کاپتنی ئەو کەشتییەی بارەكەی لە بەیرووت تەقییەوە بۆ رووداو: هۆكارێكی دەرەكی بووەتە هۆی تەقینەوەی مادەكە

03-09-2020
خالید حوسێن
باریس پرۆکۆشێڤ، کاپتنی کەشتیی رۆسوس
باریس پرۆکۆشێڤ، کاپتنی کەشتیی رۆسوس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
 
ئەو بارەی كەشتیی رۆسوس، كە بریتیبوو لە سێ هەزار تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆم و لە ساڵی 2014 لە بەندەری بەیرووت كۆگا كرا، تەقینەوەی لە رۆژی 4ی ئابی 2020 بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 200 كەس و برینداربوونی 6 هەزار كەس و وێرانبوونی بەندەری بەیرووت و زیان بەركەوتنی 240 باڵەخانە و ماڵی دانیشتووانی بەیرووت، كە زیانە داراییەكەی بە 5 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت. 
باریس پرۆکۆشێڤ، کاپتنی کەشتیی رۆسوس لە رۆژی 24ی ئابی 2020 لە شاری سۆچی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو كردووە كە چۆن كاری لەسەر ئەو كەشتییە كردووە و بۆچی لەجیاتی ئەوەی بارەكە بگەێێننە مۆزەمبیق، لە بەندەری بەیرووت دایاننا. 
 
ئەو سێ هەزار تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمە لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی 2013 لە جۆرجیا باركرابوو و لەلایەن كۆمپانیایەكی مۆزەمبیقییەوە كڕدرابوو بۆ ئەوەی لە مۆزەمبیق، بكرێتە تەقینەوە بۆ مەبەستی بازرگانی بەكاربهێندرێت. 
كەشتیی رۆسوس، لەساڵی 1986ەوە كەوتبووە كار، بەهۆی زۆر بەكارهێنان و هەبوونی كەموكورتی چەند جارێك لە پشكنینە دەریاییەكان دەرنەچووبوو لە دەریای سپی. لە تەممووزی ساڵی 2013 لە بەندەری ئیشبیلیەی ئیسپانی دەركەوت كە 14 كەموكورتی گەورەی هەیە. 
بازرگانی رووسی دانیشتووی قوبرس، ئیگۆر گرێچوشکین لە ئایاری 2012 ئەو كەشتییەی كڕی. بەهۆی نەدانی 100 دۆلاری پارەی بەندەرەكان، لە شوباتی 2014 لە بەندەری بەیرووت دەستی بەسەردا گیرا و بەهۆی بێكەڵكبوونی لە شوباتی 2018 بەدووری سێ میل لە بەندەری بەیرووت لە دەریادا نقووم بوو. 
 
 
رووداو: ئەوەندەی بیرت دێت، بۆمان باس بکە کەی دەستت بە کارکردن کرد لەسەر ئەو کەشتییە؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: من دووجار لەسەر ئەو کەشتییە کارم کردووە، یەکەمجار لە ساڵی 2012 بوو، بەدیاریکراوی مانگی 5 ی 2012 بوو، دوای ئەوە جاری دووەم لە ماڵ دانیشتبووم تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان پێویستمان بە کاپتنە، گوتیان ئامادەی کار بکەی؟ گوتم ئامادەم، کاتێک چووم گوتیان کارەکەی تۆ لەسەر کەشتیی رۆسوس دەبێت، منیش پێمگوتن زۆرباشە و پێشتر لەسەر ئەو کەشتییە کارم کردووە، ئێستاش ئامادەم. ئەوە ساڵی 2013 بوو، پێموایە کۆتایی مانگی سێپتەمبەر بوو.
 
 
رووداو: باشە تۆ زانیاریت هەبوو لەسەر کۆی گشتی کارەکە. واتە بارەکە چییە و بۆ کوێیە، ئەو وردەکاریانەت دەزانی؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: کاتێک ئێمە چووین هەموو دەستەی کەشتیوانییەکەی کە پێش ئێمە کاریان دەکرد لەوێ گۆڕدران، من پرسیارم لێکردن کە بۆچی هەموو ستافەکە دەگۆڕن، گوتیان ئەو ستافە نایانەوێت ئەو بارە ببەن بۆ مۆزەمبیق، بۆیە دەیانگۆڕین. دواتر نووسراوێکیان دایە ئێمە کە تێیدا هاتووە دەبێ ئێمە واژۆبکەین لەسەر ئەوەی ئامادەین بچین بۆ مۆزەمبیق، ئەوەم تائێستا لای کەس باس نەکردووە، بەڵام وا ئێستا بیرم هاتەوە، وێرای ئەوەی کە گرێبەستمان واژۆکرد، بە جیا کاخەزێکیان داینێ واژۆمان کرد لەسەر ئەوەی رازین بچین بۆ مۆزەمبیق، هەرکەسەو بەخۆی واژۆی کرد، دواتر گرێبەستمان واژۆکرد، ئێمە بە فڕۆکە چووین بۆ تورکیا، لە تورکیا بەندەرێک هەیە بەناوی (توزڵ). لەوێ ستافی کەشتییەکە ئاڵوگۆڕکران و ستافی پێشوو رۆیشتنەوە بۆ ماڵ، لەوێش دیسان پرسیارم لێیان کرد بۆچی ئێوە دەگۆڕن؟ گوتیان نامانەوێت بچین بۆ مۆزەمبیق چونکە ئەوێ دوورە و مەترسیدارە، لەبەرئەوە نامانەوێت بچین. جگە لەوە بینیم کە دوو کاپتنی دیکەش لەگەڵ منن لەسەر کەشتییەکە، گوتم ئەوە چییە؟ ئێوە بۆچی لەگەڵم دێن؟ گوتیان یەکێک لە کاپتنەکان مۆڵەتی ساڵانەی بەسەرچووە بۆیە ئیگۆر گرێچوشکین کاپتنێکی دیکەی هێناوە کە مۆڵەتی هەیە، ئێمە دێین کاروباری مۆڵەت و کۆمەڵێک دۆکیۆمێنتی دیکە نوێ دەکەینەوە، بەڵام یەکێک لەوانە هەموو کارەکانی ناو کەشتییەکەی بەڕێوەدەبرد، ئەوە بەلای منەوە شتێکی نامۆ بوو، چونکە تێنەگەیشتم بۆچی پارەی دوو کاپتن دەدات لەکاتێکدا یەکێکیان پێویست نییە و بەخۆڕایی پارەی پێدەدات، کە مۆڵەتی تەواو بوو چی دەکات لەسەر ئەو کەشتییە؟ با بچێتەوە ماڵ و مۆڵەتەکە نوێ بکاتەوە .
 
رووداو: کەواتە تۆ هەر لەسەرەتاوە تێبینی ئەوەت کرد کە نهێنییەک هەیە لەو کارەدا؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: بەڵێ .. بەڵێ .
 
رووداو: ئەی بۆچی رەتتنەکردەوە ؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: من پرسیارم لێکردن کە بەڕاستی کارەکە کێشەی نییە؟ گوتیان هیچ کێشەی نییە، گوتم ئەی مووچە دەدەن؟ گوتیان رێک لەکاتی خۆی مووچە دەدرێت. گوتم دەی باشە بزانین چۆن دەبێت، بەڵام هەر خەیاڵم لای ئەوەبوو کە بۆچی ستافی کەشتییەکەیان گۆڕی؟ من کارەکەم پەسەند کرد، چونکە حەزم لە گەشتی دوور و درێژە، حەزم کرد بچمە مۆزەمبیق. ئیدی ستافەکەی پێشوو کەشتییەکەیان بەجێهێشت و ئێمە بەڕێکەوتین و چووینە یۆنان، لەوێ تاوەكو تێپەڕبووین لەناو کەشتییەکە سەیری کۆمپیوتەری ناو کەشتییەکەم کرد، هەندێ نووسراو و نامەم بەرچاوکەوتن، لە رێگەی ئەوانەوە تێگەیشتم کە ستافی کەشتییەکە بۆیە کارەکەیان بەجێهێشووە چونکە ماوەی 4 مانگ مووچەیان پێنەدرابوو، ئیدی ئەوان کەسێکیان بەکرێ گرتبوو بۆ ئەوەی گوشار لەسەر بەرپرسی کەشتییەکە بکات مووچەکەیان پێبدات. ئەوە بوو دوای گوشار و هەوڵ ئەو ستافەی پێشوو پێش رۆیشتنەوەیان بۆ ماڵ مووچەیان وەرگرت. ئەوە منی زۆر تووڕە کرد، زۆر نیگەرانی کردم لەو ستافەی پێشوو. چونکە ئەگەر راستییەکەیان پێگوتبام و بیانگوتبایە مووچەیان پێنەداوین، ئەوا من لە تورکیاوە یەک هەنگاویشم نەدەنا بۆ سەر کەشتییەکە و هەر لەوێ دەگەڕامەوە ماڵ و پێمدەگوتن ئێوە دەڕۆن ئێمەش لەگەڵ ئێوە دەڕۆینەوە. سەرەتا چەند جار پرسیارم لێکردن هەر دەیانگوت هەموو شتێک باشە و هیچ کێشەیەک نییە، هیچی دیکەیان نەگوت.
 
رووداو: باشە، لەبەرامبەر ئەو مامەڵە و گرێبەستە دەبوو چەند پارە بدرێتە تۆ و گرێبەستەکە بۆ ماوەی چەند بوو؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: بۆ ماوەی شەش مانگ گرێبەستمان واژۆکرد، مانگانە بە 3500 دۆلار.
 
رووداو: باشە وەک دەزانی ئەو بارەی تۆ لە بەیرووت تەقییەوە، سەرەتا دەمەوێت بزانم چۆن و لە کوێ ئەو هەواڵەت بیست؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: من لەڕێگەی ئیمەیلەوە زانیم، ئیمەیلەکەم کردەوە بینیم نووسراوێکم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کەشتیی رۆسوس بۆ هاتووە. منیش دڵم خۆشبوو گوتم سوپاس بۆ خودا رەنگە مووچەکەیان بۆ هەژمار کردبم و بۆیان ناردبم. کەچی کە نووسراوەکەم کردەوە بینیم نووسراوە لە بەیرووت نیتراتی ئەمۆنیۆم تەقیوەتەوە. ئیدی زانیم کە نیتراتە ئەمۆنیۆمەکەی ئێمە لەوێ کۆگاکراوە و تێگەیشتم کە ئەوە تەقیوەتەوە.
 
 
رووداو: ماوەی چەند لەسەر ئەو کەشتییە کارتکرد؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: ماوەی 11 مانگ لەوێ مامەوە.
 
رووداو: تۆ گوتت بۆ 6 مانگ گرێبەستتان واژۆکردووە، بۆچی 11 مانگ لەوێ کارتکرد؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: لەبەرئەوەی دەسەڵاتی لوبنان دەستبەسەریان کردم و نەیانهێشت بگەڕێمەوە. بەپێی بڕیاری دادگا منیان دەستبەسەر کرد، دەیانگوت دەبێ ئیگۆر گرێچوشکین بێت و ئەو پارەیەمان بداتێ کە لەسەریەتی. پارەی وەستانی کەشتییەکە لە بەندەری بەیرووت. هەروەها لەجیاتی ئەوەی بریاربوو باری دیكە باربکەن، بەڵام بارتان نەکرد، تەنیا ئەو کاتە رێگەت دەدەین بڕۆیت. ئەو ماوەیەی دەستبەسەریان کردم چەندین نووسراو و داواکاریم بۆ ناردن، پێمگوتن کە من گرێبەستەکەم تەواوبووە و مۆڵەتیشم تەواوبووە، بەپێی یاسا ئیدی من مافی ئەوەم نییە لێرە بمێنمەوە و کاربکەم، بەڵام ئەوان گوتیان رێگەت نادەین گەشت بکەیت.
 
 
رووداو: بەگشتی چەند پارەت لەو کارە دەستکەوت؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: یەک سەنتیشم دەستنەکەوت ، تەنیا ئەوەبوو نانیان پێدەدام.
 
رووداو: ئێوەی ستافی کەشتییەکە چەند کەس بوون؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: 10 کەس بووین، بەڵام دوای دوو مانگ 6 کەسیان رۆیشتنەوە ماڵ، من و سێ کەسی دیکەیان هێشتەوە بۆ ئەوەی ئاگامان لە بارەکە بێت، بەبێ پارە.
 
رووداو: باشە ئەو کێشەیە لەچییەوە سەری هەڵدا و بۆچی ئێوە لە بەیرووت مانەوە؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: ئێمە چووینە بەیرووت، دەبووایە باری دیکەش لەوێ لە کەشتییەکە باربکەین، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی نەمانتوانی ئەو بارە باربکەین، چونکە بارەکە قورس بوو، هەوڵماندا باری بکەین، بەڵام لایەکی کەشتییەکە خوار بوو، خەریکبوو بشکێت، ئەگەر ئێوەش لەوێ بوونایە دەتانگوت ئەو بارە بارمەکەن. ئیگۆر گرێچوشکین خاوەنی کەشتییەکە ماوەی هەفتەیەک گوشاری لە من کرد کە دەبێ ئەو بارەش لە کەشتییەکە باربکەین، من گوتم ناتوانین چونکە بەندەرەکەش تێکدەشکێت، ئینجا پێمگوت لەسەر بەرپرسیارێتی خۆت وەرە بارەکە باربکە. ئەوەبوو ئەو نەهات، لەبەرئەوەی ئەویش دەیزانی کە ناکرێت ئەو بارە باربکرێت و زۆر قورسە. ئیدی ئێمە وەکو ستافی کەشتییەکە بڕیارماندا نەچین بۆ مۆزەمبیق چونکە پێمانوابوو مووچەی ئێمەش نادات هەروەکو مووچەی ستافی پێشووی نەدا. گوتمان لە مۆزەمبیق دەرماندەکات و گوێمان پێنادات. جگە لەوە لە مۆزەمبیق نە باڵیۆزخانەی رووسیای لێیە نە باڵیۆزخانەی ئۆکراینا، بە ئیگۆر گرێچوشکینمان گوت ناچین بۆ مۆزەمبیق، ئەو گوتی باشە دەتوانن بێن بۆ قوبرس؟ گوتمان بەڵێ دەتوانین، ئەوەبوو ویستمان بچین بۆ قوبرس، بەڵام لە بەیرووت دەستبەسەرکراین بەهۆی ئەوەی کە پارەی مانەوەمان لە بەندەری بەیرووت نەدابوو، ئیتر بەوشێوەیە کێشەکە روویدا.
 
رووداو: تۆ دەتزانی کە ئەو بارە چییە لە کەشتییەکە بارکراوە؟
باریس پرۆکۆشێڤ: بەڵێ بەدڵنیاییەوە دەمزانی.
 
رووداو: ئەی پێشبینیت دەکرد بتەقێتەوە؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: نەخێر پێشبینی ئەوەم نەدەکرد، چونکە ئەو مادەیە بۆخۆی سەربەخۆ ناتەقێتەوە.
 
رووداو: ئەی بۆچی تەقییەوە؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: ئەو مادەیە بۆ ئەوەی بتەقێتەوە یان دەبێ ئاگری تێبەربدرێت یان دەبێ تەقەمەنییەکی لەژێر دابنرێت، بۆ نموونە نارنجۆکێک هەڵبدرێتە ناوی، واتە دەبێ لە رێگەی کاریگەریی تەقینەوەیەکی دیکەوە بتەقێنرێتەوە. ئەو مادەیە بەشێوەیەکی زۆر باش هەڵگیرابوو، کەس نەیدەتوانی بچێتە ئەو شوێنە، ئەوە چەند ساڵ بوو لەوێبوو بۆ نەتەقییەوە؟
 
 
رووداو: واتە تۆ گومانت هەیە کە ئەو نیتراتی ئەمۆنیۆمە لە خۆیەوە نەتەقیوەتەوە؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: من سەت لەسەت لەوە دڵنیام.
 
رووداو: ئەی تۆ پێتوایە چۆن تەقیوەتەوە؟
باریس پرۆکۆشێڤ: رەنگە لەو شوێنە ئاگر کەوتبێتەوە، یاخود لەوانەیە تەقینەوەیەکیان هەڵدابێتە ئەوێ، واتە هۆکارێکی دەرەکی بووەتە هۆی تەقینەوەی ئەو مادەیە.
 
رووداو: هەندێ بۆچوون هەن پێیانوایە تەقێنراوەتەوە. بۆ نموونە دەگوترێ... یان پێش ئەوەی باسی ئەوە بکەم دەمەوێت لێت بپرسم کێ بەڕاستی خاوەنی ئەو کەشتییە بوو؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: گرێچوشکین بوو، من ئەوم ناسی و لەگەڵ ئەو گرێبەستمان واژۆکرد، بەڵێ ئیگۆر گرێچوشکین خاوەنی بوو.
 
رووداو: لە میدیاکان زانیاری بڵاوبووەوە کە ئیگۆر گرێچوشکین لەگەڵ یەکێک لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی لوبنان بەناوی حیزبوڵڵا رەنگە پەیوەندی هەبووبێت، دەگوترێ رەنگە بە مەبەست ئەو بارەیان لەوێ داگرتبێت بۆ ئەوەی بیتەقێننەوە؟
 
باریس پرۆکۆشێڤ: سەیرکە.. با وایدابنێین ئەو گومانە راستە، باشە بۆچی خاوەنی کەشتییەکە دوای ئەوەی گوتمان ناڕۆین بۆ مۆزەمبیق کڕیاری لە قوبرس بۆ بارەکە دۆزییەوە و هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی لە بەندەری بەیرووت دەربچێت و بڕوات؟ ئەوە پرسیاری یەکەم.. پرسیاری دووەم ئەوەیە کێ خاوەنی کەشتییەکەی ناچارکرد بارەکە لە شوێنێکی زۆر سەلامەت و بە رەچاوکردنی هەموو مەرجەکانی سەلامەتی بپێچێتەوە و لە ژێر زەوی کۆگا بکرێت؟ بەشێوەیەک بارەکە لەوێ هەڵگیرابوو کە هیچ مەترسییەکی بۆ هیچ شتێک نەبێت، ئەوە چەند ساڵە بەوشێوەیە لەوێ هەڵگیراوە، کەس ئەوی ناچار نەکرد کە دەبێ بەوشێوە باشە بارەکە هەڵبگرێت.
 
رووداو: هەستت چۆنە ئێستا کە بەهۆی ئەو بارەی تۆ هێنات زیاتر لە 150 کەس کوژران و بە هەزاران کەس برینداربوون؟
باریس پرۆکۆشێڤ: هەستم چۆن بێت؟ من هیچ پەیوەندیم بەو رووداوەوە نییە. هەست بە هیچ تاوانێک ناکەم، تەنیا جێگەی داخە بۆ من کە خەڵکانێک بوونە قوربانی. سەیری ڤیدیۆکانم کرد کە بەهۆی تەقینەوەکەوە ماڵەکانی ئەو ناوە بێ پەنجەرە ماونەتەوە و پێشتر خەڵکانێک لەوێ دەژیان و ئێستا ئەوان لەوێ نەماون، بەداخم بۆ ئەوە، بەڵام چی بکەین؟ تەنانەت ئەگەر خواستێکی تەواوەتیشم هەبێ بۆ ئەوەی کارێکیان بۆ بکەم ئەوە لەڕاستیدا هیچم پێناکرێت و هیچ دەسەڵاتم نییە، ئەو کارەی من کردوومە تەنیا کارکردنێکی ئاسایی بووە ، ئەگەر بەمەبەست مادەیەکم لەوێ دانابووایە کە خۆی لە خۆیدا بتەقیبووایەتەوە ئەوکاتە بە دڵنیاییەوە لۆمەی خۆمم دەکرد، بەڵام ئەو بارە بارێکی ئاساییە و لەنێوان وڵاتاندا دەگوازرێتەوە. راستە بەپێی یاسای دژە تیرۆری لوبنان قەدەخەیە ئەو مادەیە لە خاکی ئەو وڵاتەدا کۆگا بکرێت، بەڵام من تەنانەت ئەوەشم نەزانیبوو. لەڕاستیدا ماوەیەکە زانیومە کە بەگشتی قەدەخەیە لەو شوێنە نیتراتی ئەمۆنیۆم کۆگا بکرێت.
 
رووداو: ئەوە چەند ساڵە ئەو نیتراتی ئەمۆنیۆمە لەوێ کۆگا کراوە؟
باریس پرۆکۆشێڤ: من لە ساڵی 2014 لوبنانم جێهێشت، واتە لە کۆتایی 2014  یان لە سەرەتای 2015 ةوة ئەو بارە لەوێ کۆگاکراوە، ئەوکاتە من چەندین جار نامەم بۆ پارێزەرەکەم نارد کە بە رێگةی یاسایی ئێمەی لەوێ ئازاد کرد بۆ ئەوەی بتوانین بگەڕێینەوە وڵاتەکەمان، بەپێی یاسا خاوەنی کەشتیيەکە دەبوواية مووچە بداتە ئێمە، بۆیە چەندین جار پرسیارم لە پارێزەرەکە کرد کە ئایا بارەکە نەفرۆشرا؟ بەڵکو لە پارەی ئەو بارە مووچەمان بدەنێ، ئەو هەموو جارێ دەیگوت بارەکە کۆگا کراوە، تائێستاش هیچ مووچەیەکیان نەداوەتة ئێمە، هەرچەند ئەوکاتە لەوێ لە رێگةی پارێزەرەوە داوای مافی خۆمان کرد، تەنانەت 1500 دۆلاریشمان دایە پارێزەرەکە بۆ ئەوەی هەم ئازادمان بکات لەوێ، هەم مووچەکانیشمان بۆ وەربگرێت، لە دادگا داواکاریمان نووسی و لەسەدا بیست و پێنجی مووچەکانمان دەدایە پارێزەرەکە ئەگەر مووچەکانی بۆ بگێرِاباینەوە، پێموابوو کە پارێزەرەکە ئەو کارانە تەواو دەکات، بەڵام ئەو دواتر ثيَيطوتم کە هەوڵی زۆری لەگەڵ ئیگۆر گرێچوشکین داوە بۆ ئەوەی مووچەکانتان ثيَبدات، بەڵام سوودی نەبووە .
 
رووداو: ئەی دەزانی ئێستا گرێچوشکین لە کوێیە؟
باریس پرۆکۆشێڤ: بە منیان گوت لە قوبرسە، بەپێی زانیارییەکانی من لەلایەن پۆلیسەوە بانگکراوە و پرسیاری لێکراوە دواتر ئازادیان کردووە، بابەتەکە ئێستا لای پۆلیسی لێکۆڵینەوەیە.
 
رووداو: دوای ئەو تەقینەوەیە هیچ پەیوەندی و قسەکردنێکت هەبووە لەگەڵ ئەو کەسانەی پێکەوە لەسەر کەشتیيەکە کارتان دەکرد؟
باریس پرۆکۆشێڤ: بەڵێ دوای تەقینەوەکە یەکێکیان نامەی بۆ من نارد و تەلەفۆنیشی بۆ کردم، ئەو کەسی سێیەم بوو لە ستاف.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.