رووداو دیجیتاڵ
دوو هونەرمەندی کورد لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا میوانی رووداو بوون، رۆژگار وایکرد روو بکەنە تاراوگە و لە سوێد نیشتەجێ ببن، جار جاریش بە سەردان دەگەڕێنەوە کوردستان.
ئەیاد حوسێن و ئاراس فاتح لە نزیکەوە یەکدی دەناسن و هەردووکیان بە سەردانێک بۆ سەری ساڵی نوێ گەڕابوونەوە کوردستان.
لە هەڤپەیڤینێکدا باسیان لە پەیوەندیی نێوانیان و بیرەوەرییەکانیان کرد، هەروەها خۆزگە و هیوای خۆیان بۆ 2021 خستەڕوو و بەشێک لە یادەورییەکانی 2020یشیان بۆ رووداو گێڕایەوە.
رووداو: ئێرۆس یان ئاراس یان خەپە گیان؟
ئاراس فاتح: وەڵڵا بە دڵی خۆت، خەڵک بە ئاراس دەمناسێت، ئێرۆس ناوێکی تایبەتە بۆ پرۆژە هونەرییەکانم کە بۆ میللەتانی دیکە ئامادەی دەکەم، هەندێ خەڵکیش دەڵێن خەپە گیان، -سەیری ئەیاد حوسێن دەکات- ئەوە خەپە گیانە، من خەپە گیان نیم.
ئەیاد حوسێن: من خەپە گیانم
رووداو: هیوا و ئاواتتان بۆ 2021 چییە؟
ئەیاد حوسێن: هەموو هیوا و ئاواتم ئەوەیە ئەو کێشانەی کوردستان لە 2020 هەیبوو کۆتاییان پێبێت، کۆرۆنا و کۆڤید 19 و کێشەی ئابووری، پەنا بەخوا ساڵی ئایندە پڕ لە خۆشی و شادی دەبێت بۆ هەموو میللەتی کورد لە هەموو جیهاندا و دووربین لە دەردی ڤایرۆس و هەموو شتێک و کۆتایی بە هەموو کێشەکانی ئێمە بێت.
رووداو: ئەی تۆ کاک ئاراس؟
ئاراس فاتح: ئەوەی کاک ئەیاد گوتی هیچی بۆ من نەهێشتەوە.
رووداو: ئێوە نێوانتان خۆشە و لە دەرەوەش کە یەکدیمان بینی نێوانتان زۆر خۆش بوو و کەیفخۆشبوون. لە کەیەوە یەکدی دەناسن؟ چۆن یەکدیتان ناسی؟
ئاراس فاتح: ئێمە 23 بۆ 24 ساڵ دەبێت یەکدی دەناسین، هەردووکمان لە ستۆکهۆڵم دەژیاین.
رووداو: زوو زوو یەکدی دەبینن؟
ئاراس فاتح: زۆر زووش نا، لەبەرئەوەی خەڵک خەریکی کارە، بەڵام لە ئاهەنگەکاندا، بەتایبەت ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و نەورۆز و لە هانگی دیکەشدا یەکدیمان دەبینی، زۆرجاریش لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەدا یەکدیمان دەبینی.
رووداو: هیچ کارێکی دوێتتان پێکەوە کردووە؟
ئاراس فاتح: شتێکی خۆشتان بۆ باس بکەم، من و کاک ئەیاد لە زۆر ئاهەنگدا وەک گۆرانیبێژ پێکەوە بەشداریمان کردووە، جارێکیان لە شوێنێک، ناوی ساڵەکە و وڵاتەکەش ناهێنم، لە ئاهەنگێک بانگهێشتکرابووین، دوو ژوور گیرابوون، یەکێک لە ژوورەکان بۆ دوو هونەرمەند بوون کە هاوژینی یەکتربوون، وایان زانی تەنها یەک هونەرمەندی دیکە دێت و نەیانزانیبوو من و کاک ئەیادین، زۆر شڵەژان و گوتیان چی بکەین، ئێمەش گوتمان یەک شەو لەوێ دەمێنینەوە و کێشەیەک نابێت.
سەرینی ژوورەکە دوو نەفەری بوو، منیش گوتم ئەیاد تۆ بخەوە بۆ من کێشە نییە، ئەیاد لێی خەوت، منیش هەر بەجلەوە لە تەنیشتییەوە درێژ بووم، چونکە هەر چەند کاژێرێک مابوو.
ئەیاد دەستی بە پرخە کرد، منیش گوتم رەنگە ئەوە تەنها سەرەتاکەی بێت، دوایی وەکو گۆرانی نۆتەکەی هەر بەرزدەبووەوە، منیش گوتم خودایە چی بکەم، سەرەتا فیتەم بۆ لێدا.
رووداو: هەندێکیش دەڵێن دەبێت لەو کاتە پەنجەی قاچی رابکێشی، شتێکی واش هەیە؟
ئاراس فاتح: یەکەمجار بە فیتە دەستمپێکرد، سوودی نەبوو، دوایی پەنجەی قاچ یاخود شتێکی لێبکەی، ئەویش سوودی نەبوو، دواتر بانگم کرد، ئەیاد ئەیاد، ئەویش هەر سوودی نەبوو، دواتر لێمدا.
رووداو: لێتدا بۆ ئەوەی پرخەی نەمێنێت؟
ئاراس فاتح: لەخەو هەڵسا و پرخەپرخەکەی بەردەوام بوو، رەنگە بڕوانەکەن ئەوەی بۆتانی باس دەکەم، چاوی کردبووەوە و سەیری منی دەکرد و چاوی کراوەبوون و پرخە پرخی دەکرد و بەردەوام بوو، من ترسام و گوتم دەبێت شێت نەبووبێت، پرخە پرخەکە هەر بەردەوام بوو و دواتر خەوتەوە، وەکو ئەوەی هیچ شتێک رووی نەدابێت و زانیم کە سوودی نییە.
رووداو: ئەی بیرەوەری تۆ چییە؟
ئەیاد حوسێن: (بەپێکەنینەوە) نازانم بەرنامەکە تەندروستییە، زۆر راستە من ئەگەر شوێنی خەوتنم بگۆڕم و هیلاکیش بم، پڕخە پڕخ دەکەم، دیارە ئەو شەوە من گۆرانی حەیفەم دەگوت بە پرخە پرخ.
رووداو: جگە لەمە یادەورییەکی خۆشت لەگەڵ کاک ئاراس؟
ئەیاد حوسێن: وەڵڵا زۆرن، ئێمە بەردەوام کە یەکدی دەبینین بەردەوام نوکتەکان لەخۆیانەوە دروست دەبن.
ئاراس فاتح: نەمگوت هێرش دەکەم.
ئەیاد حوسێن: ئەوە هێرشی دەستیپێکرد.
رووداو: ئەمساڵ بەرهەمێکت بەناوی "دەڕژێ" بڵاوکردەوە و کلیپەکەشی باسی لە کۆرۆنا دەکرد، بەهەمان شێوەش تۆ بەرهەمێکت لەبارەی کۆرۆنا هەبوو، کۆرۆنا چ کاریگەرییەکی لەسەر کارەکانت و لەسەر کاری هونەرمەندان بە گشتی هەبووە؟
ئاراس فاتح: کاریگەریگەرییەکە ئەوەبوو زۆر لە هونەرمەندان لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆدا کاتیان هەبوو لە ماڵەوە بەرهەم ئامادە بکەن، گۆرانی نوێ ئامادە بکەن، کاتیان هەبوو، لەبەرئەوەی چوونە دەرەوەیان نەبوو، تەنانەت ئەو مارکێتانەی ئامێر و کەلوپەلی میوزیکیان دەفرۆشت، ئەو کەلوپەلانەیان نەمابوون، بەتایبەت میکرۆفۆن، من دەمویست میکرۆفۆنێکی باش لە باشترین بازاڕی کەلوپەلی میوزیکی لە جیهاندا بکڕم بۆ ستۆدیۆ، نەمابوو، هەموو هونەرمەندەکان ستۆدتۆی ماڵیان دروستکردبوو، لەبەرئەوەی ناتوانن بچنە ستۆدیۆی گەورە، ئینجا ئەم یەکێک لە کاریگەرییەکان بوو.
ئەو هونەرمەندانەی لە ماڵەوە بوونە زۆر شتی نوێیان ئامادەکردووە، پەنا بەخوا لە 2021 بڵاویان دەکەنەوە.
رووداو: ئەی تۆ کاک ئەیاد؟
ئەیاد حوسێن: قسەکانی کاک ئاراس زۆر راستن، زیاتر بەشێوەی ئۆنلاین کارەکان لەرێگەی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرانەوە، چونکە خەڵک لە ماڵەوە بوون و سەیریان دەکرد، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە قەدەخە و کەرەنتینی تێدابوو، بەهۆیەوە زیاتر شتەکان بە هەواداران و خۆشەویستان دەگەیشت، لەلایەکی دیکەشەوە کاریگەری هەبوو و ئاهەنگەکان کەمبوونەوە، تەنانەت ئەو شوێنانەی ئێمە هەفتانە لایڤمان لێی هەبوو.
رووداو: ئێوە لە ئەوروپا دەژین و لە ئەوروپاش گرنگییەکی زۆر بە سەری ساڵی نوێ دەدرێت، پلانی ئێوە چییە بۆ ئەو بۆنەیە؟
ئەیاد حوسێن: بە دڵنیاییەوە ئێمە بۆ ئەم سەری ساڵە لێرەین، بەبۆنەی سەری ساڵەوە لایڤ میوزیکم لە هەولێر و لە سلێمانی هەیە، لە سوێد هەموو شتێکیان سنووردار کردووە، بۆ نموونە لە هۆڵێکدا نابێت زیاتر لە 50 کەسی تێدا بێت، لە کاژێر 10ـی شەو دەبێت هۆڵە چۆڵبکرێت، بۆیە ئاهەنگ ناکرێت.
رووداو: ئەی تۆ کاک ئاراس، لە سوێد دەژی و چۆن سەری ساڵ بەسەر دەبەیت؟
ئاراس فاتح: هەرساڵەوە جۆرێکە، شتێکتان بۆ باس دەکەم، دەڵێن چۆن پێشوازی لە سەری ساڵ دەکەی، ساڵەکە بەو شێوەیە دەبێت.
پێشوازیم لە 2020 ناخۆشترین پێشوازی بوو لە ساڵی نوێ، ساڵەکەش بە هەمان شێوە.
رووداو: کەواتە هیوا و ئاواتت بۆ 2021 چییە، ئەوەی تا ئێستا بەدی نەهاتووە و دەتەوێت بەدی بهێنیت؟
ئاراس فەتاح: هەمووجار خەونەکانم زۆر گەورەن، زۆر پڕۆژەی هونەری گەورەم هەیە، رەنگە هەواداری کارە هونەرییەکانم ئاگاداربن، من 2020 خۆم بۆ "خەپە گیان 2" ئامادە کردبوو.
رووداو: باشە تۆ بەنیازی بەشی دووەمی "خەپە گیان" بەرهەمبێنیت، ئەی کوا قژە درێژەکەت؟
ئاراس فاتح: سەبارەت بە قژە درێژەکەم، ئەوە نهێنییە، لە بەشی دووەمدا هەموو ئەو نهێنیانە ئاشکرا دەبن، ئەوە نهێنییە جارێ کەس نایزانێت، پەنا بە خودا بۆ 2021.
رووداو بۆ ئەیاد حوسێن: ئەی خەون و ئاواتی تۆ لە رووی هونەرییەوە چییە؟ بەرهەمێکی تایبەت هەیە بتەوێت لێرەوە باسی بکەیت؟
ئەیاد حوسێن: بەدڵنیاییەوە دەبێت بۆ 2021 دەبێت یەک دوو بەرهەممان هەبێت، لەگەڵ سەرقاڵی و ئەو کێشانەی لە 2020 هەمانبوو، توانیمان دوو بەرهەممان هەبێت، یەکێکیان لەبارەی کۆرۆنا بوو.
رووداو: بەرهەمی دیکەت هەبوو نەتوانیبێت بەهۆی کۆرۆناوە بڵاوی بکەیتەوە؟
ئەیاد حوسێن: نەخێر، بەڵام بەرهەمێکی دیکەشم هەبوو بەناوی "هیچم پێ مەڵێ"، ئەویش بە ڤیدیۆکلیپ بڵاوکرایەوە، ئەوەی دیکەیان بۆ خۆپاراستن بوو کە لەگەڵ چەند هونەرمەندێک لەبارەی کۆرۆناوە گوتمان و بە رای من و زۆر کەسی دیکە کارێکی جوان بوو. بێگومان بۆ 2021یش یەک دوو کار بۆ هەوادارانی خۆشەویستم دەکەم.
رووداو: ئێستا بەرهەمێکی تایبەت نییە کاری بۆ بکەیت؟
ئەیاد حوسێن: ئێستا شتێک لە مێشکمدایە، بەڵام نهێنییە باسی ناکەم.


.jpg&w=3840&q=75)