تەندروستیی جیهانی: 43٪ـی دانیشتووانی زەوی تووشبووی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمارن

25-03-2024
شکار رێبوار
کەسێک پشکنینی مێشکی بۆ دەکرێت. وێنە: The star
کەسێک پشکنینی مێشکی بۆ دەکرێت. وێنە: The star
A+ A-
رووداو - تەندروستی

نوێترین راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە جیهاندا زیادبووە، بەجۆرێک ئێستا 43٪ـی دانیشتووانی زەوی تووشبووی نەخۆشییەک یاخود چەند نەخۆشییەکی دەمارین.
 
پسپۆڕێکی مێشک و دەمار لە بولگاریا دەڵێت: ساڵانە تووشبوویێکی زۆری جەڵتەی مێشک لە بولگاریا تۆماردەکرێن و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە پێشگیریکردنی ئەو هۆکارانەی وادەکەن کەسێک تووشی جەڵتەکە بێت لەلایەن خەڵکەوە پشتگوێخراوە.
 
پڕۆفیسۆر ئیڤان میلانۆڤ، پسپۆڕی مێشک و دەمار دەڵێت: بولگاریا یەکێکە لە شوێنە هەرە پێشەنگەکانی ئەوروپا و تەنانەت لە جیهان، بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشک. ژمارەیەکی زۆر کەم لە بولگارییەکان رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێدەکەن. 
 
ئاماژە بەوەشدەکات، کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن و چەند هۆکارێکی دیکەی تووشبوون بە جەڵتە دەکرێت وەکو رێگەی کاریگەر بۆ پێشگیرکردن لە جەڵتەی مێشک و نەخۆشییە دەمارییەکان جێبەجێبکرێن.
 
سێ مانگ پێش ئێستا رۆزیتا ڤاسیلیڤی 65 ساڵان تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت و لە جووڵە دەکەوێت و پزیشکان دەیانەوێ بە سرووشتی چارەسەری بکەن.
 
ئاتاناس ڤاسیلیڤ، هاوسەری رۆزێتا دەڵێت: ''سوپاس بۆ ستافەکە و ئەو هەوڵانەی هاوسەرەکەم کردوویێتی، هێنایانەوە سەر پێیەکانی، وایان لێکرد بجووڵێت. ئامێرەکان زیاتر پەرەیان بەم پرۆسەیە داوە، چونکە ئەم شتانە بەیەکەوە گرێدراون".
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، 43٪ـی دانیشتووانی زەوی، واتە 3 ملیار و 400 ملیۆن کەس، دووچاری یەکێک لە نەخۆشییەکانی تێکچوونە دەمارییەکانن، کە باوترینیان بریتییە لە جەڵتە، لەبیرچوونەوە، تێکچوونی دەماری بەهۆی نەخۆشیی شەکرە و تەنانەت ئۆتیزمیش.
 
بە گوێرەی دامەزراوەی جەڵتە لە بولگاریا، ساڵانە 35 هەزار تووشبووی جەڵتە تۆماردەکرێن و زیاتر لە 7 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدەن.
 
هەرچەندە نەخۆشییە دەمارییەکان دەکرێت کوشندە و وێرانکەری ژیان بن، بەڵام بۆ کەسێکی وەکو رۆزێتا بەرەنگارییەکی جیدی بووە، چونکە زوو دەستنیشانکراوە و بەردەوامیشە لە چارەسەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە