رووداو دیجیتاڵ
دونیا چەلەبی، بەڕێوەبەری تۆتاڵ ئینێرجی لە عێراق رایگەیاند کە پرۆژە ستراتیژییەکەی کۆمپانیاکەیان لە عێراق بەپێی خشتەی کات بەڕێوەدەچێت. ئەم پڕۆژە فرەوزەییە کە لە ساڵی 2023دا پەسند کرا، چەندین لایەنی گرنگی وزە لەخۆ دەگرێت.
چەلەبی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆژەکە تا ساڵی 2027 یەک گێگاوات وزەی خۆر و یەک گێگاوات و نیوی زیاتر لە وێستگەی پرۆسەکردنی گازەوە بەرهەم دەهێنێت. هەروەها پڕۆژەکە کاری چارەسەرکردنی ئاوی سوێری دەریا و گۆڕینی بۆ ئاوی پیشەسازی دەگرێتەوە.
وەکو دونیا چەلەبی دەڵێت، کۆمپانیاکە لە ساڵی 2024دا هەموو ئامادەکارییەکان، لێکۆڵینەوەکان و تەندەرەکانی تەواو کردووە و ئامادەیە لە 2025دا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بکات. یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان، پڕۆژەیەکی نوێیە بۆ کۆکردنەوەی 50 ملیۆن پێ سێجا گازی سووتاو لە کێڵگەی عەرتاوی.
تۆتاڵ ئینێرجی لەگەڵ هاوبەشەکانی، بی ئۆ سی و قەتەر ئینێرجی، لەژێر سەرپەرشتیی لیژنەیەکی هاوبەشی بەڕێوەبردندا کار دەکەن کە جێگری وەزیری نەوتی عێراق سەرۆکایەتی دەکات. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە کەمکردنەوەی دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و راگرتنی سووتاندنی گازی هاوەڵە.
چەلەبی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆژەیە بۆ کۆمپانیاکەیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە گەڕانەوەیە بۆ ئەو وڵاتەی کە کۆمپانیاکەیان تێیدا دامەزراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆژەکە پابەندە بە دامەزراندن و راهێنانی زۆرترین ژمارەی کارمەندی عێراقی.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دونیا چەلەبی، بەڕێوەبەری تۆتاڵ ئینێرجی لە عێراق
رووداو: دونیا چەلەبی، بەڕێوەبەری تۆتاڵ ئینێرجی لە عێراق. بەخێربێیت بۆ رووداو.
دونیا چەلەبی: سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
رووداو: گرێبەستی تۆتاڵ ئینێرجی لەگەڵ عێراق هەواڵێکی گەورە بوو، 27 ملیار دۆلار. بڕێکی زۆرە. دوایین پێشهاتەکان چین؟
دونیا چەلەبی: سەرەتا، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە لەگەڵتانم. خۆشحاڵم کە دەتوانم قسە لەسەر ئەم پرۆژە ستراتیژی و گرنگ و گەورەیەی فرەوزە بکەم. بۆچی ستراتیژی و گرنگە؟ وەک دەزانن، لە ساڵی 2023 پەسەند کرا و لەوە بە دواوە لە کۆتایی هەمان ساڵدا بە فەرمی بووینە کارکەر و بەڕێوەبەری ئەو کێڵگەیەی کە ئێستا کاری تێدا دەکەین.
بۆچی ستراتیژییە؟ چونکە پرۆژەیەکی فرەوزەیە کە کۆکردنەوە و پرۆسەکردنی گازی هاوەڵ دەگرێتەوە و دەیکات بە کارەبا، هێنانی وزەی نوێ و وزەی خۆری نوێیە بۆ عێراق، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتیشە کە من وەک جێبەجێکاری کارەکە باسی دەکەم، هەروەها چارەسەرکردنی ئاوی سوێری دەریا و گۆڕینی بۆ ئاوێک کە بۆ مەبەستی پیشەسازی بەکاربهێنرێت، کە بەم شێوەیە ئاو بۆ کشتوکاڵ و بەکارهێنانی مرۆیی بەردەست دەکرێت.
پێم وایە قەبارەی ئەم پرۆژانە دەگمە، نەک تەنیا بۆ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی، بەڵکو بۆ عێراقیش، چونکە پرۆژەیەکی هاوئاهەنگە کە تا ساڵی2027، وزەیەکی زۆر بۆ گەلی عێراق دەهێنێت. یەک گێگاوات لە پانێڵە خۆرییەکانەوە دەبێت، یەک گێگاوات و نیوی زیاتر لە وێستگەی پرۆسەکردنی گازەوە دەبێت. رێگەیەکی پاکترمان دەبێت بۆ پەرەپێدانی نەوت وەک گوتم، ئاو بۆ بەکارهێنانی پیشەسازی بەردەست دەکەین و ئاو بۆ خەڵکیش دابین دەکەین.
ئەم ساڵەی رابردوو چیمان کردووە؟ بووینە جێبەجێکار و هاوبەشمان هەیە وەک بی ئۆ سی و قەتەر ئینێرجییش هاوبەشمانە. لەژێر سەرپەرشتی لیژنەی هاوبەشی بەڕێوەبردنداین کە جێگری وەزیری نەوتی عێراق سەرۆکایەتی دەکات لە بەغدا. تا ئێستا، ساڵی 2024ـمان تەواو کرد، هەموو ئامادەکارییەکان، لێکۆڵینەوەکان، داواکارییەکان و تەندەرەکانمان تەواو کرد، بۆ ئەوەی لە 2025ـدا ئامادە بین بۆ دەستپێکردن. ئەمەش ئەوەیە کە کردمان.
پرۆژەیەکی پێنجەمی بچووکی نێوەندیمان زیاد کرد کە 50 ملیۆن پێ سێجا گازی سووتاو لە کێڵگەی عەرتاوی کۆ دەکاتەوە. بەم شێوەیە کێڵگەی عەرتاویمان دەبێت کە لە کۆتایی ئەم ساڵدا دەتوانێت ئەوەندەی بکرێت کەمترین CO2ی لێوە دەربچێت. رێوڕەسمی دەستپێکردنمان لە سەرەتای مانگی یەکدا سازکرد و، هەروەها وێستگەی گەورەتری پرۆسەکردنی گاز دەست پێ دەکەین بۆ پرۆسەکردنی 300 ملیۆن پێ سێجا گازی هاوبەش لە سێ کێڵگەوە. هەروەها زیاتر بەرهەم دەهێنین و، یەکەم 250 مێگاوات وزەی خۆری دەخەینە تۆڕی کارەبای نیشتیمانی. کەواتە بە گشتی، لە 2025ـدا بەرهەمهێنانێکی باشی تۆتاڵ ئینێرجی و هاوبەشەکانی لە عێراق دەبینن.
رووداو: کەواتە هەموو شتێک بەپێی پلان دەڕوات؟
دونیا چەلەبی: هەموو شتێک بەپێی خشتەی کات دەڕوات. سوپایەک لە خەڵکمان هەیە کاردەکەن. لەسەر ئاستی کیشوەرەکان کاردەکەین. شان بە شانی دەسەڵاتدارانی عێراق و هاوبەشەکانمان کار دەکەین. لەگەڵ وەزارەتی نەوتیش هاوکاری دەکەین و وەک یەک تیم بۆ یەک ئامانج کاردەکەین. مەبەستمان ئەوەیە ئەم پرۆژە گەورەیە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکەین، دڵنیا بین لە دەستگەیشتن بە وزە، ئەوەندەی بکرێت دڵنیا بین لە دامەزراندن و راهێنانی زۆرترین ژمارەی عێراقی. پابەند دەبین بە گرێبەستەکە کە وەک دەزانن زۆر پابەندکەرە و، دڵنیا دەبین لەوەی شوێنێکی باشتر بەجێبهێڵین لەوەی پێشتر بینیومانە.
رووداو: من گوێم لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوت بوو، زۆر گەشبینن سەبارەت بەوەی کە عێراق لە پێنج ساڵی داهاتوودا سووتاندنی گازی هاوەڵ رادەگرێت. زۆر پشت بە کارەکانی ئێوە دەبەستن.
دونیا چەلەبی: ئێمە بەشداری لەوەدا دەکەین. ئامانجی ئەم پرۆژە فرە-وزەیە چەند لایەنەیە. بێگومان کەمکردنەوەی کاریگەریی CO2ـە، کەمکردنەوەی سووتاندنی گازە، تا ئەوپەڕی توانا کەمی دەکەینەوە.
دووەم، شت دابینکردنی دەستگەیشتنە بە وزە، کارەبا، کارەبای پاکتر و، هاوکاریکردنی حکومەتە لەو گواستنەوە وزەییەی کە گرتوویەتیە بەر.
سێیەم، جێبەجێکردنی ستراتیژییەکی تەواوی فرە-وزەیە، کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەتوانێت رێگە بە وڵات بدات بە شێوەیەکی بەردەوام بە رێگە و کەرتە لاوەکییە جیاوازەکانی کەرتی وزەدا بڕوات.
دوایەمینیشیان، بۆ ئێمە وەک کۆمپانیا پرۆژەیەکی زۆر ستراتیژییە، چونکە ئەم رەهەندە فرە-وزەیەی کە هەیە بەشێکە لە ستراتیژی نوێمان. هەروەها دەگەڕێینەوە بۆ وڵاتێک کە ئێمە وەک کۆمپانیا لەوێ لەدایک بووین. کەواتە شان بە شان هاوکات لەگەڵ بوونی چەندین بارودۆخی زۆر ئەرێنی کە زۆر لە تەوەری بەردەوامیدایە و، لەگەڵ هاوبەشە عێراقی و قەتەرییەکانماندا زۆر لە هاوکاریدایە.
رووداو: تەنیا ئێوە نین کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی لەدایکبوون. بی پی-یش دەگەڕێتەوە.
دونیا چەلەبی: راستە.
رووداو: وەک دەڵێن "وما الحب إلا للحبیب الأول" (خۆشەویستی تەنیا بۆ یەکەم خۆشەویستە).
دونیا چەلەبی: رێک وایە.
رووداو: زۆر سوپاس دونیا.
دونیا چەلەبی: منیش زۆر سوپاستان دەکەم.
رووداو: خۆشحاڵ بووین بە ئامادەبوونت.
دونیا چەلەبی: منیش هەروەها، زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ