رووداو دیجیتاڵ
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو بژاردە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە باسکران و گوتیشی، نوێنەرانی کورد لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە و سبەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
لە دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نەخشەڕێیەکی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باس کرا.
ئیخلاس دلێمی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، زانیاری لەبارەی داهاتووی بودجە، مووچەی فەرمانبەران، نەوت و وادەی خەرجکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10) ئاشکرا دەکات.
هەڵوەشاندنەوەی خەرجیی فیعلی یان پەنابردن بۆ یەکەی ژمێریاری
دلێمی ئاماژە بەوە دەکات، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر ئەرێنی بووە و گرنگترین تەوەری گفتوگۆکانیان پرسی "پشکی هەرێمی کوردستان" بووە لە بودجەی گشتیدا. بە گوتەی ئەو، دوو بژاردەی سەرەکی خراونەتەڕوو:
بژاردەی یەکەم، پشکی کۆتایی: ئەگەر هەرێمی کوردستان پشکێکی دیاریکراوی هەبێت، پێویستە دەقی "خەرجیی فیعلی" بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە و لە یاساکەدا نەمێنێت، هاوکات خەرجیی وەبەرهێنانیش کەم بکرێتەوە.
بژاردەی دووەم، یەکەی ژمێریاری: ئەگەر پرسەکە نەبەسترێتەوە بە پشکی سەدیی هەرێمی کوردستان، دەبێت بچنە سەر سیستمی "یەکەی ژمێریاری". بەپێی ئەم بژاردەیە، دەبێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان (میلاکی هەمیشەیی، گرێبەستەکان، خانەنشینان، پاداشتی کۆتایی خزمەت و چاودێریی کۆمەڵایەتی) بە تەواوی لە بودجەی گشتی جیابکرێتەوە و بخرێتە تەنیشت مووچەی فیدراڵی، تاوەکو وەک دەقێکی یاسایی جێگیر بکرێت و بەبێ هیچ مەرج، کۆت و پشکێک هاوشێوەی عێراق خەرج بکرێت.
هاوکێشەی داهاتەکان؛ رەزامەندیی سەرۆکوەزیران بۆ زیادکردنی نەوتی بەکاربردنی ناوخۆ
لەبارەی ماف و ئەرکەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونیکردەوە کە مافەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان، وەبەرهێنان، بەگەڕخستن و مووچەدا دەبینرێتەوە، لە بەرامبەردا ئەرکەکان پەیوەستن بە نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.
لە دۆسیەی نەوتدا، دلێمی دووپاتیکردەوە کە هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراو رادەست بکات، جگە لەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی پێویستە. دلێمی گوتیشی: "داوامان لە سەرۆکوەزیران کرد پشکی بەکاربردنی ناوخۆییمان بۆ بەرز بکاتەوە، ئەویش رەزامەندی لەسەر ئەم داواکارییە نیشاندا."
سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانیش، بژاردەیەک خراوەتە بەردەم بەغدا: ئەگەر حکومەتی فیدراڵ پشکی گەشەپێدان، وەبەرهێنان و بەگەڕخستن دەدات، هەرێمی کوردستان ئامادەیە 50٪ـی داهاتە نانەوتییەکان بداتەوە. ئەگەر بەغدا ئامادە نییە ئەو پشکانە بدات، با داهاتە نانەوتییەکان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و بەغداش بودجەی گەشەپێدان نەدات؛ سیستمێک کە دەکرێت بەسەر پارێزگاکانی دیکەشدا جێبەجێ بکرێت تاوەکو کێبڕکێ و داهات لە سەرتاسەری وڵاتدا زیاد بکات.
کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ وەزیری دارایی لە ماوەی 48 کاژێردا
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە بودجە بەبێ رێککەوتنی سیاسی و حکومی تێناپەڕێت. هەر بۆیە، بە فەرمانی عەلی فالح زەیدی، بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بەپەلە لە نێوان نوێنەرانی کورد، وەزیری دارایی عێراق و کەسانی پسپۆڕ بە سەرپەرشتیی خودی سەرۆکوەزیران ساز بکرێت.
ئامانج لەم کۆبوونەوەیە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و ئاستەنگەکانە پێش ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە بگاتە ئەنجوومەنی وەزیران یان پەرلەمان، چونکە بە گوتەی دلێمی: "ئەگەر پرۆژەکە بگاتە حکومەت، دەستکاریکردنی زۆر قورس دەبێت، خۆ ئەگەر گەیشتە پەرلەمانیش ئەوا هەموارکردنی زۆر زۆر ئەستەم دەبێت."
کەی مووچەی مانگی 10 خەرج دەکرێت؟
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، ئیخلاس دلێمی باسی لە پرسی دواکەوتنی مووچەی مانگی 10 (تشرینی یەکەم) کرد و گوتی کە سەرۆکوەزیران جەختی لە پرەنسیپی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کردووەتەوە و نابێت هیچ جیاوازییەک لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەبێت و هەمووان لە یەک سەبەتەدا مووچە وەردەگرن.
دلێمی گوتی: "بەپێی زانیاری و خەمڵاندنی خۆم، سبەی مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، خۆ ئەگەر سبەینێش نەبێت، ئەوا دووسبەی 100٪ خەرج دەکرێت، بەڵام پێشبینیی بەهێزم ئەوەیە سبەی بدرێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: خاتوو ئیخلاس سڵاوی خوات لێ بێت، زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونت، بە دیاریکراوی چیتان لەگەڵ سەرۆکوەزیران باس کرد، بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەستە بە بودجە؟
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: سڵاو بۆ بەڕێزتان و بینەرانی کەناڵی رووداو. بێگومان سەرەتا سەردانەکە زۆر ئەرێنی بوو؛ ئێمە باسی چەند بابەتێکمان کرد کە گرنگترینیان پرسی پشک بوو. ئایا دەچینە سەر ئەو بنەمایەی کە پشکێکی کۆتایی بۆ هەرێم هەبێت یان یەکەی ژمێریاری؟ ئەگەر پشک بێت، دەبێت بەرەو ئەوە بڕۆین کە بڕگەی خەرجیی فیعلی نەمێنێت و هەڵبوەشێتەوە، هەروەها دەبێت خەرجییە وەبەرهێنانەکانیش کەمبکرێنەوە، ئەمە خاڵێک. بەڵام ئەگەر نەچینە سەر پشکی هەرێم، پێویستە بچینە سەر یەکەی ژمێریاری. یەکەی ژمێریاریش ئەوەیە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی لە بودجەی گشتی جیابکرێتەوە و بە مەرجێک بەستوومانەتەوە کە دەبێت هەموو مووچەکان وەربگیرێن، واتە: میلاکی هەمیشەیی، گرێبەستەکان، خانەنشینان، شایستەی کۆتایی خزمەتی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی. دەبێت لە بڕگەیەکدا لەگەڵ مووچەی فیدراڵی دابنرێت و وەک دەقێکی یاسایی لە نێو بودجەدا جێگیر بکرێت کە هەموو مووچەی فەرمانبەران بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە بێ مەرج و کۆت و پشک خەرج بکرێت، ئەمە دەبێت بەم شێوەیە بێت و خاڵی یەکەمە.
بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و پشکی هەرێم لە گەشەپێدانی پارێزگاکان، وەبەرهێنان و خەرجیی بەگەڕخستنمان تاوتوێ کرد. بە دڵنیاییەوە ئێمە باش دەزانین کە مافمان هەیە و ئەرکیشمان لەسەر شانە. ئەو مافانەی داوامان کردوون بریتین لە گەشەپێدانی هەرێمەکان، وەبەرهێنان، بەگەڕخستن، لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران، ئەمانە مافی ئێمەن هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە و تەواوی گەلی عێراق. بەڵام ئەو ئەرکەی لەسەرمانە نەوت و داهاتە نانەوتییەکانە. لە دۆسیەی نەوتدا هیچ کێشەیەک نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو رادەست بکات جگە لە بەکارهێنانی ناوخۆیی؛ لە سەرۆکوەزیرانیشمان داوا کرد پشکی بەکاربردنی ناوخۆییمان بۆ بەرز بکاتەوە و ئەویش رەزامەندی لەسەر ئەم داواکارییە دا. سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانیش؛ ئایا حکومەت ئامادەیە پشکی گەشەپێدانی هەرێمەکان، وەبەرهێنان و بەگەڕخستنمان پێبدات لە بەرامبەر 50٪ـی داهاتەکاندا؟ ئاساییە. بەڵام ئەگەر ئامادە نەبێت، کەواتە با داهاتە نانەوتییەکان بۆ حکومەتی هەرێم بمێنێتەوە و گەشەپێدان و وەبەرهێنان و بەگەڕخستنمان پێنەدات. دەکرێت دەوڵەتی عێراق یان حکومەت ئەم سیستمە بەسەر پارێزگاکانی دیکەشدا جێبەجێ بکات ئەگەر ویستیان هەبێت، ئەمەش بەشدار دەبێت لە زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کێبڕکێ لە نێوان پارێزگاکان و هەرێمدا دروست دەکات.
رووداو: ئەوەی لە عەلی زەیدیتان داوا کرد، ئایا پێش رەوانەکردنی پرۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان هەموار دەکرێت، یان دواتر؟
ئیخلاس دلێمی: ئەوەی لە قسەکانمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران تێگەیشتین ئەوەیە کە بودجە بەبێ رێککەوتنی سیاسی و حکومی تێناپەڕێت. بە فەرمانی بەڕێز سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری دارایی دەبێت. لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە ئاستەنگەکانمان لە بودجەی فیدراڵی بۆ هەرێم و چارەسەرەکان دەکرێت. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی بەڕێز زەیدی و بە دانوستاندن لەگەڵ بەڕێز وەزیری دارایی دەبێت، ئێمەش وەک نوێنەری عێراق بە گشتی و نوێنەری گەلی کوردستان بە تایبەتی ئەو چارەسەرانە دەخەینەڕوو کە بە گونجاویان دەزانین بۆ هەردوولا.
رووداو: کەی ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێت؟
ئیخلاس دلێمی: لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا. رەنگە چاوەڕێی ئاگادارکردنەوە بکەین؛ ئەمڕۆ کۆبووینەوە و سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە دەبێت ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت. وەک داواکارییەکی تایبەت داوامان لێکرد پێش گەیشتنی بودجە لێکتێگەیشتن هەبێت، چونکە بودجە ئەگەر بگاتە ئەنجوومەنی وەزیران دەستکاریکردنی زۆر قورس دەبێت، خۆ ئەگەر گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوا هەموارکردنی زۆر زۆر ئەستەم دەبێت؛ بۆیە پێویستە پێش پەسەندکردنی لە حکومەت تاوتوێ و هەموار بکرێت.
رووداو: لەو کۆبوونەوەیەی دوو رۆژی داهاتوودا کێ بەشدار دەبێت؟
ئیخلاس دلێمی: بێگومان کەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا؛ هێشتا دیاری نەکراوە بەڵام کەسانی پسپۆڕ ئامادە دەبن.
رووداو: پرسی ناردنی مووچەی مانگی 10 (تشرینی یەکەم) بۆچی دواکەوتووە؟
ئیخلاس دلێمی: ئەمەش یەکێک بوو لەو بابەتانەی خستمانە بەردەم بەڕێز سەرۆکوەزیران. ئەو جەختی کردەوە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیچ پارێزگایەکدا ناکات و دەبێت تەواوی مووچەکان لە یەک سەبەتە و لە یەک کاتدا بن، ئەمە ئەمڕۆ جەنابی سەرۆکوەزیران باسی کرد لە سۆنگەی دادپەروەری و پاک و بێگەردی و دادی کۆمەڵایەتی، هەمووان مووچەی خۆیان وەردەگرن. دوایینیان دوێنێ مووچەی پلەتایبەتەکان خەرج کرا، بە شیمانە و زانیاریی خۆم، سبەی مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، ئەگەر سبەی خەرج نەکرا، ئەوا دووسبەی 100٪ خەرج دەکرێت، بەڵام سبەی مووچەی هەرێم خەرج دەکرێت.


