پسپۆڕێکی پێست: بەرگی سەرین هۆکارێکی دروستبوونی زیپکەیە

08-09-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، بەرگەسەرین و هەر رووکەشێک کە بەر پێست و دەستەکان بکەوێت دەشێت هۆکار بن بۆ دروستبوونی زیپکە.
 
د. هۆزان کەمال مکورجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری بە رووداوی راگەیاند، هەڵکۆڵین و دەستدان لە زیپکە باوترین خووی ناتەندروستە بۆ زۆربوون و ئاڵۆزبوونی ماکەکانی زیپکە.
 
بە گوتەی د. هۆزان مکورجی، زۆرینەی ئەوانەی رۆژانە دەیانبینن کە گیرۆدەی زیپکەن لەنێوان تەمەنی 15 بۆ 20 ساڵانن و دەڵێت: ''لەو تەمەنە گۆڕانی هۆرمۆنەکانی باڵخبوون هۆکاری سەرەکییە بۆ زیپکە''.
 
دەقی وەڵامەکانی د. هۆزان کەمال مکورجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لەبارەی زیپکە و چارەسەرەکانی؛
 
رووداو: بەپێی ئەو کەیسانەی کە رۆژانە دەیانبینن، ئەوانەی کە زیپکەیان هەیە لە چ تەمەنێکدان؟
 
د. هۆزان کەمال: زۆرینەی ئەوانەی رۆژانە دەیانبینین کە گیرۆدەی زیپکەن لەنێوان تەمەنی 15 بۆ 20 ساڵانن کە هەندێکجار لە پێش و دوای ئەو تەمەنەش دەشێت زیپکە دروستببێت.
 
رووداو: بۆچی تەمەنی نەوجەوانی زیپکە زۆر دەبێت؟
 
د. هۆزان کەمال: چونکە لەو قۆناخەدا سەرەتای دەرکەوتنی سیفەتە توخمییە دووەمییەکانی مرۆڤە و هۆرمۆنەکانی باڵخبوون زیاددەردەدرێن، ئەمەش وادەکەن کە چەورییە رژێنەکانی پێست زیاتر چالاکبن و ئەمەش دەبێتەهۆکارێک بۆ گەشەی بەکتریاکان لەژێر پێستدا، هەر بۆیە گۆڕانکاریی ئەو هۆرمۆنانە تاوەکو ناوەڕاستی تەمەنی بیستەکان دەخایەنێت.
 
رووداو: ئایا ئەو خووە ناتەندروستانە چین کە هۆکارن بۆ زیپکە؟
 
د. هۆزان کەمال: چەند خوویەکی ناتەندروست هەن بۆ ئەوە وەکو؛
 
- بەستنی دەموچاو بە پەڕۆی تووند.
- بەکارهێنانی ماکیاژی چەور کە کوونیلەکانی پێست دەگرێت.
- هەڵکۆڵین و دەستدان لە زیپکە، چونکە پڕە لە بەکتریا و لەگەڵ هەر تەقینێکی بە پێستدا بڵاودەبنەوە.
- نەشۆردنی دەموچاو بۆ ماوەیەکی زۆر.
 
رووداو: چ خۆراکێک دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی زیپکە؟
 
د. هۆزان کەمال: کاریگەریی خۆراک لەسەر زیپکە بە ئەرێنی و نەرێنی تاوەکو ئێستا نەسەلمێندراوە، بەڵام چەند توێژینەوەیەک هەن کە دەیسەلمێنن؛ شوکولاتە، شیرینییەکان و ئەو خۆراکانەی رێژەی ئەنسۆلین بە خێرایی لە خوێندا بەرزدەکەنەوە، ئەگەری دروستبوونی زیپکە زیاددەکەن. 
 
رووداو: ئایا هیچ ماسکێک هەیە رێگری لە زیپکە بکات؟
 
د. هۆزان کەمال: ئێمە رێنوێنیی هیچ کەسێک ناکەین کە ماسکی تێکەڵەی هێلکە، ماست و خەیار بەکاربهێنێت، بەڵام ئەگەر هاتوو کەسێک پێستی چەور بێت، دەتوانێت ئەو ماسکانە بەکاربهێنێت کە ترشی سالیسالیک یان ئەلفا هایدرۆکسییان تێدایە، هەروەها نابێت بەبێ راوێژی پزیشک هیچ جۆرە ماسکێک بەکاربهێندرێت.
 
رووداو: هیچ دەرمانێک هەیە راستەوخۆ زیپکە نەهێڵێت؟ چونکە رێکلام بۆ هەندێک بەرهەم دەکرێت کە گوایە ''راستەوخۆ زیپکە لادەبات''
 
د. هۆزان کەمال: هیچ دەرمانێک نییە راستەوخۆ زیپکە نەهێڵێت، چونکە زیپکە یەکێکە لە کێشە درێژخایەنەکانی پێست و قۆناخ بە قۆناخ چارەسەردەکرێت. چونکە بە گەڕانەوە بۆ هۆکارەکانی زیپکە ناتواندرێت هیچ دەرمانێک دروستبکرێت بۆ بنبڕکردن و چاکبوونەوەی زیپکە بە شێوەیەکی خێرا.
 
رووداو: هایدرۆفایشیاڵ بۆ لابردنی زیپکە بەسوودە؟
 
د. هۆزان کەمال: بەڵێ یارمەتیی کەمکردنەوەی زیپکە دەدات، بەڵام تاکە چارەسەر نییە و دەبێت دەرمان و مادەی دیکەش لەگەڵیدا بەکاربهێندرێن.
 
رووداو: ئایا بەرگە سەرین زیپکە دروستدەکات؟
 
د. هۆزان کەمال: بەرگەسەرین یان هەر رووکەشێکی دیکە کە رۆژانە پێست بەری دەکەوێت یاخود دەستمان بەری دەکەوێت کە دواتریش دەست لە پێست دەدەین، هۆکارێکن بۆ زیادبوون و تێکەڵبوونی ئەو بەکتریایانەی لەسەر پێست هەن، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی زیپکە و هەوکردنی پێست.
 
رووداو: زیپکەی ژێر پێست جیاوازییەکەی چییە لەگەڵ زیپکەی ئاسایی و رێگە چارەسەرییەکانی هەردووکیان کامانان؟
 
د. هۆزان کەمال: هەردوو جۆری زیپکەکە هاوشێوەی یەکن و تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە زیپکەی ئاسایی جۆرە بەکتریایەک تێیدا گەشەدەکات بۆیە زیاتر دێتە دەرەوەی پێستەکە، بەڵام زیپکەی ژێر پێست کەمتر چەوریی تێیدا کۆدەبێتەوە و هەوکردنی کەمترە؛ هەر بۆیە زۆرجار چارەسەرەکانیان وەکو یەکن و پزیشکی پسپۆڕ دەبێت دەستنیشانی دەرمانەکە و دۆخی چارەخوازەکە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەربەندیخان

تەندروستیی دەربەندیخان داوای ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.