تووشبووانی شێرپەنجە لە بەریتانیا بەهۆی درێژیی نۆرەی وەرگرتنی چارەسەر، بێئومێد بوون

29-06-2024
شکار رێبوار
ناتانیاڵ دای، هاووڵاتییەکی بەریتانی تووشبووی شێرپەنجە بە دیار دەرمانەکانیەوە دانیشتووە و نائومێدە.
ناتانیاڵ دای، هاووڵاتییەکی بەریتانی تووشبووی شێرپەنجە بە دیار دەرمانەکانیەوە دانیشتووە و نائومێدە.
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە بەریتانیا کێشەی درێژیی ماوەی نۆرەگرتن بۆ بینینی پزیشک بەردەوامە و بەهۆی قەیرانە تەندروستییەکانی وڵاتەکە، ئەگەری گیانلەدەستدان لەنێو تووشبووانی شێرپەنجە زیادبووە.
 
ناتانیاڵ دای، هاووڵاتییەکی بەریتانی تووشبووی شێرپەنجەیە و دەڵێت: ''بەڕاستی ئەنجامدانی هەموو شت قورسە، لەنێویاندا ئەو دۆخەی کە زیاتر لە 100 رۆژ چاوەڕێم کرد، لە پەیوەندیکردن بە پزیشکی گشتییەوە تاوەکو وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی. چاوەڕێکردنەکە ژیانمی کورتکردەوە چونکە پێش نۆرەکەم پزیشکان دەیانگوت کە دەژیم، بەڵام دوای ماوەی درێژی چاوەڕێکردنەکە، پێم گوترا کە رەنگە لە ژیاندا نەمێنم''.
 
زانکۆی شاهانەی بەریتانیا دەڵێت، بەهۆی قەیرانەکانی سیستمی تەندروستیی بەریتانیاوە، ساڵی رابردوو زیاتر لە 250 نەخۆش گیانیان لەدەستداوە.
 
قەیرانەکە ئەم ساڵیش درێژەی هەیە؛ تەنیا شوباتی ئەم ساڵ، 44 هەزار نەخۆش زیاتر لە 12 کاژێر چاوەڕێی بینینی پزیشکیان کردووە.
 
پزیشکانی خولاو لە وڵاتەکە، پێش هەڵبژاردن دەیانەوێت گلەیی خۆیان بگەیێنن؛ سەندیکای پزیشکانیش دەڵێت، بەهۆی کەمیی مووچە و کارکردنی زۆرەوە، بەشێکی زۆری پزیشکانی خولاو بەریتانیا جێدەهێڵن.
 
شارلۆت ویکینس، راوێژکاری سیاسەتی سندووقی کینگ گوتی، ''کاتێک پرسیار لە خەڵک دەکرێت، ئەوەی لەپێشینەیە لایان بۆ حکومەتی داهاتوو، تەندروستییە، لەبەرئەوەی هەموو کەسێک نەخۆش دەکەوێت و پێویستی بە خزمەتگوزاریی تەندروستی دەبێت. هەر لایەنێک حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت دەبێت شتێک بکات بۆ گۆڕینی ئەو دۆخەی کە ئێستا خزمەتگوزاریی تەندروستیی تێیدایە''.
 
بە گوێرەی کۆمپانیای توێژینەوەی بەریتانیا بۆ شێرپەنجە، لە ساڵی 2015ـەوە زیاتر لە 382 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە ئینگلاند لەکاتی خۆیاندا چارەسەر نەکراون، بەو هۆیەوە 6٪ بۆ 8٪ ئەگەری گیانلەدەستدانیان زیادبووە.
 
بە گوتەی پسپۆڕان، زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە، واتە زوو چارەسەر، زوو چارەسەرەکردنیش واتە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە