رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی دەرمانساز ئاشکرای دەکات، فرۆشتنی بەرهەمەکانی هەویری ددان لەسەر شەقامەکان مەترسیدارە، چونکە هەویرەکانی ددان مادەی کیمیاییان تێدایە و ناڕێکی لە هەڵگرتنیان هۆکارێکی ژەهراویبوونیانە.
دکتۆر بەیار ئارام، پزیشکی دەرمانساز و پسپۆڕی بایۆکیمیستری لە بوولتەنی تەندروستیدا مەترسییەکانی دەرمانەکانی سەرشەقامی روونکردەوە و گوتی، ئەوانەی ئەو بەرهەمانە دەفرۆشن کەسانی ناپزیشکین و دەکرێت بە هەڵە رێنوێنیی فرۆشیاران بکەن، هاوکات دەڵێت: فرۆشتنی دەرمان لەسەر شەقام نەگونجاوە و دەرمانیش نایاسایین، چونکە لە پلەی گەرمیی گونجاودا هەڵناگیرێن و دەشێت ژەهراوی ببن.
دکتۆر بەیار ئارام، پزیشکی دەرمانساز دەڵێت: ''دەرمانەکانی سەرشەقام بەڕێگەی نایاسایی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و بە رێکارەکانی کوالێتیی کۆنتڕۆڵدا تێناپەڕن کە ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە کاریگەریی لاوەکی ئەو دەرمانانە زیاددەکات''.
لە بارەی بەرهەمەکانی هەویری ددانەوە د. بەیار گوتی، ئەو بەرهەمانەش وەکو هەر دەرمانێکی دیکە پێویستە رێکارەکانی پاراستن لە پلەی گەرمیی گونجاو و هەڵگرتن بە کوالێتیی بەرزیان هەبن، تەنانەت گوتیشی، بەرهەمەکانی هەویری ددان ئەگەر بە ناڕێکی هەڵبگیرێن و لەسەر شەقامەکان بفرۆشرێن ئەوا هۆکارێکدەبن بۆ ژەهراویبوون.
لە کۆتایی قسەکانیدا دکتۆر بەیار هۆشداریدەداتە هاونیشتمانییان لەوەی کە هۆشیاربن لە دەرمانەکانی سەرشەقام و جگە لە کلینیکیە پزیشکییەکان و دەرمانخانەکان، لەهیچ شوێنێکی دیکە دەرمان نەکڕن.
ئەمەی خوارەوە ئەو راپۆرتە بنکۆڵکارییەیە کە ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئەنجامی دا لەبارەی فرۆشتنی دەرمان لەسەر شەقام.

