رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەوڵدەدەن چارەسەر بۆ ئەو خوێندکارانە بدۆزنەوە، کە لە دوای ساڵی 2011ـەوە بەپێی سیستمی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخوێنن، گوتی "من جەخت دەکەمە سەر ئەمە، دان بە بڕوانامەکانی ئەو کەسانەدا بنرێت.''
د. محەممەد تیرکۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری نێوداری رووداو، باسی لە پلانەکانی وەزارەتەکەی کرد لەبواری پەروەردە و فێرکردن دا.
تیرکۆ لە قسەکانیدا لەسەر بابەتی منداڵانی کۆچبەر وەستا، کە لە وڵاتانی دیکە خوێندوویانە، یان هەر نەیانخوێندووە و لە خوێندن دابڕاون. رایگەیاند، بۆ هەموو ئەو کێشانە پلانیان هەیە، گوتیشی دوو ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لە دەرەوەی سیستەمی خوێندن هەن.
حکومەتی نوێی سووریا پێکهێنرا و 22ـی وەزارەتی هەیە، لایەنە سیاسییەکانی کورد لەنێو حکومەتدا بەشدار نین و دەڵێن ئەوان بڕیارەکانی حکومەت جێبەجێ ناکەن، بەڵام لە مێژووی سووریادا، یەکەم جارە کوردێک لە عەفرین لە حکومەتدا دەبێتە وەزیر. ئەویش د. محەممەد تیرکۆیە. خەڵکی گوندی حەمامی ناوچەی جندرێسی عەفرینە.
وەزیری پەروەردە و فێرکردن. د. محەممەد تیرکۆ ئەکادیمیسیانە. دکتۆراکەی لە ئەڵمانیا لە شاری لایپزیگ بەدەستهێناوە. پێشتر جێگری سەرۆکی زانکۆی شام بووە. بەڵام نە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، نە ئەنەکەسە، لەگەڵ راگەیاندنی ئەو حکومەتە دا نەبوون و پێیان وایە رای کورد بە هەند وەرنەگیراوە لە پێکهێنانی دا، بۆیە رایانگەیاند وەک کورد بەشداری ئەو حکومەتە نابن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئێمە بە کوردی قسە دەکەین.
وەزیری پەروەردەی سووریا: سوپاس بۆ تۆ، بەڵێ ئێمە بە کوردی قسە دەکەین.
رووداو: بە کوردییەکەی خۆت لە عەفرین قسە بکە دکتۆر. ئەم پاشناوی تیرکۆیە لە کوێوە هاتووە؟ زۆر کەس گومان دەکەن کە تۆ تورکی نەک کورد؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: ناوی من محەممەد تیرکۆیە. من خەڵکی گوندی حەمامم. من لە حەمام لە ساڵی 1979 لەدایک بووم. حەمام گوندێکە سەر بە ناوچەی جندرێسە، پەیوەستە بە عەفرینەوە. من لەوێ لەدایک بووم. ئێمە کوردین. حەمام دوو گوندی هەبوون، حەمامی لای تورکەکان و حەمامی ئەم لایە. هەندێک لەو لایەوە هاتوونەتە لای سووریا، لە لای تورکەکانەوە هاتوون، بەڵام ئێمە یەک بنەماڵەین.
رووداو: دکتۆر، تۆ خۆت لە گەڕەکی زۆراڤای شام گەورە بوویت؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: من لە گەڕەکی زۆراڤا گەورە بووم، لە قوتابخانەکانی شام خوێندوومە. بە باشی بە شێوەزاری عەفرینی قسە دەکەم، دەتوانم بە دوو شێوەزار قسە بکەم، چونکە زۆر هاوڕێی من خەڵکی ناوچەی جەزیرەن. خەڵکی هەموو ناوچەکان لە گەڕەکی زۆراڤا دەژین، خەڵکی جەزیرە، خەڵکی کۆبانێ و خەڵکی عەفرینیش لێرە هەن. کەسێک کە لێرە گەورە بووبێت، دەتوانێت بە 3 شێوەزاری کوردی قسە بکات.
رووداو: ئێوە لە ماڵەوە بە کوردی قسە دەکەن؟ لەگەڵ دایکت بە کوردی قسە دەکەیت؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: بەڵێ، ئێمە بە کورمانجی قسە دەکەین لە ماڵەوە، لەگەڵ دایکم و لەگەڵ منداڵەکانی خۆشم.
رووداو: تۆ لەگەڵ منداڵەکانی خۆت بە کوردی قسە دەکەیت؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: بەڵێ، من لەگەڵ منداڵەکان، بنەماڵە و هاوڕێکانم بە کوردی قسە دەکەم.
رووداو: دکتۆر، تۆ کەی زانیت دەبیتە وەزیری پەروەردە؟ کێ پێی گوتیت؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: تۆ دەزانیت من لە زانکۆی شام کارم دەکرد. بەرپرس بووم لە زانکۆ. چاوپێکەوتن ئەنجامدران و، منیان خواست. ئێمە دوو سێ چاوپێکەوتنمان ئەنجام دا، لەسەر کەسێک کە پڕۆژەکەی لەسەر خوێندن لە سووریایە. رای هەبێت لەسەر منداڵان و کێشەکانی خوێندن و پەروەردە. پلانێکیان دانا و لە پلانەکەیان روانی و حەزیان لە پلانەکە بوو. دواتر پرسیاریان لێکردم، تۆ چۆن ئەم پلانە جێبەجێ دەکەیت؟ میکانیزمی ئەم پلانە چییە؟ لەسەر ئەم پلانە من هەڵبژێردرام. من تەکنۆکراتم، من ئەکادیمیسیانم و پسپۆرم لەم بوارەدا، بواری خوێندن و پەروەردە.
رووداو: کاری زۆر لە پێش تۆ هەن. من دەزانم زووە ئەم پرسیارە لە تۆ بکەم، لەبەرئەوەی تۆ تازە پۆستی وەزارەتی پەروەردەت وەرگرتووە، بەڵام یەکەم بڕیارت چی دەبێت؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: کەرتی پەروەردە لە سووریا کێشەی زۆرە. هەندێک کێشە بە قوتابخانەکانەوە پەیوەستن. کێشە لە باڵەخانەکاندا هەیە. ژمارەی مامۆستایان زۆرە. ئاستی مامۆستایان چۆنە. ئێمە هەوڵدەدەین تاڕادەیەک ئاستی مامۆستایانی قوتابخانەکان بەرزبکەینەوە، بۆ ئەوەی ئاستی منداڵەکانیش بەرزبێتەوە. ئەگەر ئێمە ئاستی مامۆستا بەرزنەکەینەوە، ناتوانین شتێکی باش بۆ منداڵەکان بکەین. دەمەوێت لێکۆڵینەوە لەسەر کێشەکان بکەم. من بەم شێوەیەم. لێکۆڵینەوە دەکەم و دواتر بڕیاردەدەم. لەبەرئەمە، کاتی یەکەم لای من کاتی لێکۆڵینەوەیە. دۆخ چۆنە؟ دواتر لەسەر ئەم بنەمایە بڕیار دەردەکەم.
رووداو: شتێکی دیکە هەیە. ئێستا لەنێوان حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کێشە هەیە. ئەویش تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9 و 12ـی حکومییە. قوتابیانی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، چۆن دەتوانن تاقیکردنەوەکانیان بکەن؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: ئەوەی تۆ گوتت زۆر پێویستە. لە دوێنێوە چەند تەلەفۆن بۆ من هاتووە. لەگەڵ من لەسەر پرسی قوتابییەکانمان لە پۆلی 9 و بەکالۆریا قسەیان کردووە کە، چۆن تاقیکردنەوەکانیان دەکەن. هەموویان دەچنە پارێزگاکانی دیکە تاقیکردنەوەکانیان دەکەن. ئەمەش شتێکی زۆر قورسە بۆ خەڵک، کە تۆ منداڵەکانت بنێریتە شوێنێکی دیکە، بۆ تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریا. هەوڵدەدەم چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە بدۆزمەوە. ئەم شتە لەنێو کارە لەپێشینەکانی مندایە. من وەزیری پەروەردە و خوێندنی هەموو منداڵانی سووریام. لە وتارەکەمدا جەختم کردە سەر شتێک، گوتم مافی هەر منداڵێکی سووریایە فێر ببێت. ئەم مافەش لەسەر شانی دەوڵەتە دابینی بکات. دەکەوێتە چوارچێوەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9 و بەکالۆریاوە. ئینشاڵڵا ئێمە چارەسەرێک دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی خەڵک لە سەفەر و چوونە ئەم لایە بۆ پێشکێشکردنی تاقیکردنەوەکان ئاسوودە بکەین. ئەم بابەتە لە بیری مندایە. ئینشائەڵڵا چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە دەدۆزمەوە.
رووداو: دکتۆر لەبەرئەوەی تۆ وەزیری پەروەردە و خوێندنیت، بابەتێکی زۆر گرنگ هەیە، پرسیارێکی زۆر گرنگ هەیە، لە سەر هەموو منداڵ و خاوەن منداڵەکاندایە. ئەمە 10 ساڵە منداڵانی کورد، بە سیستەمی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخوێنن، ئێوە دان بەو سیستمەدا دەنێن؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. ئەم پرسیارە زۆر جار لێم کراوە. من جەخت دەکەمە سەر ئەمەش، دان بە بڕوانامەکانی ئەو کەسانەدا بنرێت، کە بڕوانامەکانیان لەنێوان ساڵانی 2011 تاوەکو 2024 بەدەست هێناوە. لە لایەنی نێودەوڵەتیشەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە زانکۆی شام و هەموو زانکۆکانی سووریا. پلانێک بۆ ئەم بابەتە پێویستە. شتێکی تەکنیکیش لەم بابەتەدا هەیە، کە کەرەستەکانی ئەوێ چین؟ پلەکانی ئەوێ چەندن؟ بۆ ئەوەی ئێمە بەڵگەنامەیەکیان بدەینێ، بۆ ئەوەی وەک بڕوانامەکانی ئێرە بێت. وەک بەکالۆریای سووریا بێت. سوپاس لەسەر ئەم پرسە، زۆر جار لە واتسئاپەوە پرسیار بۆ من هاتووە.
رووداو: پلانت ھەیە، کە پەیوەندی بە دەستەی پەروەردەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێی بکەی یان نا؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: بێگومان پلان ھەیە. گەلێک خاڵ ھەن، بەڵام وەکو دەڵێن، من پێش ھەر شتێک چی دەکەم؟ چی گرنگە؟ چی پەلەیە؟ من پێش ھەر شتێک ئەوە دەکەم. لای من تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریا، پاشان بڕوانامەکانی ئەوێ دێن. ئێمە سەیر دەکەین چ کێشەیەک ھەبێت، ھەوڵدەدەین چارەیەکی بۆ بدۆزینەوە.
رووداو: بەڕێز وەزیر، سەیرکە ئێستا من رۆژنامەنووسێکم لێرە، تۆ وەزیری پەروەردەیت، ئێمە بە کوردی قسە دەکەین. بەڕاستی خۆشە، کەیفم دێت، کە من لەگەڵ وەزیرێکی کورد بە کوردی قسە بکەم، جاران لە سووریا نەبووە، بەڵام ئەم زمانەی کە من و تۆ پێی قسە دەکەین، زمانی کوردی، لە پەروەردەی گشتی سووریادا جێی دەبێتەوە؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: کاری پێویستە، بێگومان رێککەوتنی بۆ پێویستە، مافی زمانی کوردی مافێکی گرنگە. مافی ھەر گەلێکە کە بە زمانی خۆی قسە بکات و بە زمانی خۆی بخوێنێت، ئەم کارە پێویستی بەمەیە. مافە کولتوورییەکان لە دەستووری نوێی سووریادا ھەن. ئینشائەڵا ئێمە لەسەر پرسی مافە کولتوورییەکان کار دەکەین، بۆ مافی زمان و ئەم بابەتە. ئەم پرسەش بەشێک لە کاری من دەبێت لە داھاتوودا ئینشائەڵا.
رووداو: لەبەرئەوەی تۆ کوردیت، زۆر ئاسایی و نۆرماڵە کورد ئەم داواکارییە لە تۆ بکەن. وەزیری پەروەردە کورد بێت، خەڵک دەڵێن، دەبێت منداڵەکانمان لە قوتابخانەکاندا بە کوردی بخوێنن. بۆ ئەمە ھیچ بەربەستێک لەبەردەمت نابێت؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: وەکو پێشتر پێمگوتی، ئەمە مافی میللەتە و لە دەستووری ئێستای سووریادا، ئەم بابەتەی تێدایە، وەکو مافە کولتوورییەکان، لە مافی کولتووریدا زمان ھەیە. مافی زمان بەشێکی بنەڕەتیی مافە کولتوورییەکانە.
رووداو: شتێکی دیکە، لە سەردەمی دەسەڵاتەکانی پێشوودا، بەرپرسانی پەروەردە، بەرپرسانی خوێندن لە حەسەکە لە قامیشلۆ لە کۆبانێ، تەنانەت لە عەفرینیش زۆربەیان عەرەب بوون، لە پارێزگاکانی دیکەوە ھاتبوون. زۆربەیان لە پارێزگاکانی دیکە دەچوون لەوێ دەژیان. کادیرەکانی پەروەردە لەو ناوچە کوردییانەدا دەبێت کورد بن؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: ئەمەش کێشەیەکە. خەڵکی ئەوێش، عەرەب ھەن و کورد ھەن، وا نییە؟ خەڵکی دیکەیش ھەن. پرسی زمان و زمانی خوێندن، کار و چارەسەری دەوێت، لێکۆڵینەوەی دەوێت و میکانیزمێک پێویستە بۆ جێبەجێکردنی.
رووداو: کاتێک ھەندێک بیستیان من چاوپێکەوتن لەگەڵ تۆ دا دەکەم، کوردەکانمان لێرە، ئەوانەی کە لە باشووری کوردستان دەژین. تۆ دەزانیت کە ژمارەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لێرە، زیاتر لە 250 ھەزار کەسە. منداڵەکانیان لێرە لە ھەرێمی کوردستان بە کوردی دەخوێنن، بەڵام بنەماڵەکانیان دەپرسن، ئەگەر بگەڕێنەوە رۆژئاوا، بگەڕێنەوە سووریا، چارەنووسیان چی دەبێت؟ ئەو کەسانەی لێرە دەخوێنن، ئەگەر سبەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بڕوانامەکانیان پەسند دەکرێ یان نا، لەم بارەیەوە ھیچ پلانێک ھەیە، کە پەیوەندیی بە وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستانەوە بکەیت؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: ئێستا شتێک ھەیە، ھەر کەسێک کە لە دەوڵەتێکی دیکە خوێندبێتی و دەیەوێت لە دەوڵەتێکی دیکە تەواوی بکات، دانپێدانان بەو بڕوانامەیە پێویستە. وەک نموونە، لای ئێمە پۆلی 7ـی خوێندووە، وەکو تۆ ئێستا گوتت، لە ھەرێمی کوردستان خوێندوویەتی و دەیەوێت بێتەوە لای ئێمە، لای ئێمە دەبێت پۆلی 7 تەواو بکات، بەڵام شتگەلێک ھەن دەبێت زیاتر بخوێنێت، وەک نموونە لێی کەمە، ئێمە بۆی زیاد دەکەین، ھەتا دەگاتە ئێرە. ئەم پرسە دانپێدانانی بە بڕوانامەوە دەوێت. ئەو لە چ ئاستێکدایە. پۆلی 7ـی ئەوێ وەکو پۆلی 7ـی ئێرەیە؟ پۆلی 6ـی ئەوێ وەکو پۆلی 6ـی ئێرەیە؟ چ ماتریاڵێکی لێ کەمە، دەبێت تەواوی بکات. ئەم بابەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھەیە، لێرەش ھەیە.
رووداو: شتێکی دیکە، وەک نموونە کاتێک تۆ بوویت بە وەزیر، ھیچ لایەنێکی سیاسی کوردی پەیوەندی بە تۆوە کردووە دکتۆر؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: وەکو سەرەتا پێم گوتی، ئەم حکومەتەی سووریا حکومەتێکی تەکنۆکراتە، ھەرکەسێک بەپێی بوار و پسپۆڕیی خۆی کار دەکات. من نوێنەری پارتێکی سیاسی یان ھێزێکی سیاسی نیم. من مرۆڤێکی کورمانجم. ئەکادیمی و مامۆستام، من لە بواری خۆمدا کار دەکەم، بواری پەروەردە. من نوێنەری ھێزە سیاسییەکان نیم لە حکومەتدا. بابەتی ھێزە سیاسییەکان بابەتێکی نێودەوڵەتییە و بە گەلێک شتی دیکەوە بەندە. من لەم حکومەتەدا وەزیرێکی تەکنۆکراتی کورمانجم.
رووداو: تۆ ھیچ پشتگیرییەک لە ھیچ لایەنێکی سیاسی کوردی ناخوازی، بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن، پشتگیریت بکەن؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: ئەو شتەی کە ئێمە سەرەتا باسمان کرد، تاقیکردنەوەکانی 9 و بەکالۆریا و دانپێدانان بە بڕوانامەکان، بێگومان پەیوەندی دەبێت، ئێمە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتر دەکەین، ھەتا چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزینەوە.
رووداو: شتێکی دیکە ھەیە، تۆ سەردانی قامیشلۆ دەکەیت؟ یان کۆبانی، عەفرین؟ ناوچەی جەزیرە؟ وەک وەزیر.
وەزیری پەروەردەی سووریا: وەکو سەرەتا پێم گوتی، من وەزیری ھەموو منداڵەکانی سووریام. مافی ھەر منداڵێکە فێر ببێت. من ھەوڵدەدەم وا بکەم ھەموو منداڵان بگەنە مافی خوێندنی خۆیان. تەنانەت منداڵە کۆچبەرەکانیش. من حەزم دەکرد تۆ پرسیارێکم لێ بکەیت دەربارەی منداڵە کۆچبەرەکان، رەوشی ئەو منداڵانە چۆنە، من زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدەم.
رووداو: لەنێو پرسیارەکانمدا ھەبوو. لەبەرئەوەی تۆ ھێناتە سەر، من لێت دەپرسم، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی کورد و نا کورد لە دەرەوەن، کۆچبەر بوون، لە کەمپەکاندا دەژین. پلانێکت بۆ ئەوان دەبێت یان نا؟ منداڵانی عەفرینن، منداڵانی سەرێ کانێن، گرێ سپین، کە لە شوێنی خۆیان کۆچبەر بوون، لە چادرەکاندا دەژین، رەوشیان زۆر خراپە. لە خوێندن بێبەش ماون، تۆ بۆ ئەوان چی دەکەیت؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: راستە، منیش زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدەم، زۆر خەڵکی ئێمە لە سووریا کۆچبەر بوون و لە شوێنی خۆیان دەرچوون، منداڵەکانیان نەیانخوێندووە، ئێستاش گەورە بوون، خوێندنیان لەدەستچووە. بەپێی ژمارەکان، دوو ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لە دەرەوەی سیستمی خوێندن ھەن. ئەمەش بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەممان، لەم کاتەی داھاتوودا و ئێمە زۆر گرنگی پێدەدەین. ئەم بابەتە لای ئێمە وەکو حکومەتی سووریا ژمارە یەکە. بەڵام ئێمە بە تەنھا ناتوانین ئەم پرسە چارەسەر بکەین. دەبێت رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش یارمەتیمان بدەن. کەمپ لە ئیدلیب ھەن، لە حەسەکە ھەن، لە گەلێک شوێن ھەن، منداڵ لەو کەمپانەدان. دەبێت مافی خوێندن بگاتە ھەموو ئەم منداڵانە. من پلانێکم بۆ ئەم پرسە داناوە و ئێمە کاری لەسەر دەکەین. ئەمەش مافی منداڵانە.
رووداو: دکتۆر بارت زۆر قورسە. کورد زۆر شت لە تۆ داوا دەکەن. تۆ کوردیت، مافی ئەوانە. مافی کوردانە داوای ئەوە بکەن. وەک نموونە، لە بەرنامەکانی خوێندنی سووریادا، باسی گەلێک ھەڵبەستڤان، ھونەرمەند، نووسەر، رۆشنبیرانی عەرەب و بیانی دەکرێت. ئێمە لە بەرنامەی نوێی خوێندندا، مێژووناس، ھەڵبەستڤانانی کورد دەبینین؟ وەک نموونە ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، شێرکۆ بێکەس، جگەر خوێن، سەیدای تیرێژ، سەرکردەکانی کورد دەبینین یان نا؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: من دەڵێم، دەبێت ببینین، لەبەرئەوەی رژێمی رووخاو مافەکانی کوردی خواردبوو. لە بواری خوێندندا، لە بواری کولتووریدا. بۆچوونی ئەم حکومەتە ھەتا ئێستا کە من لەگەڵیاندام و کار دەکەم، گەلی سووریا بە ھەموو فرەڕەنگی خۆیەوە ھێزە بۆ سووریا، ئەم فرەڕەنگییە لە خوێندنیشدا رەنگبداتەوە. لەوانەیە ئێوە شتێک نەزانن، لای ئێمە، لە شام خولەکانی زمانی کوردی ھەن. ئەمەش زۆر گرنگە، ئێمە لە داھاتوودا گرنگی بەم بابەتە دەدەین.
رووداو: لە تیمەکەی وەزارەتەکەتدا، کورد دەبن؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: کورد لە ھەموو شوێنێک ھەن، بێگومان.
رووداو: دکتۆر تۆ لە کەیەوە نەچوویتە عەفرین؟
وەزیری پەروەردەی سووریا: دڵم لە عەفرینە. 14 ساڵ دەبێت نەچوومەتەوە گوندەکەم. ئەمە شتێکی ھەستیارە. شتێکی زۆر سەختە کە من لە سوریا بووم و لە 14 ساڵەوە نەچوومەتەوە گوندەکەم و نێو کێڵگەکانم. تۆ دەزانیت عەفرین چەند خۆشە. کەسێک ئاوی عەفرین بخواتەوە، زەیتی عەفرین بخوات و 14 ساڵ! ئینشائەڵڵا لە کاتی داھاتوودا بێگومان دەچمە عەفرین.
رووداو: کوردییەکەت زۆر باش ماوەتەوە بەڕاستی، ھەندێک وشەی عەرەبی کەوتوونەتە ناوی، ئەوەش زۆر نۆرماڵە، لەبەرئەوەی تۆ ھەم لە شام بوویت، لە زۆراڤا بوویت، شێوەزاری تۆ گۆڕاوە، شێوەزاری تۆ وەکو ئەوەی ئاشیتییەکانە لە ناوچەی جەزیرە. کاتێک من دەنگی تۆم بیست، تۆ وەکو خەڵکی قامیشلۆ قسە دەکەیت، من پرسیارم کرد دکتۆر محەمەد خەڵکی عەفرینە، بۆچی وەکو خەڵکی جەزیرە قسە دەکات. وەکو ئاشیتییەکانی جەزیرە.
وەزیری پەروەردەی سووریا: راستە. من سەرەتا پێمگوتی، خەڵک لە گەڕەکی زۆراڤا دەژین، شێوەزاری منداڵەکان بە یەکتر گۆڕاوە، منداڵ زوو فێر دەبن، خەڵکی کە لێرە دەژی، بە سێ شێوەزار قسە دەکەن، وەکو من و ھاوڕێکانم، ئێمە دەتوانین وەکو خەڵکی جەزیرە قسە بکەین، بە عەرەبی قسە بکەین و بە عەفرینیش قسە بکەین. ئێمە ئەم شێوەزارانە دەزانین. کاتێک من قسە دەکەم زۆر کەس نازانن من خەڵکی عەفرینم. ھەروەھا ھەندێک ھاوڕێی من خەڵکی جەزیرەن بە شێوەزاری عەفرین قسە دەکەن، وەکو خەڵکی عەفرین قسە دەکەن و باشتریش. ھۆکاری ئەمەش پێکەوەژیانە. من زۆر حەز لە زمانەکان دەکەم.
رووداو: دکتۆر من ھیوادەخوازم لە کارەکەتدا وەکو وەزیری پەروەردە و خوێندن گرنگییەکی زۆر بە زمانی کوردی بدەیت. ئەم زمانەی من و تۆ پێی قسە دەکەین. ئەمە وەکو ئەرکێک و کارێک لە تۆ داوا دەکرێت.
وەزیری پەروەردەی سووریا: بێگومان، لای ئێمە زمان زۆر گرنگە. زمان بەشێکە لە کولتووری خەڵک. زمان ناسنامەی میللەتە. زمان زۆر گرنگە. گەلێک زمان لە سووریادا ھەن، دەبێت ئێمە گرنگی بە ھەموو زمانەکان بدەین. ئەمە ھێزێک بە سووریا دەدات، فرەیی زمانەکان ھێزە بۆ سووریا. ئەمەش بەڵگەیەکە کە قووڵبوونەوەیەکی شارستانی ھەیە. من زۆر گرنگی بە زمانی ئەڵمانی دەدەم، لێرە لە زانکۆی شام 6 ساڵ زمانی ئەڵمانیم دەگوتەوە، بەڵام دواجار کاتم نەبوو. زۆر حەزم لە زمانی ئەڵمانییە. 6 ساڵ لە ئەڵمانیا مامەوە، من دکتۆرام لەوێ تەواو کرد. بابەتی زمان زۆر گرنگە. گوتەیەک ھەیە دەڵێت، ھەر زمانێک بە مرۆڤێکە. واتە کەسێک دوو زمان بزانێت بە ھێزی دوو مرۆڤە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ