رووداو - تەندروستی
لە شاری هانۆ سێ کۆرپەلە لە یەک هێلکە و لەژێر یەک وێڵاش لەدایک دەبن بێ ئەوەی دایکەکە هیچ دەرمانێکی منداڵبوونی خواردبێ، ئەم رووداوەش ئەگەری یەک لە 100 هەزارە.
لەدایکبوونی سیانە لە بنەڕەتدا هەواڵێکی خۆش و سەرنجڕاکێشە، بەڵام کاتێک سێ کۆرپەلە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و بێ هیچ یارمەتییەکی پزیشکی یان دەرمانی منداڵبوون دروست دەبن، دەبێتە یەکێک لە دەگمەنترین ڕووداوەکانی سروشت.
د. شان دانیشمەند، پسپۆڕی منداڵبوون و ژنان، روونکردنەوە لەسەر ئەم حاڵەتە دەدات و دەڵێت "ئەم جۆرە دووگیانییە زۆر دەگمەنە، چونکە کۆرپەلەکان نەک تەنها سیانەن، بەڵکو هەموویان لە یەک خانە و لەژێر یەک ویڵاش گەشەیان کردووە و لەڕووی بۆماوەییەوە تەواو لە یەکتر دەچن".
بۆچی ئەمە زۆر دەگمەنە؟
لە زۆربەی کاتەکاندا، سیانە بەهۆی وەرگرتنی دەرمانی تایبەت بە منداڵبوون دروست دەبن، بەڵام کاتێک بە شێوەیەکی سرووشتی روودەدات، رێژەکەی تەنیا 1 حاڵەتە لە هەر 100 هەزار دووگیانبوونێکدا.
دووگیانبوون بە سیانە هەمیشە وەک دووگیانییەکی مەترسیدار دادەنرێت، چونكە باری جەستەیی دایک قورس دەکات و ئەگەری ئەوە هەیە منداڵەکان پێش تەواوبوونی مانگە ئاساییەکانیان (بە زوویی) لەدایک بن.
د. شان دانیشمەند، رێنوێنی دەکات:
- پشکنینی بەردەوام: پێویستە دایکان لە هەفتەکانی سەرەتای دووگیانیدا سۆنەری ورد بکەن بۆ ئەوەی بزانن چەند کۆرپەلە هەن و باری تەندروستییان چۆنە.
- گرنگیدان بە خۆراکی تەندروست: دایکی دووگیان بە سیانە پێویستی بە بڕێکی زۆرتر لە ڤیتامین، ئاسن و کالیسیۆم هەیە بۆ ئەوەی جەستەی بەرگەی باری قورسی دووگیانییەکە بگرێت.


