زانیاریی نوێ لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو پزیشکەی ئامبوڵانسەکەیان وەرگەڕا

22-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران رایدەگەیێنێت، جگە لەو پزیشکەی دوێنێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، کارمەندێکی دیکەیان بە سەختی برینداربووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 22-3-2025 د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، لە فریاکەوتنەکان هەندێک حاڵەت هەیە کە پێویستە پزیشکێکی فریاکەوتن لەگەڵ ئامبولانسەکە دەربچێت، بۆیە حاڵەتەکە وایخواستووە کە دکتۆر قەحتان جیهاد لەگەڵیدا بڕوات.
 
د. کامەران محەممەد دەڵێت: لە رووداوەکەدا جگە لە دکتۆر قەحتان، کارمەندێکی دیکەی تەندروستیی نێو ئامبولانسەکە بە سەختی برینداربووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
 
بەگوتەی د. کامەران محەممەد، پێویستیان بە ئامبولانسی نوێ هەیە و ''ئەمساڵ رەزامەندی دراوە بۆ دابینکردنی 14 ئامبولانسی نوێ بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە''.
 
ئەو جەختی کردەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەزارەتی تەندروستی وەکو ئامبولانس {ئۆتۆمبێکی فریاکەوتن} دابینیان دەکات، هەر لە سەرەتاوە ئامبولانس بوون، نەک پاس بن و کرابن بە ئامبولانس.
 
دوێنێ هەیینی 21-3-2025 ئامبولانسێک لەکاتی بردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەی بلێ، وەردەگەڕێت و پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو بە سەختی لەنێویدا بریندار دەبێت و پیکابێک هەڵی دەگرێتەوە، پاشان پیکابەکە وەردەگەڕێت و ئەو پزیشکە گیانلەدەستدەدات. {وردەکاری لێرە بخوێنەرەوە}.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە