ژووری بازرگانیی قەزوین: بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان حەوت هێندە زیادیکردووە

01-08-2024
پەیمان محەممەد
جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها، ئەندامی ژووری بازرگانیی قەزوین
جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها، ئەندامی ژووری بازرگانیی قەزوین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی قەزوین بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، بەراورد بە پار، حەوت هێندە زیادی کردووە و پێشبینی دەکەن ساڵی داهاتوو، دوو هێندەی دیکە بەرز ببێتەوە. گوتیشی: "ئێمە هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی دەبینین."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها، ئەندامی ژووری بازرگانیی قەزوین، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئابووریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کرد. 
 
جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها رایگەیاند، لە بەرنامەیاندایە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو دوو هێندەی دیکە زیاد بکەن. "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەراورد بە پار، حەوت هێندە زیادیکردووە." هۆکارەکەشی بۆ بەهێزی پەیوەندیی کولتووری نێوانیان و زیادبوونی رێژەی دانیشتووان و داواکارییەکان گەڕاندەوە و گوتی: "هەموو ئەمانە هانمان دەدات بتوانین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاد بکەین. ئەگەر یاساکان رێگە بدەن و ئاسانکاری زیاتر بکرێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان بۆ چەند هێندەی دیکە زیاد دەکەین." 
 
لەبارەی هۆکاری زیادبوونی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها، بۆ هۆکاری نێودەوڵەتیی و نێوخۆیی ویستی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمەکانی ئێران گەڕاندەوە. "ئێرانییەکان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیان خۆشدەوێ، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی بازرگانانی ئێمە چالاکییان زیاتر بێت، بۆ ئەوەی کاڵاکانیان زیاتر بهێننە هەرێمی کوردستان."
 
گوتی: "ئێمە هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی هەناردەکردنی کاڵاکانی ئێران دەبینین، بۆیە بەپێی ئەو پەیوەندییە راستەوخۆیەی کە لە نێوان بازرگانانی ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەن و ئەو پەیوەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەی کە لە نێوان بازرگانانمان هەیە، بەرنامەمان هەیە کە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بازاڕی ئازاد بۆ هەناردەکردنی کاڵا بۆ وڵاتانی دیکە دروست بکەین." 
 
راشیگەیاند، بڕیارە لە هەرێمی کوردستانەوە کاڵای ئێرانی کوالیتی بەرز، بۆ وڵاتانی دیکە هەناردە بکرێت، ئەم توانایە لە هەرێمی کوردستان دا هەیە و ئێمە دەمانەوێت پەرەی پێبدەین.
 
سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگای کۆمپانیاکانی سەر بە ژووری بازرگانیی قەزوین لە هەولێر، ئەڵڵاهوێردیها رایگەیاند: "یەکەمجارە لە دەرەوەی وڵات چالاکییەکی بەمشێوەیە بکەین. ئەزموونێکی نوێیە کە پارێزگایەک، پێشانگەیەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان و لە وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەبات." 
 
ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانیی قەزوین، لەبارەی سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی رابردوودا بۆ تاران گوتی: "خۆمان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزانین. خەڵکی هەرێمی کوردستانیش هەمان هەستیان هەیە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و کولتووری زۆر بەهێزمان هەیە. بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بە سەردانی وڵاتی ئێمە ئەوەی سەلماند کە ئەم ویستە هەیە و ئێمەش بە دوای ئەوە داین کە پەرە بەو لێکنزیکبوونەوەیە بدەین. نموونەش ئەو سێ سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن. ئەمڕۆش کە لە تارانە و پێدەچێت سبەی بگەڕێتەوە هەولێر." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها، ئەندامی ژووری بازرگانیی قەزوێن:
 
رووداو: بەگوتەی بەرپرسانی ئێرانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق حەوت هێندەی پێشووی لێهاتووە، ئایا ئەمە بەردەوام دەبێت؟
 
جەعفەر ئەڵڵاهوێردیها: ئێمە بەرنامەمان هەیە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی کە ئێستا نزیکەی حەوت هێندەی پێشوو زیادیکردووە، لە ساڵی داهاتووشدا دوو هێندە زیاد بکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پەیوەندیی کولتووری لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دا هەیە و هەروەها زیادبوونی رێژەی دانیشتووان و داواکارییەکان ئێمە هان دەدات کە بتوانین رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادبکەین. ئەگەر یاساکانمان رێگە بدەن، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان بۆ چەند هێندە زیاد دەکەین.
 
رووداو: بۆچی ئاڵوگۆڕەکە لە حاجی ئۆمەران زیادیکردووە؟
 
زیادبوونی لە سنووری حاجی ئۆمەران هۆکاری نێودەوڵەتی و نێوخۆیی هەیە و ویستی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمە ئێرانییەکان هۆکارێکی بابەتەکەیە، هەروەها ئێرانییەکان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیان خۆشدەوێ، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی بازرگانانی ئێمە چالاکییان زیاتر بێت، بۆ ئەوەی کاڵاکانیان زیاتر بهێننە هەرێمی کوردستان. دووەم، ئێمە هەرێمی کوردستان وەکو ناوەندێکی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی دەبینین، بۆیە بەپێی ئەو پەیوەندییە راستەوخۆیەی کە لەنێوان بازرگانانی ئیران و هەرێمی کوردستان دا هەن و ئەو پەیوەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەی کە لە نێوان بازرگانانمان هەیە، ئێمە بەرنامەمان هەیە کە لە هەرێمی کوردستان شتێکی وەکو تێرمیناڵی (پایانە-دەروازە) هەناردەکردنی کاڵا [بۆ وڵاتانی دیکە] دروست بکەین، چونکە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاسانترە و لە بواری کولتووریشەوە لە یەکدی نزیکترین. ئەگەر خوا بیەوێت و بەرپرسانی دوو وڵات لەوبارەوە هاوکار بن، بڕیارە لە هەرێمی کوردستانەوە کاڵای ئێرانی کە کوالێتیشیان بەرزە، بۆ وڵاتانی دیکە هەناردە بکرێت، ئەم توانایە لە هەرێمی کوردستان دا هەیە و ئێمە دەمانەوێت پەرەی پێبدەین.
 
رووداو: پێشانگەی قەزوین لە هەولێر چۆن بوو؟
 
پێشانگەیەک کە ژووری بازرگانیی قەزوین بۆ یەکەمجار لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەی دەبات؛ ئەمە ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پارێزگایەکی، پێشانگەیەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان و لە وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەبات.
بەگشتی پێشانگەکە هۆکاری سەرەکیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و  ئاڵوگۆڕی بازرگانییە. ئەو سوودەی کە ئێمە لە پێشانگەکە دەیبینین لە قۆناخی یەکەمدا ئەوەیە کە سەرنجی  ژمارەیەکی زیاتر لە بازرگانان بەرەو وڵاتی ئێران رادەکێشین، واتا ئەوانەی کە دەزانن لە وڵاتی ئێران بەرهەمهێنانی کاڵا لە رادەی ستانداردەکانی نێودەوڵەتیدان. ئەم پەیوەندییە کە دەبەسترێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەناردەکردن، بەرهەمهێنانی کاڵا و پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، تاوەکو ئێرەش سەرکەوتوو بووینە و سوپاسی بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکەین.
 
رووداو: کاریگەرییەکانی سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی رابردوودا بۆ تاران لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و ئاڵوگۆڕی بازرگانی چین؟
 
هەر وڵاتێک رێبەر یان سەرۆککۆمارێکی هەیە، رێبەرانی ئێمەن کە بڕیار دەدەن ئێمە لەگەڵ کامە وڵات پەیوەندیییەکی باشتر و دۆستانەترمان هەبێت و بارزگانیی نێوانمان پەرەپێبدەین. ئێمە خۆمان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزانین و دەزانین کە خەڵکی هەرێمی کوردستانیش چەندینجار خۆیان بە ئێرانی دەزانن (لەگەڵ ئێرانییەکان خۆیان بە تێکەڵاو دەزانن) و لەگەڵ ئێرانییەکان پەیوەندیی کولتوورییان هەیە. بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بە سەردانی وڵاتی ئێمە ئەوەی سەلماند کە ئەم ویستە هەیە و ئێمەش بە دوای ئەوەوەین کە پەرە بەو لێکنزیکبوونەوەیە بدەین. نموونەش ئەو سێ سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن. ئەمڕۆش کە لە تارانە و پێدەچێت سبەی بگەڕێتەوە هەولێر.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیرەی تورکی و دۆلاری ئەمریکی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یەک دۆلار بە زیاتر لە 33 لیرەی تورکییە

ئەمڕۆ هەینی، 2ـی ئاب بەهای لیرەی تورکی بە بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە یەکی ئاب 0.20٪ دابەزی و یەک دۆلار بە 33 لیرە و 18 قروش مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها بەهای یەک یۆرۆ گەیشتە 35.82 لیرە.