عیزەت شابەندەر: ئەحمەد شەرع لەوە زیاتر بە کورد دەدات کە خەونی پێوە دەبینن

09-04-2025
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
هەڤەیڤینی نوێنەر فاتیح لەگەڵ عیزەت شابەندەر
هەڤەیڤینی نوێنەر فاتیح لەگەڵ عیزەت شابەندەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی عێراقی نێوەرۆکی کۆبوونەوەیەکی خۆی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: شەرع بە فەرماندەی هەسەدەی گوتووە کە "ئەوەی ئەو دەیداتە کورد زیاترە لەوەی کە خەونی پێوە دەبینن و کوردیش وەکو هەر نەتەوەیەکی سووریا مافەکانی پارێزراوە".
 
شابەندەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی چەند دۆسیەیەکی هەنووکەیی دەکات؛ لەنێویاندا پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە. پێیوایە کە ئیسرائیل بەهانەیەک دەدۆزێتەوە تاوەکو هێرش بکاتە سەر عێراق.
 
لە بەشێکی گوتەکانیشیدا باسی سنووردارکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکە دەکات و پێیوایە کە ئێران خۆی لە ناوچەکە کشاوەتەوە و چیدیکە ئامادە نییە پارە و توانای خۆی لە وڵاتانی دیکە خەرج بکات.
 
عیزەت شابەندەر دەڵێت: "ئەمڕۆ ئێران بە حوکمی دۆخەکە و بە حوکمی گوشارەکان و بە حوکمی هەڵوێستی لاوازی عەرەبییەوە کە پێنەزان و بێمنەتە؛ کشایەوە، ئێران قاچەکانی خۆی کۆکردەوە و گوتی ئێمە دەگەڕێیننەوە لای کەسوکاری خۆمان و ئەو پارە، هەوڵ و پاڵپشتییەی پێشکێشمان دەکرد ئیدی لە کوڕەکانی خۆمانی خەرج دەکەین و خۆتان کاری خۆتان لەگەڵ ئیسرائیل جێبەجێ بکەن."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی عێراقی
 
رووداو: بەڕێز عیزەت شابەندەر بەخێربێیت بۆ رووداو، خۆشحاڵم بەم گفتوگۆیە لەگەڵت
 
عیزەت شابەندەر: سڵاوتان لێبێت 
 
رووداو: دانوستاندنەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ داماڵینی چەکیان گەیشتووەتەوە چ ئاستێک؟
 
عیزەت شابەندەر: دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە گرووپە چەکدارەکان یان کۆمەڵە چەکدارەکان، هۆکارەکانی دروستبوونیان هۆکاری نیشتمانیین، بۆیە بەهیچ شێوەیەک نابێت ئاییندەیان لە چوارچێوەیەکی نانیشتمانیدا بێت، بەو پێیەی درووستبوونیان نیشتمانییە دەبێت ئاییندەش بۆ ئەم گرووپانە لەلایەن بەرژەوەندی نیشتمانییەوە بڕیاری لەسەر بدرێت نەک هەڕەشە و گوڕەشەکان کە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان شاتەشاتەی لەسەر دەکەن. تاوەکو ئێستا روونە بۆ ئەوانی دیکە کە ئەم گرووپانە لانی کەم کارە سەربازییەکانیان سڕکردووە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بۆچوونی حکومەت، ئەو بۆچوونەی کە لە سۆنگەی بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە دەردەچێت، هەمووان هەست دەکەن کە لێکتێگەیشتن هەیە ئەگەر راگەیێندراو و ئاشکراش نەبێت لەنێوان حکومەتی عێراق و سەرکردەکانی ئەم گرووپانە، حکومەتی عێراقیش باش دەزانێت کە دەبێت پاساو بەدەستەوە نەدرێت کە وابکات گرووپە چەکدارەکان بەردەوام بن و بە خۆیان و چەکەکانیانەوە بمێننەوە. بەگشتی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت دەتوانم بڵێم لە ئاستێکی باشدا لێکتێگەیشتن هەیە کە ئەم گرووپە چەکدارانە دەستێوەردان ناکەن لە بڕیاردان لە ساتی شەڕ یان ساتی ئاشتی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان یان ناوچەییەکاندا، بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە دەستی دەوڵەتدایە، دەوڵەت و حکومەتیش دەڵێت دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەیلوولی 2026دا خاڵی یەکلاکەرەوە و کۆتایی دەبێت بۆ مانەوەی هەر پارچە چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا، بۆیە دەرچوونی نزیکی ئەمریکییەکان پەنا بە خودا پاڵێکی بەهێز بەم لێکتێگەیشتنەوە دەنێت و بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی خۆم و دیدارەکانم لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان، دەتوانم درک بەوە بکەم کە قوربانی بە بەرژەوەندی نیشتمانەوە ناکەن و نایانەوێ لۆمەی خزاندنی عێراق بۆ نێو کۆمەڵە شەڕێک بکەوێتە ئەستۆیان کە پەیوەندی بە عێراقەوە نییە، لانیکەم لە ماوەی داهاتوودا.
 
رووداو: کەواتە عێراق لە قۆناخی سڕکردنی چەکە نەک داماڵینی چەک، تاوەکو هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دەردەچن؟
 
عیزەت شابەندەر: دەکرێت ئەمە دەربڕینێکی ورد بێت، سڕکردنی چەک روویداوە بە ئاڕاستەی داماڵێنی چەک بەشێویەکی کۆتایی.
 
رووداو: چارەنووسی ئەم گرووپە چەکدارانە چی دەبێت دوای داماڵینی چەک؟
 
عیزەت شابەندەر: باسی چارەنووس نەکراوە، بەڵام بڕیارەکە بۆ ئەو گرووپە چەکدارانە دەبێت ئایە خۆیان هەڵدەوەشێننەوە و دەبنەوە بە گرووپی مەدەنی وەکو کاتی پێش پێکهێنانیان، یان نەخێر داوای تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی حکومەت دەکەن وەکو فەرمانبەر یان لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگریی، ئەمە قورس نییە و ناکرێت ببێتە کۆسپ لەبەردەم رێگەی چارەسەر، چارەسەرەکە لەوەدایە کە ئەم بڕیارە لای گرووپە چەکدارەکان و سەرکردەکانیان گەشە دەکات و پێدەگات. حکومەتیش پاڵپشتی پێگەیاندنی ئەم بڕیارە دەکات. حکومەت ماوە ماوە هۆشداری دەدات کە دوژمنکاری ئیسرائیلی و بێدەنگی ئەمریکا و ئەورووپا بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییانەی لە غەززە و دەرەوەی غەززەدا روودەدن لە سەرانسەری خاکی فەڵەستین، ئەم ستەمە هەستی خەڵک دوروژێنێت و باڵانسی زیاتر دەدات بە پاساوەکانی هەبوونی ئەم گرووپە چەکدارانە، بۆیە لە سۆنگەی ئینساف و دادپەروەرییەوە کە بەداخەوە هەمیشە نییە، دەبێت تەنیا بە چاوی ئیسرائیلی و ئەمریکی تەماشای هەبوونی ئەم گرووپە چەکدارانە نەکەین، بەڵکو بە چاوێکی گشتگیرتر لەوە، ئەمەش گرنگە، چیرۆکی ئەوەی کە بە دوو تەرازوو شتەکان بکێشێن چیرۆکێکە دەبێت کۆتایی بێت و هیوادارم ئەمریکییەکانیش لەگەڵ عیراقدا ئەمە تاقی نەکەنەوە. جەختیش دەکەمەوە ئەگەر ئەم گرووپە چەکدارانە بە داماڵینی چەک قایل بوون ئەوە لە ترس و خۆلادان لە هێرشی ئەمریکی یان ئیسرائیلی نییە بەڵکو لەپێناو سازانە لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتمانیی و ئەوەی عێراق پێویستییەتی لەم کاتەدا.
 
 
رووداو: بەڕێز شابەندەر کاتێک لە ئێکس نووسیت کە هۆکاری درووستبوونی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان نیشتمانیی بوون بە تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تیرۆرەی لە دەرەوە دێت و ناشکرێت گفتوگۆ لەسەر چارەنووسیان بکرێت لە دەرەوەی چوارچێوەی نیشتمانیدا، ئایە مەبەستت ئەوەیە کە ناکرێت باس لە چارەنووسی ئەم گرووپە چەکدارانە بکرێت لەلایەنی دیکەوە جگە لە عێراقییەکان.
 
عیزەت شابەندەر: زۆر سوپاست دەکەم بۆ ئەم پرسیارە....
 
 
رووداو: لێرە دەمەوێت زۆر روون بم مادام سوپاست کردم، مەبەستم لایەنی ئێرانی و بۆچوونی ئێرانە لەسەر داماڵینی چەکی گرووپەکان
 
عیزەت شابەندەر: منیش مەبەستم لایەنی ئێرانییە، منیش مەبەستم لایەنی ئێرانییە زیاتر لە لایەنی ئەمریکی، چارەسەر و دروستکردنی وێنەی کۆتایی بۆ داهاتووی ئەم گرووپە چەکدارانە دەبێت بە تەواوی عێراقی و نیشتمانیی بێت، نەک بە دەستێوەردانی ئێرانی کە حەز بە هەبوون و بەردەوامبوونیان دەکات، نە دەستێوەردانی ئەمریکیش کە هۆشداری دەدات لەبارەی هەبوون و بەردەوامبوونیان. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە. بە راشکاوی، من و تۆش دەزانین کە کەسایەتی عێراقی و ئەخلاقی عێراقی زەلیلبوون و ملکەچبوون قبووڵ ناکات، ئەمە کێشەیەکی نیشتمانییە پێش ئەوەی کێشەیەکی دیکە بێت، ئەمڕۆ ئەمریکییەکان زیاد پێیان راکێشا، ئیسرائیلییەکانیش زیاد پێیان راکێشا بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و ناکرێت بەرامبەری بێدەنگی هەڵبژێردرێت، بەڵام جیهان هەمووی بێدەنگ و ڵاڵە بەرامبەر ئەوەی لە غەززە و فەڵەستین روودەدات، نموونەیەکت دەدەمێ لەسەر لوبنان، فڕۆکەکانی ئیسرائیلی ستەمکار باشووری لوبنانیان وێران کرد و باشووری بەیرووتیشیان وێران کرد. باشە، بەڵام ئەمڕۆ ئاشتییەک هەیە ئەگەر کاتەکەشی سنووردار بێت و ماوە ماوە درێژ دەکرێتەوە، بەڵام ئایە مافی ئەمریکییەکانە کە ڤیتۆ لەسەر خەڵک دابنێن کە دەیانەوێت خانووەکانیان دروستبکەنەوە، ئێستا بڕیارێکی ئەمریکی هەیە، حکومەتی ئەمریکا حکومەتی لوبنانی ئاگادارکردووەتەوە کە رێگری دەکەن لەهەر هەنگاوێک بە ئاڕاستەی دروستکردنەوەی خانووە رووخاوەکان تاوەکو حکومەتی لوبنان دەگاتە ئاستێکی لێکتێگەیشتنی باڵا لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل، زەلیلبوون بەسە، لە کۆتاییشدا ئەگەر ئەم زەلیلییە بەردەوام بێت ئەوا تەقینەوە نزیکە.
 
رووداو: ئایە گرووپە چەکدارە شیعە عێراقییەکان ئازادی بڕیاریان هەیە، مەبەستم دوور لە ئێرانە، ئایە ئێران ئازادی بڕیاردانی پێداون لەبارەی چەکەکانیان؟
 
عیزەت شابەندەر: لەمنەوە وەریبگرە، پەنجا ساڵە لە سیاسەتدام و شارەزایی باشم هەیە لە وڵاتانی دراوسێدا، کەسم نەبینیوە زیاتر نیشتمانپەروەر بێت لە عێراقییەکان، ئەم دەستێوەردانەی ئێرانیش... دوێنێ لە کەناڵێکی عەرەبی گرووپە چەکدارەکانی وا ناوهێنا کە گرووپی لایەنگری ئێرانن، پێش ئەوەی دەست بە قسەکانم بکەم بە پێشکێشکارەکەم گوت ئەو پێشەکییە راست بکەوە، ئەم گرووپانە لایەنگری عێراقن، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکەین کە پاڵپشتیکراون لەلایەن ئێرانەوە، پاڵپشتی جیاوازە لە لایەنگری، لە منیشەوە وەریبگرە هیچ کێشەیەک لە دڵسۆزی و وەلائدا نییە زیاتر لەوەی کە لە ئەمریکادا هەیە، سیستەمەکە، سیستەمی دەسەڵاتی ئەمریکی لایەنگری خۆی بۆ ئیسرائیل پێش ئینتیمای بۆ ئەمریکا دەخات، هەمووشمان بینیمان لە کۆنگرێس چی روویدا کاتێک تاوانکار و مەحکووم لەلایەن دادگای تاوانی باڵاوە، نەتانیاهوو، کە بە تیرۆر حوکم دراوە سەردانی کۆنگرێسی کرد، چۆن کۆنگرێسی ئەمریکی هەموو خولەکێک بە چەپڵەوە هەڵدەستێتە سەرپێ، ئەمە بۆ سەرۆکێکی ئەمریکی نەکراوە، رووینەداوە، بۆ هیچ میوانێکیش نەکراوە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، بەڵام کۆنگرێس و سەرۆکی کۆنگرێس و هەموو ئەو چەتانەی لەوێن ویستیان جەخت بکەنەوە کە لایەنگرییان بۆ ئیسرائیل بەهێزترە لە ئینتیمایان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.. بۆیە رازی نابین و رەتیدەکەینەوە گرووپە چەکدارەکان وەکو لایەنگری ئێران ناویان بهێندرێت.. دەمتان دابخەن، گومان لەسەر دڵسۆزی ئێوە بۆ خاکەکەتان هەیە، گومان لەسەر وەلائی ئێوە هەیە لەسەر مێژووە ونبووەکەتان.. بەڵام کاتێک ئێرانییەک دەوەستێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم گرووپە چەکدارانە ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئەم گرووپانە ئێرانین و واتای ئەوەش نییە کە لایەنگری ئێرانن.. وەلائ و دڵسۆزی لای ئێوە نییە نەک لای ئێمە. ئەمرۆ من دەبیستم هەندێ کەسی لەخۆگۆڕاو و بەکرێگیراو هەن تاوتوێی یاسای ئازادکردنی عێراق لە ئێران دەکەن، ئەی بە نەفرەت بن، بچن بڕیاری ئەمریکا ئازاد بکەن لە سیستەمی زایۆنیستەکان و ئەو لۆبییە زایۆنییەی لە واشنتن و نیویۆرک دا هەیە، ئێوە دێن عێراق لە ئێران رزگار دەکەن؟ بۆ عێراق شوێنێکی داگیرکراوی ئێرانە؟! .. برای من، ئەمڕۆ ئێران بە حوکمی دۆخەکە و بە حوکمی گوشارەکان و بە حوکمی هەڵوێستی لاوازی عەرەبییەوە کە پێنەزان و بێمنەتە، ئێران کشایەوە، من پێت دەڵێم، ئێران قاچەکانی خۆی کۆکردەوە و گوتی ئێمە دەگەڕێینەوە لای کەسوکاری خۆمان و ئەو پارە و هەوڵ و پاڵپشتییەی پێشکێشمان دەکرد ئیتر لە کوڕەکانی خۆمانی خەرج دەکەین و خۆتان کاری خۆتان لەگەڵ ئیسرائیل تەدبیر بکەن، حاڵی خۆتان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا تەدبیر بکەن.. دەبێت دادپەروەر بین، برای ئازیزم، ئەمرۆ ئەم چیرۆکی خۆبەدوورگرتنە و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، ئەمانە پاساون کە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت بیهێنن، ئەمە پێشەکییە بۆ دوژمنکاری، من پرسیارێک لە تۆ و لە بینەران دەکەم، ئایە هیچ وڵاتێک هەیە خۆی لە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل بەدوورگرتبێت زیاتر لە حکومەتی نوێی سووریا؟ نییە، بە کرداریی ئیسرائیل لێیدەدات و بۆردوومان دەکات و دەچێتە ژوورەوە، تەنانەت لێدوانێکی حکومەتی نوێی سووریا نابینین! ئەمە لە رووی واقعییەوە، لە رووی فکرییشەوە ئیمە هەڤپەیڤین و دیداری چەکداران و بەرپرسانی نوێی سووریامان بینی کە بە ئاشکرا دەڵێن ئیسرائیل دوژمنمان نییە و دوژمنی راستەقینەمان ئێرانە، دەڵێم ئایە ئەم خۆبەدوورگرتنە لە رووی واقعی و فکرییشەوە لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل دا، سووریای لە دوژمنکاری ئیسرائیل پارێزراو کرد؟ وەڵامەکە نەخێرە.
 
رووداو: ئەی عێراق لە هێرشی ئیسرائیل پارێزراو دەبێت؟
 
عیزەت شابەندەر: پارێزراو نابێت، لەمنەوە وەریبگرە، عێراق هەر شتێک بکات و هەر شتێک بڵێت و بە هەر شێوەیەک خۆی لە رووبەڕووبوونەوە و خۆخزاندنە نێو ئەم ململانێیەی روودەدات بەدووربگرێت، عێراق پارێزراو نابێت لە دوژمنکاری ئیسرائیل، قورسیش نییە بۆ ئیسرائیلییەکان و بێ توانا نین لە دروستکردنی پاساو و بیانبوو، سبەی داوامان لێدەکەن و دەڵێن خانووی جووەکان هەیە پێش 150 ساڵ دەمانەوێت بیگەڕێنینەوە، شەقامی جوو هەیە و دوکانێک هەیە هی کەسێکە ناوی حسقێلە دەمانەوێت بێین بیگەڕێنینەوە.. دەبێت باش لەمە تێبگەین و بەشێوەیەکی بابەتییانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. نەخشەی ئیسرائیل سنوورەکەی خۆی نییە، نەخشەکەی ئەوەیە سنوورەکەی بگاتە لای من بۆ باشووی عێراق و رۆژئاوای و رۆژهەڵاتی.
 
رووداو: باسی سووریات کرد، تۆ لەوانەی کە دوای کەوتنی رژێم لە سووریا زیاتر لە جارێک چاوت بە ئەحمەد شەرع کەوت، بۆچوونی شەرع لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران چییە؟
 
عیزەت شابەندەر: ئەو پیاوەم وا بینی کە تامەزرۆی پەیوەندییە لەگەڵ هەر لایەنێکی نێودەوڵەتیی یان ناوچەیی و هەرێمیی، بەوپەڕی راشکاویی، تەنیا ئێران نەبێت. ئەو لەم قۆناخەدا خۆی لە ئیران لادەدات، رەنگە شرۆڤەی من وابێت کە ئەو پاڵپشتییەی روویدا و ئەو ئاهەنگە ئەورووپییەی روویدا لە سەرەتادا کە ئەو پیاوە -شەرع- چووە دیمەشق، خۆی لە بنەڕەتدا ئاهەنگگیڕان بوو بۆ دەرچوونی ئێران و دەرچوونی حیزبوڵلا نەک ئاهەنگگێڕان بۆ کەوتنی بەشار ئەسەد یان ئاهەنگگیڕان بۆ هاتنی شەرع وەکو سەرکردەیەکی نوێ بۆ سووریا. لەبەر ئەوە کاتێک سەرکردە نوێیەکە و حوکمە نوێیەکە تووشی دوژمنکاری ئیسرائیل بوو کە تاوەکو ئێستا نەوەستاوە، ئەورووپییەکان بێدەنگ بوون و ئەمریکییەکانیش بێدەنگ بوون و هەموویان پێیان گوت بچۆ خۆت و خوای خۆت شەڕ بکەن ئێمە لێرە دادەنیشین. بۆیە ئەو پیاوە پەیوەندی لەگەڵ ئێران ناوێت و پێموایە قەناعەتی هەیە کە هیچ بەرژەوەندییەک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دا نییە تەنانەت ئەگەر لە ئاستی دیپلۆماسیش دا بێت لەم کاتەدا.
 
رووداو: پێتوایە ئەحمەد شەرع بەشداری لە لووتکەی عەرەبی چاوەڕوانکراو لە بەغدا دەکات؟

 

عیزەت شابەندەر: ئەو بە وشەیەک گوتی کە سووریا بەشداری دەکات، ئیتر ئەگەر خۆی بێت یان وەزیری دەرەوە، لەو کاتەدا ئەم بابەتە یەکلادەکرێتەوە بەڵام سووریا بەشداری دەکات. 
 
رووداو: لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسی ئیسرائیل و پەیوەندیت لەگەڵ ئیسرائیل کرد، بۆچوونی لەبارەی ئیسرائیل چییە؟

 

عیزەت شابەندەر: بۆچوونی ئەو پیاوە ئەوەیە کە دەبێت لە رووی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم دوژمنکارییە کۆبکەینەوە، بۆچوونیشی وایە ئێمە لەم کاتدا توانای رووبەڕووبوونەوەمان نییە، بەڵام بە بێدەنگییش رازی نابین، ئەو بەردەوامە لە کۆکردنەوەیەکی دەنگی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی لە دژی دوژمنکاری بەردەوامی ئیسرائیل بۆسەر سووریا، بۆچوونی ئەو وایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل.

 
رووداو: کەواتە هیچ مەیلێکی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسی؟
 
عیزەت شابەندەر: نەخێر بەهیچ شێوەیەک. بەڵام شارەزایی من لە سووریا و ناسینی من بۆ گەلی سووریا، پێموایە شەقامی سووریا بەرهەڵستکارییەکی میللی رێکخراو لە بەرامبەر ئەم دوژمنکارییە بەرهەمدێنێت، نیشانەکانی دەرکەوتوون لە هەندێ شوێن کە لایەنگی دەسەڵاتی نوێن بەڵام چیرۆکی بێدەنگی پێ هەرس و قبووڵ ناکرێت و ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ بەرامبەر هەر دوژمنکارییەکی زەمینی ئیسرائیلی. رەنگە ئەم دەنگ و ئەم ئاڕاستەیەش لە هەمووی بەهێزتربێت.
 
رووداو: بۆچوونی شەرع لەبارەی عێراقەوە بە شێوەیەکی گشتیی چییە؟ ئایە دەیەوێت تۆڵە لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان بکاتەوە کە پاڵپشتی بەشار ئەسەدیان کرد؟
 
عیزەت شابەندەر: نەخێر، نەخێر بەهیچ شێوەیەک، شتی وا نییە، ئەو دەیەوێت پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان دا هەڵبداتەوە و پێیوایە لە بەرژەوەندی سووریا و عێراق دا نییە کە لە کۆتاییدا سووریا ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لای خۆی کۆبکاتەوە و عێراقیش ئۆپۆزسیۆنی سووری لای خۆی کۆبکاتەوە و بەو شێوەیەش بۆ چەند دەیەیەک قۆچ لەیەک بگرن، ئەمە ئەزموونێکە کە رژێمی سووریا لە سەردەمی ئەسەددا پێی تێپەڕێ، لە سەردەمی ئەسەد و سەدامدا، ئەویش نایەوێت دووبارەی بکاتەوە، ئەو پێیوایە سووریا و عێراق دوو وڵاتن کە پێکەوە تەواوکەری یەکدین لە ئابووری و ئاسایش و سیاسەتدا، ئەمە بڕوای ئەوە و هەر ئەوەشی خستەڕوو.
 
رووداو: بڕوای بە دیموکراسی هەیە؟
 
عیزەت شابەندەر: بە راشکاوی، ئەگەر هەڵوێستی خۆمت دەوێت، ئەو بە هیچ شێوەیەک بڕوای بە موحاسەسە و پشک پشکێنە نییە، ئەو پێیوایە ئەوەی تاوەکو ئێستا کردوویەتی شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسی و پێیوایە دیموکراسی راستەقینە پێویستی بە زەمینەسازی هەیە، ئەمە بۆچوونی ئەوە، دیموکراسی راستەقینە پێویستی بە زەمینەسازییە، چونکە ناکرێت گەلێک کە زیاتر لە پەنجا ساڵە لە سێبەری دیکتاتۆریدایە لەناکاودا بچێتە دەرەوە بۆ کەشی کراوە، پێیوایە ئەمە وا دەکات دیموکراسی خراپ بەکاربهێندرێت، بۆیە بە تێگەیشتنی من، لەبەر ئەمە پینج ساڵی بە خۆی داوە تاوەکو وڵات بگوازرێتەوە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی دەستووریی جێگیر. 
 
رووداو: چۆن دەیەوێت سووریا بەڕێوەببات، دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز یان ناناوەندیی و فیدراڵیی؟
 
عیزەت شابەندەر: دەزانی تۆ پرسیاری زۆرم لێدەکەیت لەبارەی شەرع وەکو ئەوەی من گوتەبێژی فەرمی ئەو بم!
 
رووداو: نەخێر، بەڵام کەمن ئەوانەی کە وەکو تۆ چاویان پێی کەوتووە بەڕێز شابەندەر، بۆ چەند کاژێرێکی زۆریش وەکو بزانم.
 
عیزەت شابەندەر: بەڵێ راستە راستە، بەڵێ زۆر راستە.. نەخێر ئەو بە راشکاوی بڕاوی بە فیدراڵییەت نییە، ئەو بڕوای بە یەک سووریایە لە باکوورەوە بۆ باشوور و کاریش بۆ ئەوە دەکات، ئامادەش نییە رازی بێت تەنانەت بە پێشەکییەکانی دابەشکردن و پارچەکردن، ئەو وا دەڵێت، بەڵام تۆ دەزانیت و بینەرانیش دەزانن کە روانینێکی ئەمریکی ئیسرائیلی بۆ داهاتووی سووریا هەیە کە ئەویش ئەوەیە سووریا یەک پارچە نامێنێت.
 
رووداو: ئایە باسی کوردتان کرد؟ چونکە ئەزموونێکی عێراقیش هەیە، باسی مافەکانی کورد و داواکارییەکانی کوردتان لە سووریا کرد، گفتوگۆکەتان لەسەر ئەم مژارە چۆن بوو؟
 
عیزەت شابەندەر: بەڵێ، ئەو باسی ئەو برایەی هەسەدەی کرد –مەزڵووم عەبدی- باسی دیدارەکەی خۆی لەگەڵ ئەو کرد کە زیاتر لە جارێک بووە، ئەو وای دەبینێت، بەگوێرەی ئەوەی خۆی دەیڵێت، بە مەزڵووم عەبدی گوتووە کە ئەوەی ئەو دەیداتە کورد زیاترە لەوەی کە خەونی پێوە دەبینن ئەگەر بێت و جیاببنەوە یان خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت، ئەو وای دەبینێت کە کوردی سووریا سوورییە پێش ئەوەی کورد بێت یان عەرەب بێت، هەموو ئەو مافانەیان هەیە کە هەموو سوورییاییەکان هەیانە و ئەوەشیان لەسەرە کە هەموو سوورییاییەکان لەسەریانە، بۆیە ئەو لە دیداری یەکەمیدا لەگەڵ ئەو برایەی هەسەدە تووند بووە، لە دیداری دووەمیشدا نەرمترە بووە، ئێستاش زۆر باشترە کە پەیوەندییەکان پێیگەیشتوون لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا.
 
رووداو: دۆخی سووریا کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت و ئەوە گومانی تێدا نییە، بەڵام بە بۆچوونی خۆت بەڕێز شابەندەر لە رووی ستراتیژییەوە، ستراتیژی سووریا بە سەرکردایەتی شەرع بە ئاڕاستەی وڵاتانی عەرەبیدا دەبێت یان لەگەڵ تورکیادا دەبێت؟

 

عیزەت شابەندەر: من ئەو قسەیە دەکەم کە شەرع خۆی دەیڵێت، رەنگە خۆیشم زۆر قەناعەتم بەوە نەبێت، ئەو وای دەبینێت کە قووڵایی و رەهەندەکەی عەرەبییە زیاتر لەوەی هەر شتێکی دیکە بێت، وەکو بەڵگەش لەسەر ئەوە دەڵێت کە سەردانی یەکەمی بۆ شانشینی عەرەبی سعوودیە بوو نەک وڵاتیکی دیکە، بەمەش دەیەوێت پەیامێک بدات کە قووڵایی سووریا قووڵاییەکی عەرەبییە نەک شتێکی دیکە، ئەو پەیوەندییە تووندوتۆڵەکەی لەگەڵ تورکیا رەتناکاتەوە، دوودڵیش نییە لە پێشکەشکردنی سوپاسگوزاری بۆ پاڵپشتی تورکیا، بەڵام ئەو رووی لە پەیوەندییە عەرەبییەکانە و بۆ ئەو پێش پەیوەندییەکانی دیکە دەکەوێت.
 
رووداو: بەڕێز عیزەت شابەندەر زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە و سوپاس بۆ زانیارییەکانت، دووبارە بەخێربێیتەوە بۆ رووداو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە