زانکۆی کۆرنێڵ لە ئەمریکا: ئەنفلەوەنزای باڵندە لە نێوان شیردەرەکاندا دەگوازرێتەوە

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆرنێڵ لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەنفلەوەنزای باڵندە لە نێوان شیردەرەکاندا دەگوازرێتەوە و بەمەش ئەگەری گواستنەوەی بۆ مرۆڤ زۆرتر دەبێت. 
 
توێژەران لەم توێژینەوەیەدا بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە کردووە و دەرکەوتووە، ئەم ڤایرۆسە لە مانگا بۆ مەڕ و پشیلە گوازراوەتەوە. 
 
د. دیێگۆ دییل، بەڕێوەبەری بەشی ڤایرۆسزانی لە زانکۆی کۆرنێڵ دەڵێت، ''یەکەمجارە بەڵگەی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە لە شیردەرێکەوە بۆ شیردەرێکی دیکە دەبینین ئەمەش مەترسیی گواستنەوە بۆ مرۆڤ زیاددەکات''. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، زیاتر لە 100 ملیۆن تووشبووی ئەنفلەوەنزای باڵندە لە نێو ئاژەڵ و پەلەوەرەکاندا تۆمارکراون، چەند کەسێکیش لە رێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو ڤایرۆسەکەیان بۆ گوازراوەتەوە. 
 
بە پێی ئەم ناوەندە، ئەنفلەوەنزای باڵندە هەوکردنێکی ڤایرۆسییە بەزۆری لە نێو باڵندە و ئاژەڵەکاندا بڵاودەبێتەوە، بەڵام هەندێکجار بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە 'تا، کۆکە، سکچوون و ماندوویێتی'، ئەو کەسانەی مامەڵە لەگەڵ پەلەوەر و ئاژەڵدا دەکەن زۆرترین مەترسیی تووشبوون بەم ئەنفلەوەنزاکەیان لەسەرە. 
 
ناوەندی CDC چەند رێگەیەک بۆ خۆپارێزی لە ئەنفلەوەنزای باڵندە پێشنیازدەکات؛
 
1- پۆشینی جلوبەرگی پارێزەر وەکو 'دەستکێش، دەمامک و چاویلکە' لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ باڵندە و ئاژەڵدا.
 
2- دەستشۆردن دوای ئەوەی لە باخچەی ئاژەڵان و کێڵگەکان دەگەڕێیتەوە. 
 
3- دوورکەوتنەوە لەو ئاژەڵانەی تووشبووی ئەنفلەوەنزای باڵندەن.
 
4- جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستیی گشتی لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکە، بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە