رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو ئاشکرای دەکات، بەکارهێنەرانی موەلیدەکان ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە زۆرە، هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی شوباتی 2024 د. شەهرام عەزیز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو بە رووداوی گوت، دووکەڵی ژەهراویی موەلیدەکان مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات، چونکە بەشێکی زۆری موەلیدەکان بڕێکی یەکجار زۆر لە گازی ژەهراوی بەرهەمدەهێنن کە هۆکاری نەخۆشیی جۆراوجۆرن.
د. شەهرام عەزیز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو دەڵێت: ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگە و هەواوە تووشی کێشەکانی کۆئەندامی هەناسە و بەتایبەتیش شێرپەنجە سییەکان دەبن.
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بە گازە ژەهراوییەکانی نێو ئەو دووکەڵانە دەکات وەکو 'فسفۆر، دوانەئۆکسیدی کاربۆن و یەکە ئۆکسیدی کاربۆن'، هەروەها بە هۆکارێکی سەرەکیش بۆ جەڵتەی دڵ و گیرانی لوولەکانی خوێنی دادەنێت.
لە بەشێکی قسەکانیدا د. شەهرام هۆشداریدەداتە ئەوانەی کە بەکاربهێنەری موەلیدەکانن و دەڵێت: کەیسی وا هەبووە کە بەهۆی زۆر بەرکەوتنی بە دووکەڵی موەلیدەکان تووشی شێرپەنجەی میزڵدان و سییەکان بووە.

.png&w=3840&q=75)