رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت و زۆرترین ڤاکسینیش بۆ سلێمانی دەنێردرێت.
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزیری تەندروستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ڤاکسینی ئەسترازێنیکا گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە ئەمرۆ دابەشبکرێت بەسەر پارێزگاکاندا و هەر پارێزگایەک ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە تەواو بووبێت دەگاتە دەستی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بریکاری وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەدا: "لەو ڤاکسینەی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، 15 هەزار و 800 ژەمە ڤاکسین بەشی پارێزگای هەولێرە و 16 هەزار و 500 ژەمە ڤاکسین بەشی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە 11 هەزار و 500 ژەمە ڤاکسین بەشی پارێزگای دهۆکە؛ دابەشکردنی ژەمە ڤاکسینەکان لە بەغدا دیاریکراوە و بە لیستێک ژمارەی دابەشکردنەکەیان بۆ پارێزگاکان بۆ ناردووین".
سەبارەت بە گلەیی بەرپرسانی هەڵەبجە کە پشکی پارێزگاکەیان لە وەرگرتنی ڤاکسینی سینۆفارمی دژی کۆرۆنا کەم بوو، دکتۆر رەهێڵ فەرەیدون گوتی: "جاری پێشوو بەشی هەرێمی کوردستان دوو هەزار ژەمە ڤاکسین بوو و خۆی بڕەکەی کەمبوو؛ تاوەکو ئێستا لە بەغدا وەکو شوێنێکی سەر بە پارێزگای سلێمانی مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە لەگەڵ دەکرێت و بەشی هەڵەبجە لەگەڵ ئەو ژمارە ڤاکسینەیە کە بۆ پارێزگای سلێمانی دابینکراوە".
رۆژی 26-3-2021 بڕی 43 هەزار 800 ژەمە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا گەیشتە هەرێمی کوردستان و وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمە کاروانی یەکەمە و کاروانی دیکەش ماوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگات".
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی: "لەماوەی رابردوودا ڤاکسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە کوردستان و ژمارەیەک لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی وەریانگرت. ئێستاش لەسەر هەمان بەرنامە بەردەوام دەبین و بەپێی ئەو ریزبەندییەی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین دانراوە دەست بە کوتان دەکرێت".
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 24 کاژێری رابردوودا 725 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، هەروەها پێنج تووشبووش گیانیان لەدەستداوە و، 238 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 345 هەزار و 772 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە، ئەنجامی پشکنینی 118 هەزار و 137 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، 107 هەزار و 878 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 627 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها شەش هەزار و 632 تووشبووش لەژێر چارەسەردان.



