رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیى کەرکووک تووشبوویەکى دیکەى تاى خوێنبەربوونى لە سنوورى ئەو پارێزگایە تۆمارکرد. ئەو تووشبووە منداڵێکى تەمەنى پێنج ساڵانە و رەوانەى نەخۆشخانە کراوە.
6ى تەممووزى 2023، زیاد جبوورى، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى کەرکووک بەوەکالەت بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، منداڵێکى تەمەن پێنج ساڵان لە قەزاى حەویجەى سەر بە پارێزگاى کەرکووک تووشی تاى خوێنبەربوون بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەى شیفایە بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر.
زیاد جبوورى گوتیشى، "پشکنین بۆ کەسوکارى منداڵەکە کراوە؛ پێدەچێت منداڵەکە لە رێگەى مێشوولە یان بەرکەوتنى خوێنى گۆشتەوە تووش بووبێت".
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە پێنج تووشبووى تاى خوێنبەربوون لە کەرکووک تۆمارکراون کە یەکێکیان گیانى لەدەستداوە.
بەگوێرەى دوایین ئامارى وەزارەتى تەندروستیى عێراق، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە زیاتر لە 225 تووشبووى تاى خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراون کە 35یان گیانیان لەدەستداوە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، یەکەم تووشبووى تاى خوێنبەربوون لە سنوورى پارێزگاکە تۆمارکراوە کە ژنێکی 45 ساڵە، دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە و مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە.



.png&w=3840&q=75)
