رووداو - تەندروستی
خانمە پسپۆڕێکی کورد لە ئیتاڵیا یەکێکە لەو توێژەرانەی کە کار لەسەر دروستکردن و بەرهەمهێنانی مێشکی رۆبۆتی ''مێشکی دیجیتاڵی'' دەکەن بۆ دەستنیشان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان.
رۆژی هەیینی 22ـی کانوونی یەکەمی 2023 د. پاوان فارس دزەیی، پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە و توێژەرێکی مێشکی رۆبۆتی لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، پڕۆژەکەیان وادەکات مێشکێکی رۆبۆتی هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ دروستبکات، تاوەکو بە خێراترین و وردترین زانیاری دەرەنجامێکی ورد بدات بەدەستەوە بۆ چارەسەر و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان.
د. پاوان دزەیی دەڵێت: ''پڕۆژەی دروستکردنی مێشکی رۆبۆتی لە ساڵی 2013ـەوە دەستی پێکرد و تاوەکو ئەمساڵیش کارکردن تیایدا بەردەوامە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپی 600 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە''.
د. پاوان روونی دەکاتەوە، چەندان وڵاتی جیاواز لەو پڕۆژەیە بەشدارن، تاوەکو بەردەستبێت بۆ زۆرترین وڵاتی جیهان لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان، هاوکات ئەوەش باسدەکات، لە داهاتوودا پزیشکان دەتوانن لەبری تاقیکردنەوەی کاریگەریی دەرمانەکان لەسەر نەخۆشەکانیان، پشت بە ژیریی دەستکرد ببەستن.
بە گوتەی ئەو خانمە توێژەرە، لە داهاتوودا پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی زانیارییەکانی مێشکی مرۆڤ یارمەتیدەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ پزیشکان، تاوەکو بتوانن بە ئاسانی کاریگەرترین دەرمان بۆ نەخۆشەکانیان بەکاربهێنن و بە کاتێکی کەم دەرمانی گونجاو بە نەخۆشەکانیان بدەن.
لە کۆتاییدا د. پاوان گوتی، ''خۆشحاڵم وەکو پسپۆڕێکی کورد شانبەشانی پسپۆڕانی بیانی لە نوێترین و وردترین پڕۆژەی جیهانیی ژیریی دەستکرد بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستیی بەشدارم''، تەنانەت جەخت لەوەش دەکاتەوە، پسپۆڕانی کورد بەراورد بە پسپۆڕانی بیانی بەرگریان زیاترە و رژدترن لەسەر کارەکانیان، بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە لەنێو هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتیی دارایی توێژەران بکرێت و ئامێری پێویستیان بۆ دابینکرێت.
بۆ بینینی وردەکاریی زیاتر لەسەر کارەکانی د. پاوان فارس دزەیی، بینەری ئەم بەرنامەیەی دکتۆر ئاراس بە.


