رووداو دیجیتاڵ
دیداری دکتۆر ئاراس لە هەولێر بە بەشداریی زیاتر لە سێ هەزار گەنج بەڕێوەچوو. 37٪ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای هەولێرن. پێشتر دیداری دکتۆر ئاراس لە دهۆک و کەرکووک بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوەچوون.
دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی هەلێکە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و دەرفەتدان بە قوتابیان، گەنجان و خۆبەخشانی کوردستان بۆئەوەی زیاتر رۆڵی خۆیان ببینن و بەشداربن لە داڕشتنی بیرۆکەی بەرنامەکە بە پێی ئەو شوێن، کولتوور و ژینگە جیاوازانەی کە لێوەیەوە هاتوون.
لە دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی، قوتابییان، خوێندکاران و خۆبەخشان بەشدار دەبن لە پلان، جێبەجێکردن، بەرهەمهێنانی بەرنامە تاوەکو دەگاتە هاونیشتمانییان.
ئامانج لەمە رەخساندنی هەلێکە بۆ قوتابیان و خوێندکاران بۆ ئەوەی نزیکتر لە خەڵک چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن و پەیامەکانیان لەڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بگاتە زۆرترین کەس لە سەرتاسەری جیهان.
رۆژی شەممە، 3ـی شوباتی 2024، یەکەمین دیداری دکتۆر ئاراس لە دهۆک بە بەشداریی زیاتر لە 1000 گەنج، قوتابی و خوێندکار بەڕێوەدەچوو و، کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس رادەگەیێندا.
دکتۆر ئاراس برادۆستی لە یەکەم دیداریدا لە دهۆک هۆکاری راگەیاندنی پڕۆژەکەی خستەڕوو و گوتی، "دوو ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەین پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گەورە لە هەموو کوردستان دەستپێبکەین و دهۆک بکەین بە بنکەی سەرەکیی پڕۆژەکە، لەبەرئەوەی دهۆک ببێت بە بناخەی هەر پڕۆژەیەک، ئەو پڕۆژەیە 100٪ سەردەکەوێت، بۆیە دکتۆر ئاراس کۆمیونیتیمان بۆ خزمەتی کوردستان دامەزراند و لە دهۆکەوە دەستپێدەکەین".
یەکێک لە ئامانجەکانی پڕۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی دابەزاندنی ئاستی ئەو نەخۆشییە نەگوازراوانەیە کە تووشی مرۆڤ دەبن و دەکرێ رێگەیان لێ بگیرێت. دکتۆر ئاراس برادۆستی دەڵێت، "لە دنیادا 70٪ـی هۆکارەکانی مردن نەخۆشییە نەگوازراوەکانن کە هەندێکیان بریتین لە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، نەخۆشییەکانی بەرزیی پەستانی خوێن و هەموو نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لەکاتێکدا دەتوانین رێگە لە زۆرینەی ئەو نەخۆشییانە بگرین".
دووەم دیداری دکتۆر ئاراس لە کەرکووک بوو، زیاتر لە دوو هەزار گەنج، قوتابی و خوێندکار بەشدارییان تێدا کرد. تەنیا لە کەرکووک زیاتر لە شەش هەزار گەنج ناویان لە کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس تۆمار کردووە.
دیدارەکە دڵخۆشیی گەنجان، قوتابییان و خوێندکارانی لێکەوتووەتەوە. شەهلە کەریم، خۆبەشی تەندروستییە و دەڵێت "ئێمە وەکو خوێندکارانی شاری کەرکووک، تاوەکو ئێستا دیدارەکە زۆر باش دەبینین و ژمارەیەکی زۆری گەنجانی کەرکووک بەشداربوون. لە شاری کەرکووک زۆر پێویستمان بەم ئیڤێنتانە هەیە، تاوەکو لە رێگەی ئەم دیدارانەوە بتوانین سوود بە کەرتی تەندروستی بگەیێنین."
عەلی شێرزاد، ئەندامی کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراسە و دەڵێت "ژینگەی کەرکووک ژینگەیەکی پاک نییە، دەمانەوێت لە رێگەی ئەم کارنامەی دکتۆر ئاراسەوە بتوانین کۆمەڵگەی تەندروستیی کەرکووک بەرەو کۆمەڵگەیەکی باشتر و پاکتر ببەین."
رۆژی چوارشەممە، 28ـی شوباتی 2024، سێیەم دیداری دکتۆر ئاراس لە هەولێر بەڕێوەچوو، زیاتر لە سێ هەزار گەنج، قوتابی و خوێندکار بەشدارییان تێدا کرد و کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس راگەیێندرا. 37٪ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای هەولێرن.
شیبا محەممەد، خوێندکاری قۆناخی چواری بەشی پزیشکییە، لە دیداری دکتۆر ئاراس لە هەولێر گوتی، سێ هەزار کەس کەم نییە لەم دیدارە بەشدارن، تیشکی خستە سەر دۆخی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و گوتی، "با لەخۆمانەوە دەستپێبکەین."
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 27 هەزار گەنج، قوتابی و خوێندکار بەشدارییان لە کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس کردووە، خانمان 69٪ـی بەشداربووانی کۆمیونیتییەکە پێکدەهێنن و 91٪ـی ئەوانەی ناویان تۆمارکردووە خوار تەمەنی 23 ساڵن.
فۆرمی ناوتۆمارکردن لە پۆرتاڵی رووداو بۆ دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی بەردەستە و کلیک لێرە بکە بۆ ناوتۆمارکردن، بۆ بینینی دیداری دکتۆر ئاراس لە دهۆک کلیک لێرە بکە و بۆ بینینی دیداری دکتۆر ئاراس لە کەرکووک کلیک لێرە بکە.
دیدارەکان لە هەریەک لە شار، شارۆچکە و قەزاکانی هەرێمی کوردستان پێشکێش دەکرێن.
بەشێک لە ئامارەکانی دیداری دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی:
تاوەکو ئێستاش ژمارەی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 27 هەزاری تێپەڕاندووە.
- خانمان 69٪ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی پێکدەهێنن.
- تەمەنی هەموو بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لەخوار 25 ساڵە.
- ٪91ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی تەمەنیان لە خوار 23 ساڵە.
- ٪21.3ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای دهۆکن.
- ٪37ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای هەولێرن.
- ٪18.7ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە پارێزگای کەرکووکن.
- ٪23ـی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە سلێمانی و هەڵەبجەن.
پەیامەکانی دیدارەکانی دکتۆر ئاراس لەڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بە زۆرترین کەس لە سەرتاسەری جیهان دەگەیێندرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ