رووداو - تەندروستی
لە پۆدکاستی ئەمجارەی نەخۆشنامە بابەتگەلێکی هەستیار باسکران؛ باس باسی دوو هاوژین و منداڵێکە کە خانمەکە گرفتی لە باسکی هەبووە و دکتۆر هونەری پێشکێشکاریش پشکنینی بۆ کردووە، بینیویەتی کە باسکی بەهۆی زەبرێکەوە وایلێهاتووە؛ ئەو منداڵەی لەگەڵیان بووە نهێنییەکی ئاشکراکردووە.
دوای پشکنینی تیشک بۆ باسکی ئەو خانمە، دکتۆر هونەر داوای راپۆرتی سەرەتاییشی لە خێزانەکە کردووە. د. دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری و میوانی پۆدکاستەکە دەڵێت: ئەو راپۆرتە تاکە پارێزەری مافی خانمانە، بۆیە نابێت خانمان لێی بترسن و بە هەڵەش پێی دەگوترێت ''وەرەقەی پۆلیس''.
راپۆرتی پزیشکیی سەرەتایی کە ئێستا بە هەڵە پێی دەگوترێت ''وەرەقەی پۆلیس'': ئەو راپۆرتەیە کە پزیشکی نیشتەجێی خولاو دەبینووسێتەوە و بەپێی یاسای عێراقی دەبێت بۆ هەموو کەیسێکی گوماناوی بنووسرێت کە بەشێکی زۆری کەیسەکانی فریاکەوتن گوماناوین بەتایبەت ئەوانەی کە گومانی تاوانکارییان لێدەکرێت. {پێویستە 24 کاژێر دوای رووداوەکە بکرێت و ماوەی سێ مانگ کاری پێدەکرێت و قوربانییەکە دەتوانێت سکاڵای پێ تۆماربکات}.
د. دیلمان ئازاد دەڵێت: مافی پزیشکی خولاو نییە کە پشکنینی پەردەی کچێنی بۆ راپۆرتی پزیشکیی سەرەتایی بکات، بەڵکو دەکرێت نیشانەی بەرکەوتنی زەبر لەسەر رانەکان و بینینی خوێن لە دیوی دەرەوە بنووسرێن {ئەگەر نا ئەوە تەنیا لە رێگەی پزیشکیی دادەوە لە پەیمانگەی پزیشكیی دادوەری دەکرێت}.
ئەو پسپۆڕە باسی توێکاری دەکات و دەڵێت: ''توێکاریی تەرم تەنیا بۆ تاوان نییە، بەڵکو بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری مردنیشە کە رەنگە بەهۆی نەخۆشییەکی پێنەزاندراوی بۆماوەییەوە بووبێت و ماڵباتەکە نەیزانیبێت ئەو نەخۆشییەیان تێدایە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ