رووداو - تەندروستی
لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی تەندروستی لە واشنتن هەموو بڕیارێکی سەلامەتیی تەندروستی بۆ مۆندیالی 2026 دەدرێت.
بەرپرسانی تەندروستی وڵاتانی میوان هۆشداری دەدەن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کوشندە، بەتایبەت نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لەنێو هاندەران و یاریزانانی مۆندیال، چونکە کۆبوونەوە و بەریەککەوتن رێگەیەکی سەرەکیی گواستنەوەی نەخۆشییە.
پڕۆفیسۆر د. رۆبیکا کاتز، بەڕێوەبەری ناوەندی جیهانیی زانستی تەندروستی و ئاسایش لە زانکۆی جۆرجتاون دەڵێت، ''ئێمە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی تەندروستیمان دامەزراندووە بۆ ئەوەی بتوانین چاودێریی هەر هەڕەشەیەکی نەخۆشیی گوازراوە بکەین کە رەنگە لە هاویندا رووبدات. جا چ پەیوەندیی بە مۆندیالەوە هەبێت، یان بەهۆی کۆبوونەوەی بەکۆمەڵەوە هەبێت''.
هاوکات پڕۆفیسۆر د. رۆبیکا کاتز، ئەوەش باس دەکات کە توانای ئەوەیان هەیە بزانن چی روودەدات، بۆ نموونە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکانی سارس، کۆرۆنا، ئەنفلەوەنزا، نۆرۆڤایرۆس و رۆتاڤایرۆس، هەروەها دەتوانین بزانین چ نەخۆشییەک لە هەر ناوچەیەکی وڵاتدا بڵاوبووەتەوە'.
بەپێی تەندروستیی جیهانی، زۆرترین ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا، سوورێژە، ئەنفلەوەنزا، کۆڤید-19 لەنێو مۆندیالدا هەیە، جگە لەمەش نەخۆشییە بە مێشوولە گوازراوەکان، تا خوێنبەربوون و ئاوڵەی مەیموون، لەگەڵ نەخۆشییە بە سێکس گوازراوەکانیش دەشێت ببنە هۆی بڵاوبوونەوەی فراوان.
بڕیارە ملیۆنان هاندەر بۆ جامی جیهانی گەشت بکەن و یارییەکانیش لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچن. ئامانجەکەش ئەوەیە لە پاڵ مۆندیالێکی چێژبەخشن و سەرکەوتوو، مۆندیالێکی سەلامەت هەبێت.


