ گرنگن بۆ دڵنیاییدان بە حوکمڕانییەکی باشتر و روون و ئەنجامێکی باشتر بۆ ئەو خەڵکانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین. هەرچەندە دووەم خاڵ کە دەمەوێ لێرەدا باسی بکەم ئەوەیە لە لایەنی حکومەت و هاوپەیمانێتییشەوە، ئەوە گرنگە کە حکومەت بتوانێت کار لەسەر ئەو کێشانە بکات کە گرنگیی هەرێمایەتییان هەیە، بتوانێت ئەنجامی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان پەیدا بکات و پێکەوە کاربکەن. ئێمە وەک بەریتانیا کاتێک لەگەڵ حیزبەکاندا قسە دەکەین، پێداگرانە هانیان دەدەین و داوایان لێدەکەین پێکەوە کار لەسەر ئەو جۆرە کێشانە بکەن کە گرنگیی نیشتمانییان هەیە، کە پێویستیان بەوەیە پێکەوە کاریان بۆ بکرێت بۆ بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمەکە. ئێمە لە گفتوگۆکانماندا پێداگرانە داوای ئەوەیان لێ دەکەین و لەهەر شوێنێک بتوانین هاوکاری بکەین، بە دڵنیاییەوە دەیکەین. 
 
رووداو: وەکو نوێنەری بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، بۆچوونت لەسەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بۆ نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان، کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان چییە؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: رەنگە لەو بارەیەوە دوو شت هەبن: دەیڵێمەوە و رەنگە وەک دووبارە ش بێت، ئێمە لێرە سەردانی سەرکردەی ژمارەیەک لە کەمینەکانمان کردووە و قسەمان لەگەڵ کردوون، لەم ماوەیەدا لە لالش بووم. بۆیە لە بۆچوونی جودای حیزبەکانی ئێرە دەگەم، بەڵام دواجار ئەوە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بوو. پێموانییە بۆ بەریتانیا شیاو بێت قسە لەسەر بابەتەکانی دەسەڵاتی دادوەری بکات. پێموایە ئەو خاڵەی تازە لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و بەرەوپێشچوونیەوە باسمان کرد زۆر گرنگە. زۆر گرنگە بە زووترین کات بکرێت. بە تەواوەتی هانی هەموو حیزبەکان دەدەین کە دڵنیایی بدەن لەو پرۆسەیەدا و لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و لە دانوستاندنەکانی حکومەت لەگەڵ بەغدا لەبارەی داهاتووی ئەو جۆرە ژینگە سیاسییەی دواتریدا مافەکانی کەمینەکان بپارێزرێن. 
 
رووداو: هەروەها دادگەی فیدراڵی بڕیاری دیکەی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەتایبەتی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانەوە. ئەوان بەشێوەیەک کێشەیان دروست کردووە. ئێوە وەک نوێنەرایەتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، هیچ هەوڵێکتان بۆ چارەسەری ئەم کێشانە داوە؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: لەو کاتەوەی لێرەم، تا رادەیەک توانیومە بە هەموو هەرێمی کوردستاندا بگەڕێم کە زۆر خۆش بووە. هەرێمێکی زۆر جوانە. ئەمە بابەتێکە کە زۆر دێتە پێشەوە. پێموایە بە راستی لە رێگەی پارێزگار و سیاسییەکان و خەڵک و رێکخراوە ناحکومییەکانەوە تێگەیشتووین کە هەموو ئەوانەی ئەندامێکی خێزانیان مووچەخۆر بووە، پرسی مووچە کاری تێکردوون. بە راستی هەست بە کاریگەریی ئەوە دەکەین کە روودەدات. ئێمە هانی گفتوگۆیەکی راستەقینە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەدەین. پێموایە بە تایبەتی هەندێک ئاڵنگاریی تەکنیکی هەن کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. من هەفتەی پێشوو دیدارێکم لەگەڵ سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیراندا هەبوو کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەشێکە لە دانوستاندنەکە. پێموایە هەندێک هەنگاوی باش نراوە؛ لە راگەیێندراوی سەرۆکوەزیرانەوە تێگەیشتم کە مووچەی شوبات و ئادار دراون، یان خەریکە دەدرێن. ئێستا خاڵە سەرەکییەکە ئەوەیە بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش بۆ چارەسەرێکی جێگیر و بەردەوام هەیە، ئەوەش مانای وایە خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانەیەکی تەواویان هەبێت کە مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا بدرێت و ئێمەش داکۆکی لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین و پشتیوانین، چونکە ئەمە کێشەیەکی سەرەکییە کە کاریگەریی لەسەر زۆر خەڵک هەیە. 
 
رووداو: باشە. بەریتانیا لە پرۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا بەشدارە. ئایا لە پرۆسەکە رازین؟ ئایا ئێستا بەریتانیا هیچ هاوکارییەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکات؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: باسی پەیوەندیی مێژووییمان کرد، پەیوەندی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای بەریتانیا یەکێکە لە پەیوەندییە مێژووییەکان. کاتێک لە بەریتانیا لە حکومەتدا کار دەکەیت باسی ئەم پەیوەندییە دەبیستیت. ئەمە یەکێکە لە زۆر پەیوەندیی دیکە. لەم ساتەدا بەریتانیا هێزی سەربازیی گرنگی لێرە هەیە، کە بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و لەو چوارچێوەیەدا کار لەسەر راهێنانی سەربازیی پرۆفێشناڵ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و کاردەکەین بۆ دابینکردنی پرۆگرامێک بۆ راهێنانیی سەربازیی پێشمەرگە. هەروەها هەندێک پێشمەرگەمان هەن کە لە بەریتانیا هەندێک کۆرسی زۆر بەهێزی مێژوویی دەخوێنن. یارمەتییەکی زۆر بەهێز لەنێوان بەرنامەی یارمەتیدەری پەروەردەیی بەریتانیا و هەرێمی کوردستاندا هەیە. تاوەکو ئەمڕۆ وەک بەریتانیا لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە مەشقمان بە زیاتر لە 20 هەزار پێشمەرگە کردووە. ئەوە تەنیا کەمێکە لەوەی بەریتانیا وەکو بەشێک لە کاری فراوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لەگەڵ حکومەتی عێراق و پێشمەرگەدا دەیکات. وەکو بەریتانیا زۆر بە بەرەوپێشچوونەکە دڵخۆشین. دەزانم کە ئاستی ئەو پێشمەرگانەی کە دەچنە بەریتانیا بۆ بەشداریکردن لەو کۆرسانە زۆر بەرزە. بە راستی ئەوە هاوبەشی و پەیوەندییەکی زۆر ئەرێنییە و دەینرخێنین. 
 
رووداو: ئێستا هیچ مەشقێک بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن لە هەرێمی کوردستان؟ ئایا لەم ساتەدا هیچ هاوکارییەکی دارایی بۆ پێشمەرگە دابین دەکەن؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: ژمارەیەک مەشق بەردەوامن. هەمیشە و لە ئاستی جیاوازدا مەشق بە سەرەتایی و ناوەند و پێشکەوتوو دەکەین. هەروەها پشتیوانی بۆ پێشمەرگە هەیە کە بڕۆن بۆ بەریتانیا بخوێنن. کەواتە لە هەرێمی کوردستان و بەریتانیایش مەشق هەیە. 
 
رووداو: هێشتا داعش لە هەندێک شوێنی سووریا و عێراق هێرش دەکات و چالاکە. ئایا هێشتا پێتان وایە داعش مەترسیی راستەقینە بێت بۆ عێراق و ناوچەکە؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: ئەگەر وەڵامێکی سادە بدەمەوە، بەداخەوە بەڵێ. پێموایە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بە کارکردنی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، هەنگاوی گەورە نراوە لە شەڕکردن دژی مەترسییەکانی داعش. بەڵام وەکو ئینگلیز دەڵێت: "ئەوان شکێنراون، بەڵام وەدەر نەنراون." ئێمە خەمڵاندوومانە کە بەداخەوە هێشتا پێنج بۆ حەوت هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا چالاکن. ئینجا مەترسیی داعش هەر ئەوە نییە لە رێگەی چەکدارەکانیانەوە دروستی بکەن، بەڵکو بەداخەوە ئایدۆلۆجیاکەیان هێشتا لە جیهاندا سەرنجی خەڵک رادەکێشێت و بەردەوامە لە پیشاندانی مەترسییەکەیان. بەداخەوە هێشتا هێرش دەبینین کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن داعشەوە دەکرێن و زۆر بە جیدی وەریدەگرین. 
 
رووداو: ساڵێک و مانگێکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوەو بەریتانیا زۆر بە روونی قسەیان تێدا نەکردووە و لە بارەی ئەم کێشەیەوە هەڵوێستیان روون نەبووە. ئایا ئەوە لەبەر ئەوەیە کە هیچ بەرژەوەندییەکی کۆمپانیا بەریتانییەکان لەم بازرگانییەدا نییە و هیچ کۆمپانیایەکی لە کەرتی نەوتدا کار ناکەن؟ بۆچی؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: پرسیارێکی باشە. سەرەتا با روون بم، بڕیارێکی دادگەی نێودەوڵەتی هەیە کە فرۆشتنی نەوتی راگرتووە و داوای دانوستاندنی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت. هەر وەکو باسمان کرد ئەم گفتوگۆ بەردەوامە و چوونی شاند بەردەوامە، بە راستی ئێمە بۆ ئەوە هانیان دەدەین. لە رێگەی ئەو گفتوگۆیەوە چارەسەری ئەوە دەدۆزرێتەوە. بەڵام ئەم کێشەیە تایبەتە پایەی سێیەمە و، ژمارەیەک کۆمپانیای جیهانیی نەوت هەن کە بەشێکن لەم دانوستاندنە و ئەمە دانوستاندنێکی بازرگانییشە.  
 
رووداو: بەڵام ئەوە راستییە کە کاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە. 
 
جەیمز گۆڵدمان: راستە. ژمارەیەک کۆمپانیای بەریتانی هەن کە بەشێکن لە ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانەی لەمەدا بەشدارن، بەڵام ئێمە لە زۆر بابەتدا داوای گفتوگۆمان لەنێوان هەولێر و بەغدادا کردووە. ئێمە چاومان لەوەیە پشتیوانی بکەین و داکۆکییان لێبکەین و هانی هەموو حیزبەکان دەدەین کە پێکەوە کۆببنەوە. شتێکی دیکە کە دەمەوێت لەسەر ئەم بابەتە بیڵێم ئەوەیە بەریتانیا زۆر سەرنجی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوایە و شانازی دەکات کاری لەسەر بکات. ئێمە سەرنجی زۆرمان لەسەر عێراق و داهاتووی پیشەسازیی وزە و جێگیریی وزەی نوێبووەوە و کۆتاییهێنان بە بەهەدەردانی گازە. بە دوای ئەوەوەین لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتاییهێنان بە بەهەدەردانی گاز برەو پێ بدەین کە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتیشە. هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەواشدا زۆر گرنگە. 
 
رووداو: ئایا ئێستا کار لەسەر هیچ پرۆژەیەکی تایبەت بە وزەی نوێبووەوە دەکەن کە بۆ هەرێمی کوردستان قازانجبەخش بێت؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا و حکومەتدا کار و قسە دەکەین لەبارەی ئەوەی چۆن بتوانین پشتیوانی بکەین لە کۆتاییهێنان بە بەهەداردانی گاز و، ئەم بەیانییەش گفتوگۆیەکم هەبوو لەبارەی دەستپێشخەرییەکی نوێوە کە خەریکین لێیدەکۆڵینەوە، نەک لەبارەی ئەوەی چۆن بتوانین پشتیوانیی ئابووریی کەش وهەوا بکەین. 
 
رووداو: هێشتا هیچ جێبەجێ نەکراوە، بەڵام گفتوگۆ بەردەوامە. 
 
جەیمز گۆڵدمان: بەڵێ، رێک وایە. ئێمە چالاکانە چاومان لەسەر ئەوەیە بزانین دەتوانین چی بکەین. ئەوە بوارێکی گەشەکردنە بۆ ئێمە و، بوارێکە هەوڵی بۆ دەدەین تێیدا گەشە بە هاوکارییەکانمان بدەین. ژمارەیەک پرۆژەی سەرنجڕاکێش هەن کە پێموایە لە هەرێمی کوردستان پێشنیاز کراون و دەرفەتی دیکەی هاوکاری دەبن بۆمان.  
 
رووداو: لە بواری ئابووریدا پلانتان بۆ باشترکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان چییە؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: پێموایە دەبێت باسی سێ شت بکەین. ئێمە خەریکین دەگەینە کۆتایی ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی ئابوورییەوە هەمانە. چەند شارەزایەکمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کاریان لەسەر کێشەی ئابووری و ئەو شوێنانە دەکرد کە ئێمە دەتوانین رێنوێنی هەرێمی کوردستان بکەین و لە داهاتووشدا هاوکاری بکەین. ئەوە دەستپێکی گفتوگۆیەکی نوێیە. هەفتەی داهاتوودا، رەنگە ئەمە بوارێکی کەمتر بەنێوبانگ بێت بۆ هەندێک کەس، شاندێکی دەسەڵاتی باج دێن بۆ ئێرە و قسە لەگەڵ دەسەڵاتی باجدا دەکەن لە بارەی ئەوەی چۆن بتوانین  لە دیزاینکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتی باجدا پشتیوان بین. ئەمە لە ئاستی جیهانیدا بەناوبانگ نییە، بەڵام هەیە. 
 
رووداو: کەواتە ئێوە لە سیاسەتی باجدا یارمەتیی هەرێمی کوردستان دەدەن. 
 
جەیمز گۆڵدمان: بەڵێ. شاندێک دێن بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو لایەنانەی دەتوانین هاوکاری بکەین، ئەمە لەباسی ئەو بوارە نوێیانەی قسەمان لەسەریان کرد. سێیەم شت کە دەبێت ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە ئێمە گفتوگۆیەکی دوورودرێژمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە لەسەر ئەو لایەنانەی کە ئەوان بۆ وەبەرهێنان بە لەپێشتریان داناون و هەروەها چۆن بتوانین وەکو کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لەگەڵ کەرتی تایبەتی بەریتانیا کاربکەین تاوەکو سەرنجیان بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی رابکێشین. 
 
رووداو: ئەو کارە لەپێشینانە چین؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: نموونەیەکت دەدەمێ لە کەرتی پەروەردەدا.
 
رووداو: ئێوە تەواو لە کەرتی پەروەردەدا بەشدارن و پرۆگرامی چیڤنین پێشکەش دەکەن. 
 
جەیمز گۆڵدمان: بەڵێ. سکۆلارشیپی چیڤنین هەیە کە پار ژمارەیەکی باش لە خوێندکاری هەرێمی کوردستان کە 10 بۆ 12 کەس دەبن لە بەریتانیا دەخوێنن و ئەمە سکۆلارشیپێکی زۆر بەنرخە. لە راستیدا سکۆلارشیپێکی زۆر گەورەیە، چونکە هەموو شتێک لە خۆ دەگرێت. ئێستا خەریکە بە فەرمی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی دەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، کە یەکەمین هاوبەشییە لەنێوان زانکۆی لەندەن و هاوبەشەکانی ئێرەدا. جا وەبەرهێنان لەلایەن بەریتانیاوە 38 ملیۆن پاوەندە، کە بە راستی ئەو 38 ملیۆن پاوەندە قەبارەیەکی وەبەرهێنانی گەورەیە. زانکۆی لەندەن خوێندن پێشکەش دەکات و خوێندکار بڕوانامەی زانکۆی لەندەن وەردەگرێت، بەڵام لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان دەخوێنێت. ئەوە وەبەرهێنانێکی سەرنجڕاکێشە لە پەروەردە و هەروەها لە بارزگانیشدا و دەرفەتێکی ناوازەشە بۆ خەڵک بتوانن لە هەرێمی کوردستانەوە بڕوانامەی بەریتانی بە دەستبهێنن.  
 
رووداو: باشە. پار شاندێکی بەریتانیا لەبارەی رێگریکردن لە ماددەی هۆشبەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. ئایا هیچ رێککەوتنێک کراوە و ئەوە جێبەجێ کراوە؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: بەڵێ، سەرەتا خاڵێکی گشتی دەخەمە روو. ئەویش ئەوەیە کە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر، یاخود بە گشتی تاوانی رێکخراو بەتایبەتی بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەم ناوچەیە، کێشەیەکە کە کاریگەریی لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە. بەتایبەتی بازرگانیی کاپتاگۆن و ئەمفێتامین و مێت ئەمفێتامین، کاریگەری لەسەر خەڵک دادەنێن و پشێوی و تووندوتیژی و تاوان بە دوای خۆیاندا دەهێنن. هەروەها بەداخەوە ئەو گەنجانەی لێرە و لە بەریتانیا و لە ئەورووپا ئالوودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە دەبن، ئەوەش ئاڵنگارییەکی هاوبەشە. بابەتی شاندەکە و ئەوەی کە چۆن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کاری لەسەر بکەین، بوارێکە لە گەشەکردندایە و بەردەوامە لە گەشە. بۆیە ئێمە لە سێ ئاستدا کاریان لەگەڵدا دەکەین؛ ئاستی یەکەم مەشقە. ئێمە کۆمەڵێک مەشق بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستاند دابین دەکەین. دووەمیان ئامێرە. ئێمە کە لێرە لەگەڵ هاوبەشەکەماندا کار لەسەر کێشەیەکی هاوبەش دەکەین، بە درێژایی مەشقەکە ئامێریش دابین دەکەین. سێیەمیان ئەوەیە کە ژمارەیەک هاوکاریی چالاک لە هێڵەکانی لێکۆڵینەوەدا هەن و لەسەر ئەم مەترسییە هاوبەشانە پەیوەندییەک لەنێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستاندا هەیە. 
 
رووداو: ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کۆچ دەکەن بۆ بەریتانیا. ئەوانەی داوای مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە چارەنووسیان لە بەریتانیا چی دەبێت؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: سەرەتا دەڵێم، بەریتانیا شانازی دەکات بە تۆمارەکانی مافی مرۆڤەوە. پێموایە لە ئاستی جیهانیدا ئێمە لەم دەستپێشخەرییانەدا پێشەنگین. بەقاچاخبردنی خەڵک، ئەوەی باسی دەکەیت بە راستی بازرگانییەکی فریودەرانەیە. خەڵکی تووشی دۆخی ترسناک دەکەن. ئەوان بە هەموو شێوەیەک خراپ بەکاردەهێنرێن. بەداخەوە ژمارەیەک کەس لەم رێگە نایاساییەدا لە هەوڵی گەیشتن بە بەریتانیادا مردوون. هاوخەمیی خۆمان بۆ ئەو کەسانە دەردەبڕین کە ئەمە کاریگەریی لەسەر داناون، هەر بۆیە ئێمە هانی هیچ کەسێک نادەین کە بیەوێت ئەم رێگە زۆر مەترسیدارە بگرێتەبەر. لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەین تا یارمەتییان بدەین خەڵکی پاشگەز بکەنەوە لە شتێک کە زۆر مەترسیدارە کە بتەوێت بە نایاسایی کۆچ بکەیت بۆ بەریتانیا. لە وەڵامی پرسیارەکەتدا دەڵێم، ئەگەر بنەمایەکی یاساییت نەبێت بۆ مانەوە لە بەریتانیا، ئەوا داوات لێدەکرێت بەریتانیا بەجێبهێڵیت. ئەوەش هەمان شتە کە لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە، پێویستە بنەمایەکی یاساییت هەبێت بۆ مانەوە لە بەریتانیا. جا دوای هەر هەوڵ و رێگەیەک کە بۆ مانەوە لە بەریتانیا گرتووتەتە بەر کە زۆر ماندووکەر بووە، ئەگەر دەرکەوت کە ئیدی تۆ بنەمای یاساییت نییە، ئەوا داوات لێدەکرێت کە جێیبهێڵیت.  
 
رووداو: باشە. دۆخی مافی مرۆڤ و مافی ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت؟ وەک ئاماژەت پێدا ئێوە ستانداردی جیهانیتان بۆ مافەکانی مرۆڤ هەیە.  
 
جەیمز گۆڵدمان: بەڵێ، رێک وایە. ئێمە شانازیی بەوەوە دەکەین و ئەوە راستە و زیاتر بەهایەکە بۆ ئێمە وەک لەوەی سیاسەتێک بێت. باوەڕمان وایە ئەمە شتە راستەکەیە کە دەبێت بکرێت. هەروەها باوەڕیشمان وایە کە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین دەبێتە مایەی ئەنجامێکی باشتر بۆ خەڵک و سەقامگیرییەکی باشتر و حوکمڕانییەکی باشتر. دەبێتە مایەی ئەوەی حکومەت بە گونجاوی شتەکان لەبەرچاو بگرێت واتە شتە راستەکە بکەن و دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابوورییەکی باشتر. ئەوە شتە ژیرانەکەیە کە دەبێت بکرێت. کاتێک بە هەرێمی کوردستاندا دەگەڕام، چاوم بە ژمارەیەک رێکخراوی ناحکومی کەوت و لەبارەی ئاڵنگارییەکان و دەرفەتەکانی ئێرەوە قسەم لەگەڵ کردن. ئێمە چاومان لەوەیە تەواو هاوکارییان بکەین. بە دڵنیاییەوە گوێیان لێ دەگرین و لێرەش لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ حکومەتدا باسی ئەوە دەکەین چۆن بتوانین شتەکان باشتر بکەین و چۆن بتوانین بۆ باشترکردنیان پێکەوە کار بکەین. جا هەر کە گەیشتم یەکەم شت کە کردم رێکخستنی دیدارێکی گەورە بوو بۆ رێکخراوە ناحکومییەکانی ئێرە تا پێکەوە کۆیان بکەمەوە و لەسەر ئەوە قسە بکەین کە چۆن بتوانین پێکەوە کار بکەین. ئێمە هەمیشە بەدوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێین بۆ ئەوەی لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵگەی سڤیل و حکومەتدا کار بکەین تا ئەم بەهایانە برەو پێ بدەین.   
 
رووداو: یەک پرسیاری دیکەم ماوە کە پێم وایە پێشتر قسەمان لەسەر کرد، ئەویش لەبارەی پێکهاتەکانەوەیە. هەر تەنیا لە بارەی نوێەنەرایەتیی سیاسییانەوە نا، بەڵکو لە بارەی نوێنەرایەتیی کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵگەدا چی دەڵێیت؟ ئایا پێت وایە لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا بە باشی نوێنەرایەتی کراون؟ ئینجا بە گشتی بۆچوونت لەبارەی دۆخیانەوە لە کوردستان چییە؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: دەتوانم تێڕوانینێکی خۆمت بدەمێ. لەو کاتەوەی هاتووم، سەردانی ژمارەیەک کۆمەڵگەی جیاوازم کردووە. خۆشحاڵبووم و لەبارەی کۆمەڵگەکانی ئێرەوە زانیاریم دەستکەوت. چەند شتێک کاریان تێکردم بە تایبەتی کە چووم بۆ لالش و، بەم نزیکانەیش دەچم بۆ ئەلقووش. ئەگەر لێرەوە بۆ حکومەت و سیاسییەکان قسە بکەم، ئەوا سەرەتا دەڵێم: بە راستی من کاریگەر بووم بەو شانازییەی خەڵکی ئێرەوە لەو لایەنەی کە ئەوەی هەرێمی کوردستانی دروست کردووە رۆڵی کەمینەکانە کە هەر کەمینە و پێکهاتەیەک بەشێکی سەرەکییە. ئەمە شتێکە کە دەمبیست خەڵک بە گەرموگوڕییەوە باسیان دەکرد کە چۆن دەیانەوێت پشتیوانیی کەمینەکان بکەن و چۆن ئەوان بەشێکی سەرەکیی کرۆکی هەرێمی کوردستانن. بە راستی هەستم بەو گەرموگوڕییە کرد و، لە قسەکردن لەگەڵ کەمینەکاندا زۆر شت لە مێژوو و کولتوورەکانیان فێر بووم. بە دڵنیاییەوە هەمیشە ئاڵنگاری هەیە، بەڵام تێگەیشتم کە چەندە شانازی دەکەن بەشێک بن لەم هەرێمە و بەشداریی تێدابکەن و چەندە شانازی دەکەن رۆڵیان و نەریت و کولتووریان بە سەردانکەران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشان بدەن.  
 
رووداو: ئەی رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی کوردی و هەرێمی کوردستاندا لە کەرتە جیاوازەکاندا چۆن دەبینیت؟ 
 
جەیمز گۆڵدمان: دڵخۆش بووم کە لێرە لە هەموو کەرتەکانی میدیا و حکومی و کۆمەڵگەی مەدەنی چاومان بە ژنان کەوتووە و لێرەیش لە کۆنسوڵخانەکەماندا تیمێکمان هەیە زۆربەی ژنن کە تیمێکی تەواو ناوازەن. هەروەها چاوم بە زۆر ژن کەوتووە کە لە هەموو ئەو کەرتانەدا سەرمەشق و دیارن بە تایبەتی لە کەرتی بازرگانیدا. ئەوە هەستێکی راستەقینەی شانازیبەخۆکردنی ئەم هەرێمەیە. ئەوە بەشێکە لەو شتەی هەرێمی کوردستان دروستدەکات و بەشێکە لە کەسایەتیتان. جا ئێمە وەکو بەریتانیا بە راستی شانازی بە رۆڵی خۆمانەوە دەکەین. ئێمەش ژنانی زۆر دیار و پاڵەوانمان لە سیاسەتماندا هەن، چونکە پێمان وایە ئەوە شتە راستەکەیە. بەڵام دەیڵێمەوە کە لە پاڵ مافەکانی مرۆڤدا بەشداریکردنی ژنان بۆ گەشەی ئابووری زۆر گرنگە، بە تایبەتی لەم هەرێمەدا. بەشداریی هێزی کاری ژنان بۆ سەقامگیری و دەستکەوتی باشتر زۆر گرنگە. دواین بۆچوونیشم کە لێرە تەواو کاری تێکردم رۆڵی ژنان بوو. لێرە لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراوی ژناندا کار دەکەین. چووم بۆ دهۆک دیداری زۆر لەو ژنانەی رێکخراوی ناحکومییان دامەزراندووە، کە کار لەسەر کێشە گرنگەکانی ژنان دەکەن و پشتیوانییان دەکەن، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە رزگاربووی تاوانەکانی داعشن. هەروەها ئەوەی زۆر کاری تێکردم ئەوە بوو ئەم ژنانە کە لەم کۆمەڵگەیانەدا یان لە کۆمەڵگەکانی خۆیاندا شتانێکیان بینیوە و بڕیاریان داوە لەو بارەیەوە شتێک بکەن و هەنگاوێک بنێن و لە هیچەوە ئەم رێکخراوانەیان دروست کردوون. ئەوان سەرکەوتوو بوون لەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بە دەست بهێنن و بڕێکی زۆر خزمەتگوزاری و قازانجیان بەو کۆمەڵگایانە گەیاندووە. پێموایە زۆر ئیلهامبەخشە کە ئەو ژنە سەرکردانە لە هەموو کەرتەکاندا ببینیت. ئەمە شتێک بوو وەکو خۆم کاری تێکردم. 
 
رووداو: بەڕێز جەیمز گۆڵدمان، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.  
 
جەیمز گۆڵدمان: سوپاس.  
 
رووداو: سوپاس بۆ ئێوەیش کە بینەر بوون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.