پسپۆڕان خەڵک لە تێکچوونی دەروونی لەکاتی گۆڕینی وەرزەکان هۆشیاردەکەنەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان، 3٪ـی خەڵک لە جیهاندا گیرۆدەی تێکچوونی دەروونی لەکاتی گۆڕینی وەرزەکانن کە باوترین نیشانەی خەمۆکییە.
 
گۆڕینی وەرزەکان تەنیا کار لە کەشوهەوا و ژینگەی دەوروبەر و کۆچی باڵندەکان ناکات، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەروون و مێشکی مرۆڤیش دەبێت. 
 
جەستن پودەر، دەروونناس لە ئەمریکا دەڵێت: کاتێک رۆژ کورت و شەو درێژ دەبێتەوە ئەوا بەشێکی خەڵک هەست بە چەند نیشانەیەکی ناڕێکیی دەروونی دەکەن کە زۆرجار لە کۆتاییەکانی پاییز و سەرەتای زستانە.
 
جەستن پودەر دەشڵێت: بۆ پێشگیری لە دۆخەکە پێویستە یەکەم هەنگاو رێکخستنی کاتی خەو بێت واتە کاتی لەخەوهەستان و کاتی خەوتن.
 
لەم بارەیەوە د. ئەلیسا رۆت، پسپۆڕی خەو لە کلیڤلاند گوتی، خەوتن کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەروون دەبێت، بۆیە پێویستە هەمیشە بایەخ بە رێکخستنی بدرێت.
 
بەپێی CDC لە ئەمریکا ئەمانەی خوارەوە رێگەکانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕینی وەرزن لەسەر دەروون؛
 
1- چوونە بەرخۆر یاخود چارەسەر بە رووناکی بەکاربێت کە ئەوەش لە رێگەی دانانی گڵۆپێکە لە ماڵەوە بۆ بڵاوبوونەوەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی.
 
2- بایەخدان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چوونە شوێنە گشتییەکان بۆ ئەوەی لە تێکچوونە دەروونییەکان بەدووربیت و خەمۆکی و گوشاری دەروونیی بەهۆی ساردبوونی کەشوهەواوە کار لە کەسەکە نەکەن.
 
3- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە شیرینییەکان، خۆراکە سوێرەکان، خۆراکی ئامادە و سوورەوەکراوەکان.
 
4- وەرزش و جووڵەی رۆژانە دەشێت کاریگەرییان هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکان و دەروون ئاسوودە بکەن.
 
5- دوورکەوتنەوە لە کحول، جگەرە و نێرگەلە چونکە ئەوانە هەمووی دەروون ناجێگیر و نائارام دەکەن.
 
6- لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی بەردەوام، باشترە پزیشکی پسپۆڕی دەروونی ببیندرێت.
 
7- بەکارهێنانی دەرمانەکانی کۆنتڕۆڵکردنی خەمۆکی و گوشاری دەروونی بەپێی راوێژی پزیشکی پسپۆڕ.
 
نیشانەکانی تێکچوونی دەروونی لەکاتی گۆڕینی وەرزەکان بۆ پاییز و زستان؛
 
- زۆرخەوتن
- زیادبوونی ئارەزووی خواردن
- زیادبوونی کێش
- دڵەڕاوکێ
- لاوازی و بێهێزی
- خەمۆکی
- کەمبوونەوەی سەرنج
- هەستکردن بە نائومێدی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە