رووداو - تەندروستی
لە شاری جۆهانسبێرگ لە باشووری ئەفریقا، پۆلیس و تیمی تەندروستی یەکیان گرتووە بۆ ئەوەی پشکنینی ئەیدز بۆ خەڵک بکەن.
ئامانج ئەوەیە تووشبووانی ئەیدز لە قۆناخە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەیان دەستنیشانبکەن، بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە زیاتر بڵاوبوونەوە و زوو چارەسەرکردنیان.
کارمەندێکی تەندروستی بە دەنگگەورەکەر دەڵێت: ''خەڵکینە زۆر بەخێربێن بۆ ئێرە، پشکنینی ئەیدز، سیل و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بکەن، لە کاژێر 10 تاوەکو 12 دەستپێدەکەین، زیاتر بەخێهاتنیان دەکەین ئەگەر لەگەڵ هاوژینەکانتان بێن.''
لەڕێگەی پەنجەوە خەڵکی پشکنینیان بۆ دەکرێت و هەر کەسێک تووشبوو بێت، ئەوا رێوشوێنی بۆ دەگرنەبەر.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە جیهاندا نزیکەی 40 ملیۆن تووشبووی ئەیدز هەن، 23٪ـیان دەستیان بە هیچ چارەسەرێک ناگات، ساڵی رابردووش 630 هەزار تووشبووی ئەیدز گیانیان لەدەستداوە و 1.3 ملیۆن تووشبووی نوێش تۆمارکراون.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی نەخۆشیی ئەیدزی تاوەکو 2030 بە هەڕەشە لەسەر تەندروستیی گشتیی جیهان ناوبردن، جەختیش لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکان دەکاتەوە.
ئەنجێلی ئەچریکار، جێگری بەڕێوەبەری UNAIDS دەڵێت: ''زیاتر لە 30 ملیۆن تووشبووی ئەیدز دەژین، چونکە هێشتا چارەسەر وەردەگرن، بەراورد بە لووتکەی نەخۆشییەکە، مردن بەهۆییەوە 70٪ کەمبووەتەوە، لە 28 وڵات نزیکەی ئەیدز زیادبووە و 40 ملیۆن تووشبوویان تێدا دەژی کە 9.3 ملیۆنیان پێویستیان بە چارەسەرە''.
بەپێی مایۆکلینیک، ئەیدز نەخۆشییەکی درێژخایەنی ڤایرۆسییە و لەڕێگەی 'خوێن، سپێرم، دووگیانی، پێداویستیی پزیشکیی پیسبوو و شیری دایک' دەگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ