پزیشکێکی خولاو لە هەولێر: شێوازی لێخوڕینی شۆفێرانی ئامبولانس ژیانمانی خستووەتە مەترسییەوە

22-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری شۆفێری ئامبولانسەکان {ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن} بەخێرایی شۆفێری دەکەن و زۆرجار نەخۆش باری تەندروستیی جێگیر بووە، بەڵام هەر بە خێرایی لێدەخوڕن و بەهۆیەوە ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە.
 
ئەو پزیشکە گوتی، جگە لە خراپیی شۆفێریکردنی هەندێک لە شۆفێرانی ئامبولانسەکان؛ کواڵیتیی بەشێک لە ئامبولانسەکان خراپە و مەرجەکانی سەلامەتییان تێدانییە.
 
ئەمڕۆ شەممە 22-3-2025 سەرچاوەیەک لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی بلێ بە رووداوی راگەیاند، تەنیا یەک ئامبولانسی نوێیان هەیە و ئەوانەی دیکەش کە هەیانە کۆنن، ئەوەشی گوت، ''کۆنەکان بە کەڵکی رێگەی درێژ نایەن''.
 
هەروەها روونی کردەوە، ئامبولانسەکان دەستکاریی دەکرێن و هەندێک شتیان بۆ زیاددەکرێت کە ناکرێت تێیدا بن یاخود بەو شێوەیە بن کە هەن، بۆ نموونە بتڵی ئۆکسجینی زیادی تێبکرێت کە ئەوە لەگەڵ مەرجی سەلامەتی یەکناگرێتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ هەیسەم بەربوهاری، بەڕێوەبەری سەنتەری 122 لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، کواڵیتیی ئامبولانسەکانیان لە خراپترین دۆخدایە و زۆرینەیان کۆنن، ''بەجۆرێک زۆرینەیان هی 2013 و 2015ـن''.
 
ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە بەشێکیان ئامبولانس نین و پاسن، بەڵام دەکرێنە ئامبولانس، لە ناوەندیی پارێزگای دهۆک 40 ئامبولانس {ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن} هەن و بە قەزا و ناحییەکانی دەوروبەرییەوە دەگاتە نزیکەی 120 دانە.
 
دوێنێ هەیینی 21-3-2025 ئامبولانسێک لەکاتی بردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەی بلێ، وەردەگەڕێت و پزیشکێکی نیشتەجێی خولاو بە سەختی لەنێویدا بریندار دەبێت و پیکابێک هەڵی دەگرێتەوە، پاشان پیکابەکە وەردەگەڕێت و ئەو پزیشکە گیانلەدەستدەدات. {وردەکاری لێرە بخوێنەرەوە}.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە