رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پێشووی زیندانەکانی بەغدا، لیوا نازم مالکی، کە کەسایەتییەکی سەربازیی خاوەن ئەزموون و زانیارییە لەسەر سوپای عێراق، بەتایبەتی هێزی دەریایی، هەروەها داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1990، بە رووداوی گوت: "نیەتم هەبوو بچمە کۆلێژی ئەرکان، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە، ئەفسەرێکى ناوچەی باشوور—بۆ ئەوەی راستگۆ بم ناڵێم هەموو ئەفسەرەکان—بەڵام ئەفسەرێکى ناوچەی باشوور لە ناسڕیە یان بەسرە یان عەمارە یان کووت، پێشوازیی لێنەدەکرا بۆ چوونە کۆلێژی ئەرکان، یان پۆستی ئەفسەری ئاسایش یان ئەفسەری هەواڵگریی پێبدەن. ئەم پۆستانە لە راستیدا دەدرانە پارێزگای نەینەوا یان روومادی".
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەسەر شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو، لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)، بەرپرسی پێشووی زیندانەکانی بەغدا، لیوا نازم مالیکی، باسی لە چەندین دۆسیە و بابەت کرد، لەوانە شەڕی کوێت، زیندانەکانی عێراق و سوپای عێراق و چەکەکانی لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا، و گوتی: "کاتێک لە ساڵی 1988 چوومە نێو هێزی دەریایی، چەکەکانی هێزی دەریایی کۆن بوون کە لە پەنجاکاندا دروستکرابوون؛ واتە بەلەمە جەنگییەکانی فەرماندەیی هێزی دەریایی زۆربەیان رووسی و کۆن بوون، بەلەمی مۆدێرنمان نەبوو، تەنانەت کاتێک چووینە نێو شەڕی کوێتیشەوە، چەکەکانمان کۆن و بەکارهاتوو بوون، زۆربەشیان تەواو بەکارهێنرابوون و شیاوی بەکارهێنان نەمابوون".
هەروەها گوتیشی: "هەر خوێندکارێک کە داواکاریی بۆ کۆلێژی سەربازی پێشکێش بکردایە، دەبوو سەر بە حیزبی بەعس بێت، جا چ وەک لایەنگر (مؤید) بێت یان پشتیوان (نصیر). هەربۆیە هەموو خوێندکارەکان، بە ویستی خۆیان بێت یان بەبێ ویستی خۆیان، دەچوونە نێو حیزبی بەعس، کاتێک لە قۆناغی یەکەمی ناوەندی دەبوویت، وایان لێدەکردیت بچیتە نێو حیزبی بەعسەوە بەم پلەی لایەنگر ، ئەم دۆخە بەردەوام دەبوو؛ هەر کەسێک باوەڕی بە حیزبی بەعس هەبووایە، دەچووە خولی پەرەپێدانەوە و بۆ قۆناخی بەرزتر سەردەکەوت"، هەروەها گوتی: "بەڵام زۆربەی ئەفسەران و سەربازەکان ئەو ئینتیما و پەیوەستبوونە رۆحییە یان باوەڕەیان بەوە نەبوو".
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
رووداو: بینەران و بیسەرانی خۆشەویست، سڵاوتان لێ بێت. خۆشحاڵم بە شادبوونەوە پێتان لە ئەڵقەیەکی نوێی بەرنامەی (پەنجەمۆر). لەم ئەڵقەیەدا میوانداریی کەسایەتییەکی سەربازیی دەکەین کە خاوەن ئەزموون و زانیارییە لەسەر سوپای عێراق، بەتایبەتی هێزە دەریاییەکان، هەروەها داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1990. ئەم کەسایەتییە بۆ ماوەیەکی درێژ بەرپرسی زیندانەکانی بەغدا بووە کە زیاتر لە 60 هەزار زیندانی و تۆمەتبار و داواکراوی تێدا بووە. لەوێش لە نزیکەوە ئاشنای ژمارەیەک لە سەرکردەکانی حیزبی بەعس بووە، لەنێویاندا عەلی حەسەن مەجید، تاریق عەزیز، و کەسایەتیی دیکە. میوانداریی لیوا نازم مالیکی دەکەین و لاپەڕە گرنگەکانی ئەو مێژووە هەڵدەدەینەوە کە خۆی بەشداریی لە رووداوەکانیدا کردووە یان لە نزیکەوە هاوسەردەمی بووە. بەڕێز نازم، بەخێربێیت بۆ بەرنامەی پەنجەمۆر.
نازم مالیکی: زۆر بەخێربێن. لە سەرەتادا سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جەنابتان دەکەم بۆ ئەم بانگهێشتە جوانە، بەتایبەت پێشوازیی گەرم و میواندۆستیتان لەم پارێزگا جوانە، پارێزگای سلێمانی.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئێوە، بەخێربێن بۆ کوردستان و بۆ سلێمانی. باشترە لە قۆناخی خوێندنی سەرەتاییتانەوە دەستپێبکەین، ئایا لە منداڵییەوە خۆشەویستیی سوپاتان تێدا دروستبوو کە دواتر پۆستی باڵاتان تێیدا وەرگرت؟
نازم مالیکی: بەڵێ، من لە راستیدا لەدایکبووی ساڵی 1965م. باوکم سەربازی پێشوو بوو، سەربازیش لەگەڵ خێزانەکەی دەگوازرایەوە بۆ هەر پارێزگایەک کە خزمەتی سەربازیی لێبکردایە، هەربۆیە شوێنی لەدایکبوونم لە پارێزگای کەرکووک بوو. ناوم نرا نازم لەسەر ناوی داپیرەم کە بە ناوی برا تورکمانەکەیەوە ناوی ناوم نازم. بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کەرکووک ماینەوە، دواتر گواستمانەوە بۆ پارێزگای بەسرە. ژیانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە قەزای قوڕنە لە پارێزگای بەسرە تەواو کرد، تاوەکو قۆناخی ئامادەییشم هەر لە قوڕنە تەواو کرد. دوای ئەوە لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری وەرگیرام، لە قۆناغی یەکەم کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریم جێهێشت و لە ساڵی 1986 پەیوەندیم بە کۆلێژی سەربازیی یەکەمەوە کرد. لە ساڵی 1988 لە مانگی شەشدا (22/6) لە خولی (72) دەرچووم. لە راستیدا خەونی منداڵیم بوو، بەتایبەتی لە قۆناخی هەرزەکاریدا، کە ببمە ئەفسەر لە سوپای عێراق، چونکە بنەماڵەکەمان، بەتایبەت خێزانەکەمان، هەموویان سەرباز بوون و خۆشەویستیمان بۆ ئەم پیشەیە هەبوو.
رووداو: بەڵێ، ئێوە دەزانن دوای حەفتاکان، بەتایبەت دوای ئەوەی حیزبی بەعس دەسەڵاتی لە عێراق گرتە دەست، هەمیشە هەوڵی دروستکردنی سوپایەکی عەقیدەیی دەدا، سوپایەک لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت، لەبەر ئەم هۆکارەش دەبوو ئەفسەران و پلەدارە سەربازییەکان یان ئەوانەی دەچوونە کۆلێژە سەربازییەکانەوە بەعسی بن، ئایا دۆخەکە بەو شێوەیە بوو؟ ئایا بەشداریتان کرد یان چوونە نێو حیزبی بەعسەوە ئەگەر دەستەواژەکە دروست بێت؟
نازم مالکی: لە راستیدا هەر خوێندکارێک کە داواکاریی پێشکێش بە کۆلێژی سەربازی بکردایە، دەبوو سەر بە حیزبی بەعس بێت، با لایەنگر (مؤید) بێت یان پشتیوان (نصیر). هەربۆیە هەموو خوێندکاران، بە ویستی خۆیان بێت یان بێ ویستی خۆیان، دەچوونە نێو حیزبی بەعسەوە. لە قۆناغی یەکەمی ناوەندی وایان لێدەکردیت بچیتە نێو حیزبی بەعسەوە بەم پلەیە (مؤید)، ئەم حاڵەتەش بەردەوام دەبوو؛ بەشێک لەوانەی باوەڕیان بە حیزبی بەعس هەبوو دەچوونە خولی پەرەپێدان و دەپەڕینەوە بۆ قۆناخی باڵاتر. بەتایبەت ئەگەر سەربازی بووایە، بە زۆرەملێ بوو دەبوو ئامادەی کۆبوونەوەکان بێت، بەڵام زۆربەی ئەفسەران و سەربازەکان ئەو ئینتیما و پەیوەستبوونە رۆحییە یان باوەڕەیان پێی نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی رژێمەکە توندوتیژ و دڕندە بوو...
رووداو: کەواتە تەنیا شتێکی رووکەش بوو؟ بەڵێ.
نازم مالکی: بەڵێ، رووکەش بوو، رێکخستنی زۆربەی سوپای عێراق رووکەش بوو تەنیا لەبەر ئەوەی... چونکە هیچ ئەفسەرێک نەدەچووە کۆلێژی ئەرکان ئەگەر هەڤاڵێکی حیزبی (رفیق) نەبووایە، هیچ ئەفسەرێک نەدەبووە فەرماندەی فەوج یان پۆستێک ئەگەر پلەی حیزبی نەبووایە. بۆیە تەنانەت ئەگەر هەڤاڵێکی حیزبیش بووایە، واتە ببێتە هەڤاڵێکی حیزبی بەڵام باوەڕی پێی نەبوو، گرنگیشی بەو شتانە نەدەدا، بەڵام لەبەر ئەوەی ناچار بوو. تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانە یان بەڕێوەبەری فەرمانگە، هەر فەرمانگەیەک، بەتایبەتی لە ناوچەی باشوور و ناوەڕاست، ئەگەر سەر بە حیزبی بەعس نەبووایە هیچ پۆستێکیان پێنەدەدا، ئەمە راستییەکە هەموو عێراقییەکان دەیزانن.
رووداو: ئێوە باستان لەوە کرد کە لە ساڵی 1988 خوێندنتان لە کۆلێژی سەربازی تەواو کردووە، چی هۆکارێک بوو کە بەشی هێزی دەریاییتان هەڵبژارد؟ ئایا بە ویستی خۆتان بوو یان بە رێککەوت؟
نازم مالیکی: نەخێر، لە راستیدا من خۆم فەرماندەیی هێزی دەریاییم هەڵبژارد، چونکە بارەگا... فەرماندەیی یان بارەگای کارکردنی لە پارێزگای بەسرە بوو، منیش دانیشتووی پارێزگای بەسرە بووم، زۆربەی کەسوکار و خزمەکانم لەم فەرماندەییە دەریاییەدا خزمەتیان دەکرد، بۆیە ئەوەم هەڵبژارد لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەمە... هێزی دەریایی جیاوازە لە پیادە و لە شەڕکردن لە نێو سوپادا، هەموو دەریاییەکان لە راستیدا سەربازییەکەیان زۆر جوان و پاکوخاوێنە و چەکەکانیان بەلەمە، وەک پیادە و ئەوانی دیکە نییە.
رووداو: هەروەها دەگوترێت هێزی دەریایی لە رووی کەرەستە و تفاقەوە داڕماو و پڕ لە چەکی کۆنی رووسی بووە، ئایا ئەوە راستە؟
نازم مالیکی: کاتێک لە ساڵی 1988 چوومە نێو هێزی دەریایی، چەکەکانی هێزی دەریایی کۆن بوون کە لە پەنجاکاندا (1950) دروستکرابوون؛ واتە بەلەمە جەنگییەکانی فەرماندەیی هێزی دەریایی زۆربەیان رووسی و کۆن بوون، بەلەمی مۆدێرنمان نەبوو، تەنانەت کاتێک چووینە نێو شەڕی کوێتیشەوە، چەکەکانمان کۆن و بەکارهاتوو بوون، زۆربەشیان لەکارکەوتوو و بەکارهێنراو بوون.
رووداو: کەواتە جگە لە رووسیا، هیچ وڵاتێکی دیکە نەبوو یارمەتیتان بدات یان چەکتان پێبفرۆشێت، وەک فەرەنسا یان وڵاتانی دیکە؟
نازم مالیکی: بەڵێ، بۆ نموونە من سەر بە لیوای "بۆقە مرۆییەکان" بووم دوای ئەوەی دەرچووم، چوومە خولی هێزە تایبەتەکان، چونکە دەرچووی کۆلێژی سەربازی بووم، دوای ئەوە چوومە خولی "بۆقە مرۆییەکان"، و دوای تەواوکردنی خولی هێزە تایبەتەکان و بۆقە مرۆییەکان بوومە ئەفسەر بە پلەی ملازم لە یەکەى بۆقە مرۆییەکان. یەکەى بۆقە مرۆییەکان چەکەکانیان فەرەنسی بوو، هەموو کەرەستەکانی مەلەوانی و ژێرئاوگەڕی و ئەو چەکانەی لە نێو بۆقە مرۆییەکاندا هەبوون فەرەنسی بوون. چونکە یەکەم کەس کە یەکەى بۆقە مرۆییەکانی دامەزراند، لیوای خانەنشین فەیسەڵ جۆنی بوو لە ساڵی 1968 ئەم یەکەیەى دامەزراند، و یەکەمین خولەکانیش عەبوود قەنبەر و موئەیەد ئالوسی تێیدا بەشدار بوون.
رووداو: قەبارەی هێزی دەریایی عێراق لەو کاتەدا کە تۆ لە سوپادا بوویت چەند بوو؟
نازم مالیکی: پێش کەمکردنەوە و پێش چوونمان بۆ کوێت، ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی لە فەرماندەیی هێزی دەریاییدا بوون زیاتر لە 600 ئەفسەر بوو، جگە لە پلەدار و سەربازەکان.
رووداو: وەک دەزانن لە ساڵی 1988 لەوانەیە شەڕی عێراق و ئێران هێشتا بەردەوام بووبێت، پێموایە لەو کاتەشدا وەکو ئێستا کێشەی پەیوەست بە گەرووی هورمز هەبوو، وانییە؟
نازم مالیکی: لە ڕاستیدا من بەشداری شەڕی عێراق و ئێرانم نەکرد، چونکە لە کۆلێژی سەربازی دەرچووم و دوای دوو مانگ ئاگربەست راگەیێندرا. بۆیە لەسەر گەرووی هورمز هیچ زانیارییەکم لەسەر هۆکار و کێشەکانی نییە... لە راستیدا بەشداریم نەکرد.
رووداو: کەواتە ئێوە بەشداریتان نەکرد. ئەگەر لە قۆناخی دوای شەڕی عێراق و ئێراندا باس لە سنوورە دەریاییەکان بکەین، چۆن سنوورەکان رێکخران یان دابەشکران؟ ئایا زانیاریتان لەو بارەیەوە هەیە؟
نازم مالیکی: بەپێی زانیاری و تێگەیشتنی من لەبەر ئەوەی ئەفسەر بووم لە هێزی دەریایی، گەڕاینەوە بۆ رێککەوتننامەی 1975، رێککەوتننامەی جەزائیر. دوای ئەوەی هەشت ساڵ شەڕمان کرد و زیانی زۆرمان لە کەرەستە و لە گیانیمان دا، گەڕاینەوە سەر رێککەوتننامەکە، کە رێککەوتننامەی 1975ـی جەزائیر بوو. ئێمە لە سەرەتای شەڕەکەدا رەتمانکردەوە، و لە کۆتایی شەڕەکەشدا گەڕاینەوە سەر هەمان رێککەوتننامە، هیچ گۆڕانکارییەک رووینەدا.
رووداو: کەواتە وەک ئەوەی عێراق هیچی نەکردبێت، ئێوە گەڕانەوە بۆ سەر رێککەوتنێک کە پێشتر رەتتانکردبووەوە؟
نازم مالیکی: ئێمە هەشت ساڵ شەڕمان کرد، قوربانییەکی زۆرمان لە هێزە چەکدارەکان و لە کەرەستە و لە چەکەکان بەخشی، تەنانەت زیانی ماددیی زۆریشمان دا، و لە هەمان کاتیشدا گەڕاینەوە سەر هەمان رێککەوتننامە کە لە 1975دا ئامادەکرابوو، واتە تەنیا شەڕێکی بێهوودە بوو بەسەرماندا هات و بووە وێرانکاری بۆ گەلی عێراق و بۆ گەلی ئێرانیش.
رووداو: بەڵێ، ئەو هێزەی تۆی تێدابوویت، هێزی دەریایی، لە چەند لیوا پێکهاتبوو؟ چەند فەوج بوو؟ ئایا هێزێکی گەورە بوو، بەسەر لیوا و فەوجەکاندا دابەشکرابوون؟
نازم مالیکی: بەڵێ، فەرماندەیی هێزی دەریایی پێش چوونمان بۆ کوێت بریتی بوو لە چەندین لیوا؛ لیوای هێزە تایبەتە دەریاییەکانی تێدابوو، کە پێیان دەگوت لیوای پیادەی دەریایی 440 ئەمە مارینز بوو، و لیوای بۆقە مرۆییەکان کە ئەو لیوایە بوو من دەوامم تێدا دەکرد و لە ناو ئاو و لەسەر وشکانیش شەڕی دەکرد. هەروەها لیوایەکی کەشتییە جەنگییەکان و یەکەکانی دیکەی بەلەممان هەبوو. ئێمە لە ئاستی دوو فیرقە زیاتر نەبووین، تەواوی فەرماندەیی هێزی دەریایی نزیکەی لە ئاستی دوو فیرقەدا بوو.
رووداو: ئایا لەبیرتە لە نێو ئێوەدا هیچ کەسێکی کورد لە هێزی دەریاییدا هەبووبێت؟ ئەفسەر یان سەربازی کورد کە دەوامیان لەو یەکانەدا کردبێت؟
نازم مالیکی: بەڵێ، بەڵێ. ئەفسەری کوردی زۆرمان هەبوو، فەرماندەشمان هەبوو؛ فەرماندەیەکمان هەبوو بەداخەوە ناوم بیرچووەتەوە، کورد بوو، لە هێزی دەریایی بوو لە لامان بەڵام ناوم بیرچووەتەوە، بەداخێکی زۆرەوە لەبیرم چوو، بەڵام ئەفسەرمان هەبوو، بۆ نموونە ئەفسەرانی کارگێڕی و ئەفسەرانی یەدەگ ، ئەوانە بە شێوەی یەدەگ دەهاتن، ئەفسەری کوردمان زۆر بوو، تەنانەت پلەدار و سەربازیش بە هەمان شێوە، لە دیالە یان لە کەرکووک یان لە سلێمانی و لە هەولێرەوە لە لامان هەبوون، بەڵام ژمارەیان زۆر نەبوو، ژمارەیان زۆر کەم بوو لە راستیدا، ئەفسەرەکان نزیکەی حەوت ئەفسەر یان دە ئەفسەر زیاتر نەبوون.
رووداو: ئەو هێزە دەریاییەی کە تۆی تێدابوویت، ئەگەر لە رووی مێژووییەوە باسی لێوە بکەین کە لە دوای ساڵی 1968 گرنگیی پێدرا و تۆ لەو کاتەدا منداڵێکی سێ ساڵان بوویت، چیرۆکی پێکهێنانی ئەو هێزە چۆن بوو؟ ئایا دەیزانیت؟ مەبەستم ئەوەیە بۆچی ئەو هێزە پێکهێنرا؟ ئایا پێویستی بوو یان چی؟
نازم مالیکی: بێگومان فەرماندەیی هێزی دەریایی لە سەرەتادا لە شێوەی یەکەی بچووکدا دامەزرا، بۆ نموونە بۆقە مرۆییەکان، یەکەى بۆقە مرۆییەکان لە ساڵی 1968 دامەزرا، لە ئاستی سریەیەکدا بوو، سریەی بۆقە مرۆییەکان. پیادەی دەریاییش بە هەمان شێوە لە ئاستی سریەیەکدا بوو. بەلەمەکان لەسەر ئاستێکی زۆر بچووک بوون لە سەرەتای دامەزراندنیدا، وردە وردە لە حەفتاکاندا قۆناخی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی بە زیادکردنی ژمارە و زیادکردنی کەرەستە جەنگییەکان، تاوەکو سەرەتای هەشتاکان لە شەڕی لەگەڵ ئێراندا زۆربەی کەرەستە جەنگییەکانمان لەدەستدا، چونکە ئەو چەکانەی هەمانبوون پێشکەوتوو نەبوون و شەڕێکی خوێناوی بوو لە راستیدا.
رووداو: بەڵێ، ئەگەر باس لە قۆناخێکی دیکەی ژیانت بکەین کە قۆناغێکی گرنگی مێژووی عێراقە، ئەویش سەردەمی داگیرکردنی کوێتە لەلایەن عێراقەوە لە ساڵی 1990، ئەو بەرپرسیارێتییە سەربازییە چی بوو کە خرابووە ئەستۆت کاتێک عێراق هێرشی کردە سەر کوێت؟ پلەی سەربازیتان چی بوو؟
نازم مالکی: من بە پلەی ملازم بووم، دوای دوو مانگی دیکە دەبوومە ملازمی یەکەم و پلەکەم بەرز دەبووەوە. شەڕەکە لە ساڵی 1990 دەستیپێکرد؛ شەڕی کوێت کەس پێی نەدەزانی، ئێمەی ئەو ئەفسەرانەی بەشداریمان لە هێرشکردنە سەر کوێتدا کرد، ئاگادار نەبووین کە داگیرکردنی کوێت روودەدات. ئێمە وەک یەکەى بۆقە مرۆییەکان و پیادەی دەریایی سەرکەوتینە سەر بەلەمەکان وەک ئەوەى کە مەشقێک لە دەریادا هەیە، تاوەکو گەیشتینە ناوچەی ئامانجەکەمان، ئامانجە فەرمییە تۆمارکراوەکانمان، بەڵام هەموو فەرماندەیەک ئاگادار بوو. گەیشتینە ئەو ئامانجانەی بۆمان دیاریکرابوون، گوتیان دەبێت داگیریان بکەین، لە دوای ئەوە فەرمان لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچوو کە بە چەکەکانی خۆتانەوە ئامادە بن و هەر کەسێک ئامانجە دیاریکراوەکەی خۆی داگیر بکات. بۆ نموونە ئێمە، ئامانجەکانی فەرماندەیی هێزی دەریایی کەناراوە دەریاییەکان و بەندەرە دەریاییەکان بوون، سەرەڕای دوورگەکانی وەک دوورگەی فیلکە دوورگەی عۆهە و مسکان و بنکەی هێزی دەریایی کە لە قولەیعییە، ئەمە یەکێک بوو لە بنکە گرنگەکان لە کوێت، بنکەی دەریایی سەر بە فەرماندەیی هێزی دەریایی، چونکە بارەگای کۆلێژی دەریایی و بارەگای فەرماندەیی هێزی دەریایی بوو. ئەرکی فەرماندەیی هێزی دەریایی بوو، بە بەلەمەکان و هێزە تایبەتەکان و بۆقە مرۆییەکان، کە ئەو دوورگانە و کەناراو و بەندەرانە داگیر بکات. بەڵام سەبارەت بە وشکانیی کوێت، لیواکانی پاسەوانی کۆماری (حرس جمهوری) بوون و چوونە نێو شارەکانی و لە ماوەی یەک شەودا داگیریان کرد.
رووداو: ئایا هەمووتان لە یەک کاتژمێری سفردا هێرشتان کرد، یان بە شەو بە شێوەیەکی جیاواز هێرشەکە ئەنجامدرا؟
نازم مالیکی: بەڵێ، هەموومان کاتژمێر 2:00ی شەو هێرشمان کرد، کاتژمێر 2:00ی شەو چووینە نێو کوێت.
رووداو: ئایا کوێتییەکان لەو دوورگەیەی باستان کرد، مەبەستم دوورگەی فەیلکەیە، هیچ جۆرە بەرگرییەکیان کرد؟
نازم مالیکی: بۆ ئەوەی لەگەڵتدا راستگۆ بم، سەبارەت بە دوورگەی فیلکە هێزێکی پشتیوانی لێ نەبوو، هێزێکی لاواز بوو، مەفرەزەیەکی دەریایی و مەفرەزەیەکی رادارەکان و بنکەی پۆلیس بوو، هێزێکی گەورەی لێ نەبوو، هیچ بەرگرییەکمان بەرامبەر نەکرا. ئێمە ئامانجەکەمان لە ماوەی کاژێر و نیوێکدا داگیرکرد کە دوورگەی فیلکە بوو، ئەم دوورگەیەش رووبەرەکەی 43 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەڵام ئەو هێزەی هێرشی کردە سەر ئەو دوورگەیە، هێزی لیوای پیادەی دەریایی 440 بوو.
رووداو: کەواتە بەبێ هیچ بەرگریەک خۆیان بەدەستەوە دا؟
نازم مالیکی: بەرگری لەوانەیە لەلایەن یەک کەسەوە بووبێت کە چەند فیشەکێکی بە ئاسماندا تەقاندبێت؛ ئێمە هیچ بریندارێکمان نەبوو، هیچ کەسێکمان لێ شەهید نەبوو، تەنانەت یەک کوێتیشمان نەکووشت، لە راستیدا تەنانەت یەک کوێتیشمان بریندار نەکرد. راستەوخۆ چووینە سەر لەنگەرگەکە و ناوچەکەمان داگیرکرد و هێزە سەربازییەکانی ئەوانمان بە دیل گرت. شارەکەش لە بنەڕەتدا دانیشتووانی مەدەنیی تێدابوو، ماڵی هاووڵاتییانی تێدابوو، مامەڵەیەکی زۆر باشمان لەگەڵدا کردن و ئازاری هیچ کەسێکمان لەوان نەدا، و زیاتر لە دوو مانگ لەگەڵماندا پێکەوە ژیان لە کاتێکدا ئێمە ناوچەکەمان داگیرکردبوو، تاوەکو ئەو کاتەی کەلوپەلی خۆراکی و ئاو کەمبووەوە، داوایان لێکردین کە بڕۆن و بپەڕنەوە بۆ کوێت؛ لەبەر ئەوەی دوورگەکە نزیکەی زیاتر لە 35 کیلۆمەتر لە کوێتەوە دوورە، لە سەر کەناراوی "رەئس ئەرز"، بە مامەڵەیەکی باش و بێ هیچ دواکەوتنێک لێیان پەڕینەوە.
رووداو: بەڵام زۆر باس لەوە دەکرێت کاتێک سوپای عێراق چووە نێو کوێت و داگیری کرد، کردەوەی دزی و تاڵانکردنی زۆر روویاندا، زۆر بەڵگەنامە و گرەوی ڤیدیۆییش هەن کە ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە، تەنانەت زۆرێک لەو ئەفسەر و سەربازانەی بەشدارییان لە داگیرکارییەکەدا کردووە بە ئاشکرا باسی لێوە دەکەن. ئەو کردەوانە چۆن بوون، مەبەستم کردەوەکانی تاڵانکردنە؟ ئایا پلانی بۆ داڕێژرابوو، سوپا رێگەی پێدابوو، فەرمانی پێکرابوو یان رێگەی پێدرابوو؟
نازم مالیکی: لە راستیدا هیچ فەرمانێک لەلایەن سەرکردایەتییەوە نەبوو بەوەی "تاڵانی بکەن یان ماڵەکان بەکاربهێنن"، بەڵام دەزانیت کاتێک سوپاکان ناوچەیەک داگیر دەکەن چییان بوێت دەیکەن، ئەمەش رەفتارێکی تاکەکەسی و کەسی بوو بەبێ فەرمان. خاڵی پشکنینمان هەبوو کە رێگری لە سەربازی شەڕکەر دەکرد ئەگەر شتومەک لە کوێتەوە بهێنێت. بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە بۆ نموونە لیژنەی ئۆڵۆمپی، لەبیرمە لیژنەی ئۆڵۆمپی بە سەرۆکایەتیی عودەی سەدام دەچوونە کوێت شتومەکی وەرزشییان دەهێنا وەک جامەکان یان کەرەستەی وەرزشی یان ئۆتۆمبێلی گرانبەها بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی دەهێنران، ئەمە بە فەرمانی فەرمی وەک ئەوەی حکومی بێت دەکرا. بەڵام سوپا، بەڵێ بەشێک لە هێزە سەربازییەکان، تاکە سەربازەکان لە راستیدا کەلوپەلی سادەیان دەبرد و ئەمە هەبوو.
رووداو: بەڵام تەنانەت ئەگەر رێنماییش نەبووبێت، لە هەمان کاتدا رێگریش نەکراوە، ئایا رێگری لە کردەوەکانی تاڵانکاری و دزی کرا، فەرمانێک دەرچوو بۆ قەدەغەکردنی ئەوە؟
نازم مالکی: وەڵڵا ئێمە... ئێمەی ئەفسەران لە راستیدا رێگریمان لە سەربازەکان دەکرد، بەڵام کوێت شارێکی گەورەیە، شتانێک بردران بەبێ کۆنترۆڵی ئێمە، بەڵام ئێمەی ئەفسەران رێگریمان لەو دیاردەیە دەکرد و فەرمانەکانمان توند بوون؛ تەنانەت هەر کەسێک دەستدرێژیی بکردایەتە سەر کوێتییەکان یان ژنانی کوێتی، سزا دەدرا. لەبیرمە ئەفسەرێکمان هەبوو لەسێدارەدرا، لە یەکەی من نەبوو، بەڵکو لە یەکێک لە لیواکانی سوپای عێراق بوو، دەستدرێژیی کردبووە سەر پزیشکێکی ژن و لە کوێت لەسێدارەیان دا.
رووداو: لە زۆر حاڵەتدا، ئەو سوپایانەی دەچنە نێو وڵاتانی دیکەوە و داگیری دەکەن، زۆر کاری نایاسایی روودەدات. لەو دوورگەیەی ئێوەی لێبوون بۆ نموونە، ئایا هیچ دەستدرێژییەک یان دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر خەڵک یان بەتایبەت ژنان روویدا؟ ئایا ئەو جۆرە کارە نایاساییانە روویاندا، تەنانەت ئەگەر فەرمانیشی لەسەر نەبووبێت چونکە زۆر شت روودەدات؟ ئایا ئەوە روویدا؟
نازم مالیکی: نەخێر. سوپا کاتێک شارێک یان دەوڵەتێک داگیر دەکات، زۆر شت و شێوازی جیاواز روودەدەن لە راستیدا. بەڵام ئێمە وەک فەرماندەیی هێزی دەریایی کاتێک دوورگەی فیلک-مان داگیرکرد، خەڵکی سڤیل و دانیشتووانی سڤیلی لێبوو، کەسمان بە هیچ شێوەیەک نەیتوانی دەستدرێژی بکاتە سەر هیچ تاکێکی کوێتی، تەنانەت دەستدرێژیمان نەکردە سەر سەربازەکانیش، بەڵکو بە دیلمان گرتن و تەواو بوو. بەڵام لە نێوخۆی کوێت، ئەو حاڵەتەم بۆ باسکردیت، دەستدرێژی لەلایەن ئەفسەرێکەوە هەبوو، لەبیرمە خەڵکی پارێزگای دیالە بوو و لە کوێت لەسێدارەدرا و بووە پەند. بەڵام سەرەڕای ئەوەی سزاکە توند بوو، دەستدرێژیی دیکە هەبوو، وەک تاڵانکردن یان دزینی وەک ڤیدیۆ یان تەلەفزیۆن یان سپلیت، چونکە لەو کاتەدا زۆربەی خەڵکی عێراق ئەو کەرەستانەیان نەبوو وەکو ئەوەی لە کوێت هەبوو.
رووداو: ئایا روویداوە هیچ کام لە سەرکردە سەربازییەکان سەرپێچیی ئەو فەرمانانە بکەن کە لە لایەنە سەربازییە باڵاکانەوە دەردەچوون؟ باس لە عەمید عەبوود دەکرێت و دەگوترێت گوایە فەرمانەکانی جێبەجێ نەکردووە؟
نازم مالیکی: عەمید عەبوود... عەمیدی روکن عەبوود قەنبەر لەو کاتەدا فەرماندەی دوورگەی فیلەک بوو. پەنجەی بۆ رادەکێشرا بەهۆی ئەو رەوشتە سەربازی و پیشەیی و مرۆییەی کە هەیبوو؛ لە راستیدا ئەم فەرماندەیە دەڵێم دەبوو پەیکەرێکی بۆ دروستبکرایە لەبەر ئەو رەوشتە بەرز و مرۆڤدۆستییەی هەیبوو. یەکەم جار لەگەڵ سوپادا کۆبووەوە و گوتی: قەدەخەیە کەس دەستدرێژی بکاتە سەر هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنیی کوێتی، و قەدەخەیە کەس دەستدرێژی بکاتە سەر ماڵی هاووڵاتییان، سوپای لە دەرەوەی دیواری ماڵەکان هێشتەوە، ئێمەی لە دوورگەی فیلەک لە شوێنەکانی سەر کەناراوەکان دابەشکرد. پیاوێکی پیشەیی و لە راستیدا دیندار بوو، قبووڵی نەدەکرد هیچ شتێک ببات؛ تەنانەت وای بۆ دەچم ئەگەر خواردنیشیان لە ماڵەکانەوە بۆ بهێنایە نەیدەخوارد، ئەم عەمید روکنە، عەبوود قەنبەر. خاوەنی هزری سەربازی بوو، فەرماندەیەکی مەیدانی بوو. کاتێک شەڕ دەستیپێکرد، فڕۆکەکان دەستیان کرد بە بۆردوومانی دوورگەکە، ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵیاندا دابەزینی سەربازی ئاسمانی ئەنجام بدەن، بەڵام نەیانتوانی لەم دوورگەیەدا دابەزین ئەنجام بدەن، سەرەڕای ئەوەی دوورگەیەکی کراوە بوو بە رووبەری 43 کیلۆمەتری چوارگۆشە، چونکە ئەو هێزانەی لەوێ بوون هێزی ئاسایی نەبوون وەک سوپای ئاسایی و پیادە؛ هەموویان جێگرە ئەفسەر بوون، هێزە تایبەتەکان بوون و بە ئاستێکی باڵا مەشقیان پێکرابوو، ئەفسەرەکانیشی دەرچووی کۆلێژی سەربازی بوون و هەموویان هێزە تایبەتەکان بوون. بۆیە فڕۆکە ئەمریکییەکان نەیانتوانی دابەزین لە ناو ئەم دوورگەیە بکەن، هەروەها بەلەمە دەریاییە ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانانیش نەیانتوانی بە دابەزین بچنە ناو ئەم دوورگەیە، و دوورگەکە بە سەختی لە دەستی هاوپەیماناندا ماییەوە تاوەکو شەڕ کۆتایی هات. کاتێک شەڕ کۆتایی هات و شوارسکۆف لەگەڵ سوڵتان هاشم لە خێمەی سەفوان کۆبوونەوە، ئەم هێزانە لە نێو دوورگەی فیلەکدا مابوونەوە و بە دیل نەگیرابوون. هەربۆیە بۆ مێژوو، ئەم هێزەی لە دوورگەی فیلەکدا بوو بە دیل هەژمار نەکران؛ بۆ نموونە هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکا دیلی زۆریان لە سوپاکەمان گرت، دیلیش لە یاسای سەربازیدا ئەگەر کەسێک بە دیل بگیرێت و بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، خانەنشین دەکرێت و لە سوپا دەردەکرێت، بەڵام ئەو هێزانەی لە دوورگەی فیلەکدا بوون بە دیل دانەنران، بەڵکو بە دەستبەسەرکراوی سەربازی هەژمار کران و دوای کۆتاییهاتنی شەڕ گەڕانەوە سەر خزمەت.
رووداو: بەڵێ، چارەنووسی عەمید عەبوود چی لێهات؟ ئایا لێپێچینەوەی لەسەر ئەو شتانە لەگەڵدا کرا؟
نازم مالیکی: نەخێر. عەمیدی روکن کاتێک شەڕەکە کۆتایی هات و ئاگربەست بوو و خێمەی سەفوان تەواو بوو، دوای ئەوەی هێزەکانی کۆکردەوە فڕۆکەیەک هات؛ هێزەکانی عێراق پێش ئەوەی کشانەوە رووبدات و پێش راگرتنی شەڕ، بەلەمێکیان بۆ عەبوود قەنبەر نارد و پێیانگوت: تۆ وەک فەرماندە لەگەڵ دەستەکەت و بارەگای فەرماندەیی بکشێوە، بەڵام عەبوود قەنبەر رەتیکردەوە. عەمیدی روکن عەبوود قەنبەر لەو کاتەدا بە تەواوی رەتیکردەوە و هێزەکانی کۆکردەوە و گوتی: من ناکشێمەوە و دەستەکەم لەسەر زەوی لە نێو دوورگەکەدا جێناهێڵم، مەگەر دوایین سەرباز بکشێتەوە ئەوکات من لەگەڵیدا دەکشێمەوە. رەتیکردەوە بکشێتەوە و گوێڕایەڵی ئەو فەرمانە سەربازییە نەبوو کە فەرماندەیی گشتی ناردبووی بەوەی دەبێت بکشێتەوە، و مایەوە تاوەکو ئەو کاتەی هێزەکانی ئەمریکا هاتن و بە فڕۆکە دابەزین و ئەو هێزەیان بە دیل گرت، ئەفسەرە ئەمریکییەکەش کاتێک لەسەر زەوی لە دوورگەکە دابەزی سڵاوی سەربازیی بۆ کرد و سڵاوەکەی لێوەرگرت و پێیگوت فەرموون ئێوە دیلن، بەڵام وەک دەستبەسەرکراو مامەڵەیان لەگەڵ کردن نەک دیل.
رووداو: بەڕێز نازم، ئێوە لە کاتی شەڕدا بەتایبەت لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو دوورگەیەی پێشتر ئاماژەت پێدا، دواتر ناچار دەبن بکشێنەوە. لە کاتی کشانەوەدا تۆ بریندار بوویت، بەڵام پێش ئەوەی وەڵامی ئەوە بدەیتەوە، ئایا لە سوپای عێراق لە هاوکارەکانتان برینداری زۆر هەبوو؟ ئایا بەرگریتان کرد؟
نازم مالیکی: کاتێک کشانەوەکە چەند کاژێرێک پێش راگرتنی تەقە دەستیپێکرد... فەرمان هات هەر کەسێک دەتوانێت بکشێتەوە لە دوورگەکە با بکشێتەوە. عەمیدی روکن عەبوود قەنبەر لەو کاتەدا فەرمانیدا کە ئێمە وەک بۆقە مرۆییەکان بەلەمی بچووکمان پێیە، بەداخەوە ئەرکەکەمان ئەرکێکی خۆکوژی بوو؛ لەلایەن فەرماندەیی گشتییەوە پێنج ئەفسەر بە پێنج بەلەمەوە نێردرابوون کە مووشەک... چەکی هەڵگرتبوو، چەکی ئاسایی بوون وەک ، مووشەک، تۆپی (SPG-9)، بەوپێیەی لە بەلەمە دەریاییە ئەمریکییەکان و کەشتییە جەنگییەکان نزیک ببینەوە و بەم چەکە تەقلیدییە کۆنانە لێیان بدەین. 100% ئەرکێکی خۆکوژی بوو، ئەوەشمان دەزانی ئەگەر کەسێک فەرمانەکە جێبەجێ نەکات، ئەفسەرەکە لەسێدارە دەدرێت، بەڵام ئەرکەکە خۆکوژی بوو و پێیان دەگوتین "پێنج ئەفسەرە گیانبەخشەکە". ئێمە پێنج ئەفسەر بووین، پیاوەکە—عەمیدی روکن عەبوود قەنبەر—لەبەر ئەوەی خۆیشی لە یەکەى بۆقە مرۆییەکان بوو، کاتێک لەگەڵمان کۆبووەوە و ئەرکەکەمانی بەو ئاستە بینی گوتی ئەمە ئەرکی کەسێکی مردووە و 1%یشی لێ بەدەستناهێنن، بۆیە ئەرکی دیکەمان گرتە ئەستۆ: گواستنەوەی برینداران بە دەریادا لە دوورگەکەوە بۆ رەئس ئەرز، گواستنەوەی خواردن و کەرەستە، گواستنەوەی شەهیدان، ئەم هەلەمان قۆستەوە تاوەکو ئەو خەڵکەی لە بەلەمەکاندا لێیان دەدرا رزگاریان بکەین. ئەو گوتی ئەم ئەرکەتان زۆر باشترە لەو ئەرکە، چونکە ئەو ئەرکەتان خۆکوژییە و هیچ ئامانجێک ناپێکێت، ئەمریکییەکان چەکی پێشکەوتوویان هەیە و پێش ئەوەی بە 50 کیلۆمەتر بگەن لێتان دەدەن و دەتاندۆزنەوە. لە کۆتایی ئەم شەڕەدا عەمیدی روکن عەبوود قەنبەر سەرپشکی کردین و گوتی ئێوە بۆقە مرۆیین، پێداویستییەکانمان جلی مەلەوانی و مەلەوانان بوو، لەبەرمان کرد و بە بەلەم کشاینەوە. فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان سەرەتا هۆشدارییان پێداین و گوتیان دەبێت وەک دیل بگەڕێنەوە، ئێمەش لە ناوەڕاستی دەریادا نەگەڕاینەوە، دەستیان کرد بە مووشەکبارانکردنمان.
رووداو: کەواتە تۆ و ئەوانی دیکەی لەگەڵتدا بوون لە کاتی کشانەوەدا بریندار بوون؟
نازم مالیکی: بەڵێ، لە کاتی کشانەوەدا لە ناوەڕاستی دەریادا بریندار بووم؛ کاتێک بریندار بووم بەلەمەکان سووتان، ئێمە دەستەیەک بووین نزیکەی 18 کەس دەبووین، نزیکەی پێنج شەش ئەفسەر بووین، ئەفسەرێک لە یەکەکەمانەوە لەگەڵمان هاتبوو بەداخەوە نەقیب عەبدولقادر سالم شەهید بوو، لەگەڵ ئەو پێنج ئەفسەرەی ئەرکەکەیان ئەرکی گیان فیدیایی بوو. لە ناوەڕاستی دەریادا فڕۆکەوانەکە راستەوخۆ بە دۆشکە و مووشەک لێیداین کە بووە هۆی شەهیدبوونی بەشێکمان و برینداربوونی بەشێکی دیکەمان، بەشێکیش بە زیندوویی لە دەریادا ماینەوە و مەلەمان دەکرد. لەنێویاندا من بریندار بووم، پێنج برین لە جەستەمدا هەبوو، بەردەوام بووم لە مەلەکردن، بەڵام ئەوەی یارمەتی داین لەسەر مەلەکردن یەکەم: ئێمە بۆقە مرۆییەکان بووین و پێڵاوی مەلە و جلی مەلەوانانمان لەبەردا بوو. لە چاوپێکەوتنێکدا یەکێکیان گوتی چۆن دەبێت حەوت کاژێر بە برینداری و بە پێنج پارچە شەستەوە لە دەریادا مەلە بکات و بە سەلامەتی دەربچێت؟ ئێمە وەک مرۆڤی ئاسایی مەلە ناکەین، جلی مەلەوانیی ئیسفنجیمان هەیە کە یارمەتیی مرۆڤ، ئەفسەر و سەربازی شەڕکەر دەدات و بە جەستەیەوە دەنووسێت و یارمەتیی دەدات لەسەر ئاو بکەوێت. بۆیە حەوت کاژێر بەردەوام بووم لە مەلەکردن تاوەکو نزیکترین دوورگە لە دوای ئەو حەوت کاژێرە و لە شەو و باران و سەرما و دەریای شەپۆلاویدا کە بەرزیی شەپۆلەکان زیاتر لە پێنج مەتر بەرز دەبوونەوە، حەوت کاژێر بە برینداری مەلەمان کرد لەگەڵ ئەو سەربازە شەڕکەرانەی هاوڕێم بوون لە بەلەمەکەدا، ئەوانیش وەلید عەبدولوەهاب و حوسێن عەبدولجەبار بوون، دوو جێگرە ئەفسەری خەڵکی بەسرە بوون، هاوڕێم بوون وەک سەربازی من نەبوون بەڵکو وەک برام بوون، لەگەڵمدا مەلەیان دەکرد و یاوەریم بوون تاوەکو گەیشتینە دوورگەی بۆبیان، دوای ئەوەی گەیشتمە دوورگەکە سەرکەوتینە سەر...
رووداو: ئایا ئەو رووداوانە بە شەو روویاندا یان بە رۆژ؟
نازم مالیکی: نەخێر بە شەو، بە شەو، بیرە نەوتەکان دەسووتان و باران دەباری، تەنانەت بارانەکەش رەش بوو بەهۆی دووکەڵی بیرە نەوتە سووتاوەکانەوە، بینین نەمابوو. گەیشتینە دوورگەی بۆبیان کە نزیکەی 60 بۆ 70 کیلۆمەتر لە دوورگەی فیلەکەوە دوورە، کاتێک گەیشتینە ئەم دوورگەیە هۆشم لەدەست دەدا... لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە خوێنم لێدەڕۆیشت...
رووداو: ئایا هێزەکانی ئەمریکا لە دواتان بوون و دواتان کەوتبوون؟
نازم مالیکی: نەخێر، تەنیا فڕۆکە ئەمریکییەکان پێمان دەگەیشتن بەوپێیەی ئێمە لە دوورگەیەکدا بووین لە دەریادا، نەیاندەتوانی بە بەلەم بگەن بەڵام بە فڕۆکە چاودێرییان دەکردین و لێیان دەداین. ئەفسەری دیکەم لەگەڵدا بوو، دوو لەو ئەفسەرانەی برایانەم شەهید بوون: ملازمی یەکەم هادی بەدری لە خەڵکی ناسریە، و نەقیب عەبدولقادر لە بەسرە لە قوڕنە، سێ ئەفسەر بە زیندوویی مانەوە. پردێک هەبوو کە دوورگەی بۆبیانی بە خاکی کوێتەوە دەبەستەوە کە بە ناوی رووباری خوڕ سوبیە ناودەبرا، درێژیی ئەم پردە نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبوو. گوتیان با بپەڕینەوە بۆ ئەوبەر بەڵکو ئۆتۆمبێلێک بدۆزینەوە تا بتگوازینەوە بۆ ئوم قەسر بۆ عێراق. لە پردەکە پەڕینەوە و پردەکە لەلایەن فڕۆکەوانەکانەوە بۆردوومان کرا، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی پەیوەندی لە نێوان من و ئەواندا و پەیوەندی نەما، ئەوان کشانەوە و دوو کەس لەگەڵ مندا مانەوە... ئەوەی کردمان لە شەڕەکەدا لە راستیدا سوودی پێگەیاندین و وایکرد لەو قەیرانە دەربازم بێت.
رووداو: بەڵام بۆچی خۆتان رادەستی ئەمریکییەکان نەکرد؟ ئایا لەبەر ئەوە بوو کە پێتانووابوو کارەکە شەرمەزارییە؟
نازم مالیکی: وەڵڵا فڕۆکەکان بەسەرماندا دەسوڕانەوە لە ئاسماندا، بەڵام ئێمە خۆمان رادەست نەکرد، چونکە لە بنەڕەتدا دوورگەی فیلەکمان جێهێشت تاوەکو بە دیل نەبین؛ کەرامەت و بەڕێزیی خۆمان بوو کە نەبینە دیل، هەربۆیە لە دوورگەکەدا ماینەوە. ئارەزووی خواردنم نەبوو، بەڵام ئارەزووی ئاوخواردنەوەم دەکرد، تینووم بوو، بەڵام کەسی بریندار نابێت ئاو بخواتەوە. بەیانیی دووەم لە دوورگەکە ئەندامانی دەستەکەم دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ئاو و خواردندا، مەتارەی ئاویان دەستکەوت کە هی ئەو فیرقەیەی سوپا بوو کە پێشتر کشانەوە، هەندێک سەموونی وشکیان دەستکەوت و بەوە تینوێتی و برسیێتیی خۆیان شکاند. نزیکەی پێنج رۆژ لە دوورگەکە ماینەوە لە کاتێکدا من بریندار بووم، تاوەکو لە رۆژی کۆتاییدا بەدوای بەلەمێکدا دەگەڕاین تاوەکو پێی بپەڕینەوە، چونکە دوورگەکە گەورە بوو بە رووبەری زیاتر لە 120 کیلۆمەتری چوارگۆشە. پێگەیەکمان دۆزییەوە کە سەربازی تێدابوو، زیاتر لە 16 سەرباز بوون لەگەڵ دوو ئەفسەری خەڵکی مووسڵ کە مەلەوانییان نەدەزانی و لەو شوێنەدا خۆیان شاردبووەوە و خواردنیان هەبوو لە نێو ئەو مەتەرێزە گەورەیەدا داینابوو. ئێمە تووشی شۆک بووین پێیانمان گوت بۆچی نەپەڕینەوە؟ گوتیان ئێمە هاتین لەگەڵ دەستەکەمان بپەڕینەوە و پردەکە تەقییەوە و ماینەوە، مەلە نازانین و لەم پێگەیەدا ماینەوە؛ رائیدێکی خەڵکی مووسڵ و ملازمێکی یەکەمی خەڵکی دیوانیە و بەشێک لە سەربازانی خەڵکی نەجەف و بەشێکی دیکە کە مەلەیان نەدەزانی لەگەڵماندا بوون.
رووداو: زۆر باشە، دوای ئەوەی لەو ناڕەحەتییە رزگارتان بوو، ئایا لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتەوە یان لەلایەن خودی سەددام حوسێنەوە بەهۆی ئەو کارە قارەمانانەیەتان یارمەتی دران یان خەڵات کران؟
نازم مالکی: با پڕۆسەی کشانەوە و پەڕینەوەکەت بۆ تەواو بکەم؛ دوای ئەم رۆژی پێنجەم و کۆتایی، بەلەمێکی بچووکمان لە کەناری ئەوبەر دۆزییەوە، یەکێک لە شەڕکەرەکانم پەڕاندەوە کە بۆقێکی مرۆیی بوو، وەلید عەبدولوەهاب، پەڕییەوە و بەلەمەکەی هێنا و ئەو 16 کەسەی سەر بە یەکە سەربازییەکان و تۆپخانە و گواستنەوەمان پەڕاندەوە و هێناماننە سەر ڕێگەی کەناراوەکان. لەوێ دوو ڕێگەی کشانەوە لە کوێت هەبوون: ڕێگەی کەناراو و ڕێگەی مەرگ؛ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوام بوون لە بۆردوومانی سوپای کشاوەی عێراق، لە کاتێکدا سوپاکە دەکشایەوە، زیانی زۆر گەورەی گیانی و کەرەستە و چەک کەوتەوە. هەربۆیە سوپای عێراق داڕما و شکۆی سوپا بەم کشانەوەیە رۆیشت، چونکە ئەفسەر و سەربازەکان بەهۆی هەڵسوکەوتی نادروستی فەرماندەیی گشتییەوە کوژران. سەرەڕۆیی بوو؛ چوونمان بۆ کوێت بە سەرەڕۆیی، نەبوونی تێگەیشتنی سەربازی، نەبوونی پلانی سەربازی، و بڕیاردانێکی شێتانە دادەنێم. دەکرا کێشەی نێوان ئێمە و کوێت بە دیپلۆماسی چارەسەر بکرایە، بەبێ شەڕ و بێ زیانی سوپا و بەبێ داگیرکاری...
رووداو: ئایا هیچ ئامارێک هەیە؟ چەند کەس یان سەربازی عێراقی کوژران؟ بەتایبەت ئەوانەی بە ڕێگەی مەرگدا تێپەڕین، چەند سەرباز کوژران؟ چەند کەس کوژران؟
نازم مالیکی: ئەوەی بە چاوی خۆم بینیم نزیکەی زیاتر لە 400 کەس بوو؛ لە نێوان دوورگەی بۆبیان تاوەکو ئوم قەسر بە مەودای 110 کیلۆمەتر، من زیاتر لە 400 شەڕکەرم بینی لەسەر رێگەکە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانەوە کوژرابوون. بە بۆنەیەوە، زۆربەی ئەو فڕۆکانەی لە بۆردوومانەکەدا بینیمان فڕۆکەی کەنداو بوون نەک ئەمریکی کە لە کشاوەکانیان دەدا، تۆڵەسەندنەوەی فڕۆکەوانانی کەنداو بوو لە هێزەکانی عێراق لە کاتی کشانەوەدا؛ ئەمە راستییە، چونکە ئاڵاکە لەسەر فڕۆکەکە دیار بوو، و لە ئاستێکدا لێیان دەدان کە سەربازی کشاوە بێ چەک بوو. زۆربەی سوپاکەمان بێ چەک کشایەوە، چەکەکانیان جێهێشت و کشانەوە بۆ ئەوەی گیانی خۆیان رزگار بکەن، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە تەنانەت لە ناو خاکی عێراقیشدا لێیان دەدان.
رووداو: وەڵامی پرسیارەکەتم نەدایەوە سەبارەت بەوەی چۆن هاوکاری کران و خەڵات کران، ئایا دوای ئەو برینداربوون و شتانەی بەسەرتدا هات سەددامت لە نزیکەوە بینی؟
نازم مالکی: بۆ ئەوەی لەگەڵتدا راستگۆ بم، ئەو هێزانەی بە سەرۆکایەتیی عەمیدی روکن عەبوود قەنبەر مانەوەکە ئێستا فەریقی یەکەمی روکنە و خانەنشینە ئەو هێزانە لیوایەک بوون، لەگەڵ بەشێک لە لیوای بۆقە مرۆییەکان. ئەمانە لەبەر ئەوەی بە دیل دانەنران، بەڵکو وەک دەستبەسەرکراو مامەڵەیان لەگەڵ کرا، خەڵات کران؛ هەریەکەیان بە دوو مەدالیای ئازایەتی (نوط شجاعة) لە تەواوی لیواکە، و هەموو ئەو بریندارانەشی لەم شەڕەدا بریندار بوون بە دوو مەدالیای ئازایەتی خەڵات کران، منیش بە دوو مەدالیای ئازایەتی خەڵات کرام.
رووداو: کەواتە تۆش مەدالیای ئازایەتیت وەرگرت؟
نازم مالیکی: بەڵێ.
رووداو: ئایا سەددام خۆی پێی بەخشین؟
نازم مالیکی: نەخێر، نەخێر، نەخێر. سەددام نەبوو، بەڵکو سوڵتان هاشم بوو پێموایە لەو کاتەدا لە فەرماندەیی هێزە دەریاییەکان دوو مەدالیای ئازایەتی پێبەخشین.
رووداو: کەواتە تۆ چاوت بە سەددام نەکەوت و لە نزیکەوە نەتدی؟
نازم مالیکی: لە نزیکەوە بە هیچ شێوەیەک چاوم پێی نەکەوت، بەڵام لەم شەڕەی دژی ئەمریکییەکاندا چەندین مەدالیام پێبەخشرا و بوومە خاوەنی چوار مەدالیای ئازایەتی لە شەڕی ئەمریکییەکاندا.
رووداو: باشە، لە دوای شەڕی کوێتەوە تاوەکو ساڵی 2003 کاتێک عێراق ئازادکرا، یان وەک هەندێک دەڵێن داگیرکرا، لەو ماوەیەدا لەکوێ بوویت و چیت دەکرد؟
نازم مالیکی: بەڵێ، کارم کرد، گەڕامەوە بۆ هەمان لیوا کە لیوای بۆقە مرۆییەکان بوو، دواتر لە لیوای پیادەی دەریایی لە هێزە تایبەتەکانی مارینز کارم کرد، پاشان گەڕامەوە و لە فەوجی فریاکەوتنی بەسرە کارم کرد لە ساڵی 1993 و 1994 کاتێک لەتیف مەحەل حەموود پارێزگاری بەسرە بوو. لە ساڵی 1993 لە ناوچەی قادرکەرەم لە کەرکووکیش کارم کرد کە فەرماندەی فیرقەکە زوهێر نەقیب بوو لە فیرقەی 57؛ من لە فەوجی مەغاویر بووم و بۆ ماوەی شەش مانگ لە فەوجی مەغاویر کارم کرد. لەوێ ناوچەیەک هەبوو پێیان دەگوت پیتی (S)، لەوێ دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی هەبوو لە نێوان کورد و سوپای ئەو کاتەدا، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ رووداوێک لە نێوانماندا رووینەدا...
رووداو: کەواتە هیچ کات رووبەڕووی هێزەکانی پێشمەرگە نەبوونەوە؟ شەڕتان لەگەڵ یەکتر نەکرد؟
نازم مالکی: بەڵێ، شەڕ رووینەدا؛ پێت دەڵێم بۆ نموونە قاچاخچێتی لە رێگەی خەڵکەوە دەکرا وەک قاچاخیی مەڕوماڵات یان قاچاخیی چەک، لەوێوە دەپەڕینەوە بۆ نموونە بۆ کەرکووک یان دیالە، ئەم ناوچەیەش سنووری فیرقەی 57 بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا لەو ماوەیەدا، لە ماوەی شەش مانگی خزمەتەکەمدا هیچ رووداوێک رووینەدا، تەنیا خزمەتی سەنگەری سادە و بازگەی سەر شەقامەکان بوو. دوای ئەوە گەڕامەوە بۆ بەسرە، لەو شوێنە خزمەتم کرد و دواتر دووبارە گواسترامەوە بۆ بۆقە مرۆییەکان و لەوێش خزمەتم کرد. نیەتم هەبوو بچمە کۆلێژی ئەرکان، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە، ئەفسەری ناوچەی باشوور—بۆ ئەوەی راستگۆ بم نایڵێم هەموو ئەفسەرەکان—بەڵام ئەفسەری ناوچەی باشوور لە ناسریە یان بەسرە یان عەمارە یان کووت، پێشوازیی لێنەدەکرا بۆ چوونە کۆلێژی ئەرکان، یان پۆستی ئەفسەری ئاسایش یان ئەفسەری هەواڵگریی پێبدەن. ئەم پۆستانە لە راستیدا دەدرانە پارێزگای نەینەوا یان رومادی؛ ئەوان هاوڕێ و برا و هاوپۆلی ئێمە بوون، بەڵام ئەم پۆستانە واقیعێک بوو ئەوانیش دەیانزانی، بەڵام وەک پۆستی گرنگ بە ئێمەیان نەدەدا، وەک ئەفسەری هەواڵگرى یان ئەفسەری ئەمن یان ئەفسەری هەواڵگرى، نەیدەداینێ و قەدەخە بوو.
رووداو: ئایا پێشبینیی رووخانی رژێمی سەددامتان بەو ئاسانییە لە ساڵی 2003دا دەکرد؟
نازم مالیکی: لەم قۆناغەی دواییدا بەڵێ، زانیمان کە رژێمەکە دەڕووخێت و حکومەت هەڵدەوەشێتەوە و ئەم دەسەڵاتە دەگۆڕێت؛ چونکە لە رێگەی راگەیاندن و جووڵەکانەوە روون بوو، تەنانەت روون بوو کە سوپای عێراق داڕماوە؛ چەک و کەرەستەمان پێنەمابوو، گەمارۆ لەسەر گەل بوو، خەڵک برسی بوو، سەرباز کرێی نەبوو لە سەربازگەوە بچێتەوە بۆ ماڵەوە، چەکەکان لەکارکەوتوو بوون، دیار بوو کە سوپا کۆتایی پێهاتووە. لەو ماوەیەدا، بەتایبەتی پێش ساڵی 2003 سوپا لە داڕمانی تەواودا بوو؛ سەرباز تاقەتی دەوامی نەبوو، پابەندبوون نەمابوو، شکۆی سەربازی لەناوچووبوو. سوپا پێشتر لامان نموونەیی بوو، بەداخەوە رژێمەکە ئەم سوپایەی تێکدا و وێرانی کرد. کاتێک رژێمەکە رووخا، من یەکەم کەس بووم کە لەگەڵ برایانی موجاهید بەدەم بارودۆخەکەوە هاتم؛ لە لامان موجاهید حاجی کەریم ماهوود محەمەداوی هەبوو کە ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم بوو لە پارێزگای میسان، لەگەڵ برایانی وەک ئەبو رەشید محەمەداوی کە رەحمەتی خوای لێبێت شەهید بوو. لەبەر ئەوەی ئەزموونی سەربازیم هەبوو، ناوکی فەوجێکی فریاکەوتنمان پێکهێنا بۆ پاراستنی پارێزگاکە، چونکە کاتێک شارەکە لە 2003 رووخا، دزی و تاڵانکردنی فەرمانگە و کۆگاکانی دەوڵەت دەستیپێکرد...
رووداو: پێش ئەوە ئایا هیچ پەیوەندییەکت لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا هەبوو؟
نازم مالیکی: بەڵێ، با راستگۆ بم، پەیوەستبوونم بەو دۆخەوە نەبوو، بەڵام بۆ ماوەیەک زیندانی کرام؛ لە سەردەمی رژێمی پێشوودا ماوەیەک زیندانی کرام و لەلایەن بەعسییەکانەوە ئازار درام، بەڵام چەند خزمێکم لە ئێران هەبوون کە موجاهید بوون، ئەفسەریشم هەبوون و پەیوەندیمان لەگەڵیاندا دەکرد، چونکە ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژیاین نزیک بوو لە ئێرانەوە بە مەودای نزیکەی 30 کیلۆمەتر، هەربۆیە دەکرا لە رێگەی پەڕینەوە و گەیشتن بە رێگەی پۆستەوە پەیوەندی دروستببێت. بەم شێوەیە بەشداریمان لەگەڵدا کردن و ئەوان منیان دەناسی و منیش ئەوانم دەناسی. من لەو ئەفسەرانە بووم کە ئەزموون و متمانەم بە خۆم هەبوو؛ یەکەم ئەفسەر بووم لە پارێزگای میسان و بە یەکەم ئەفسەریش دادەنرێم لە سوپای عێراق کە دوای رووخان پۆلیسی لە پارێزگای میسان دامەزراند. من و لەگەڵمدا براکانی وەک ئەبو رەشید محەمەداوی رەحمەتی لێبێت و کەریم ماهوود و هەندێک لە برایانی ئەفسەر بووین کە ناویانم لەبەر نییە چونکە زیاتر لە 10 ئەفسەر بووین. دەستمان کرد بە پێکهێنانی فەرماندەیی پۆلیس و فەرماندەیی پۆلیسمان پێکهێنا، وەک یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس کارم کرد و بە وەکالەتیش بوومە فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای میسان...
رووداو: بەڵام چۆن لە هێزی دەریاییەوە گواستتانەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس؟ ئایا هۆکارەکەی بوونی بۆشایی بوو یان چی؟
نازم مالیکی: نەخێر نەخێر، گوتم بۆشایی هەبوو، دووەمیش لە سەرەتای رووخاندا سوپا نەگەڕایەوە چونکە هەڵوەشێندرابووەوە، تەنیا پۆلیسمان گەڕاندەوە، مەفرەزە و یەکە سەربازییەکان و بنکەکانی پۆلیس؛ لەبەر ئەوەی من دەرچووی کۆلێژی سەربازی بووم، دەرچووی کۆلێژی سەربازی بووم و سەنفەکەم هێزە تایبەتەکان بوو و پێشتریش لە سەردەمی رژێمی پێشوودا لە فەوجەکانی فریاکەوتندا کارم کردبوو، ئەزموون و پسپۆڕیم هەبوو، بۆیە ئەم دەرفەتەم قۆستەوە بۆ پێکهێنانی سەرباز تاوەکو پارێزگاکە لە دەستدرێژیکارانی یاسا بپارێزین کە کاری تاڵانی و دزییان دەکرد.
رووداو: بەڵام لە نێوان ئەو هەموو بەرپرسیارێتییەدا، بۆچی بەڕێوەبردنی زیندانەکانی عێراقتان گرتە دەست؟ ئایا هۆکارێکی دیاریکراوی هەبوو یان لەوانەیە ئەزموونت لەم بوارەدا هەبووبێت؟
نازم مالیکی: بەڵێ، پرسیارێکی باشە و دەبێت بە راشکاوی وەڵامی بدەمەوە. من لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای میسان کارم دەکرد و لەو کاتەدا لە 2004 بە پلەی موقەدەمی بووم. لە سەرەتای ساڵی 2005 بڕیارێک لە برێمەرەوە دەرچوو؛ من بەڕێوەبەری تەسفیرات بووم، کە بەشێک بوو سەر بە فەرماندەیی پۆلیس، لە هەموو پارێزگایەک فەرماندەیی پۆلیس هەیە و لە هەر فەرماندەییەکی پۆلیسیشدا بەشێک هەیە بە ناوی بەشی تەفسیرات. بڕیار لە برێمەری حاکمی ئەو کاتەوە دەرچوو کە ئەم بەشانەی تەفیسرات لە پۆلیسەوە بگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی داد بۆ زیندانەکان، و وەزارەتی داد بەرپرس بێت لە زیندانەکان و دەستبەسەرکراوان. منیش بە خواستی خۆم کە بەڕێوەبەری تەفسیرات بووم گواستراومەوە؛ سەرپشکیان کردین: هەر کەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ فەرماندەیی پۆلیس با بگەڕێتەوە، هەر کەسێکیش بیەوێت بمێنێتەوە با پلەکەی بگۆڕدرێت بۆ سڤیل. من لە 2005 گواسترامەوە بۆ وەزارەتی داد، کە پێی دەگوترا فەرمانگەی چاکسازیی عێراقی و سەرپەرشتیاری زیندانەکانی عێراق بوو لە سلێمانی و هەولێرەوە تاوەکو بەسرە. بۆ نموونە لە سلێمانی دوو زیندانمان هەبوو کە سۆسێ و چەمچەماڵ بوون، لە بەسرەش زیندانی بەسرە، زیندانی عەمارە، و زیندانی ناسریەمان هەبوو...
رووداو: ئەوانە هەموویان زیندانی تایبەت بوون، وانییە؟
نازم مالیکی: ئەمانە هەموویان زیندانی نوێ بوون دوای رووخان دامەزران، لە 2005 ئەم زیندانانە دروستکران، بۆ نموونە لە بەسرە زیندانێکی نوێ دامەزرا، لە عەمارە زیندان نەبوو بەڵام وەزارەتی داد لەسەر بنەمای بڕیارەکەی برێمەر دروستی کردن کە لە هەموو پارێزگایەک زیندانێک هەبێت. تەنیا کووت مابووەوە کە ئێستاش بینای زیندانەکەی تەواو نەکراوە، هەروەها زیندانی دیوانیە تەواو نەکراوە، کەربەلا تەواو نەکراوە، نەجەف دوو ساڵ لەمەوبەر تەواو بوو و کرایەوە. لە بەغدا چەندین زیندانمان هەبوون کە زیاتر لە 30 زیندان بوون لە بەغدا، لە دیالەش زیندانێک هەبوو، بەڵام بەداخەوە زیندانەکان لە بەغدا... من لە سەرەتادا لە ساڵی 2005 وەک بەڕێوەبەری زیندانی ناوەندیی عەمارە کارم کرد، دواتر گواسترامەوە بۆ بەڕێوەبەری زیندانی سەماوە. لە سەردەمی ئەودا... وەزیری بازرگانی فەلاح سودانی لە لام دەستبەسەر بوو ئەگەر لەبیرت بێت، هێنایانە لام بۆ ماوەی نزیکەی دوو رۆژ دەستبەسەر بوو، دواتر گواسترایەوە بۆ فەرماندەیی پۆلیس چونکە شوێنەکە بۆ ئەو شیاو نەبوو، وەزیر بوو، وەزیرێکی دەستبەسەرکراو، دەستبەسەرکراویش تۆمەتبارە و تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو تاوانەکەی دەسەلمێنرێت، لەبەر ئەوە بەندکرابوو، ئێمەش مامەڵەیەکی زۆر باشمان لەگەڵدا کرد و لەگەڵ زیندانیانی ماددەی هۆشبەر یان دزەکان دانەماننا.
رووداو: چارەنووسی چی لێهات؟ چی بەسەر هات؟
نازم مالکی: زیندانیی دیکەیان لەگەڵدا هێنا، زیندانییەک لە هەولێرەوە هاتبوو لەبیرمە ناوی کاک سامان بوو، ئەمە بازرگان بوو، چونکە کێشەکە ئەوە بوو گرێبەستی چای بۆ وەزارەتی بازرگانی و بەشەخۆراکی هاووڵاتییان کردبوو، لەو کاتەدا بازرگانەکە کورد بوو بە ناوی سامان، و چوار بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ وەزیرەکە کە پێنج کەس بوون لە سەماوە لەلام دەستبەسەر بوون، چونکە دادوەری سەماوە عەبدولئەمیر شەمەری بوو، دادوەرێکی دەستپاک و ئازا بوو، بڕیاریدا بە دەستبەسەرکردنی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و لە لای من بەندی کردن. بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەلام مانەوە و دوو ساڵ حوکم دران، وەزیرەکەش دۆسیەکەی لە سەماوەوە گواسترایەوە بۆ بەغدا و دواتر برایە بەردەم دادوەر و بە کەفالەت ئازاد کرا. ئەمەش شایەتییە بۆ مێژوو، وەزیرەکە دوو شەو لە ژوورەکەی من خەوت، لە نزیک ژوورەکەم، پێم دەگوت تۆ لە حیزبی دەعوەیت چۆن رێگەت بەمە دا؟ گوتی: تاوانی بازرگانە کوردەکە نەبوو، تەنانەت بازرگانە کوردەکەش بێتاوان دەرچوو، نە تاوانی بازرگانەکە بوو و نە تاوانی منیش؛ گوتی: چونکە گرێبەستەکە لەگەڵ بازرگانەکە دروست بوو، بەڵام بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەرپرسانی گواستنەوە ئەم کەلوپەلەیان لە چای پلە یەکەوە گۆڕیبوو بۆ چای پلە سێ، بەڕێوەبەرە گشتییەکان هەریەکەیان دوو ساڵ حوکم دران و وەزیرەکەش بە کەفالەت ئازاد کرا، دوای ئەوە ئیتر نازانم...
رووداو: کەواتە دۆسیەکە رەهەندی سیاسیی نەبوو، بەڵکو پەیوەندیی بە گەندەڵییەوە هەبوو، وانییە؟
نازم مالیکی: نەخێر نەخێر، بابەتی گەندەڵی بوو. دوای ئەوە پشکنینیان ئەنجامدا، وەزیرەکەمان دادوەر کاک دارا بوو لە هەولێرەوە، لەسەر داوا و ویستی خۆی، هەرچەندە منیشی لە نزیکەوە نەدەناسی، بەڵام لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن لە پشکنیندا کە باشترین بەڕێوەبەر لە سەماوە و لە عەمارە نازمە، لە ساڵی 2008 گواسترامەوە بۆ بەڕێوەبەری زیندانەکانی بەغدا، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی بەغدا کە پێی دەگوترا بەڕێوەبەری هەرێم. ئەم زیندانانە بریتی بوون لە 27 زیندان لە بەغدا، و زیاتر لە 73 هەزار زیندانیمان هەبوو، ئەمە بووە بەرپرسیارێتیی من، زۆربەشیان تیرۆر بوون. بەم شێوەیە وەرگرتنی زیندانەکانی بەغدا کە 27 زیندان بوون لەژێر فەرمانی مندا دەستیپێکرد و کارم تێدا کرد.
رووداو: زۆر باشە، بەڕێز نازم، لەبەر کەمیی کات، ناچارین ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەکە کۆتایی پێبهێنین، لە ئەڵقەی داهاتوودا باسی ئەوەمان بۆ دەکەیت چۆن توانیت زیاتر لە 60 هەزار زیندانی بەڕێوەببەیت، بەتایبەت بەعسییەکان و تیرۆریستان لەنێویاندا، و چۆن توانیتان لەگەڵ ئەو دۆخەدا هەڵبکەن. بینەران و بیسەرانی خۆشەویست، بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتایی ئەڵقەی ئەمڕۆ، بەو هیوایەی لە ئەڵقەی داهاتوودا یەکتر ببینینەوە، بەجێتان دەهێڵین بە ئەمانەتی خودا.

.jpg&w=3840&q=75)

