نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە: تائێستا 53 منداڵ تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون

27-04-2023
ئەکرەم فەرەج
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە دەڵێت، ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە 'هەوکردنی پەردەی مێشک' گەیشتووەتە 53 منداڵ. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، "تووشبوون بە نەخۆشییەکە لەنێو منداڵانی سلێمانی زیادیکردووە و ئێستا 35 منداڵ خەوێندراون."
 
ئاراز حەمەسەعید، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە تاوەکو ئێستا 53 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە تۆمار کراون، بەڵام هیچ منداڵێک بە نەخۆشییەکە گیانی لەدەست نەداوە.
 
سەبارەت بە تەندروستیی منداڵەکان، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە گوتی، "29 منداڵ لە نەخۆشخانە خەوێندراون، بەڵام دۆخیان باشە و جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە."
 
لەبارەی دەرمانیشەوە، ئاراز حەمەسەعید گوتی، تائێستا کێشەی کەمیی دەرمان دروست نەبووە، لە سلێمانی و هەولێر هەندێک دەرمانیان بۆ دابینکراوە.
 
هاوکات، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک بەردەوامە و تیمێک لە بەغداوە هاتوونەتە سلێمانی و نموونەی پشکنینەکان وەردەگرن و دواتر لە بەغدا کەیسەکە یەکلا دەکرێتەوە."
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان ترسیان لە پشکنینەکان هەیە و بەهۆیەوە منداڵەکانیان نابەنە نەخۆشخانەکان، لەوبارەیەوە دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دڵنیایی بە هاونیشتمانییان دەدات و دەڵێت، "پشکنینی هەوکردنی پەردەی مێشک هیچ مەترسییەکی نییە."
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد، 35 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانە خەوێندراون. داواش لە دایک و باوکان دەکات کەمتەرخەمی نەکەن و لەکاتی بوونی نیشانەکانی تووشبوون لەبری بردنی منداڵەکانیان بۆ نۆرینگە، بیانبەن بۆ نەخۆشخانەی منداڵان، دەشڵێت، "ساڵانە چەندین منداڵ بەهۆی پشتگوێخستنەوە گیان لەدەستدەدەن."
 
پێشتر، دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە هۆشداریی دایە هاونیشتمانییان کە نەچنە نۆرینگەکان و دەرمانی دژە هەوکردن وەربگرن، "ئێستا کە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە داواکارین هیچ کەسێک دەرمانەکانی دژە هەوکردن لەو شوێنانە وەرنەگرن، چونکە ئەگەر منداڵ یان هەر کەسێک ئەو دەرمانانە بخوات، ئەگەر تووشی هەوکردنی پەردەی مێشکیش ببێت ناتوانرێت دەستنیشان بکرێت."
 
نزیکەی دوو هەفتەیە، نەخۆشییەکی گواستراوە بەناوی "هەوکردنی پەردەی مێشک" لەنێو منداڵانی هەڵەبجە و سلێمانی بڵاوبووەتەوە.
 
هەوکردنی پەردەی مێشک بە شێوەیەکە، ئاوێک لە چواردەوری مێشکدا هەیە و لە دوای ئاوەکەش چەند پەردەیەک مێشک لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئێسکەکانی سەر دەپارێزن. زۆرجار لە رێگەی خوێن، گوێچکە، هەوکردنی توورەکە هەواییەکان یان لە رێگەی درزێکەوە کە لە سەردایە، ڤایرۆس، بەکتریا یان کەڕوو دەچێتە نێو پەردەکە و تووشی هەوکردنی دەکات.
 
پزیشکانی پسپۆڕ دەڵێن، نەخۆشییەکە هەوکردنە و دەگونجێت بەهۆی بەکتریا یان ڤایرۆس یان مشەخۆرەوە خەڵک تووشی ببن. نەخۆشییەکە تووشی گەورە و بچووک دەبێت، بەڵام ئێستا لە هەڵەبجە زیاتر منداڵان تووشی بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە