رووداو - تەندروستی
هەرگیز پێشبینی ئەوەت کردووە کە رەنگە سەرینی نووستنەکەت پیستر بێت لە کورسیی توالێتەکەت.
ئەمە ئەنجامی توێژینەوەیەکی دامەزراوەی نیشتمانیی خەوە لە ئەمریکا، دەریخستووە، رووپۆشی سەرین دەکرێت ببێتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر لە بەکتریا، تەنانەت لەوانەیە زیاتر بێت لەوەی لەسەر کورسیی توالێتەکەت هەیە.
چونکە شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی ئارەق، خانە مردووەکانی پێست، چەوریی سرووشتی جەستە و پاشماوەی دیکەی وەکو پاشماوەی کرێم و مکیاج کە لەماوەی خەودا لەسەر رووکەشی سەرینەکە کەڵەکە دەبن. ئەمانەش هەموویان ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردن و زۆربوونی بەکتریا و میکرۆبە زیانبەخشەکان دروست دەکەن.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، پشتگوێخستنی پاکوخاوێنیی سەرین و رووپۆشەکەی، نەک هەر دەبێتەهۆی بۆنی ناخۆش، بەڵکو دەکرێت مەترسیی تووشبوون بە کێشەکانی پێست وەک زیپکە، هەستیاری و تەنانەت هەوکردنی پێستیش زیاد بکات.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت؛ پێویستە لانیکەم هەفتەی جارێک بەرگی سەرینەکانتان بە ئاوی گەرم بشۆن.



