رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی هۆشداری دەداتە ئەوانەی جگەرەدەکێشن و رایدەگەیێنێت، هەر جگەرەکێشێکی سەروو 55 ساڵان پێویستە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەکان بکات.
نوێترین رێنوێنییەکانی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی دەڵێن، هەر کەسێکی سەروو 55 ساڵان ئەگەر لە 10 ساڵدا رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشێت یاخود لە 20 ساڵدا رۆژانە یەک پاکەت جگەرە بکێشێت، ئەوا پێویستە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەکان بکات.
لە رابردوودا کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکیی پێشنیازی کردبوو، ئەو کەسانەی سەروو 50 ساڵانن و ماوەی 30 ساڵ رۆژانە پاکەتێک جگەرەیان کێشاوە یاخود ئەوانەی کەمتر لە 15 ساڵە وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە پشکنینی شێرپەنجەی سییەکان بکەن.
د. ویلیام داهوت، سەرۆکی زانستیی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی دەڵێت: بۆ خانمان و پیاوانی سەروو 55 ساڵان پێویستە کە پشکنینی سییەکانیان بکەن و دڵنیاببنەوە لە ئەگەری هەر ناڕێکییەک لە سییەکانیان.
د. ویلیام دەشڵێت: پێشبینیدەکرێت تەنیا لە ئەمریکا ئەم بڕیارە نوێیەی کۆمەڵەکە زیاتر لە پێنج ملیۆن جگەرەکێش بگرێتەوە، تەنانەت ئاماژە بەوەشدەکات کە ئەم رێنوێنییە نوێیانە دەبنەهۆی پێشگیری لە گیانلەدەستدانی 21٪ـی هاووڵاتییانی ئەمریکی بە شێرپەنجەی سییەکان.



