رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی ئەمریکی و بەریتانی ئاشکرای دەکەن، تەواوکەرەخۆراکییەکانی کۆلاجین کە بۆ مەبەستی جوانکاری بەکاردێن و لەنێو دەرمانخانەکان هەن، تەنیا بازرگانین و هیچ بنچینەیەکی زانستییان نییە، زانکۆی هارڤاردیش دەریدەخات، سوودی بەرهەمەکانی کۆلاجین بۆ ئەو مادانەی دیکە دەگەڕێتەوە کە لەنێو بەرهەمەکەن، نەک کۆلاجینەکە.
توێژەران چەند نموونەیەکی توێژینەوە دەهێننەوە و دەڵێن، بەشێک لە توێژینەوەکان کوێرانە باسی بەرهەمەکانی کۆلاجینیان کردووە و پشتیان پێنابەسترێت، هەر بۆیە ''هەڵەیە بەرهەمەکانی کۆلاجین بۆ کەمکردنەوەی چرچولۆچیی پێست بەکاربێن''.
لیێنگ هێنگ، پسپۆڕی باڵای خۆراکە لە دەزگای سەلامەتیی خۆراکی ئەورووپی EFSA دەڵێت: ئەو سەتان بەرهەمەی تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین کە دەفرۆشرێت تەنیا مەبەستەکە بازرگانییە و سوودەکانی پشتڕاستنەکراوەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی هارڤارد لەسەر ئەو بەرهەمانە دەرکەوتووە، کۆلاجین کاریگەریی کەمە لەسەر باشترکردنی پێست و سوودی بەرهەمەکانیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە رەنگە پەیوەندیی بەو ڤیتامین، دژەئۆکسێن و ئەنزیمانەوە بێت کە لەنێو بەرهەمەکانی کۆلاجینن نەک کۆلاجینەکە خودی خۆی هۆکار بێت.
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، چەند توێژینەوەیەکی کەم کراون لەسەر کاریگەریی تەواوکەری خۆراکیی کۆلاجین لەسەر پێست و ئازاری جومگەکان. ئەو ناوەندەش ئاشکرای دەکات کە ئەو توێژینەوانەشی کراون بە مەبەست بوون و لەلایەن کۆمپانیاکانی بازرگانیی تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە بۆ زیادبوونی بەرهەمیان کراون.
دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەو توێژینەوانەی لەسەر کۆلاجین کراون پەسندی ناکەن و داواش لە بەرهەمهێنەران دەکات کە رێکلامی سەلامەتی و کاریگەربوونی ئەو بەرهەمانە نەکەن.
بەپێی کۆمەڵەی پسپۆڕانی پێست لە کەنەدا، هیچ کاتێک تەواوکەرە خۆراکییەکان جێگەی خۆراک ناگرنەوە و نابێت لەبری خۆراک بەکاربێن، هەر بۆیە ئەم خۆراکانەی خوارەوە پێشنیازدەکات بۆ بەگەنجی مانەوەی پێست؛
* مریشک
* سپێنەی هێلکە
* شاتوو
* سیر
* پاقلەمەنییەکان
* ماسی
* گۆشتی سوور
کلیڤلاندی پزیشکی ئەم خووە ناتەندروستانە بە هۆکار دادەنێت کە کۆلاجینی پێست کەمدەکەنەوە؛
1- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
2- بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی خۆر
3- زۆرخواردنی شەکر
4- خواردنی خۆراکە خێراکان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ