تەندروستیی دهۆک: نزیکەی 6 هەزار پزیشک و پەرستارمان پێویستن

17-02-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاشکرای دەکات، نزیکەی 6 هەزار پزیشک و پەرستار پێویستن بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان بگاتە ئاستی ستاندارد و ئێستاش بەهۆی کەمیی پزیشک و پەرستارەوە دەناڵێنن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 17-2-2025 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاشکراکرد و دەرکەوت، لەو پارێزگایە 10 نەخۆشخانە هەن کە 1528 تەختیان تێدایە، 139 بنکەی تەندروستی و 18 سەنتەری جۆراوجۆری تایبەت بە پسپۆڕییەکان تێدایە.
 
هەروەها پارێزگاکە شەش هەزار و 606 فەرمانبەری هەمیشەیی هەیە کە هەزار و 171ـیان پزیشک و هەزار و 794ـیان پەرستارن.
 
هەر لەنێو ئامارەکاندا ئاماژە بە ژمارەی تەخت کرا، بەجۆرێک پارێزگاکە پێویستی بە 3279 تەخت هەیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ 10 هەزار هاونیشتمانی بە دروستی دابینبکات.
 
ئامارەکانی ژمارەی پزیشک، پەرستار و تەختیش بەم شێوەیە بوون؛
 
کەمیی ژمارەی پزیشک لە دهۆک
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ 10 هەزار هاووڵاتی پێویستە 10 پزیشک هەبن، بەڵام لە دهۆک 6.6 پزیشک هەن ئەمەش واتە 598 پزیشکی دیکە پێویستن بۆ ئەوەی ژمارەی پزیشکان بگاتە ئاستی ئاسایی لە دهۆک.
 
کەمیی ژمارەی پەرستار لە دهۆک
 
لەبارەی پەرستار، بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ هەر 10 هەزار هاووڵاتییەک پێویستە 40 پەرستار هەبن، بەڵام لە دهۆک 10.1 پەرستار هەن، ئەمەش واتە 5244 پەرستاری دیکە پێویستن بۆ ئەوەی ژمارەی پەرستاران لە پارێزگایە بگاتە ئاستی ئاسایی.
 
کەمیی ژمارەی تەخت لە دهۆک
 
رێژەی ئاسایی تەخت بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ هەر 10 هەزار کەسێک، 30 بۆ 40 تەختە، بەڵام لە دهۆک 11 تەخت هەیە بۆ 10 هەزار کەس واتە پارێزگاکە 3279 تەختی دیکەی پێویستە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە