رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریدەخات، ژمارەی کەسانی قەڵەو لە وڵاتەکە روو لە زیادبوونەوە و بەقەیرانی قەڵەوی ناوی دەبات.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری دامەزراوەی پزیشکیی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، لەسەر 13 هەزار کەسی تەمەن 20 بۆ 44 ساڵ کراوە و دەرکەوتووە، 41٪ـی بەشداربووان قەڵەوبوون و تووشبووی یەکێک لە نەخۆشییەکانی دڵ بوون.
ریشی وازیڕا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: قەڵەوی پاشهاتی مەترسیدار لەسەر جەستە دروستدەکات بەتایبەت تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کە دیارترینیان 'بەرزە پەستانی خوێنە'.
توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2009 تاوەکو 2020 رێژەی قەڵەو لە وڵاتەکە، لە 33٪ بووە بە 41٪، هۆکارەکەش بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست وەکو 'خواردنی خۆراکە خێرا و پڕ چەورییەکان و دوورکەوتنەوە لە وەرزش و چالاکیی جەستەیی' دەگەڕێنێتەوە.
بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی لە ئەمریکا، لە کۆی پێنج گەنجی وڵاتەکە دووانیان قەڵەون، تەنانەت لە 19 ویلایەتی وڵاتەکە رێژەی قەڵەوی سەروو 35٪ـە، کە لە 10 ساڵی رابردوودا لە هیچ ویلایەتێک ئەم رێژەیە تۆمارنەکراوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وڵاتەکە، ریزبەندی پێنج قەڵەوترین ویلایەتەکانی ئەمریکا بەم شێوەیەیە؛ 'ڤێرجینیای رۆژئاوا، کنتاکی، ئالە باما، ئۆکلا هۆما و میسیسیپی'.


