مەلا بەختیار رەخنە لە بەشێکی نووسەران دەگرێت: کتێبم خوێندووەتەوە 70٪ـی درۆ بووە

11-04-2025
محەممەد عزەدین
هەڤپەیڤینی محەممەد عزەدین لەگەڵ مەلا بەختیار
هەڤپەیڤینی محەممەد عزەدین لەگەڵ مەلا بەختیار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، مەلا بەختیار باسی لە گرنگیی خوێندنەوە و نووسین لەنێو نەوە جیاوازەکانی سیاسەتمەدارانی کورد کرد.
 
مەلا بەختیار جەختی کردەوە کە جیاوازییەکی گەورە لە نێوان نەوەکانی سیاسەتمەدارانی کورددا هەیە و گوتی: "نەوەی یەکەم سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلوولن، نەوەی دووەم ئێمەمانانین کە توانیومان لە قۆناخێکی زۆر سەختدا کار بکەین، بەڵام نەوەی سێیەم نەوەی دوای راپەڕینە کە لەسایەی دەسەڵات گەورە بوون."
 
سەبارەت بە کتێبەکانی بیرەوەریی، مەلا بەختیار رەخنەی تووندی لە هەندێک لەو کتێبانە گرت و گوتی: "کتێبم خوێندووەتەوە، 70٪ـی درۆ بووە." ئەو داوای لە زانکۆکانی کوردستان کرد کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم کتێبانە بکەن و راستییەکانیان دەربخەن.
 
مەلا بەختیار لە بارەی پرۆژەی داهاتووی نووسینی خۆی ئاشکرای کرد کە خەریکی نووسینی بیرەوەرییەکانیەتی: "بیرەوەرییەکانم شەش بەرگە، بەرگیشی لە 400-500 لاپەڕە کەمتر نابێ." هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵ دەدات "ئەو هەڵانەی نووسەرانی دیکە کردوویانە" دووبارە نەکاتەوە.
 
مەلا بەختیار باس لەوە دەکات: "هیچ کەس بەقەد مام جەلال کتێبی نەدەخوێندەوە و دانی پێدادەنێم کە کاک نەوشیروان سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکان لە بواری خوێندنەوە و ئەدەبی دا مامۆستامان بوو."
 
مەلا بەختیار پێیوایە، رێکپۆشی "بەشێکە لە رۆشنبیریی مرۆڤ و شارستانییەتی سەردەم، و پەیوەندی بە خوێندنەوەشەوە هەیە." 
 
لەبارەی ئەوەی کە لە پێشانگەکە کتێبی ئایینی رەواجی زۆرتریان هەیە بەراورد بە کتێبەکانی دیکە، مەلا بەختیار دەپرسێت: "کێ رێگەی گرتووە عەلمانییەکان، دیموکراتەکان، فێمێنستەکان و ئازادیخوازەکان زۆرتر چاپ بکەن؟ کێ رێی لێگرتوون؟ با ئەوانیش چاپ بکەن."
 
هەڤپەیڤینی محەممەد عزەدین لەگەڵ مەلا بەختیار
 
رووداو: چەند ساڵێکە لە پێشانگای کتێب دەتبینم بە وردی سەیری کتێبەکان دەکەیت. دەمەوێ ئەوە بپرسم ئەوەندەی لێرە لەم چەند ساڵەی سیاسییەکانی نەوەی دووەم یان بە تەمەنەکانمان دەبینین، سەیری کتێب دەکەن و دەیکڕن. سیاسییە گەنجەکانمان کەمتر. پەیوەندی بە تەکنەلۆژیا و سەردەمی ژیری دەستکردەوە هەیە یان شتێکی دیکەیە؟ 
 
مەلا بەختیار: نەخێر پێموایە کەمتر کتێب خوێندنەوە لەلای نەوەی دووەمەوە کە دەڵێن پەیوەندی بە ژیری دەستکردەوە هەیە، ئەمە پاساوە بۆ ئەوان، وانییە. ژیری دەستکرد جارێ نەچووەتە ناو کولتووری ئێمە و نەچووەتە نێو بنج و بنەوانی سیاسەت و بیرکردنەوە ئێمە. لەبەر ئەوە ژیری دەستکرد جارێ ماویەتی بزانین کاریگەرییەکانی بەرەو کوێ دەڕوات یان ناڕوات. لە راستیدا من نامەوێ گازندەی نەوەی دووەم بکەم، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە نێوان نەوەی دووەم و نەوەی یەکەم هەیە. نەوەی سێیەمیش جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ نەوەی دووەم و یەکەمیش هەیە. نەوەی یەکەم سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلوولن، بەشێکیشیان درێژەیاندا بۆ خەباتی ئەم شۆڕشەش تا گەیشتە راپەڕین. نەوەی دووەم ئێمەمانانین کە توانیوومان لە قۆناخێکی زۆر سەختدا هەموو ئەوانەی لەم قۆناخە سەختە توانیمان لەگەڵ نەوەی یەکەمدا کە لە ئێمە بە ئەزموونتر و ژیرتر بوون، توانیمان لەگەڵیان کارلێکی باشمان هەبێت و تەواوکەری یەکدی بین. ئەمە لە قۆناخێکی سەختدا کرا. نەوەی یەکەم کە بە تەمەنتر بوون زۆر سەخت بوو وەکو ئێمە بتوانن پارتیزان بن. ئێمەش تەنیا بە پارتیزانی دەمانتوانی تێپەڕێن و بچینە گەرمیان و دەشتی کۆیە و خۆشناوەتی و بگەڕێینەوە هەڵەبجە و بەئاراستەی پێچەوانەشەوە دووبارە بخولێینەوە. هیچ رێگەچارەی دیکەمان نەبوو، نەماندەتوانی شەڕی بەرەیی بکەین. تەنانەت ناوچە ئازادکراوەکانیش نەدەپارێزرا. بەڵام نەوەی سێیەم نەوەی دوای راپەڕینە، واتە شۆڕشەکە گەیشتبووە ئەنجام و بەرە دەسەڵات دەڕۆیشتین. نەوەیەک لەسایەی دەسەڵات و لەناو دەسەڵات گەورە بووبێت و نەوەیەکیش لە سەنگەر گەورە بووبێت جیاوازەکانی چۆنە؟ 
 
رووداو: لە پرسی کتێب و نووسین، ئەو نەوانەی بەڕێزتان دابەشتان کرد، زۆرترین نووسەر و خوێنەر لەناو نەوەی دووەم دەبیندرێت. بەتایبەتیش کتێبی بیرەوەرییەکان ئێوە کە لەنێو رووداوەکاندا بوونە، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم کتێبانە دەکەن لە پارت و لایەنە جیاوازەکان و سیاسەتڤانەکاندا؟ 
 
مەلا بەختیار: ناوی کەس ناهێنم، بەڵام خۆزگە نەنووسرایە. باوەڕم پێ بکە کتێبم خوێندووەتەوە لە 70٪ی درۆ بووە. ناو ناهێنم بەڵام لە 70٪ی درۆ بووە. خۆم لەناو رووداوەکان بووم، وە نەبێ بڵێم بە راگوزەر کتێبەکەم بینیووە، هەر خۆم لەناو رووداوەکاندا بووم. بۆیە باسی زۆر شوێن کراوە بەڵام 70٪ی درۆیە. ئەمە چۆن دەبێت؟ چۆن دەبێت مرۆڤ هێندە خۆهەڵکێش بێت هەر چی دەستیکەوتبێت و بیستبێتی و هەر خەیاڵێکی هەبووبێت لە کەسی خۆیەوە هەڵقوڵابێت بیکاتە راستییەکی مێژوویی. ئەمە بەهیچ شێوەیەک نابێت، هیوادارم زوو بەشی مێژوویی زانکۆکانی کوردستان درک بەمە بکەن. ئەوان ئەرکێکی گەورەیان لەسەر شانە زوو کارێک بکەن بۆ ئەوەی لایەنە خراپەکانی ئەم کتێبانە وەک ژەهر نەچێتە ناو بیر و هۆشی نەوەی تازە. نەوەی چوارەمیش بەڕێوەیە پێویستە زوو لێکۆڵینەوەی بۆ بکەن و زانکۆکان توێژینەوەی بۆ بکەن. پوختەیەک لە راستییەکانی ئەم کتێبانە بدۆزنەوە و ئەم کتێبانە بکەنە سەرچاوەی مەعریفەی ئەم مێژووە. 
 
رووداو: تۆش ئەم کتێبەت هەیە، داوا دەکەیت لە کتێبەکانی خۆتەوە دەست پێبکەن؟ 
 
مەلا بەختیار: با سەرەتا لە کتێبەکانی منەوە هەڵسەنگاندن بکەن. تا ئەو کاتەی زیندووشم پێویستیان پێم بێت بۆیان هەیە لێکۆڵینەوەشم لەگەڵدا بکەن و رەخنەشم لێبگرن. زۆر شەرمە بۆ ئێمە ئەم کتێبانەی ئێمە لە داهاتوودا ببنە مەرجەع و مێژوونووسێک لە ئەورووپا بێت و ئەم کتێبانە بکاتە سەرچاوە و مەرجەع. بەڕاستی زۆر شەرمە بۆ ئێمە. ئەم هەڵگێڕان و دارگێڕانە لەم بابەتە ئیدی بەسە زۆر مەترسیدارە. فەرەنسا 60 هەزار کتێبی لەسەر شۆڕشی فەرەنسا هەیە و سەرجەمیان هێندە زانستییانە نووسراون تاوەکو ئێستاش وەک سەرچاوە و مەرجەع مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. 
 
رووداو: لەگەڵ کتێبەکانی شێرزاد حەسەن پەیوەندیت چۆنە؟
 
مەلا بەختیار: باشە، شێرزاد نووسەرە. لە رۆژهەڵاتدا عەتا چیرۆکنووسێکی زۆر باشە.
 
رووداو: مەم و زینی ئەحمەدی خانیت کڕی؟
 
مەلا بەختیار: بەڵێ!
 
رووداو: ئەحمەدی خانی، کەسایەتییەکی نەتەوەیی و ئایینی بوو، دەمەوێ بەوەوە گرێی بدەم، بەشێک لە وەشانخانەکان کتێبی ئیسلامی و ئایینی نمایش دەکەن و خوێنەرێکی زۆریشیان هەیە و بەراورد بە کتێبەکانی دیکە زیاتر دەفرۆشرێن. پێتوایە ئەوانەی کتێبی نائیسلامی دەخوێننەوە کەمتەرخەمن یان ئەوان زۆر گرنگیی بە بیروباوەڕی خۆیان دەدەن؟
 
مەلا بەختیار: کێ رێگەی گرتووە عەلمانییەکان، دیموکراتەکان، فێمێنستەکان و ئازادیخوازەکان زۆرتر چاپ بکەن؟ کێ رێی لێگرتوون؟ با ئەوانیش چاپ بکەن. لەراستیدا من ئەو دیاردەیە بە دیاردەیەکی زۆر ترسناک نابینم، بەپێچەوانەی هەندێ لە نووسەرەکان لێگەڕێ ئەوانەی ئێستا باوەڕیان بەم جۆرە کتێبانە هەیە با تێر بخۆن، با بخوێننەوە و دوایی نیقاش بکەین لەسەر ئەوە، بۆ تۆ ئەتەوێ پاڵەپەستۆیەک بخەیتە سەریان بڵێی ئەم کتێبانە خراپن مەیانخوێننەوە، لێگەڕێ با بخوێننەوە، تۆ پاڵەپەستۆ بکەیت و نەکەیت کتێبەکان هەن، لێرە نەبێ لە شوێنی دیکە دەستی دەکەوێ، لە گووگڵ و ئینتەرنێت دەیدۆزێتەوە. با دەرگاکان هەموو بکەینەوە و دیالۆگێکی ئارامی ئازاد لەنێوان خۆماندا بکەین. خۆ ئەگەر بەم کتێبانە بێت و دنیا هەمووی گۆڕابێ، مێژوو قوفڵ بدرێ؛ خۆ هیچ دەوڵەتێک هێندەی سعودیە ئەم کتێبانەی چاپ نەکردووە، ئەی بۆ محەممەدی بن سەلمانی جێنشینی پاشای سعودیە ئێستا هەموو دەرگاکانی بۆ ئازادی ئەو خەڵکە کردەوە؟ خۆ مانای ئەوەی نییە خوێندنەوەی ئەم کتێبە کۆتایی مێژووە یان کۆتایی رێگەکانی دیکەی دیموکراسییە، وانییە کاکە، من وای ناخوێنمەوە. ئەوە عەلمانییەکان کەمتەرخەمن.
 
رووداو: پێتوایە ئەوان کەمتەرخەمن؟
 
مەلا بەختیار: کەمتەرخەمی تێدایە،  کەس نا؛ حیزبە عەلمانییەکان بە کەمتەرخەم دەزانم، بە پارتی و یەکێتیشەوە، بە حیزبەکانی دیکەشەوە، کام لەو حیزبانە هێندەی ئێمە خزمەتی عەلمانیەتی کردووە؟ هێندەی دابڕان خزمەتی عەلمانیەتی کردووە؟ ئێمە ئیمکانیەتمان زۆرە یان ئەم حیزبانە؟ ئێمە بە سپۆنسەر ئەو کاردە کەیەن.
 
رووداو: کامە سیاسی کورد خوێنەرێکی زۆر چاکە؟
 
مەلا بەختیار: مام جەلال! کەس هێندەی مام جەلال کتێبی نەدەخوێندەوە، ئێمە هیچمان نەدەگەیشتینە مام جەلال. لەدوای مام جەلال یەکێک لە باشترین خوێنەرەکان کە زۆر باش لە خوێندنەوە تێدەگەیشت کاک نەوشیروان بوو، خوێنەرێکی زۆر باشبوو.. لەنێو سیاسییەکاندا کەس هێندەی کاک نەوشیروان لە ئەدەبی کلاسیکی و لە شەرحی ئەدەبی کلاسیکی تێنەدەگەیشت.
 
رووداو: ئەوە وەکو خوێنەر. 
 
مەلا بەختیار: وەکو نووسەریش..
 
رووداو: وەکو نووسەر کێ باشترین بوو؟
 
مەلا بەختیار: هیچ کەسێک وەکو کاک نەوشیروان نووسەرێکی نایاب نەبووە، هیچ کەسێک. سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکان کە هەمانبووە دانی پێدا دەنێم لە نووسین و لە زانستییانە نووسین، مامۆستامان بوو.
 
رووداو: کتێبێکت تازە بڵاوبووەتەوە (کۆمەڵە و چەپ) پرۆژەی نوێ چیت هەیە؟
 
مەلا بەختیار: پرۆژەکەی من نووسینی بیرەوەرییەکانمە، کاتی هاتووە، گەڵاڵەکەی لە مێشکمدا هەیە، هەندێ سەرچاوە و شتم بۆ کۆکردووەتەوە. من لە داڕشتندا کێشەم نییە، کێشەم ئەوەیە کەی بڕیار دەدەم بنووسم. جار هەیە لەسەر ناونیشان پەکم دەکەوێ. ناونیشانەکەم بۆ بێت؛ باقییەکەشی دێ، کە نایەت؛ باقییەکەشی گیر دەخوا. بەپێی ئەوەی لە مێکشمدا دامناوە، بیرەوەرییەکانم شەش بەرگە، بەرگیشی لە 400-500 لاپەڕە کەمتر نابێ. 
 
رووداو: لەگەڵ بیرەوەریی سیاسییەکانی دیکە بەریەککەوتن هەیە؟
 
مەلا بەختیار: نازانم بەر یەک دەکەوین یان نا، بەڵام هەوڵەدەم ئەو تاوانانەی هەندێ لەو نووسەرانە، لەو فەرماندانە و لەو سیاسەتمەدارانەی کە بەرامبەر بە مێژووی کورد کردوویانە من هەرگیز نەیکەم. 
 
رووداو: بەشداریی گەنجان لەم پێشانگایە چۆن دەبینی؟
 
مەلا بەختیار: زۆرترین گەنج دەبینم، دڵم پێی خۆشە.. 
 
رووداو: نهێنی ئەو رێکپۆشییەی کاک مەلا بەختیار چییە؟ بەردەوام قۆز و کەشخەی.
 
مەلا بەختیار: نازانم چەند بە دڵتە یان کێ بە دڵیەتی یان نا، پێموایە رێکپۆشی بەشێکە لە رۆشنبیریی مرۆڤ، بەشێکە لە شارستانییەتی سەردەم. 
 
رووداو: پەیوەندیی بە خوێندنەوەش هەیە؟
 
مەلا بەختیار: هەیە! شارستانییەتی سەردەم دەڵێم! ئەگەر نەخوێنیتەوە چۆن رۆشنبیر دەبی؟ ناتوانی ببی.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە