بەرپرسێکی ئەڵمانیا: ئەو کۆچبەرانەمان دەوێن کە دەتوانن لە کەرتی تەندروستیدا کار بکەن

03-07-2022
بێستون عوسمان
هەڤپەیڤینی تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە لەگەڵ بێستوون عوسمان
هەڤپەیڤینی تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە لەگەڵ بێستوون عوسمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە دەڵێت، لەنێوان نیو ملیۆن بۆ یەک ملیۆن کورد لە وڵاتەکەیدا دەژین. ئەو پێیوانییە ئەڵمانیا جیاکاری لەنێوان کۆچبەراندا بکات، ئاماژە بەوەش دەکات کە رووسیا و بێلاڕووس کۆچبەران وەکو هەڕەشە دژی یەکێتیی ئەوروپا بەکاردەهێنن. لەبارەی ئەو کۆچبەرانەش کە وڵاتەکەی دەیەوێت، گوتی، "ئەو کۆچبەرانەمان دەوێن بتوانن لە کەرتی تەندروستیدا کار بکەن."
 
تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بێستوون عوسمان، کە رۆژی27ی حوزەیرانی 2022 تۆمارکراوە، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت پشتیان پێ ببەستێت. لیندنەر دەڵێت، "داعش هێشتا مەترسییە" و حکومەتی نوێی وڵاتەکەشی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان.
 
وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە دەڵێت، هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا تاکە رێگەی دابینکردنی ئاسایشە لە ناوچە جێناکۆکەکان، هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووش بە "دیموکراتیترین هەڵبژاردن لە مێژووی عێراقدا" دەزانێت.
 
بە بۆچوونی تۆبیاس لیندنەر، کێشەی نەوت و گاز لەنێوان هەولێر و بەغدا، "بە سازشکردنیان" چارەسەر دەبێت. لەبارەی هێرشەکانی تورکیاش بۆسەر پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە تورکیا رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت،" رەتیدەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دژی پەکەکە کاری ناتۆ بن.
 
رووداو: بەڕێز وەزیر تۆبیاس لیندنەر، زۆر سوپاس کە لەگەڵمانن و بەخێربێن بۆ رووداو.
 
تۆبیاس لیندنەر: بەخێربێن بۆ بەرلین.
 
رووداو: بەرلینی گەرم! ماوەی سێ رۆژە لێرەم و هەرگیز گەرمایەکی لەم شێوەیەم لە ئەوروپا نەبینیوە. هەمیشە ئاوایە بەرلین، یان ئەوە منم گەرماکەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لەگەڵ خۆم هێناوە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: نازانم ئێوە هۆکارەکەن و لەگەڵ خۆتان هێناوتانە یان نا، بەڵام بە چەند رۆژێکی زۆر گەرمدا تێدەپەڕین. دەبێت پەیوەندیدار بێت بە قەیرانی کەشوهەواوە. ئەوەش راستییەکە کە شارە گەورەکان زۆر گەرمتر دەبن کاتێک تیشکی خۆر زیاتر لێیان دەدات.
 
رووداو: راستە... تیشکی خۆر زۆرە... هەر لەسەر باسی ئەم شارە قەشەنگە، لەسەر باسی بەرلین. من یەکەم جارمە دێمە ئێرە، بۆ چەند شارێکی زۆر چووم لە ئەڵمانیا، بەڵام ئەمە یەکەم جارمە دێمە بەرلین. شارێکی زۆر فرەڕەنگم بینی. هەموو کەس دەبینیت لەم شارەدا؛ رەنگی پێستی جیاواز، ئایینی جیاواز و زمانی جیاواز. بێگومان کوردستانییەکی زۆریش هەن لێرە، نەک تەنیا لە بەرلین، بەڵکو لە کۆڵن، لە بۆن، دوسڵدۆرف، فرانکفۆرت و میونخ، لە هەموو شوێنێک. هیچ ژمارەیەکتان لایە پێم بڵێن، چەند کوردستانی لە ئەڵمانیا دەژین، بە هەڵگرانی رەگەزنامەی عێراقی و تورکی و ئێرانی و سووریشەوە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: ژمارەی دانیشتووانی کورد لە ئەڵمانیا بەوانەی تورکیا و سووریا و ئێران و عێراقیشەوە مەزەندە دەکەین بە نزیکی نیو ملیۆن بۆ یەک ملیۆن کەس. زۆربەیان لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان هاتوونەتە ئەڵمانیا وەکو کرێکاری کۆچبەر. ئەوانەی دیکەش وەکو پەنابەر هاتوونەتە ئەڵمانیا، دوای سەرهەڵدانی داعش لە ناوچەکە. با روون بم لەگەڵتان، هێشتا دەبیستم قسە و باس هەن بۆ پاڵنان بە خەڵکەوە بۆئەوەی وەکو پەنابەر روو لە ئەڵمانیا بکەن. راستییەکە ئەوەیە کە رووسیا و بێلاڕووسیا دەیانەوێت دیاردەی کۆچبەری وەکو چەکێک و وەکو هەڕەشەیەک بەکاربهێنن دژی یەکێتیی ئەوروپا. هەر کەسێک کە لە هەرێمی کوردی دەژی لە عێراق و بیر لە کۆچکردن دەکاتەوە بۆ ئەڵمانیا، پێویستە تەنیا لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە هەوڵبدەن، لە کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانمان. نابێت زۆر دوای قسە و باس بکەون. چانسی ئەوەی بگەنە ئێرە زۆر کەمە. تەنانەت ئەگەر بشگەن، مانەوەیان لێرە یاسایی نابێت و زۆر گران دەبێت بۆیان بتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین.
 
رووداو: ئەگەر باسی ئەو کوردستانییانە بکەین کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە لێرە دەژین، دەتوانیت چیم پێ بڵێیت لەسەر پرۆسەی ئاوێتەبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیا، لەگەڵ ئەو رۆڵەی دەیگێڕن لەم وڵاتەدا؟
 
تۆبیاس لیندنەر: بێگومان ئاستی ئاوێتەبوونەکە جیاوازە. کۆمەڵێک کەس هەن لە کۆچبەرانی کورد لە ئەڵمانیا کە پارێزەرن یان پزیشکن، ئەڵمانییەکی باش فێربوون. ئەمانە کەسانێکن کە چەند دەیەیەکە لێرەن، بەڵام کەسانی دیکەش هەن کە هێشتا رووبەڕووی بارگرانی دەبنەوە لە ئاوێتەبووندا. وابزانم دەتوانم بڵێم بابەتەکە دوو دیوی هەیە. بێگومان کۆمەڵگەی ئەڵمانیا پێویستە لەسەری خزمەتگوزاریی فێرکردنی زمان و فێرکردنی توانستەکان پێشکێشی ئەم کۆچبەرانە بکات. لە بەرامبەریشدا چاوەڕێی ئەوە لە هەموو کۆچبەرێک دەکەین جا لە هەر شوێنێکی جیهانەوە هاتبێت، بەبێ جیاوازی.
 
رووداو: بەڵام جیاوازی دەکەن! هەندێک پەناخوازتان پێ باشترە لە هەندێک پەناخوازی دیکە!
 
تۆبیاس لیندنەر: جیاکاری لە بابەتی کۆچبەریدا؟!
 
رووداو: بەڵێ! بۆ نموونە، دەرگاتان زۆر کراوەترە بەڕووی ئۆکراینییەکاندا بەراورد بە خەڵکی دیکە.
 
تۆبیاس لیندنەر: من باوەڕناکەم ئەو جیاکارییە بکەین. ئێستا جەنگێک هەیە لە ئۆکراینا. جەنگێک کە هەرگیز جەنگی بەو شێوەیە نەبیندراوە... بێگومان، پێویستە لەسەرمان لەم کاتەدا هاوخەمی و هاوهەڵوێستی دەرببڕین بۆ خەڵکی ئۆکراینا، هەر وەکو چەند ساڵێک پێش ئێستا هەمان هاوخەمیمان پیشاندا کاتێک داعش بووە مەترسییەکی راستەقینە لە ناوچەکەی ئێوە و ئەو کات کەسانێکی زۆر لەوێوە هاتن بۆ ئەڵمانیا.
 
رووداو: واتە دەتەوێت پێم بڵێیت بە هەمان چاو تەماشای هەموو کۆچبەران دەکەن، جا لە هەر کوێیەکەوە هاتبن، لە سووریاوە بێت یان لە ئەفغانستانەوە، هەر وەکو ئۆکراینییەکان تەماشایان دەکەن؟!
 
تۆبیاس لیندنەر: لەڕاستیدا جیاوازییەک هەیە، ئەوە دەکەوێتەوە سەر ئەوەی ئایا ئەو کەسە لەبەر چ هۆکارێک و بە چ ئامرازێک دێتە ئەڵمانیا. ئایا پەناخوازە و داوای مافی پەنابەریی سیاسی دەکات؟ بۆ ئەم مەبەستە پێویستە کۆمەڵێک مەرجی تیادا بێت. ئەمە پێگەیەکی یاساییە، ئەمە ئەوە نییە بڵێیت حەز بکەیت کۆچ بکەیت بۆ ئەڵمانیا. بۆ ئەم کەسانە ئێمە بە هیچ شێوەیەک لایەنگریی یەکێک ناکەین بەرامبەر یەکێکی دیکە، ئیدی لە هەر شوێنێکی جیهانەوە هاتبن، بە مەرجێک لە وڵاتێکەوە نەهاتبنەوە ناو ئەڵمانیاوە کە پێی دەگوترێت وڵاتی سێیەمی ئارام، لێرە مامەڵەیەکی باش دەکرێن و بە پرۆسەیەکدا دەڕۆن بۆئەوەی دیاریبکرێت ئایا مەرجەکانی پەنابەریی سیاسییان تێدایە یاخود نا؛ بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت کۆچ بۆ ئەڵمانیا بکات لەبەر هۆکاری ئابووری و گەشتن بە خۆشی، ئەمە پرۆسەیەکی جیاوازی خۆی هەیە. بۆ ئەمەیان پێویستە ئەو کەسە بیسەلمێنێت کە توانای زمانی هەیە. بۆ نموونە ئێمە بەدوای خەڵکدا دەگەڕێین کە بتوانن لە کەرتی تەندروستی کار بکەن. بێگومان دوای ئەوەی مەرجەکانیشیان تێدا بوو، ئەم کەسانە پێویستە رێز لە یاسا بگرن، رێز لە دەستووری ئەڵمانیا بگرن. بێگومان پێش رێگەپێدانیشیان بۆ گەشتن بە ئەڵمانیا بە چەند پرۆسەیەکی پشکنینی ئاساییشدا دەڕۆن.
 
رووداو: تێدەگەم! کاتێک دێینە سەر پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەڵمانیا، بێگومان ئەو نیو بۆ یەک ملیۆن کوردستانییەی لێرە دەژین دەکرێت رەگ و ریشەی پەیوەندییەکان پێکبهێنن، بەڵام پەیوەندیی دیپلۆماسی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا ساڵی 2009 دەستیپێکرد، کاتێک ئەڵمانیا کۆنسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردەوە. لەم 13 ساڵەی رابردوودا، ئەڵمانیا هاوکاری هەرێمی کوردستان بووە. دەتوانم بە روونی ئەوە بڵێم، لەژێر سەرکردایەتیی شانسۆلیە ئەنگێلا مێرکلدا ئێوە پشتگیریی پێشمەرگەتان کرد، چەکی میلانتان بۆ دابینکردن و ئەوە کاریگەریی زۆری هەبوو، بەڵام ئێستا پەرلەمانێکی نوێ هەڵبژێردراوە و هاوکێشەی سیاسیی نێو پەرلەمان گۆڕاوە و حکومەتێکی نوێ هەیە. ئایا سیاسەتی دەرەوەی ئەم حکومەتە نوێیە چییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان؟ هەر درێژەپێدەری سیاسەتی حکومەتی پێشوو دەبێت یان پێویستە چاوەڕێی گۆڕانکارییەک بکەین؟
 
تۆبیاس لیندنەر: بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم کە دەتوانن پشتمان پێ ببەستن! ئێمە پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنیادناوە لە ساڵانی رابردوودا. کۆنسوڵخانەمان لەوێ کردووەتەوە. پێداویستیی سەربازیمان بۆ دابینکردوون و مەشقمان پێکردوون. هاوکات ئێمە دووەم وڵاتین کە بودجە دابیندەکەین لەوێ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری. دەتوانم دڵنیات بکەمەوە لەوەی کە حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەموو عێراقیش بەگشتی. دەنگدان لەسەر یاسای درێژکردنەوەی ئەرکی سەربازیی ئەڵمانیا لە عێراق لە ماوەی کارکردنی ئەم حکومەتە نوێیەدا بوو. ئەوەش پەیامێکی روونە بۆ پابەندبوونمان. ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردنی گەرم لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێگومان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراقیش لە بەغدا، بۆئەوەی بزانین لە داهاتوودا چۆن دەتوانین هاوکاری پێشکێش بکەین و ئەگەر پێویست بکات گۆڕانکارییەک ئەنجام بدەین لە شێوازی هاوکارییەکانماندا. بێگومان ئێمە بەردەوام دەبین لە مامەڵەکردن. وردەکارییەکانی ئەو مامەڵەیەش دەمێننەوە بۆ قسە و باسکردن لەسەریان.
 
رووداو: خۆت دەزانیت چەکی میلان رۆڵێکی گرنگی بینی لە رزگارکردنی ژیانی هەزاران پێشمەرگەدا، لەبەر ئەوەی پێشتر پێشمەرگە هیچ چەکێکی بەدەستەوە نەبوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئۆتۆمبێلە گولەنەبڕەکانی داعش. ئەمڕۆش داعش جارێکی دیکە مەترسییە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و تەنانەت کەسانی سیڤیلیش، بەتایبەتیش لە ناوچە جێناکۆکەکان. ئەو پێداویستییە سەربازییەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە پێویستیان پێیەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی چاودێرییە. تەنیا لە دوو مانگدا، 21 پێشمەرگە و سێ کەسی سیڤیل لە ئەنجامی پەلامارەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان گیانیان لەدەستدا. ئایا ئەڵمانیا دەتوانێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دابین بکات بۆ هێزەکانی پێشمەرگە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: بێ گومان وەکو تۆش گوتت، داعش هێشتا مەترسییە. ئێمەش ئاگادارین کە رۆژی 23ی مایس، بەداخەوە داعش توانی لە پارێزگای کەرکووک چالاکیی زۆر ئاڵۆز ئەنجامبدات. وەکو پێم گوتیت سەرنجی ئێمە لەسەر بنیادنانی توانایە، کە ئەوەش خۆی لە مەشقپێکردندا دەبینێتەوە بە سەرکردە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان. هەر بابەتێکیش پەیوەندیی بە دابینکردنی پێداویستیی سەربازییەوە هەبێت، پێویستە زۆر بە ئاگاوە بەدواداچوونی بۆ بکەین. وەکو خۆت گوتت میلان نموونەیەکی گەورە بوو.
 
رووداو: هاوکێشەکەی گۆڕی.
 
تۆبیاس لیندنەر: هاوکێشەکەی گۆڕی. بۆ پێداویستیی دیکەش، دەبێت ئەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باس بکەین بۆئەوەی بزانین چۆن دەتوانین بە باشترین شێوە پێداویستیی پێشمەرگە دابین بکەین.
 
رووداو: دابینکردنی درۆن بژارەیەکە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: پێویستە ئەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان باس بکەین.
 
رووداو: پرسیار لە هاوبەشەکانتان بکەن؟
 
تۆبیاس لیندنەر: پێویستە بزانین کام وڵات دەتوانێت دابینی بکات و چی شتێک لە هەمووی باشترە.
 
رووداو: ئایا هیچ داواکارییەکتان لەوبارەیەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێگەیشتووە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: تاوەکو ئێستا نەخێر.
 
رووداو: کەوابوو تاوەکو ئێستا نەخێر! بەڵام بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە چەک و پێداویستیی سەربازییەوە. خۆت ئاگاداری ناوچە جێناکۆکەکانیت و رێککەوتنێک هەبوو لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی عێراق دوو لیوای هاوبەش لە ناوچەکە جێگیر بکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەوێ هەیە. ئەمە رێککەوتنی لەسەر کرا، بەڵام لایەنی عێراقی بە بەردەوامی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە درەنگ دەخات، بە بیانووی ئەوەی بودجەی پێویستی لەبەردەست نییە بۆ خستنەگەڕی لیواکان. ئێوە بەشێکن لە ناتۆ و بەشێکن لە هاوپەیمانیی دژی داعش لە عێراق، بۆچی گوشار ناخەنە سەر عێراق تاوەکو هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکات بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاسایش لەم ناوچانە، تاوەکو داعش ناوچەیەکی ئارامی دەستنەکەوێت بۆئەوەی هەڵبتۆقێتەوە.
 
تۆبیاس لیندنەر: پێموایە پرسیارەکەت دوو بابەت لەخۆدەگرێت. یەکەمیان، هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندییە لە بەغدا، لەسەر ئاستی هێزەکانیشیان. هاوئاهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر تەنیا رێگەی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان، کە داعش توانای ئەنجامدانی هێرشی هەیە. بابەتی دووەمیش کە بۆ ئەڵمانیا گرنگە و لە هەموو گفتوگۆ دووقۆڵییەکانمان باسی لێوە دەکەین، ئەوەیە کە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو ئێمە ئازادترین و دیموکراتیترین هەڵبژاردنمان بینی لە عێراق. ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ پرۆسەی بەرەوپێشچوونی وڵاتەکە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا حکومەتێکی هەڵبژێردراو نییە. لێرەدا کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە حکومەتێکی رەوا لەسەر کار نەبێت، دەستبەکارنەبوونی حکومەتی نوێ بووەتە کێشە بۆ پەیوەندی و هاوئاهەنگییە دووقۆڵییەکان، بووە بە کێشە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و بووە بە رێگریش بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووری. لەبەرئەوە ئێمە لە پەیوەندیی نزیکداین لەگەڵ هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان لە عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کە خاوەنی رەوایەتیی تەواو بێت.
 
رووداو: ئەی چاوەڕوان دەکەن ئەو حکومەتە بەمزووانە پێکبێت؟
 
تۆبیاس لیندنەر: ئومێد دەکەم کە بەمزووانە پێکبێت، لەبەرئەوەی پێداویستی بۆ ئەو حکومەتە زۆر زۆرە. ئەو دۆخە هەڵکەوتووەی (status quo) ئێستا هەیە ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەو دۆخەی ئێستا مەترسییە بۆسەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە. ئومێد دەکەم هەموو لایەنە عێراقییەکان بتوانن سازش بۆ یەک بکەن، بۆئەوەی حکومەتێک پێکبهێندرێت.
 
رووداو: کەوابوو ئەو فشارانەی لە چەند مانگی رابردوودا هێندراون بۆسەر هەرێمی کوردستان، جا لە هێرشە مووشەکییەکانەوە بن بۆسەر هەولێر تاوەکو سەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق بەرهەمی ئەو دۆخەن کە لە بەغدا هەڵکەوتووە لە ئەنجامی نەبوونی حکومەتێکی هەڵبژێردراو.
 
تۆبیاس لیندنەر: ئاماژەت بە هێرشە مووشەکییەکان کرد، ئێمە بە بەردەوامی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەمان کردووە. بێگومان ئەو هێرشانە هێرشن بۆسەر کۆی سەقامگیریی ناوچەکە. پێویستە ئەو هێرشانە بوەستێندرێن! هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکە، هەموویان، بە تورکیاشەوە پێویستە رێز لە یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی خاکی عێراق بگرن.
 
رووداو: همم، پرسیارت زۆر لێدەکەم لەسەر ئەم دوو قسەیەی دواییت، بەڵام پێش ئەوە، داعش.. وەکو رووناکیی رۆژ روونە کە داعش هێشتا مەترسییەکە بۆسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەی ئێوە، ئێوە وەکو ئەڵمانیا داعش بە مەترسییەک بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆتان دەبینن؟
 
تۆبیاس لیندنەر: بێگومان هێشتا مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێمەش. راستە لەو ناوچەیەی ئێوە زیاتر هەست بە کاریگەرییەکانی دەکرێت، ئەو راستییەی ئێوە تێیدا دەژین راستییەکی زۆر گرانترە. هەر وەکو گوتم 23ی مایس لە ئەنجامی هێرشێکی ئاڵۆزی داعشدا لە پارێزگای کەرکووک 12 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا. ئەوە راستییەکی جیاوازە کاتێک بەراوردی دەکەیت بە ئەڵمانیا، بەڵام ئێمەش داعش بە مەترسییەکی تیرۆر لە قەڵەم دەدەین بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان.
 
رووداو: کەوابوو لە تشرینی یەکەمدا جارێکی دیکە ئەرکی سەربازەکانتان لە عێراق درێژدەکەنەوە.
 
تۆبیاس لیندنەر: خۆت دەزانیت کە ئەوە پەرلەمانی ئەڵمانیایە کە پێویستە درێژکردنەوەی ئەرکی سەربازیمان لە عێراق پەسند بکات. بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمان داوا لە حکومەتی نوێ دەکات کە هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ دۆخەکە بکات. بێگومان ئەم پرۆسەیە بۆ هەموو ئەرکێکی سەربازیی ئەڵمانیا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بەم شێوەیەیە. ئێمە لەم وەرزی هاوینەدا هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەنجام دەدەین لەسەر درێژکردنەوەی ئەرکە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە عێراق. تەماشا دەکەین بزانین لە چیدا سەرکەوتوو بووین، دەرفەتە نوێیەکان چین و چی پێویستی بە گۆڕانکارییە. دوای ئەوە حکومەت پێشنیازنامەیەک پێشکێشی پەرلەمان دەکات و دوابڕیار بۆ پەرلەمان دەبێت کە لە وەرزی پایزدا بڕیارەکە دەدات.
 
رووداو: ئایا ئێوە وەکو حکومەت رازین بەوەی پێویستە ئەرکی سەربازیی ئەڵمانیا لە عێراق درێژبکرێتەوە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: من رازیم بەوەی کە لە داهاتووشدا پێویستە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بکەین. وەکو پێم گوتن، دوایین بڕیار لەلایەن پەرلەمانەوە دەدرێت. بۆ من نییە ئەو بڕیارانە رابگەیێنم کە ئەرکی ئەوانە بڕیاری لەسەر بدەن. رەنگە پێیان ناخۆش بێت و دڵیان لێم بڕەنجێت ئەگەر لە ئێستاوە من ئەمە رابگەیێنم، بەڵام زۆر بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە دەکەین. بۆ خۆم چووم بۆ ناوچەکە و ئەو بەرەوپێشچوونەم بە چاوی خۆم بینیوە کە تاوەکو ئێستا تۆمارکراوە لە بەهێزکردنی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرتاپای عێراق. لەبەرئەوە پێموایە هۆکاری باش هەن بۆ بەردەوامیدان بەو هاوکارییە لە داهاتووشدا.
 
رووداو: لە وەڵامی پرسیاری رابردوومدا ئاماژەت بەو هەڕەشانە کرد کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، باسی هێرشە مووشەکییەکانت کرد لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان. با بە هێرشە مووشەکییەکان دەستپێبکەم. ئێوە وەکو ئەڵمانیا بە بەردەوامی دەڵێن کە "پشتگیری لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز دەکەن لە عێراقێکی یەکگرتوودا." بەڵام کۆمەڵێک گرووپی سیاسی هەن لە بەغدا و میلیشیای گرێدراویشیان بەخۆیانەوە هەیە کە هەرێمێکی کوردستانی بەهێزیان ناوێت لە عێراقێکی یەکگرتوودا. ئێوە وەکو ئەڵمانیا چیتان کردووە بۆئەوەی پشتگیری لەو کوردستانە بەهێزە بکەن. دەتوانن چی بکەن، بەتایبەتی کاتێک باس دێتە سەر هێرشە مووشەکییەکان؟ دەزانیت، سەرکۆنەکردن بەس نییە! دەزانیت کەسانێکی زۆر هەن لە هەرێمی کوردستان هەست دەکەن دۆست و هاوپەیمانەکانیان بەجێیان هێشتوون بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەو میلیشیا لە یاسا دەرچووانە.
 
تۆبیاس لیندنەر: بێگومان سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانە پێویستن، بەڵام ئێمە لەوە زیاتریش دەکەین. سەقامگیریی عێراق بەندە بە بنیادنانی هاوسەنگییەکی زۆر وردەوە لەنێوان گرووپ و کۆمەڵگە جیاوازەکانی نێو وڵاتەکە. هەربۆیە ئەرکی سەرشانی هەر یەکێک لە ئەکتەرەکان وەبیردەهێنینەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هەڵبژێردراوی خاوەن رەوایەتی بۆ هەموو عێراق. لەبەرئەوە ئێمە تەنیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان قسە ناکەین، بەڵکو گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و گرووپە سیاسییە جیاوازەکانیش دەکەین.
 
رووداو: گفتوگۆ لەگەڵ میلیشیاکانیش دەکەن؟
 
تۆبیاس لیندنەر: ئێمە بەگشتی گفتوگۆ لەگەڵ میلیشیاکان ناکەین، گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان دەکەین، بۆ نموونە.
 
رووداو: کەوابوو گفتوگۆ لەگەڵ باڵە سیاسییەکانیان دەکەن.
 
تۆبیاس لیندنەر: دەزانیت، ئێمە وا دەیبینین کە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی رابردوو ئازادترین و دیموکراتیترین هەڵبژردن بوون لە مێژووی عێراقدا. لەو هەڵبژاردنەشدا خەڵکی هەڵبژێردراون بۆ پەرلەمان. ئێمەش گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین، بۆ نموونە.
 
رووداو: باشە، ئەم میلیشیا لە یاسا دەرچووانەی نێو عێراق بە هەڕەشەیەک نابینن بۆسەر سەقامگیریی نەک تەنیا عێراق، بەڵکو هەموو جیهان لە ئایندەدا؟
 
تۆبیاس لیندنەر: بێگومان هەموو میلیشیایەکی لە یاسا دەرچوو هەڕەشەن. بۆیە دەمانەوێت عێراقێکی بەهێز هەبێت کە خاوەنی هێزی ئاسایش و سوپایەکی خاوەن رەوایەتی بێت و میلیشیای لە یاسا دەرچووی تێدا نەبێت، ئەوە ئامانجی یەکەممانە. ئەوەش دەزانین کە سەقامگیریی عێراق بە شێوەیەکی گشتی، یەکلاکەرەوەیە بۆ سەقامگیریی هەموو ناوچەکە.
 
رووداو: سەقامگیریی ئەوروپاش.

تۆبیاس لیندنەر: بێگومان ئەوروپاش.
 
رووداو: چونکە هەر کاتێک ئاڵۆزییەک هەبێت ملیۆنان پەناخواز روودەکەنە ئێرە.
 
تۆبیاس لیندنەر: سەقامگیریی ناوچەکە و عێراقێکی سەرکەوتوو لە بەرژەوەندیی ئەوروپادایە.
 
رووداو: بەڵام ئەو وێنەیەی لە نێوخۆی عێراقەوە دەیبینیت، ئەوەت پیشاندەدات کە ئێوە هەنگاوی پێویستتان نەگرتووەتە بەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەم میلیشیایانە رۆژێک لە رۆژان نابن بە هەڕەشەیەک بۆسەر هەموو جیهان، ئەوەی کە من لەوێوە دەیبینم ئەوەیە کە پێتانوایە هەرکاتێک گەڕانەوە بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێنج کۆ یەک، ئەم میلیشیایانە بۆ خۆیان لە چاو ترووکاندنێکدا لەنێودەچن. ئایا ئێوە بەمە رازین؟
 
تۆبیاس لیندنەر: راستت دەوێت؟ نەخێر... پێموایە بەردەوامیدان بە بەرنامەی کاری هاوبەشی گشتی (JCPoA) و رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پێویستە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە کاتێک ئەم رێککەوتنە ئەنجامدرا، ئەوە سەلما کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێراندا دروستناکات. لەبەرئەوە رێککەوتنی ئەتۆمی خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی و ئاسایشی جیهان، بەڵام پێویستە کاری زیاتر بکەین بۆ دابینکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە. پێویستە حکومەتێکی هەڵبژێردراوی سەرکەوتوومان هەبێت لە عێراق. ئەوە خاڵی یەکەممە. خاڵی دووەمیشم ئەوەیە بەرپرسیارێتیی ئێران بیری حکومەتی ئێران بخەینەوە بەرامبەر بە ناوچەکە. ئەگەر ئێران پشتگیریی لە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان بکات، دەبیت ئەوە بزانن کە ئەوە نەک تەنیا بۆ عێراق باش نییە، بەڵکو بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراقیش باش نابێت.
 
رووداو: ئەم میلیشیا لە یاسا دەرچووانە هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا سێ هێرشی مووشەکی کرایە سەر ژێرخانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان.
 
تۆبیاس لیندنەر: دەزانیت، ئێمە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەمان کردووە. هەر هێرشێک کە گونجاو نەبێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی دەکات. بەدەر لەوەش، گوشار دەخەینە سەر ئەوانەی بەرپرسیارن لە هێرشەکان.
 
رووداو: یەک پرسیاری دیکە دەربارەی ئەو گوشارانەی هەن لەسەر هەرێمی کوردستان. بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق. دەزانم ئەوە بڕیاری دادگەیە و بیانییەکان نایانەوێت کۆمێنتی لەسەر بدەن، بەڵام..
 
تۆبیاس لیندنەر: راستت دەوێت ئەوە وەڵامی منیش دەبێت..
 
رووداو: دەزانم، بەڵام، هیچ دیوێکی سیاسی لەو بڕیارەی دادگەدا نابینن، بەتایبەتیش لەو کاتەدا؟
 
تۆبیاس لیندنەر: خۆت دەزانیت، ناتوانم هیچ کۆمێنتێک بدەم لەسەر بڕیاری دادگەیەک. تەنیا شتێک کە من بتوانم بیڵێم ئەوەیە کە سەقامگیری لەنێو عێراقدا، سازشی باش و هاوئاهەنگیی باش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا یەکلاکەرەوە دەبێت نەک تەنیا بۆ دابینکردنی ئاسایش، بەڵکو بۆ هەناردەکانی غازیش.
 
رووداو: کەواتە پێشنیازی گەیشتن بە رێککەوتنێک دەکەیت.
 
تۆبیاس لیندنەر: پێشنیازی سازش دەکەم.
 
رووداو: لە کام لاوە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: لە هەردوو لاوە. سازش هەمیشە بناخەی سیاسەتە.
 
رووداو: لە کۆتاییدا با باسی ئەو بابەتە بکەین کە لەسەر تورکیا پێت گوتم. هەبوونی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا. ئەمەش بووە بە هەڕەشەیەک بۆسەر هەرێمی کوردستان. خۆت دەزانیت، هەبوونی پەکەکە و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان. پێش هەموو شتێک، وەکو وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ئایا ناتۆ ئاگاداری کۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەیە کە تورکیا لەسەر خاکی عێراق ئەنجامیان دەدات؟ ئایا رەزامەندیی هەیە لەسەریان؟
 
تۆبیاس لیندنەر: ئەگەر راستیت دەوێت، ئەوە کاری ناتۆ نییە. کاری ناتۆ نییە، لەبەرئەوەی ئەو بابەتە کاریگەریی لەسەر ئامانجی کاری ناتۆ دروستناکات. لە لایەکەوە، ئێمە ئاگاداری بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی تورکیاین، ئەوەی پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەیە. دەبێت تۆش ئەوە ببینیت کە لە ئەڵمانیا و هەموو وڵاتانی ئەوروپا پەکەکە وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە؛ بەڵام با زۆر روون بم لەو بابەتەدا، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە دژی پەکەکە دەبێت لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بێت.
 
رووداو: لەو چوارچێوەیەدایە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: ئێمە زۆر لە نزیکەوە قسە لەگەڵ بەرپرسە تورکەکان دەکەین دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە باکووری عێراق.
 
رووداو: وەڵامەکانیان رازیتان دەکات؟
 
تۆبیاس لیندنەر: دەزانیت.. هەندێک لە گفتوگۆکانمان نهێنین و ناتوانم قسەیان لەسەر بکەم، بەڵام ئەوەی کە بە ئاشکرا دەیڵێین ئەوەیە کە چالاکییەکانی تورکیا لەنێو هەرێمی کوردستانی عێراقدا، پێویستە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بێت. ئێمە هەموو رۆژێک جەخت لەوە دەکەینەوە.
 
رووداو: با کەمێک زانیاریت بدەمێ دەربارەی ئەوەی لەسەر زەوی روودەدات لەوێ. لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا 520 گوند لەسەر سنووری عێراق و تورکیا چۆڵ کراون، گوندی کریستیان و ئێزدیشیان تێدایە، کە هەزاران ساڵە لەو ناوچەیە دەژین. دەیان کەسی سڤیلیش گیانیان لەدەستداوە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و درۆنییەکانی تورکیا. ئایا ئێوە ئەمە بە هەڕەشەیەک نابینن لەسەر سەقامگیریی وڵاتەکە؟
 
تۆبیاس لیندنەر: بێگومان ئێمە نیگەرانین لە دۆخی سەقامگیری و چاوەڕێی ئەوە لە تورکیا دەکەین کە خەڵکانی سڤیل بپارێزێت لە شەڕی لەگەڵ تیرۆردا، بەتایبەتیش لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا. با زۆر روون بم، ئێمە زۆر جەخت لەوە دەکەینەوە.
 
رووداو: تێدەگەم... دڵنیام لە مانگەکانی داهاتوودا دڵخۆش دەبین بەوەی لە هەولێر بتبینینەوە.
 
تۆبیاس لیندنەر: منیش ئومێد دەکەم. هێشتا پلانی مانگەکانی هاوینم دانەناوە، بەڵام هۆکاری زۆر باش هەن هانم دەدەن سەردانی ناوچەکە بکەم.
 
رووداو: دڵنیام پێش تشرینی یەکەم دەبێت، لەبەر دەنگدانی درێژکردنەوەی ئەرکە سەربازییەکە. لە هەولێریش دنیا زۆر گەرم دەبێت کاتێک هاتیت. هەرچەندە جۆری گەرماکە جیاوازە لەوەی بەرلین. ئومێد دەکەم کاتێکی خۆشت هەبێت لە هەولێر.
 
تۆبیاس لیندنەر: زۆر زۆر سوپاس.
 
رووداو: تۆبیاس لیندنەر، زۆر زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت.
 
تۆبیاس لیندنەر: زۆر سوپاس.
 
رووداو: زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.