نوێنەری سلۆڤینیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش: ئەنجوومەن چاوەڕێ دەکات هەموو گرووپە نەتەوەییەکان لە سووریا رۆڵیان هەبێت

10-04-2025
سینان تونجدەمیر
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێل ژبۆگار، نوێنەری سلۆڤینیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێل ژبۆگار، نوێنەری سلۆڤینیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ساموێل ژبۆگار، نوێنەری سلۆڤینیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە "ئەنجوومەنی ئاسایش چاوەڕێ دەکات کە هەموو کەسێک لە سووریا، هەموو کەمینەکان، هەموو گرووپە نەتەوەییەکان، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵیان هەبێت، شوێنێکیان لەنێو باسی داهاتووی سووریا و، دەستووری داهاتووی سووریا هەبێت."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 28ی ئاداری 2025 لە نیویۆرک ئەنجامدراوە، ژبۆگار سەبارەت بە داواکارییەکانی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی لە سووریا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئێمە ئەوە بۆ گفتوگۆی نێوخۆیی سووریا بەجێدەهێڵین" و زیاتر روونیکردەوە "دەبێت وەڵامەکان لە نێوخۆ و لە دیالۆگدا بدۆزرێنەوە."
 
سەبارەت بە هاوسەنگی نێوان یەکپارچەیی خاک و مافی پێکهاتەکان، ژبۆگار گوتی: "ئێمە هیچ دژایەتییەک نابینین لەنێوان هەبوونی کەمینەکان و یەکپارچەیی خاک" و زیاتر جەختیکردەوە کە "شتێک کە ئەنجوومەنی ئاسایش باسی کردووە و بۆ ئێمە گرنگە بریتییە لە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سووریا، دەبێت ئەوە پارێزراو بێت و، لە هەمان کاتدا هەموو کەمینەکان و هەموو گرووپەکان لەو پرۆسەیەدا بەشداربن."
 
هەڤپەیڤین: سینان تونجدەمیر
 
رووداو: سوپاس بەڕێز ژبۆگار.
 
ساموێل ژبۆگار: زۆر سوپاس. سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم. 
 
رووداو: پرۆسەی نوێی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەستی پێکردووە، ئایا رۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش لە پرۆسەی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکراینا چییە؟
 
ساموێل ژبۆگار: ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەرەتای ئەم پرۆسەی ئاشتییەدا بڕیارنامەیەکی دەرکرد بەناوی رێگەیەک بەرەو ئاشتی، کە تەنیا ئەوەی دەسەلماند کە جەنگ ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە. خەڵکێکی زۆر لە جەنگدا گیانیان لەدەستداوە، کاتی ئەوە هاتووە دەست بە گفتوگۆیەک دەربارەی ئاشتی بکرێت. ئەوە لە ئەنجوومەن پەسەند کرا. ئێستا، بێگومان، گفتوگۆ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە رێگەی ئەمریکاوە بەردەوامە. بەڵام من دڵنیام کە ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەموو هەنگاوێکدا بەشداردەبێت، لەوانە لە کۆتاییدا کاتێک رێککەوتنێک دەبێت. من دڵنیام ئەنجوومەنەکە دووبارە بڕیارنامەیەک پەسەند دەکات بۆ جەختکردنەوە لە رێککەوتنی ئاشتی کە هەموومان هیوادارین لە کۆتاییدا بێتە دی. 
 
رووداو: شەڕی غەززە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە، هەموو کەس چاوەڕوانی زیاتر لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات. ئایا ئەنجوومەنی ئاسایش چۆن دەتوانێت ئاگربەستێکی بەردەوام و چارەسەرێکی دوو دەوڵەتی بێنێتە ئاراوە لەگەڵ بوونی مافی ڤیتۆی ئەمریکا؟
 
ساموێل ژبۆگار: ئەنجوومەن بەشێوەیەکی رێکوپێک باسی غەززەی کردووە. تەواوی ساڵی رابردوو، ئێمە لە مانگی یەکدا چووینە ئەنجومەنەوە و، لە ماوەی ساڵی رابردوو، هەموو مانگێک، نزیکەی هەموو هەفتەیەک باسی دۆخی غەززەمان دەکرد. چوار بڕیارنامەمان سەبارەت بە غەززە پەسەندکردن، داوامان کرد ئاگربەست بکرێت، داوامان کرد هاوکاری مرۆیی بگات، داوامان کرد بارمتەکان ئازاد بکرێن. ئێمە زۆر دڵخۆش بووین کاتێک لە مانگی یەکدا ئاگربەستەکە بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمریکا لەگەڵ هەردوولا بەدەستهات. رۆڵی ئەنجوومەن ئێستا ئەوەیە کە چاودێریی ئەم ئاگربەستە بکات، کە بەداخەوە ئێستا نەماوە، هەروەها دڵنیابین لە داهاتووشدا چاومان لەسەر غەززە بێت. دەتوانم دواتر دەربارەی دۆخی ئێستا قسە بکەم. بەڵام سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەت، کە زیاتر ئامانجێکی مامناوەند و درێژخایەنە بۆ ئەو ناوچەیە، ئەنجوومەن چەندین جار قسەی کردووە و رایگەیاندووە کە چارەسەری کۆتایی بریتییە لە چارەسەری دوو دەوڵەت. تەنیا چارەسەر کە ئاشتی بۆ ئەو ناوچەیە دەهێنێت چارەسەری دوو دەوڵەتە، کاتێک فەلەستین دەوڵەتی خۆی دەبێت و، ئیسرائیلیش لەو ناوچەیەدا هەست بە ئارامی و ئاسایش دەکات. چۆن دەتوانین چارەسەری دوو دەوڵەت بەدەستبهێنین؟ ئەوە پرسیارێکی زۆر سەختە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەمڕۆ. کۆنفرانسێک لە لایەن فەرەنسا و سعوودیە لە هاویندا رێکدەخرێت. پێموایە لە ئەنجوومەندا هەندێک گفتوگۆمان دەبێت بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو کۆنفرانسە سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەت. بێگومان رۆڵی ئەنجوومەن پێویستە، کەس ناتوانێت جێگەی ئەنجوومەن بگرێتەوە. ئەنجوومەن تەنیا دەزگایە کە بەرپرسە لە ئاشتی و ئاسایش. بێگومان دەکرێت نێوەندگیری لە دەرەوەی ئەنجومەن رووبدات. بەڵام لەکۆتاییدا، دەبێت هەموو ئەنجامەکان بگەڕێنەوە بۆ نێو ئەنجوومەنەکە بۆ ئەوەی ئێمە رێککەوتنەکە مۆربکەین، ئەوکات بەڕاستی دەبێتە جۆرێک لە دەسەڵاتی نێودەوڵەتی. پێموایە ئەنجوومەن بەردەوامدەبێت لە گفتوگۆکردن سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەت و، هیوادارم کۆنفرانسەکەی هاوین پاڵنەرێک بێث بەرەو گفتوگۆیەکی جددی یان دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی کە دەمانگەیێنێت بە چارەسەری دوو دەوڵەت. 
 
رووداو: دەمەوێت کەمێک بچمە سەر سووریا. وەک ئێوەش دەزانن، لە سووریا دەسەڵاتێکی نوێی راگوزەر هەیەو پاشخانەکەیان هەیئەت تەحریر ئەلشامە کە بە کورتی پێی دەڵێن "هەتەشە" و وەک ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش ئێوە پێتان وایە هەتەشە بتوانێت سووریا بەڕێوەببات؟
 
ساموێل ژبۆگار: ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ناکرێت ئەنجوومەن هەڵوێست لەسەر ئەوە وەربگرێت. پێموایە ئەوە کاری سوورییەکانە. ئێمە تێدەگەین کە دەسەڵاتی راگوزەر هەیە بۆ ئامادەکردنی قۆناخی راگوزەر بەرەو دەستوور و گەڕاندنەوەی دیموکراسی و، بۆ دامەزراندنی دیموکراسی، بۆ بووژاندنەوە و بنیاتنانەوەی سووریا. ئەوە دەبێتە پرۆسەیەکی درێژخایەن. بەڕاستی پێموایە خەڵکی سووریا لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا زۆر ئازاریان چەشتووە، 14 ساڵ لە جەنگێکی نێوخۆیی زۆر ترسناک. ئێمە هەموومان دڵخۆشین کە جەنگ تەواو بوو. هەموومان هیوای داهاتوویەکی باشتر بۆ سوورییەکان دەخوازین، هەروەک چۆن سوورییەکان ئومێدیان هەیە و چاویان لە داهاتوویەکی باشترە. پێموایە ئەوە بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی نوێیە کار لەسەر ئەو داهاتووە بکەن. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەوە بە سەرۆکایەتی سووریا و بە رێنمایی سووریا و خاوەندارێتی سووریا دەبێت. کەس بۆی نییە لە دەرەوە بڵێت چۆن دەبێت ئەوە بکرێت. بەڵام بێگومان، ئێمە سووریایەکمان دەوێت کاتێک هەموو سوورییەکان هەست مافەکانیان دەکەن، هەموو سوورییەکان هەست بە ئاسوودەیی دەکەن و، هەموو هاووڵاتیانی سووریا و هەموو گرووپە ئیتنییەکان هەست بە ئارامی دەکەن. 
 
رووداو: وەکو دەزانن، دەستوورێکی نوێی راگوزەر راگەیەندرا، دەزانین کە دەستوورێکی دیکەی گشتی و راستتر دروست دەکەن. بەڵام ئەوەی ئێستا لە سووریا روودەدات ئەوەیە کە دروز، عەلەوی و کورد دەستووری نوێیان رەتکردەوە. وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵوێستی ئێوە چییە یان هیوای ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دەستوورێکی نوێ بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان چییە؟
 
ساموێل ژبۆگار: پێموایە ئەنجوومەنی ئاسایش چاوەڕێ دەکات کە هەموو کەسێک لە سووریا، هەموو کەمینەکان، هەموو گرووپە نەتەوەییەکان، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە، ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵیان هەبێت، شوێنێکیان لەنێو باسی داهاتووی سووریا و، دەستووری داهاتووی سووریا هەبێت. ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە هەموو هاووڵاتیانی سووریا هەست بەوە بکەن لەنێو ماڵی خۆیاندا بەخێرهاتنەوەیان لێدەکرێت. سووریا ماڵی زۆر نەتەوەیە، ماڵی زۆر گرووپی نەتەوەییە، خۆتان ئاماژەتان بە چەندێکیان دا، ماڵی ژنان و پیاوانە و، ئێمە دەمانەوێت هەموو کەس هەست بە ئاسوودەیی بکەن. هیوادارین کە دەسەڵاتی نوێ پرۆسەکە بە شێوەیەک بەڕێوەببەن کە هەموو ئەم گرووپانە بەشداربن لە بیرکردنەوە دەربارەی ئەوەی کە سووریا لە داهاتوودا دەبێت چۆن بێت؟ دەستووری سووریا لە داهاتوودا چۆن دەبێت؟ چونکە تەنیا رێگە بەرەو ئاشتی لە سووریا ئەوەیە کە هەموو کەسێک لە گفتوگۆکاندا بەشدار بێت. 
 
رووداو: ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات. ئێوە هاوسەنگی نێوان یەکپارچەیی خاک و مافی پێکهاتەکان چۆن دەبینن؟
 
ساموێل ژبۆگار: ئەنجوومەن هێشتا بەو شێوەیە بە وردی باسی ئەم بابەتانەی نەکردووە، چونکە بەڕاستی ئەوە کاری ئەنجوومەنی ئاساییش نییە کە دەستوەردان لە دەستووری سووریا بکات، ئێمە تەنیا دەتوانین هیوای خۆمان دەرببڕین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕێی چی لە دەسەڵاتی نوێ دەکات کە چۆن پرۆسەکە بەڕێوەببەن، چۆن لەگەڵ هەموو کەسێکدا کار بکەن، چۆن قۆناخی راگوزەر زۆر نەخایەنێت، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بگەینە هەڵبژاردن. بەڵام لە روانگەی سلۆڤینیاوە، دەتوانم ئەوە بڵێم ئێمە هیچ دژایەتییەک نابینین لەنێوان هەبوونی کەمینەکان و یەکپارچەیی خاک. ئێمە دوو کەمینەمان هەیە لە سلۆڤینیا، ئیتاڵی و هەنگاری، ئەوان هەموو مافێکیان هەیە، مافیان لە پەرلەماندا هەیە. پێمان وانییە کە بوونی ئەوان لە خاکی ئێمە و یەکپارچەیی خاکەکەمان کەمدەکاتەوە. بەپێچەوانەوە، پێموایە دەتوانێت پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێزبکات، دەتوانێت متمانەی خودی نەتەوە بەهێز بکات. ئەگەر کەمینەکان هەست بە ئاسوودەیی بکەن لە ماڵێکی هاوبەشدا. بێگومان شتێک کە ئەنجوومەنی ئاسایش باسی کردووە و بۆ ئێمە گرنگە بریتییە لە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی سووریا، دەبێت ئەوە پارێزراو بێت و، لە هەمان کاتدا کە هەموو کەمینەکان و هەموو گرووپەکان لەو پرۆسەیەدا بەشداربن. 
 
رووداو: دەزانین کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەبەرایەتییەکی کوردی هەیە و وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش ئێوە چۆن بەڕێوەبەرایەتی کوردەکان لەوێ دەبینن؟ بۆ نموونە کورد لە سووریا داوای ئۆتۆنۆمیش دەکەن. بە بۆچوونی ئێوە ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێت پشتگیری ئەم داواکارییە بکات؟
 
ساموێل ژبۆگار: ئێمە ئەوە بۆ گفتوگۆی نێوخۆیی سووریا بەجێدەهێڵین. وەکو گوتم، نابێت ئەنجوومەن دەستبخاتە نێو وردەکارییەکانی دیاریکردنی ئەوەی کە ئەو وڵاتە دەبێت چۆن بێت. ئەوە بەڕاستی بۆ سوورییەکانە، هەموو سوورییەکان گفتوگۆ بکەن، دیالۆگیان هەبێت، پرۆسەیەکی سیاسییان هەبێت و، چارەسەرێک بدۆزنەوە گونجاوترین بێت بۆ بەرژەوەندییەکانی سووریا، بۆ بەرژەوەندییەکانی کورد کە لە سوریا دەژین، یان هەر گرووپێکی دیکەی نەتەوەیی. ئێمە هیچ رێنماییەک نادەین، چونکە کەس لە دەرەوە ناتوانێت وەڵامی دروستبداتەوە. دەبێت وەڵامەکان لە نێوخۆ و لە دیالۆگدا بدۆزرێنەوە. دەزانن، زۆرجار لە دیالۆگدا دەتوانن ئەوە پەیدابکەین کە بۆچی شتێکت دەوێت؟ هەستەکان چۆنن، ئەگەر من سووریا بم، بۆچی کورد ئەمە و ئەوەیان دەوێت؟ دەبێت ئەوکات بیربکەیتەوە، بۆچی ئەوان بەوشێوەیە هەست دەکەن؟ چۆن دەتوانم یارمەتییان بدەم کە هەست بە ئاسوودەیی بکەن لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریا؟ ئەوە هەمووی بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی و دیالۆگ. ئەمەیە ئێمە داوای دەکەین. ئەوەی کە ئەنجامەکەی چی دەبێت ئەوە بۆ سوورییەکانە. 
 
رووداو: ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ پاراستنی مافەکانی کورد چی دەتوانێت بکات، دەتوانن لەسەر هەندێک وردەکاری بدەنە ئێمە؟
 
ساموێل ژبۆگار: پێموایە چارەسەرێک لای ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە کە باسی سووریا دەکات، چۆن دەڕوانینە پرۆسەی سیاسی، پرۆسەیەکی سیاسی کە دەمانبات بەرەو دەستوورێک لە سووریا. نوێنەرێکی تایبەتی سکرتێری گشتی هەیە کە یارمەتی و پشتیوانی پێشکێشدەکات. ئەویش بەشێوەیەکی رێکوپێک هەموو مانگێک لەسەر دۆخی سوریا راپۆرت دەدات بە ئەنجوومەن. دەزانم بەهۆی 14 ساڵی رابردوو، هەستی جیاواز هەن دەربارەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا و، رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و، چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی یارمەتی خەڵکی سووریا بدات، ئێمە ئاگادارین.. وەزیرەکەم دوو مانگ لەمەوبەر سەردانی سووریای کرد و، وێنەیەکی زۆر روونی دەستکەوت دەربارەی ئەوەی کە هەستێکی بەهێز هەیە کە خەڵکی سووریا بەپێی پێویست یارمەتی نەدراون لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا، ئێمە لەوە تێدەگەین. بەڵام لە هەمان کاتدا، نەتەوە یەکگرتووەکان شارەزاییەکی زۆری هەیە و، ئامادەیە و دەتوانێت یارمەتی بدات. گیێڕ پیدەرسن پشتیوانیی تەواوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەیە و دەتوانێت لەو پرۆسەیەدا بەسوود بێت. لە هەمان کاتدا، وەکو گوتم، ئەو هەموو مانگێک ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگاداردەکاتەوە. بێگومان، ئێمە چاودێریی ئەوە دەکەین کە پرۆسەی سیاسی چۆن بەڕێوەدەچێت؟ ئایا بە ئاڕاستەی دروستدا دەڕوات، یان ئەنجوومەن پێویستە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت. 
 
رووداو: ئێوە دەزانن، پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لەنێوان تورکیا و PKK دەستی پێکردووە. لەم ٤٠ ساڵەی دواییدا، ئەوان لە شەڕدا بوون و ئەم پرۆسەی ئاشتییە نوێیە دەستی پێکرد. بە بۆچوونی ئێوە ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێت لەم پرۆسەی ئاشتییەدا رۆڵێک ببینێت؟
 
ساموێل ژبۆگار: تورکیا لە رۆژەڤی ئەنجوومەنی ئاسایشدا نییە، بۆیە ئێمە باسی ئەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایش ناکەین. بەڕاستی پێموانییە تورکیا بیەوێت ئەنجوومەن باسی بکات چونکە ئەوان بە بابەتێکی نێوخۆیی دادەنێن، ئەوە بابەتێکی نێوخۆییە. دەتوانم بڵێم ئێمە لە سلۆڤینیا راگەیاندنی پەکەکە بۆ دانانی چەک وەکو نیشانەیەکی ئەرێنی دەبینین، پێموایە ئاگربەستێک هەیە یان کۆتاییە، هەرچەندە ئەوە جەنگ نەبوو، نازانم چی بوو. بەڵام بەشێوەیەک وا دەردەکەوێت کە قۆناخێکی نوێیە لە پەیوەندیی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا. ئێمە هیوادارین کە ئەمە بمانبات بەرەو داهاتوویەکی باشتر بۆ تورکیا و، هەروەها بۆ کورد کە لە تورکیا دەژین. 
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
ساموێل ژبۆگار: سوپاس. سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە