رووداو - تەندروستی
لە هەولێر یەکەم سیمپۆزیۆمی ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەزگای روانگە لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی بەڕێوەچوو، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگاکە دەڵێت: ئامانجمانە بەشێک لە هەڵە و کەموکورتییەکانی نێو کەرتی تەندروستی بخەینە بەرباس و پێشنیازی چاککردنیشیان باسبکەین.
ئەمڕۆ شەممە 25-1-2025 گۆران کامەران، بەرپرسی میدیایی دەزگای روانگە بە رووداوی گوت، سیمپۆزیۆمەکە نێودەوڵەتییە و یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ناوەندی توێژینەوەی روانگە ئەوەیە کە کار لەسەر بەرزکردنەوەی متمانەی خەڵک بە کەرتی حکومی بکات و پێشنیازی چارەسەری کێشەکان لە سیمپۆزیۆم و کۆنفرانسەکاندا بخاتە بەرباس.
ئامانجی سیمپۆزیۆمەکە دەرخستنی تواناکانی توێژەران و ئاشکراکردنی ئەنجامی توێژینەوە جیاوازەکانە لەبوارە هەنووکەییە تەندروستییەکان، بەتایبەت شێرپەنجە و گۆڕانی کەشوهەوا و باسکردنی داهێنانە تەندروستی و پزیشکییەکان.
د. کارزان شێخ موحسین، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەیە دەزگای روانگە دەڵێت: سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی زانستە تەندروستییەکان و پەرستاری دەستپێشخەرییەکی سەنتەری توێژینەوەی روانگەیە بە هاوئاهەنگیی زانکۆی لوبنانیی فەرەنسی کە کەسایەتییە پیشەییەکانی چاودێریی تەندروستی، توێژەران و داڕێژەرانی سیاسەت کۆدەکاتەوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی مانادار، هاوبەشکردنی توێژینەوەی داهێنەرانە بۆ بەرزکردنەوەی سیستمی چاودێریی تەندروستی.
بەگوتەی د، کارزان، 33 توێژینەوەی جیاواز لەلایەن پێنج وڵاتەوە لە سمپۆزیۆمەکە پێشکێشدەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ