رووداو - تەندروستی
ئاژانسی تەندروستیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مژدەی گەیاندنی فریاگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکانی بە خەڵکی غەززە دا و رایدەگەیێنێت، لە ماوەی ئاگربەستدا رۆژانە 500 بۆ 600 بارهەڵگری فریاگوزاری دەنێرنە کەرتەکە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات، خۆراک، ئاو، پێداویستیی پزیشکی، سووتەمەنیی موەلیدە و پارچەکانی چاککردنی موەلیدەی نەخۆشخانەکان پێشەنگی هاوکارییەکانن بۆ کەرتی غەززە.
د. ریک پیپەرکۆرن، نوێنەری WHO بۆ کاروبارەکانی فەلەستین دەڵێت: ئامانجی سەرەکییان دابینکردنی فریاگوزارییەکانە بۆ بنکە و ناوەندە تەندروستییەکان، ئەویش بە ئاسانکردنی رێگەکانی گواستنەوە و لابردنی هیەموو بەربەستەکانی بەردەم گەیاندنی هاوکارییەکان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی مەزندەدەکات، بووژانەوەی کەرتی تەندروستیی غەززە لە ماوەی پێنج بۆ حەوت ساڵی داهاتوو، لانیکەم 10 ملیار دۆلاری پێویستە.
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و غەززە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.
بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 46 هەزار کەس کە 70٪ـیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینیش لە کەرتەکە ئاوارە بوون. ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 17 هەزار چەکداری حەماسی لەو جەنگەدا کوشتووە و 840 سەربازی وڵاتەکەیشی کوژراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ