گوتەبێژی یەکگرتوو: بە ئۆپۆزیسیۆن دەمێنینەوە

02-11-2024
پەیمان محەممەد
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی یەکگرتوو
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی یەکگرتوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەدان حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات پێکبهێنرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ''بڕیاری یەکلاییکەرەوەی خۆمان داوە و بەشداریی حکومەت ناکەین''.
 
خەلیل ئیبراهیم، ئەندامی کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و گوتەبێژی ئەو حیزبە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمڕۆ شەممە 02-11-2024 پەخشکرا، لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ''تێبینی، گومان و پرسیاری زۆرمان هەیە، بەڵام تیمی تایبەتمەندمان دەستنیشانکردووە و بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەنجامەکە دەکەین.''
 
خەلیل ئیبراهیم گوتی، بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە هاوئاهەنگیدان ''بۆ ئەوەی بزانین بە مەبەستی سکاڵاکردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، چۆن مامەڵە لەگەڵ داتاکانی کۆمیسیۆن بکەین''.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێناوە. ئەو ئەندامەی کارگێڕیی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو گوتی، ''ئێمە خۆمان بە براوە دەزانین؛ لە هەر چوار بازنە نوێنەرمان هەیە و بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018، دەنگ و کورسییمان زیادیکردووە.'' 
 
ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ناڕازین کە 30 تشرینی یەکەم لەلایەن کۆمیسیۆنەوە راگەیێندرا. خەلیل ئیبراهیم باس لەوە دەکات، ''ئێمەش چاوەڕوانی کورسیی زیاتر بووین، بەڵام بیگومان دەچینە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، چونکە پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵکە و هەوڵ دەدەین پلانی باشتر و رۆڵی کاریگەرترمان هەبێت.''
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە سێ کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بڕیاری داوە وەکو دەربڕینی ناڕەزایی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، بەربژێرە دەرچووەکانی خۆی نەنێرێتە پەرلەمان. ئەو ئەندامەی کارگێڕیی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو دەڵێت، ''ئێمە سەردانمان کردن بۆئەوەی بەشداریی پەرلەمان بکەن، بەڵام خۆیان ئەو بڕیارەیان بە باش زانی و ئێمەش رێز لە بڕیارەکەیان دەگرین.''
 
''بەشداری لە حکومەت ناکەین''
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دوای پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ، چوارەم لایەنی براوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنە. خەلیل ئیبراهیم گوتی، ''خۆمان یەکلایی کردووەتەوە کە بەشداریی حکومەت ناکەین و رێڕەوی ئێمە ئۆپۆزیسیۆنە و لەسەری بەردەوام دەبین.''
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو، حیزبەکەی لەگەڵ ئەوەدایە بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنرێت. گوتیشی، ''حەز دەکەین هەرێمی کوردستان بێ حکومەت نەمێنێت، چونکە ئێستا کاربەڕێکەرە و ئێمەش وەکو ئۆپۆزیسیۆن بەرنامەی خۆمان دەبێت و چاودێریی حکومەتی داهاتوو دەکەین.''
 
خەلیل ئیبراهیم، لەبارەی بەرنامەی کاریی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتووی پەرلەمان گوتی، ''دەمانەوێت لەنێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەرەیەکی هاوئاهەنگ پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر کاری هاوبەش بکەین".
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکەمی هەڵبژاردنەکە بووە، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی دووەمە و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە 15 کورسی سێیەمی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە.
 
هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەکە لە لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی یەکگرتوو:
 
رووداو: ئەنجامی هەڵبژاردنەکانتان قبووڵە؟ رازین بە حەوت کورسیی خۆتان؟ 
 
خەلیل ئیبراهیم: ئێمە تێبینی و گومان و پرسیاری زۆرمان هەیە لەسەر ئەو ئەنجامانە و گلەیی و نیگەرانیی زۆریشمان هەبوو بەر لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بۆ ئەنجامەکانیش بێگومان تیمی تایبەتمەندمان هەیە و بەدواداچوونێکی زۆر دەکەین و داتاش هەیە؛ بەردەوام لە هاوئاهەنگیداین لەگەڵ هێزەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو داتا و بەڵگانە بکەین بۆ سکاڵاکردن.
 
وەکو یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان خۆمان بە براوە دەزانین، لە هەر چواربازنە نوێنەرمان هەیە، کە دوو حیزب هەیە لە سەرانسەری کوردستان لە هەر چواربازنە نوێنەریان هەبێت، ئێمەش سێیەمین لەو بابەتە، دەنگەکانیشمان لە هەر چواربازنە زیادیان کردووە، بەراورد بە [هەڵبژاردنی] ساڵی 2018؛ هەروەها کورسییەکانیشمان زیادیان کردووە و هێزی چوارەمی گۆڕەپانەکەین. راستە ئێمە چاوەڕوانی [کورسی] زیاتر بووین، پێشبینی ئێمە زۆرتر بوو لە هەندێک شوێن، بەڵام ئێمە سوپاس بۆ خودا ئەزموونمان هەیە، پەرلەمانتارانی یەکگرتوو، دوو کەس بن، چوار کەس بن یان حەوت کەس، کارێکی زۆریان لەدەست دێت و دەتوانن بەردەوام لە سەنگەری بەرژەوەندیی گشتی، حەق و دادپەروەری بن. ئێمە بۆ هەر برایەک یان خوشکێک دەربچێ بۆ پەرلەمان و هەڵبژێردراون، دەڵێین حەق لە کوێ بێت ئێوەش لەوێ بن، دادپەروەری لە کوێ بێت ئێوە لەوێ بن، بەرژەوەندی لە کوێ بێت، ئێوە لەوێ بن، بەها باڵاکانی ئیسلامی، نەتەوەیی و نیشتمانی، مرۆڤایەتی لە کوێ بن، ئێوەش لەوێ بن و بەرامبەریان نەوەستنەوە. ئێمە وەکو یەکگرتوو، بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆمان لەبەرچاو نییە، باسی ئێمە راستگۆییە لەگەڵ خەڵک، میللەت و دەنگدەرانی خۆمان، یەکگرتوو بە واتای بەرپرسیارێتی و هەڵگری پەیامی خەڵک.
 
رووداو: دەچنە خولی شەشەمی پەرلەمان؟
 
خەلیل ئیبراهیم: بێگومان. پەرلەمان نوێنەراتیی خەڵکە و ئێمە هەوەڵدەدەین بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پلانی باشترمان هەبێت، بەڵام لێرە بۆ خۆلی شەشەمی  پەرلەمان رۆڵێکی زۆر چالاک و کاریگەر دەبینین.
 
رووداو: هەوڵەکانتان بۆ پەشیمانکردنەوەی کۆمەڵی دادگەری بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە پەرلەمان، بە کوێ گەیشت؟
 
خەلیل ئیبراهیم: پەشیمانکردنەوە نا، پێشنیاز بوو، برایانی کۆمەڵی دادگەری برای ئێمەن، خەمی ئەوان خەمی ئێمەیە، بەرپرسیارێتیمان یەکە، هاوبەشی زۆرە لە نێوانمان، پەیوەندیشمان قووڵە. ئەوان بڕیاری خۆیان دا، راستی رای ئێمە ئەوە نەبوو، جەنابی ئەمینداریش قسەی کردبوو، سەردانیشی کردبوون، بەڵام خۆیان وایان بە باش زانی و بڕیاری خۆیان داوە، ئێمەش رێز لەو بڕیارە دەگرین. بۆ خۆمان رایەکی دیکەمان هەبوو، حەزمان دەکرد پێکەوە بین، بەڵام کۆمەڵی دادگەری هێزێکی سیاسیی زیندووە و بوونی لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەیە و کاری سیاسیش قەتیس ناکرێت لە پەرلەماندا، هەرچەندە پێمان خۆش بوو لە پەرلەمان بن، بەڵام ئەوە شەقام هەیە، هەڵویستی سیاسی هەیە، خەباتی میدیایی هەیە و وەکو هێزێکی سیاسی چالاک دەمێنێت.
 
رووداو: پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت چۆن دەبێت؟
 
خەلیل ئیبراهیم: یەکەم؛ ئێمە خۆمان یەکلا کردووەتەوە و بەشداری [لە حکومەتدا] ناکەین، بڕیاری خۆمان داوە، رێڕەوی ئێمە ئۆپۆزسیۆنە و بەردەوامیش دەبین. ئەو درووشمەی ئێمە کە دەڵێت ئیتر بەسە..
 
رووداو: بۆچی بڕیارەکەتان دوا نەدەخست بۆ ئەوەی پارتی سەردانتان بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت؟
 
خەلیل ئیبراهیم: ئێمە ئەزموونمان هەیە، لێکدانەوەی سیاسیش دەکەین و دەزانین میزاجی خەلکیش چۆنە، بڕیارەکەمان بڕیارێکی پتەو و کۆنکرێتە و بە کۆی دەنگ دراوە.
 
رووداو: هیچ دەرفەتی ئەوەی تێدان نییە پارتی داواتان لێ بکات و قبووڵی بکەن؟ 
 
خەلیل ئیبراهیم: نەخێر، بڕیار دراوە و ئیتر تەواو؛ بەڵام ئێمە حەز دەکەین هەرێم [ـی کوردستان] بێ حکومەت نەمێنێت، حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە و زۆرێک لە دامەزراوەکانی ماوەیان بەسەر چووە، ئێمە حەز دەکەین ئەو پەرلەمانە رۆڵی چاودێری خۆی باش ببینێت و زوو حکومەتێک پێکبهێنرێت. ئێمەش بەرنامەی خۆمان هەیە وەکو ئۆپۆزسیۆنێک بۆ ئەوەی چاودێریی راستەقینە بکەین و یاسای باش و هەڵوێستی باش لەبارەی بودجە و ئەوانەدا [هەبێت]. ئێمە لەگەڵ ئەوەین حکومە زوو پێکبهێنرێت، بەڵام خۆمان ناچینە نێو گفتوگۆکانەوە. 
 
رووداو: واتا بە هیچ جۆرێک گفتوگۆ لەسەر بەشداریتان لە حکومەت ناکەن؟
 
خەلیل ئیبراهیم: نەخێر ئێمە یەکلا بووینەتەوە.
 
رووداو: ئەگەر پارتی داوای کۆبوونەوەتان لێ بکات لەسەر ئەو بابەتە قبووڵی ناکەن؟
 
خەلیل ئیبراهیم: ئێمە دراوسێین و پێکەوە لە یەک گۆڕەپانداین، پەیوەندیی سیاسی و حیزبیمان هەیە و [کۆبوونەوە] ئاساییە. لە دژایەتیدا نین لەگەڵ هیچ کەسێک و گفتوگۆش زۆر ئاساییە، ئێمە بۆ ئەوەش رای خۆمان دەڵێین، بەڵام بۆ بەشداریکردن نەخێر، کۆتاییهاتووە.
 
رووداو: بەرنامەتان بۆ چوار ساڵی داهاتووەکو حیزبەکی ئۆپۆزسیۆن ئامادەیە؟
 
خەلیل ئیبراهیم: بەڵێ بەرنامەمان ئامادەیە. یەکەم؛ ئێمە پڕۆژەمان هەیە بۆ ئەوەی کە چۆن هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەنێو پەرلەمان بەرەیەکیان (چوارچێوە) هەبێت و پێکەوە بن و فیدراسیۆنێک دروست بکەین یان هەندێک هێڵی گشتی دابنێین و کاری لەسەر بکەین و هاوئاهەنگ بین. ئێمە خۆمان روانینێکی تایبەتی خۆمان هەیە، لەگەڵ ئەوەین لە گۆڕەپانەکە ئەو بەرەیە دروست ببێت، پێشتریش قسەمان کردووە.
 
رووداو: دەتانەوێت بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی هاوبەش دروست بکەن؟
 
خەلیل ئیبراهیم: بەڵێ، ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە ئەم بەرەیە دروست ببێت.
 
رووداو: گفتوگۆتان کردووە لەگەڵ لایەنەکان؟
 
خەلیل ئیبراهیم: ئێستا نەخێر، بێگومان ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی دەرچووە و لەو چەند رۆژەدا دەرفەتی تانەدانیش هەیە، دواتر ئەو بابەتانەش [باس دەکرێن]. 
 
رووداو: واتا یەکگرتوو دەستپێشخەریی دەکات بۆ لایەنەکان کە بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن پێکبهێندرێت؟
 
خەلیل ئیبراهیم: جارێ با پەرلەمان دابمەزرێت، [پەرلەمانتاران] سوێند بخۆن و سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت، ئەوکات بێگومان ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین، حەز دەکەین هاوئاهەنگییەکی باشمان هەبێت.
 
رووداو: لەوانەیە هاوئاهەنگی لە خولەکانی دیکەش هەبووبێت، بەڵام نەتوانراوە بەرەیەک لە نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دروست بێت. پێتان وایە ئەرکەکەتان ئاسانە؟
 
خەلیل ئیبراهیم: ئۆپۆزیسیۆنبوون خۆی بە واتای بەرەیە. 
 
رووداو: لە زۆر بواردا ئێوە بۆچوونتان لەگەڵ نەوەی نوێ جیاواز بوو، لەکاتێکدا هەردووکتان ئۆپۆزیسیۆن بوون.
 
خەلیل ئیبراهیم: نەخێر، لە زۆر بواردا هاوڕا بووین، لە پەرلەمان زۆرێک لە هەڵوێستەکانمان یەک بوون، لەوانەیە هەندێک شت جیاوازی هەبووبێت، هەر حیزبێک دیدگا و بنەمای فیکری و ئەخلاقیی تیابەت بە خۆی هەیە، بەڵام لە گۆڕەپانی ئۆپۆزیسیۆن هاوئاهەنگییەکی زۆرمان هەبوو، دەشتوانین ئەو هاوئاهەنگییە دروست بکەین و چاوەڕێین زیاتری بکەین، بە شێوەیەک کە ببێتە چوارچێوەیەک.. دونیا زۆری ماوە، یەکگرتوو خاوەن دیدگایە، بەرپرسیارە، بەرنامەی خۆی هەیە، دەزانێت چی دەکات و چی دەوێت؟ خوێندنەوەی ئێمە بۆ روانینی سیاسی واقعبینانەیە، بیر دەکەینەوە و پەلەشمان نییە. ئێمە ئەو درووشمەی کە دەڵێین ئیتر بەسە، دەبێت ئەم دەسەڵاتە بێتە سەر رێڕەوی راست، خۆی بگۆڕێت، یان جێگرەوەی بۆ دروست بکرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین جێگرەوەی بۆ دروست بکرێت، جێگرەوەیەک بۆ ئەم شێوە دەسەڵاتدارییە کە 33 ساڵە دەبینین هەر وەکو رابردووە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە.
 
رووداو: ئەوە بە هەڵبژاردن ناکرێت؟
 
خەلیل ئیبراهیم: بەڵێ، بێگومان بە هەڵبژاردن دەکرێت.
 
رووداو: دان بەوەدا دەنێن کە جارێکی دیکە خەڵک متمانەی داوەتەوە بە پارتی و یەکێتی؟ 
 
خەلیل ئیبراهیم: ئێمە دەبێت خەبات بکەین، خەباتی ئێمە خەباتی هۆشیارکردنەوەیە (وەعی)، خەڵک دەبێ هۆشیار بێت و تێبگات، چاوی بکرێتەوە، هەست بەرپرسیارێتی بکات بەرامبەر خاک و خەڵکی خۆی، دەنگی خۆی بزانێت، دەنگی ئەو بڕیارە، دەنگی ئەو پاشایە لەو رۆژەدا؛ لە کۆیلەیی دەربچێت و بزانێت چۆن لە خزمەتی خاک و خەڵک دەنگ بدات، پاشکۆ نەبێت، بەبێ هۆشیاری دەنگ نەدات، بۆ چوار فلس دەنگ نەدات، بۆ هەندێک بەرژەوەندیی کەسی دەنگ نەدات. بێگومان نابێ ئێمە گلەیی لەو خەڵکە بکەین، دەبێ گلەیی لە خۆمان بکەین، دەبێت ئێمە ئەو هۆشیاری و تێگەیشتن و رای گشتییە دروست بکەین و، ئەو [دروشمی] ئیتر بەسە ببێتە رێڕەوێکی گشتی و میللی بەرەو ئەو ئاقارە. میللەتی خۆمان ئاوەدان بکەین و نموونەیەکی باشی حوکمڕانی پیشانی خەڵک بدەین، لەو هەموو قەیرانانە دەرباز بین و گۆڕانکاری لە گۆڕەپانەکە بکرێت. دووەم ئێمە هەڵگری پڕۆژەیەکی چاکسازین، چاکسازیی راستەقینە، بنەڕەتی و گشتی، تاوەکو ئێستا ئەوەندە کارەی کە دەکرێن رواڵەتین کە بە ناوی چاکسازی دەکرێن، بەڵام نایەنە سەر شتی گرنگ و گەورە.
 
هەروەها ئێمە تاوەکو ئێستا ستراتیژییەکی نەتەوەیی دیارمان نییە، تاوەکو ئێستا پرۆژەیەکی نیشتمانی و سیاسەتێکی هاوبەش نەبووە، وەکو پەیوەندییەکانی نێوخۆ و  دەرەوە، نە لەگەڵ عێراق، نە لەگەڵ تورکیا، نە لەگەڵ ئێران و نە لەگەڵ پارچەکانی کوردستان، جیا لە بابەتی خزمەتگوزاری و ئەوانەش. واتا گرفتی زۆر هەیە.
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاس مامۆستا خەلیل ئیبراهیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
 
خەلیل ئیبراهیم: زۆر سوپاس بۆ جەنابت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلبخوین دارا و ریباڵ ئەسەد

ریباڵ ئەسەد: فیدراڵی باشترین چارەسەر و سیستمە بۆ سووریا

هەر لەم هەڤپەیڤینەدا ریباڵ ئەسەد چیرۆکی هەوڵی کوشتنی لەلایەن بنەماڵەکەی خۆیەوە باس دەکات. هەروەها دەڵێت، زۆربەی بنەماڵەی ئەسەد چوونەتە رووسیا. "من هەمیشە رەخنەم لەوە هەبووە کە ناتوانین بڵێین بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون. تەنیا دوو کەس لە بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون کە بەشار و براکەی ماهیر بوون، هەروەها ئەندامێکی پەرلەمان هەبوو بەناوی عەممار، بەڵام ئەوانی دیکە زۆربەیان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەبوو."