نەدین مایێنزا: دۆخی ئەو شوێنانەی سووریا کە تورکیا داگیری کردوون وەکو خەلافەتی داعشە

06-06-2022
بێستون عوسمان
هەڤپەیڤینی نەدین مایێنزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی
هەڤپەیڤینی نەدین مایێنزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی
نیشانەکردن نەدین مایێنزا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی دەڵێت، "ئەو شوێنانەی داگیرکاریی تورکیای تێدایە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بارودۆخێکیان دروستکردووە وەک بارودۆخی خەلافەتی داعش".
 
نەدین مایێنزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بێستوون عوسمان باسی ئازادیی ئایینی لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان کرد.
 
نەدین مایێنزا ئاماژە بەوە دەدات، "نەتەوە یەکگرتووەکانیش راپۆرتی تایبەتیان لەسەری هەیە، کە چەندین کاری ناشرین و خراپیان لەلایەن میلیشیا ئیسلامیستەکانەوە کراوە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات. بەتایبەتیش بەرامبەر ژنانی هەندێک لە کەمینە ئایینییەکان."
 
سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی باسی ژنێک دەکات و دەڵێت، لەسەر سنووری نێودەوڵەتیی تورکیا و سووریا "هەندێک ژنم ناسی کە هەڵاتبوون، بەڵام دواتر گەڕابوونەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزانەکەیان بدۆزنەوە، لەوێ دەستگیرکرابوون. یەکێکیان بە دەستگیرکەرەکانی گوتبوو ئێزدییە، پێی وابوو ئەوە یارمەتیدەدات و دەیسەلمێنێت پەکەکە نییە، بەڵام زۆر خراپتر مامەڵەی لەگەڵدا کرابوو. نینۆکی دەرهێنرابوو، دەستدرێژیی سێکسییان کردبووە سەری و چەندین جێگەی برینی بە جەستەوە بوو
 
سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی دەڵێت، کولتووری یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان "زۆر سەرنجڕاکێشە و زۆر سەختە بتوانی بەراوردی بکەیت بە بەشەکانی دیکەی عێراق کە تووندترن قبووڵکردنی ئایینیی تێدا کەمترە".
 
دەقی هەڤپەیڤینی نەدین مایێنزا لەگەڵ رووداو:
 
رووداو: تۆ لە رۆژئاڤا بوویت و یەکەم کەس بوویت کە مێزگردی نێودەوڵەتیی ئازادیی ئایینی رێکبخەیت لە رۆژئاڤا. دەتوانیت باسی ئازادیی ئایینیم لە رۆژئاڤا بۆ بکەیت؟ بەتایبەتی باسی ئەو موسڵمانانەم بۆ بکەیت کە بەم دواییانە بوونەتە کریستیان؟
 
نەدین مایێنزا: لە رۆژئاڤا کولتوورێکی سەرنجڕاکێش و گرنگیی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی ئایین و ئیتنیکی یەکدی و بێگومان جێندەری یەکدیش هەیە، تەنانەت رێگەپێدراوە خەڵک ئایینەکەی خۆیشی بگۆڕێت، ئەمە لە ناوچەکەدا زۆر نایبینین، کەنیسە هەیە تایبەتە بەو کەسانەی ئایینی خۆیان گۆڕیوە و بوونەتە کریستیان، کە مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەی دیکەی جیاوازدا دەکەن و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت وەک هەر کەنیسەیەک یاخود کۆمەڵگەیەکی دیکەی کریستیان.
 
رووداو: ئەمەش بووەتە ئاراستەیەکی نوێ؟ بەتایبەتی دوای داعش، راستە؟
 
نەدین مایێنزا: راستییەکەی یەکەم جارمە من بیبیستم، بەڵام زەحمەتە بتوانم بەدڵنیاییەوە دەستنیشانی بکەم، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبیستین کە خەڵک ئایینی خۆیان دەگۆڕن، بەڵام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کەمێک جیاوازە، لەبەرئەوە نموونەی زیاتر دەبینیت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
 
رووداو: دەتوانیت کەمێک باسی گوندە ئێزدی و کریستیانەکانم بۆ بکەیت لەسەر سنوورەکان، بەتایبەتی لەسەر سنووری نێودەوڵەتیی تورکیا و سووریا، دەمانبینی هەندێک لەو گوندانە بە داگیرکاریی تورکیا زیانیان بەرکەوتبوو، چی بەسەر دانیشتووانی ئەو گوندانەدا هات کە زۆریان لێکرا گوندەکانیان بەجێبهێڵێن؟ ئایا لە شارەکانی دیکەدا دەژین؟ ئەی بارودۆخیان چۆنە؟
 
نەدین مایێنزا: راستە، هێشتا سەتان هەزار کەس شوێنی خۆیان بەجێهێشتووە لە ناوچەی داگیرکاریی تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەبارەی ئەوانەشی کە لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە، چەندین راپۆرت لە دەزگا سەربەخۆکان و رێکخراوەکان بڵاوکراونەتەوە و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش راپۆرتی تایبەتیان لەسەری هەیە، کە چەندین کاری ناشرین و خراپیان لەلایەن میلیشیا ئیسلامیستەکانەوە کراوە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات. بەتایبەتیش بەرامبەر ژنانی هەندێک لە کەمینە ئایینییەکان ئەنجامدراوە؛ چەندین بەسەرهات هەن، بەسەرهاتی تۆقێنەر... بۆ نموونە لێرەش، هەندێک ژنم ناسی کە هەڵاتبوون، بەڵام دواتر گەڕابوونەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزانەکەیان بدۆزنەوە، لەوێ دەستگیرکرابوون. یەکێکیان بە دەستگیرکەرەکانی گوتبوو ئێزدییە، پێی وابوو ئەوە یارمەتیدەدات و دەیسەلمێنێت پەکەکە نییە، بەڵام زۆر خراپتر مامەڵەی لەگەڵدا کرابوو. نینۆکی دەرهێنرابوو، دەستدرێژیی سێکسییان کردبووە سەری و چەندین جێگەی برینی بە جەستەوە بوو. بەڕاستی ئێمە بارودۆخێکی زۆر خراپی ئەو کەمینە ئایینییانە دەبینن کە لەو ناوچەیە دەمێننەوە؛ هەندێک کەسی کریستیان لەسەر پەرستشکردن دەستگیرکراون، بەتایبەتی ئەگەر ئایینیان گۆڕیبێت. هەروەها بەسەرهاتی پیاوێکی پیر هەیە، کە چەند دەیەیەک لەمەوپێش ئایینەکەی گۆڕیوە، بەڵام هەر دەستگیرکراوە، خراوەتە زیندان و ئەشکەنجەدراوە. کەواتە...
 
رووداو: ئەم کەسانەت رووبەڕوو بینی؟
 
نەدین مایێنزا: بەڵێ یەکدیمان بینی و
 
رووداو: هەروەها ژنەکەش؟
 
نەدین مایێنزا: بەڵێ، کەواتە ئەو شوێنانەی داگیرکاریی تورکیای تێدایە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بارودۆخێکیان دروستکردووە وەک بارودۆخی خەلافەتی داعش. بەڵام ئێمە ئەم شتانە نابیستین، چونکە کارێکی گران دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی نەتەوەیی، هۆکارەکەشی ئەوەیە تورکیا ئەندامێکی هاوپەیمانیی ناتۆیە. لەبەرئەوە خەڵک بەئاسانی روویان وەردەگەڕێنن و لەبیری دەکەن، بەڵام بەڕاستی کارەکانیان ناشرین و قێزەون بوون. دەبێت بەسەرهاتەکانیان باسبکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەریان بێتەدەنگ. کردنەئامانجی کەسانی بێتاوان لە ئۆکراینا ئاسایی نییە و نابێت لە سووریاش ئاسایی بێت.
 
رووداو: سەردانی هیچ یەکێک لەو کەنیسانەت کرد کە ئەو کریستیانانەی لێیە کە ئایینی خۆیان گۆڕیوە لە رۆژئاڤا؟
 
نەدین مایێنزا: بەڵێ، سەردانم کردوون، هەموو جارێک لانیکەم سەردانی یەکێکیان دەکەم، بەڕاستی سەردانێکی جوان بوو، لە یەکێک لەو کەنیسەیانە رێکخراوێکی ئیسلامی پێشوازی لێدەکردن بە گوڵەوە، لەبەرئەوە رۆژئاڤا کولتوورێکی جوانی هەیە، تێیدا یەکدی قبووڵ دەکەن و هەروەها شتێک هەیە، بەوپێیەی هەموو کەسێک ناتوانێت بچێتە ئەوێ و بە چاوی خۆیان بیبینن... بەڵام لە هەموو ئاستێکی حکومەتدا ئەم پێکەوەژیان و کولتووری قبووڵکردنی ئایینی و ئیتنیکییە چەسپێنراوە، بە شێوەیەک هاوسەرۆکیان هەیە و چەندین گرووپی ئیتنیکی هەیە، هەمووشیان پێکەوە کارکردنیان پێکەوە لە حکومەتدا وا دەکات ئەم کولتوورە لەخۆبگرێت.
 
رووداو: ئایا ئەم کولتوورە تەنیا لە کۆمەڵگەی کوردیی رۆژئاڤا هەیە؟ یاخود کولتوورەکە تەشەنەی کردووە بۆ ناوچەکانی دیکەی زۆرینەعەرەب، وەک رەققە، ئیدلیب و شوێنەکانی دیکە؟
 
نەدین مایێنزا: بەڵێ، ئەم کولتوورە تەشەنەی کردووە بۆ شوێنەکانی دیکەش، چەند رۆژێکم لە شارەکانی وەک رەققە، تەبقە، منبجدا بەسەربرد، هەر بەڕاستی ئەم شێوازی حکومەتەیان لە بنەوە دامەزراندووە، بە شێوەیەک هەموو ئایینەکان بەشێکن لێی. هەڵبەت لەو شوێنانەشی کە زۆرینە موسڵمانن، تەنیا کریستیان یاخود ئێزدی لێ نییە بەزۆری، بەڵکو تورکمانیش هەن، لەگەڵ ئێزدی و کریستیانەکاندا بەشێکن لە حکومەت و قبوڵوکراون و پێشوازییان لێدەکرێت.
 
رووداو: با بێینە سەر باشووری کوردستان، پێم وابێت مانگی کانوونی دووەم سەردانی کوردستانت کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا کۆبوویتەوە. دەتوانیت کەمێک باسی هەرێمی کوردستانم بۆ بکەیت؟ هەروەها باسی ئازادی، مەبەستم ئازادیی ئایینیم بۆ بکەیت لە وڵاتەکە، بەراورد بە بەشەکانی دیکەی عێراق.
 
نەدین مایێنزا: راستییەکەی هیچ دەرفەتی بەراوردکردنی تێدا نییە، کولتووری ئێرە، قبووڵکردنی ئایینی یەکدی، هەروەها ئەو راستییەی کە نوێنەرایەتیی هەشت ئایین لە حکومەتدا هەیە، هەروەها کەنیسە و پەرستگە و شوێنی نزاکردنی کردووەتەوە، ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە لێرە، زۆر سەختیشە بتوانیت بەراوردی بکەیت بە بەشەکانی دیکەی عێراق، کە تووندترن و قبووڵکردنی ئایینیی تێدا کەمترە، بۆ نموونە لەگەڵ زەردەشتی و بەهاییەکان و ئەوانی دیکەش، لە کاتێکدا لێرە پێشوازییان لێدەکرێت. لەبەرئەوە کاتێک سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بووم بۆ ئازادیی ئایینی، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر خولی دووەمم کۆتاییهات، بەوردی لەبارەی ئەوەوە نووسیمان کە ئەم ناوچەیە زۆر ئەرێنییە و پێشوازیی زۆر لە کەمینە ئایینییەکانی کردووە و دەرگەی بۆ کردوونەتەوە، کاتێک لە دەستی داعش رایان کرد لە ساڵانی 2014 و 2015.
 
رووداو: ئەم نێوبانگەی کوردستانی باشوور و رۆژئاڤا بەباشی ناسراوە لە ئەمریکا؟ بەتایبەتی لەلایەن ئەنجلیکان و جیزویدەکانەوە کە زۆر بەخەمن لە بارودۆخی کریستیانەکان لەم ناوچەیەی جیهاندا؟
 
نەدین مایێنزا: لە راستیدا لە کاپیتۆڵ هیڵ، ئاگادارییەکی زۆرباش لەمبارەیەوە هەیە و خۆشحاڵیشن پێی، هەڵبەت رای گشتیی ئەمریکا گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادەن، بەڵام سەرکردە ئایینییەکانی کۆمەڵگەکان لە ئەمریکا ئاگاداری تەواوی ئەوە هەن کە لەسەروبەندی کۆمەڵکوژیی ئێزدی، کریستیان و گرووپەکانی دیکە، ئێرەیان بە زۆنێکی سەلامەت دانەوە بۆی هەڵبێن. 
 
رووداو: ئەی ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مامەڵەی واشنتنەوە هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی رۆژئاڤا؟
 
نەدین مایێنزا: پێم وایە کاریگەریی هەیە، چونکە کلیلی پرسەکان سەقامگیرییە. ئەگەر تەماشای جیهانیش بکەیت، کەمێک سەختە سەقامگیرییەکی لەو شێوەیە هەبێت کە پێویستمانە، بەتایبەتی لەم دوو وڵاتە، کە ئازادیی بیروباوەڕ و ئایینی تێدا نییە. چونکە دەبینین جیاکاریی ئایینزای و تووندوتیژی ئایینزاییش هەیە لە ناوچەکە و چەند بەشێکی دیکەی جیهانیش. بە برەودان بە کۆمەڵگەیەک کە جیاکاریی ئایینزای تێدا کەمتر بێتەوە و خەڵک بتوانێت پێکەوە بژین، سەقامگیریی زیاتر دەبێت و ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەبەرئەوە زۆر گرنگە ئەمریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەبێتە وەبەرهێنانی مەزن، چونکە کوردستان لە ساڵی 2014 رووبەڕووی داعش بووەوە و بەردەوامیش دەبێت لەوەی بەشی سەقامگیریی عێراق بێت، لەبەرئەوە زۆر گرنگە ئەمریکا لێرە بمێنێتەوە و پشتیوانی لەم حکومەتە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.