رووداو - تەندروستی
هەنگاوێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی شێرپەنجەی پێست دەستپێدەکات و پسپۆڕان بەنیازن ڤاکسینی تاکەکەسی دژی شێرپەنجە دروستبکەن.
پاوڵ تۆماس، تووشی شێرپەنجەی پێستی تێپەڕاندووە، بەڵام دووبارە شێرپەنجەکەی سەریهەڵداوەتەوە. ئێستا بەشداریی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی کردووە.
پاوڵ تۆماس، تووشبووی شێرپەنجەی پێست و بەشداربوو لە تاقیکردنەوەکە دەڵێت: ''زۆر بەختەوەرم، لەوەتەی بەشداریم کردووە گرێ شێرپەنجەییەکانم بچووکبوونەتەوە، هەر جارێک دەچم بۆ پشکنین، دەردەکەوێت کە بچووک بوونەتەوە، ئەمەش بۆ من و تیمەکە دڵخۆشکەرە، هیوادارم خەڵکی دیکەش ئەم هەلەیان هەبێت''.
ئامانجی توێژینەوەکە دۆزینەوەی ڤاکسینی تاکەکەسییە بۆ هەر تووشبوویەکی شێرپەنجەی پێست، بەجۆرێک لە خانە شێرپەنجەییەکانی کەسەکە، ڤاکسینەکە دروستدەکرێت، تاوەکو بەرگریی جەستەی بیناسنەوە و دووبارە شێرپەنجەکە سەرهەڵنەداتەوە.
سایمۆن کراب، سەرپەرشتیاریی تیمی توێژینەوەکە دەڵێت: ''بیرۆکەکە ئەوەیە کە ئێمە دوو زەبر لە شێرپەنجە دەدەین، یەکەم؛ سیستمی بەرگریی چالاک دەکەین، دووەم؛ بە ڤاکسینەکە سیستمی بەرگریی ئاگاداردەکەینەوە کە شێرپەنجەکە چۆنە و تەنێکی نامۆیە''.
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە وڵاتەکە، ساڵانە 17 هەزار و 500 تووشبووی شێرپەنجە پێست لە جۆری میلانۆما تۆماردەکرێن. ئەم ڤاکسینەش موژدەیەکە بۆ ئەوانەی نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە و چاکبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ