رووداو - تەندروستی
راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی شێرپەنجە بۆ توێژینەوە ئاشکرای دەکات، شەکری دەستکردی ئەسپارتەیم مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات و بە مادەیەکی شێرپەنجەیی ناوی دەبات.
راگەیێندراوێکی رێکخراوی WHO بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی شێرپەنجە بۆ توێژینەوە دەریخستووە، ئەو شەکرەی لە زۆربەی خۆراکە دایتەکاندا هەیە؛ شەکری ئەسپارتەیمە کە مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن و لیمفەگرێیەکان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە بڕی سەلامەتی دیاریکراوی شەکرەکە نەکراوە، گوتەبێژی ئاژانسی نێودەوڵەتیی شێرپەنجە بۆ توێژینەوە دەڵێت: مادەی شەکرەکە لەنێو گەدەدا شیدەبێتەوە بۆ چەند مادەیەکی دیکە کە هاندەری شێرپەنجەن بەتایبەت شێرپەنجەی خوێن و جۆرێکی شێرپەنجەی لیمفەگرێیەکان.
مانگی رابردوو تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد کە نابێت شەکرە دەستکردەکان بۆ کێشڕێکی بەکاربێن و زۆر بخورێن، فرانسس هەنت، بەڕێوەبەری دامەزراوەی نێودەوڵەتیی شەکرە دەستکردەکانیش گوتی، بڕیاردان لەسەر شەکری ئەسپارتەیم لەڕووی زانستییەوە گشتگیر نییە و پێویستە توێژینەوەی زیاتر بخرێنەڕوو.
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، ئەسپارتەیم شەکرێکی دەستکردە و بڕێکی کەم کالۆری تێدایە، بەڵام 200 ئەوەندەی شەکری ئاسایی شیرینترە، هاوکات لە خۆراکە کەمشەکرەکانی دایتدا بەکاردێت و بەشێوەی جێڵ و دەنکۆڵەش بەردەستە، زۆرجار وەکو تام لە شرووب و هەویری ددانیشدا بەکاردێت.
بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، بڕی رێگەپێدراوی رۆژانەی شەکرە دەستکردەکان 40 تاوەکو 50 مللیگرامە.


